گۆرانی شاعیر لەو رۆژەدا هۆنراوەیەکی لەسەر شێخ مەحموود نووسی و کرا بە سروود
شێخ مه‌حموودى حه‌فید، یه‌كێكه له‌و رابه‌رانه‌ى رۆڵێكى دیار و پڕ شكۆى له مێژووى كوردستان به‌گشتى و شارى سلێمانى به‌تایبه‌تیدا دیوه. به هه‌مان شێوه، رۆژى كۆچى دوایى و به‌خاكسپاردنیشى بووەته رۆژێكى دیكه له مێژووى ئه‌و شاره‌دا، كه بووەته خۆپیشاندانێكى گه‌وره‌ى جه‌ماوه‌رى له به‌رده‌ركى سه‌را و توندوتیژیشى لێ كه‌وتووەته‌وه و به‌هۆى ته‌قه‌ى پۆلیسه‌وه له ئاپۆراى خه‌ڵكى به‌شدار له مه‌راسیمى به‌خاكسپاردنه‌كه، ئه‌خته‌رخانى هاوسه‌رى هونه‌رمه‌ند ره‌شۆڵ شه‌هید بووه.
له‌و رۆژه‌دا كادیر و جه‌ماوه‌رى هه‌ردوو حزبى سه‌ره‌كى، پارتى دیمو‌كراتى كوردستان و حزبى شیوعیى عێراق، رۆڵێكى به‌رچاویان له هاندان و گردبوونه‌وه‌ى جه‌ماوەر و سازدانى رێوڕەسمى پڕ‌شكۆ و خۆپیشاندانەکەدا گێڕاوه، له كادره دیاره‌كانی بەشداربووش (نوورى ئه‌حمه‌دى ته‌ها، د. كه‌مال فوئاد، جه‌زا میرزا حوسێن) و..هتد، رۆڵیان هه‌بوو. (گۆران)ى شاعیریش به هۆنراوه‌یەكى به‌رز به‌شدار بووه.
ئه‌مه‌ى خواره‌وه بیره‌وه‌ریى دوو كه‌سایه‌تیى به‌شدارى خۆپیشاندانه‌كه و شایه‌تحاڵى مه‌راسیمى به‌خاكسپاردنى شێخى نه‌مر بوونه و هه‌ر یه‌كه‌یان كادیرى یه‌كێك له‌و دوو پارته سه‌ره‌كییه‌ش بوون:
هێزی گەل
دكتۆر كه‌مال فوئاد، له ساڵى 2002دا له نووسینێكیدا، وه‌ك شاهیدحاڵێكى ئه‌و سه‌رده‌مه، ئه‌و رووداوه ده‌گێڕێته‌وه، كه خۆى تیایدا كاره‌كته‌رێكى سه‌ره‌كیى بووه و به‌م شێوه‌یه له رۆژى كۆچى دوایى شێخ مه‌حموود و ئه‌و رووداوه خه‌مناكه‌وە ده‌دوێت: ”دوای گرتنى شێخ له‌تیفى كوڕى به ماوه‌یه‌ك، شێخ مه‌حموود نه‌خۆش كه‌وت و بردیان بۆ شارى به‌غدا، رۆژى 9/10/1956، سەعات 8ى به‌یانى، یه‌كه‌م هه‌واڵى ئێزگه‌ى رادیۆى به‌غدا ئه‌وه بوو كه شێخ مه‌حموود له نه‌خۆشخانه‌ى (حه‌یده‌رى) وه‌فاتى كردووه، بۆیه له‌گه‌ڵ لیژنه‌ى مه‌حه‌لیى حزبى شیوعى، كه بریتى بوون له (له‌تیف نانه‌وا، قادر میرزا كه‌ریم، حه‌مه‌ساڵح دیلان، ئه‌حمه‌د مارف)، په‌یوه‌ندیمان به (نوورى ئه‌حمه‌دى ته‌ها)وه كرد كه ئه‌ندامى كۆمیته‌ى ناوه‌ندیى پارتى دیمو‌كراتى كوردستان بوو و رێك كه‌وتین كه هانى خه‌ڵك بده‌ین تا به ژماره‌یه‌كى زۆرەوە پێشوازى له ته‌رمه‌كه بكه‌ین و كه گه‌یشته‌وە سلێمانى، خۆمان ته‌رمه‌كه وه‌ربگرین و به‌ره‌و مزگه‌وتى گه‌وره‌ى ببه‌ین“.
