کەرەفتوو بە مانای پەرەستگەی خۆر، یەکێکە لە ناسراوترین شوێنەوارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دەکەوێتە پارێزگای سنە و لە سێڕێیانی هەر سێ شاری سەقز، دیواندەرەوە و تیکاب هەڵکەتووە و نزیکە لە شاری دیواندەرەوە.
هەندێ کەس پێیانوایە؛ گۆڕی هیرکوڵ، پاڵەوانی ئەفسانەیی یۆنان لەناو ئەم ئەشکەوتەدایە. کەرەفتوو، شوێنی ژیانی مرۆڤە سەرەتاییەکان بووە، کەلوپەل و کەرەستەی سەردەمی ئەشکانی ماد و ساسانییەکانی تێدا دۆزراوەتەوە.
كەرەفتوو، پێکهاتەکەی بەردین و کلسە و تاکە ئەشکەوتی چوار نهۆمیی جیهانە، کە بە بینای سروشتی بۆ نیشتەجێبوونی مرۆڤ ناوبانگی دەرکردووە. ئەو کەسانەی هەزاران ساڵ بەر لە ئێستا لەناو ئەم ئەشکەوتەدا ژیاون، چەندین ژووری گەورە، داڵان، رێڕەو، زیندان، چێشتخانە، ژووری کۆبوونەوە، گۆڕستان، پەناگە، پەیژە، دەروازە و پەنجەرەیان دروست کردووە. ئەم ئەشکەوتە بە جۆرێک دروست کراوە، کە لە زستاندا گەرمە و لە هاویندا فێنکە.
لەبارەی ئەشکەوتەکە، نامیق ئاقایی، مێژووناس و رێبەری ئەشکەوتی کەرەفتوو بۆ (باسنیوز) ئاشکرای کرد: "ئێرە لە سەردەمی مادەکان، پەرستگە، شوێنی ژیان، قەڵای بەرگری و ناوەندی حوکمڕانی بووە. سەرجەم ژوورەکانی ناو ئەشکەوتەکە لەڕێگەی چەند داڵان و رێڕەوێکەوە پێکەوە گرێ بەستراون و سەرجەمیشیان پەنجەرەیان هەیە".
ئەو مێژووناسە گوتیشی: "نهۆمی یەکەمی ئەشکەوتەکە لەڕێی رێڕەوێکی ١٢مەتری، کە ٢ مەتر بەرزە و ٤ مەتر پانە، بە نهۆمی دووەمەوە بەستراوە و ژوورێکی ١٢٠ مەتریی چوارگۆشەی لەخۆ گرتووە. نهۆمی سێیەم لە چوار ژوور پێکهاتووە. داڵانی سروشتیی ناو ئەشکەوتەکە ٦٠٠ مەترە و لە مەترێکەوە بۆ ١٢ مەتر بەرزە".
لەبارەی ناوی کەرەفتوو، گوتی: "لە زمانی کوردیدا وشەی کەرەف بە مانای پەرەستگەیە و وشەی توو لە تاو و هەتاو گیراوە و کەرەفتوو واتە پەرەستگەی خۆر".
ئەشکەوتی کەرەفتوو، وەکوو یەکێک لە شوێنەوارە میللییەکانی ئێران لە ساڵی ١٩٤٠ لە ڕیزی ئاسەوارە میللییەکاندا تۆمار کراوە و لەم چەند ساڵەی دواییدا هەوڵەکان خراونەتە گەڕ تا وەکوو میراتێکی مرۆڤایەتی ناوی لە ریزبەندیی ناسراوترین شوێنەوارەکانی جیهاندا تۆمار بکرێت.