لە درێژەدا دەگێڕێتەوە: ”حه‌مه‌ساڵح دیلان پێشنیازى كرد كه سه‌ردانى (گۆران)ى شاعیر بكه‌ین و به‌و بۆنه‌یه‌وه هۆنراوه‌یه‌ك بنووسێ، كه به‌كه‌ڵكى ئه‌و بۆنه‌یه بێت و بكرێت به سروود. سه‌ره‌تا رازى نه‌بوو، به‌ڵام دواتر به خه‌ته خۆشه‌كه‌ى خۆى، هۆنراوه‌یه‌كى زۆر نایابى نووسى و به‌په‌له گه‌یاندمانه لێپرسراوى خوێندكاران، زۆرى پێنه‌چوو، له مایكرۆفۆنه‌كه‌ى مزگه‌وتى گه‌وره، به ئاوازێكى جوان له‌لایه‌ن (كامیل ژیر، نه‌وزاد محه‌مه‌د سه‌عید عه‌نبه‌ر و فه‌رهاد محه‌مه‌د عه‌نبەر) خوێندرایه‌وه و تا ئێواره به‌رده‌وام بوو، پاشان پۆلیس پێى زانین و ویستى بیانگرێت“.
هۆنراوه‌كه‌ى (گۆران) بۆ مەرگی شێخ مەحموودی نەمر ئەمەی خوارەوە بوو:
(پیرى پیران)
وه‌رزى پایزه و گه‌ڵاڕێزانه
شیوه‌نى كۆچى پیرى پیرانه
شێخى نه‌به‌ز و ئازاى گه‌لى كورد
بۆ لاى كاك ئه‌حمه‌د گیانى پاكى برد
گه‌وره‌ى نه‌به‌ز و شێرى كوردانم
تاكه مه‌لیكى گشت كوردستان‌م
چاونه‌ترسى جه‌نگ، پێشڕه‌وى هه‌موان
به‌ورى پێكراوى به‌رده‌قاره‌مان
بنوو دڵنیاین ئازیزه‌كه‌مان
رۆڵه‌ى دڵسۆزى خاك و نیشتمان
رێگاى سه‌ربه‌رزیت ئه‌به‌د به‌رناده‌ین
تا به ئاواتى تۆى سه‌ردار ئه‌گه‌ین
دكتۆر كه‌مال فوئاد، له درێژه‌ى باسه‌كه‌یدا ده‌ڵێت: ”ئێمه خه‌ریكى ئه‌وه بووین پۆل پۆل خه‌ڵك بۆ به‌پیره‌وه‌چوونى ته‌رمى شێخ ره‌وانه بكه‌ین، هه‌زار كه‌س له شاره‌وه تا رێگه‌ى قلیاسان و رێگه‌ى به‌كره‌جۆ به‌ڕێ كه‌وتن، به ئوتۆمبێلیش تا دوزخورماتوو و ئه‌ولاتریش به‌پیر ته‌رمه‌كه‌وه چووین، حكوومه‌تى عێراقى ترسێكى گه‌وره‌ى لێ نیشتبوو، خۆشبه‌ختانه مته‌سه‌ریف، كه (عومه‌ر عه‌لى) بوو، له سلێمانى چووبوو بۆ به‌غدا، یاریده‌ده‌ره‌كانیشى (فه‌وزى جه‌میل سایب و عه‌بدوڵا به‌گى حه‌مه عه‌لى به‌گ) له‌وێ بوون، كه خه‌ڵكى سلێمانى بوون، ئه‌مانه خه‌ڵكه‌كه‌یان ده‌پاراست، ئه‌گینا ئه‌و رۆژه خه‌ڵكێكى زۆر ده‌كوژرا“.
بەردەوام دەبێ و دەڵێ: ”سەعات حه‌وتى ئێواره ته‌رمه‌كه گه‌یشته موشیراوا، به‌پێى پلانى خۆمان، چاوه‌ڕێ بووین له‌وێ ته‌رمه‌كه وه‌ربگرین و به شیوه‌ن و ئاشتییانه له‌وێ به‌ڕێ كه‌وتین تا گه‌یشتینه به‌رده‌ركى سه‌رای سلێمانی، له‌پڕ كۆمه‌ڵێ ده‌روێشمان به ریش و پرچى درێژ و شمشێر و زرگ به‌ده‌سته‌وه لێ په‌یدا بوون، په‌لامارى ته‌رمه‌كه‌یان دا و فڕاندیان، من خه‌ریك بوو قسه بكه‌م، (نوورى ئه‌حمه‌دى ته‌ها) په‌لى گرتم و رایكێشام و گوتى (ئه‌مانه له حاڵێكى تایبه‌تیدان، هه‌ركه‌س رێ‌یان لێ بگرێ په‌لامارى ئه‌ده‌ن، لێیان به‌دوور به)، ئیتر كۆنترۆڵ له‌ده‌ست ئێمه ده‌رچوو، ئێمه‌ش كه لە ریزه‌كه بووین، به‌ناچارى دوایان كه‌وتین، تا گه‌یشتینه به‌رده‌م به‌ندیخانه‌ى سلێمانى، به‌ڕێوه‌به‌ره‌كه‌ى پیاوێكى زۆر باش و زیره‌ك بوو و په‌یوه‌ندیشى له‌گه‌ڵماندا هه‌بوو، چووه سه‌ر دیوارى به‌ندیخانه‌كه و هاوارى كرد و گوتى (من ئاماده‌م شێخ له‌تیف به‌ر بده‌م، به‌ڵام بچن فه‌رمانێكم له مته‌سه‌ریفه‌وه بۆ بهێنن)، ئه‌م قسه‌یه چوو به گوێى ده‌روێشه‌كاندا، یه‌كسه‌ر رووى ته‌رمه‌كه‌یان وه‌رگێڕا و گه‌ڕانه‌وه به‌ره‌و سه‌را و له ده‌رگا گه‌وره‌كه‌وه چوونه ژووره‌وه، ئینجا ده‌رگا و په‌نجه‌ره‌ى سه‌رایان دایه به‌ر خشت و به‌رد، له‌و كاته‌دا به ده‌مانچه‌ى چوارده‌خۆر له ئوتێله‌كه‌ى به‌رامبه‌ر قوتابخانه‌ى فه‌یسه‌ڵییه‌وه (ئێستاى خوار چایخانه‌ى شه‌عب) چه‌ند فیشه‌كێك بە رووی سه‌رادا تەقێنران، ئیتر پۆلیس ده‌ستیان كرد به ته‌قه، ده‌روێشه‌كان كه گوێیان له ته‌قه بوو، ته‌رمى شێخى نه‌مریان له ناوه‌ڕاستى حه‌وشه‌كه‌دا دانا و رایانكرد. ئه‌م كاره بۆ ئێمه زۆر ناخۆش بوو، کە چۆن ته‌رمه‌كه بهێنینه‌وه، دواتر چه‌ند لاوێكى ئازا و به‌جه‌رگ گوڕیان دایه خۆیان و به‌په‌له ته‌رمه‌كه‌یان هه‌ڵگرته‌وه و له حه‌وشى سه‌را هاتنه ده‌ره‌وه و گه‌یاندیانه حه‌وشى مزگه‌وتى گه‌وره، ته‌رمى شێخ چه‌ند فیشه‌كێكى پێ كه‌وتبوو. له‌و رووداوه‌دا زۆر كه‌س بریندار بوون، شێره‌ژنى ئازا (ئه‌خته‌ر- خێزانی ره‌شۆڵی هونه‌رمه‌ند)یش شه‌هید كرا. ئه‌و ژنه نه‌ك هه‌ر ئازا و به‌جه‌رگ بوو، له‌ناو خه‌ڵكدا زۆر خۆشه‌ویست بوو و نابێ له‌بیر نه‌چێته‌وه“.
دكتۆر كه‌مال فوئاد لەسەر گێڕانەوەکەی بەردەوام دەبێ و دەڵێ: ”له‌ناو دانیشتوانى حه‌وشى مزگه‌وتدا، هه‌ردوو كوڕانى شێخ مه‌حموود (شێخ ره‌ئووف و شێخ بابا عه‌لى) مات بوون، هیچ قسه‌یان نه‌ئه‌كرد. له‌ناو كاربه‌ده‌ستانى حكوومه‌تدا (عه‌بدوڵا به‌گى حه‌مه عه‌لى به‌گ)ى لێ بوو كه یاریده‌ده‌رى مته‌سه‌ریف بوو، داوایان له كاك نوورى ئه‌حمه‌دى ته‌ها و من كرد، كه له بڵندگۆكه‌ى مزگه‌وته‌وه داوا له خه‌ڵكه‌كه بكه‌ین تا بڵاوه‌ى لێ بكه‌ن. وه‌ڵاممان ئه‌وه بوو، كه ئێمه‌ش وه‌ك ئه‌و هه‌موو خه‌ڵكه هاتووین و كۆبووینه‌ته‌وه، ئێمه خه‌ڵكه‌كه‌مان كۆ نه‌كردووته‌وه تا داوایان لێ بكه‌ین بڵاو ببنه‌وه. پاشان مه‌لایه‌كیان هێنا و چووه سه‌ر بڵندگۆكه، وابزانم (شێخ عومه‌ر)ى خه‌تیب بوو، گوتى (شێخ مه‌حموود پیاوێكى موقه‌ده‌س بوو، ته‌رمه‌كه‌ى پیرۆز بوو، به‌ڵام ئه‌م كاره‌ى كرا زیانى له قودسییه‌تى شێخ مه‌حموود و ته‌رمه‌كه‌ى دا). ئه‌مجا داواى له خه‌ڵكه‌كه كرد كه بڵاوه‌ى لێ بكه‌ن، تا رێگه چۆڵ بێ بۆ جێبه‌جێكردنى رێوڕه‌سمى شوشتن و ناشتنى ته‌رمه‌كه‌ى شێخ. ده‌ورى سه‌عات 12ى شه‌و بوو، وه‌ك دانرابوو، خه‌ڵكه‌كه سروودى (ئه‌ى ره‌قیب)یان گوت و بڵاوه‌یان لێ كرد و هه‌ركه‌س گه‌ڕایه‌وه بۆ ماڵ و شوێنى خۆى.
دوای نزیكه‌ى دوو سەعات، هه‌ڵمه‌تى گرتن ده‌ستى پێكرد، تا به‌یانى، نزیكه‌ى سێ سه‌د كه‌س گیران و له بەندیخانەى (سه‌را)ى سلێمانى كۆیان كردینه‌وه“.
ئینجا دێتە سەر باسی ناو گرتووخانەکە و دەڵێ: ”ژووره‌كان زۆر پڕ بوون، ئه‌و شه‌وه‌مان تا به‌یانى به گێڕانه‌وه‌ى هه‌واڵ و قسه و باس به‌سه‌ر برد. به‌یانیى زوو (عومه‌ر عه‌لى) گه‌یشته‌وه سلێمانى، ژماره‌یه‌كى زۆر پۆلیسى له‌گه‌ڵ خۆیدا هێنابوو، له‌وانه‌ى به (القوه السیاره) ناسرابوون، له حه‌وشه‌كه‌ى ئه‌ودیوى سه‌را كۆی كردبوونه‌وه و قسه‌ى بۆ ده‌كردن، گوێمان لێ بوو ده‌یگوت (ئێستا ده‌چنه ده‌ره‌وه، ئه‌گه‌ر دوو كه‌ستان زیاتر پێكه‌وه بینی، داوایان لێ بكه‌ن جیا ببنه‌وه، ئه‌گه‌ر به‌قسه‌یان نه‌كردن بیانده‌نه به‌ر گولله). ئێمە سێ رۆژ به‌و شێوه‌یه لە گرتووخانە ماینه‌وه، نه خۆیان خواردنیان ئه‌داینێ، نه ده‌یانهێشت خواردنمان بۆ بهێنن. دوای چه‌ند رۆژێك هه‌ندێكیان لێ ئازاد كردین، (به‌زۆرى ئه‌و كه‌سانه‌ى به‌هه‌ڵه گیرابوون)، ئینجا بردیانین بۆ مه‌خفه‌ره‌كه‌ى (سه‌رشه‌قام)، له‌وانه‌ى دێنه‌وه بیرم جگه له نوورى ئه‌حمه‌د ته‌ها و من، (محه‌ره‌م محه‌مه‌د ئه‌مین، د. فارس ره‌حیم، حه‌مه‌ى به‌كر، عومه‌رى ئه‌جى، حوسێنه ره‌شى خه‌یات، فه‌تاح ئاغا حه‌مه‌ئه‌مین ئاغا، ئه‌حمه‌دى چایچى، حه‌مه ئازاد شێخ جه‌لالى حه‌فید، عه‌زیزى میرزا كه‌ریم، شێخ ره‌زاى شێخ محه‌مه‌دى گوڵانیش) كه لێپرسراوى مه‌خفه‌ره‌كه بوو، زۆر ئاگاى لێمان بوو، بێ ئه‌وه‌ى كه‌س هه‌ستى پێ بكات، خۆى به‌نهێنى له‌گه‌ڵ پارتیدا بوو. دوای نزیكه‌ى سێ هه‌فته، هه‌موومان به‌كه‌فاله‌ت ئازاد كراین“.
ئینجا دێتە سەر ئەنجامی ئەو خۆپیشاندانە و دەڵێ: ”ئه‌و رووداوه سه‌لماندى، ئه‌گه‌ر بیر و باوه‌ڕى دیمو‌كراتى و پێشكه‌وتنخوازى له‌گه‌ڵ هه‌ستى نه‌ته‌وایه‌تیدا خۆى بگونجێنێت، ئه‌بێته هێزێكى كاریگه‌ر له‌ناو كۆمه‌ڵدا، ئێمه ئه‌و كاته به (شیوعى و پارتى) ژماره‌ى ئه‌ندامانى رێكخراومان له چه‌ند سه‌د كه‌سێك زیاتر نه‌بوو، كه‌چى ئه‌و رۆژه ده‌یان هه‌زار كه‌س رژانه سه‌ر شه‌قامه‌كان و به راى گشتییان راگه‌یاند، كه زه‌بر و زه‌نگى كاربه‌ده‌ستان ده‌ستى به كۆمه‌ڵانى خه‌ڵكى كوردستان له تێكۆشان هه‌ڵنه‌گرتووه له‌پێناو ئازادى و دیموكراسى و مافه نه‌ته‌وه‌ییه زه‌وتكراوه‌كاندا“.
بیرەوەریی كادیرێكی پارتی
هه‌ر سه‌بارەت به‌و بیره‌وه‌رییه، كادریرى پارتى دیمو‌كراتى كوردستان له‌ڕابردوودا، جه‌زا میرزا حوسێن، وه‌ك به‌شداربوویه‌ك ده‌گێڕێته‌وه: ”كاتێ ته‌رمه‌كه‌ى شێخ هاته‌وه، ئێمه‌ى خه‌ڵكى شار و ده‌وروبه‌ر و عه‌شاما‌تێكى زۆر له خه‌ڵكى عه‌شیره‌ته‌كان و گونده‌كان، به‌درێژایى رێگه‌ى به‌غدا تا سلێمانى له پێشوازیدا بووین و ده‌یان كه‌س له عه‌شیره‌ته عه‌ره‌به‌كانى ئه‌و سه‌ر رێگایانه‌ش به‌شدار بوون. ده‌مه‌و ئێوارە، كه ته‌رمى پیرۆزى شێخ له‌سه‌ر ئۆتۆمبێله‌كه داگیرا، كه به سه‌دان ئۆتۆمۆبێلى بەدواوە بوو، ئێمه وه‌ك بڕیارى هه‌ردوو حزبه‌كه (پارتى دیمو‌كراتى كوردستان و حزبى شیوعیى عێراق) فه‌رمانمان پێ درابوو ته‌رمه‌كه بخه‌ینه سه‌ر شان و بیگه‌یه‌نینه مزگه‌وتى گه‌وره. ئا له‌و كاته‌دا و نزیکەی هەزار کەس لە مورید و ده‌روێش، به پرچى درێژه‌وه، كه زۆربه‌یان شمشێر و زرگیان پێ بوو، به ئه‌ڵا و سه‌ڵاوات له ته‌رمه‌كه نزیك بوونه‌وه و خستیانه سه‌ر شانیان و به حه‌ى ئه‌ڵا و زیكر و ته‌هلیله، ته‌رمه‌كه‌یان گه‌یانده بەندیخانەى سلێمانى، كه (شێخ له‌تیف) تێیدا به‌ند كرابوو“.
لە گێڕانەوەکەی بەردەوام دەبێ: ”به‌ندیخانه‌كه‌ش به ده‌یان پۆلیس به چه‌كه‌وه گیرابوو، كۆمه‌ڵێ ده‌روێش ویستیان ده‌رگا ئاسنینه‌كه‌ى به‌ندیخانه‌كه بشكێنن و بچنه ژووره‌وه، به حسابى خۆیان شێخ له‌تیف رزگار بكه‌ن و له ناشتنى ته‌رمى باوكی‌دا به‌شدار بێت، به‌ڕێوه‌به‌رى به‌ندیخانه‌كه له حه‌وشه‌كه راوه‌ستابوو، پیاوێكى عه‌ره‌بى لایه‌نگرى حزبى شیوعى بوو، به ناوى (محەمەد حەسەن ئەلتائی)، هاوارى كرد ئێوه چیتان ئه‌وێ؟ ئه‌وانیش گوتیان شێخ له‌تیف ئازاد بكرێ و له ناشتنى ته‌رمى باوكی‌دا به‌شدار بێت. ئه‌و پێى گوتن (من شێخ له‌تیفم نه‌گرتووه، ئه‌و به فه‌رمانى مته‌سه‌ریف گیراوه، بڕۆن با ئه‌و ئه‌مرم پێ بكات و منش بۆتانى ئازاد ئه‌كه‌م، به‌ڵام ئه‌گه‌ر نه‌ڕۆن ئه‌وا ئه‌مرم پێیه پۆلیس ته‌قه‌تان لێ بكات). ئێمه‌ش هه‌ر هه‌مان شتمان به ده‌روێشه‌كان گوت، بۆیه هه‌ر له‌وێ ته‌رمه‌كه‌یان هه‌ڵگرته‌وه و به‌ره‌و سه‌راى سلێمانى (مته‌سه‌ریفیه‌ت) هه‌ڵیانگرت. كاتێ كه چوونه حه‌وشى سه‌راوه، ئیتر له هه‌موو لایه‌كه‌وه ده‌ست كرا به ته‌قه‌كردن و سه‌ره‌نجام (خاتوو ئه‌خته‌رى هاوسه‌رى ره‌شۆڵ عه‌بدوڵا) كه له‌گه‌ڵ خۆپیشانده‌راندا بوو، شه‌هید كرا و چه‌ندین كه‌س بریندار بوون، چه‌ند گولله‌یه‌كیش به‌ر ته‌رمى شێخ كه‌وتن، مورید و ده‌روێشه‌كانیش هه‌ڵاتن و نه ده‌روێش ما و نه شمشێر و زرگ، ته‌رمه‌كه‌شیان له‌و حه‌وشه‌ى سه‌رادا بەجێ هێشت. له‌دواییدا به هیمه‌تى پیاوچاكان و به‌تایبه‌تى چه‌ند زانایه‌كى شار و وه‌كیلى موته‌سه‌ریف، رێگه درا ته‌رمه‌كه به‌هێمنى بگه‌یه‌نرێته مزگه‌وتى گه‌وره و له‌وێ له رێوڕه‌سمێكدا بشورێ و كفن بكرێ و هه‌ر له مزگه‌وتى گه‌وره‌دا و لەته‌نیشت گۆڕى كاك ئه‌حمه‌دى باپیرییه‌وه بنێژرێت“.
جه‌زا میرزا حوسێن دەگێڕێتەوە و دەڵێ: ”هه‌ر له‌دواى ئه‌و رووداوه، ده‌ست كرا به گرتنى ژماره‌یه‌كى زۆر له ئه‌ندامان و لایه‌نگرانى پارتى دیمو‌كراتى كوردستان و حزبى شیوعیى عێراق له‌ناو شاردا، به‌تایبه‌تى ئه‌وانه‌ى سه‌رپه‌رشتیى خۆپیشاندان و پێشوازیكارانیان كردبوو، ئه‌وانه‌ى له‌به‌ر چاو بوون و زۆر ناسراو بوون، وه‌ك (جه‌زا میرزا حوسێن، عه‌بدولى سوران، قادر میرزا كه‌ریم، جه‌لال میرزا كه‌ریم، عوسمان ده‌روێش به‌كر، حوسێن حاجى ئه‌مین، كامیل ژیر، حوسێن مه‌لا حه‌كیم، عه‌بدوڵا محه‌مه‌د ئه‌مین- ناسراو به عه‌به عفریت، كه‌مال مسته‌فا قادر، سلێمان مه‌جید به‌كر، جه‌وده‌ت مسته‌فا، جه‌لال عه‌زیز به‌كر، كه‌مال شێخ نوورى، بابا عه‌لى به‌رزنجى، خه‌سره‌و رۆسته‌م، حه‌مه‌كاكه عه‌بدوڵا، به‌هادین جه‌لال كابان، فه‌ره‌یدوون ئه‌مین، عه‌تا ره‌شید، خالید سه‌عید- ره‌سام، عه‌لى شه‌ریف، روشدی عه‌لى شه‌ریف، حه‌سه‌ن عه‌لى غالب، عه‌لى مه‌حموود مسته‌فا، مسته‌فا عه‌بدولڕه‌حمان، جه‌مال فایه‌ق، جه‌لال مه‌لا كه‌ریم، حه‌مه‌ڕه‌ئوف هه‌ڵه‌بجه‌یى، جۆزیف گۆرگیس، سه‌ڵاح عه‌لى ئایشه‌خان، به‌شیر ره‌شید، سه‌ڵاح حه‌مه شێخ عه‌لى، ئه‌حمه‌د مسته‌فا، فوئاد نوورى خه‌فاف، سمكۆ عه‌زیز قامیش، سه‌ڵاح حه‌سه‌ن، عه‌بدوڵا شێخ ئیسماعیل، شێخ سدیق شێخ مه‌حموود). كه‌سانى دیکەیش هه‌بوون، ئێستا ناویانم بیر نه‌ماوه“.