شیعری ''پیرەمێرد'' بۆ پەڕینەوەی بارزانیی نەمر و یاوەرانی لە رووباری ئاراس

سه‌ره‌تا مێژوو شوێنه‌وار كه‌له‌پوور كولتوور مه‌ڵتیمیدیا له‌باره‌ی ئێمه‌وه‌
x

شیعری ''پیرەمێرد'' بۆ پەڕینەوەی بارزانیی نەمر و یاوەرانی لە رووباری ئاراس

74 ساڵ لەمەوبەر، دوای رووخانی كۆماری كوردستان لە مهاباد، مستەفا بارزانی، سەركردەی هەرە درەوشاوەی مێژووی بزووتنەوەی ئازادیخوازی كوردستان، لەگەڵ ژمارەیەك لە یاوەرانی، بە پەڕینەوە لە رووباری ئاراس و گەیشتن بە خاكی یەكێتیی سۆڤیەتی جاران، پاش رێپێوانێکی ٥٣ رۆژی، داستانێكی مێژوویی دیكەیان بۆ بزووتنەوەی ئازادیخوازی كورد و كوردستان تۆمار كرد.

ئەو كاروانەی بارزانی و هەڤاڵانی كە سنووری پڕ لە سەختیی هەرسێ دەوڵەتی ئێران، عێراق و توركیای بڕی، تژی بوو لە شەڕ و رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ سوپا و چەكدارانی سێ دەوڵەت و پووچەڵكردنەوەی پیلان و هەڕەشەكانی داگیركەران، بۆیە ئەو رووداوە ویژدانی گەلێ لە شاعیرانی كوردی جووڵاند و یەكێك لەو شاعیرانەی شیعریان بۆ ئەو داستانە نووسی، پیرەمێرد، شاعیری ناوداری كورد بوو كە ماوەیەك دوای ئەو رووداوە، شیعری (عەشرەت هاوارە)ی نووسی، ئەمەی خوارەوە دەقی ئەو شیعرەیە:

 

عەشرەت هاوارە

 

عەشرەت هاوارە، عەشرەت هاوارە

كــەوتـــوومە ''ئاراس'' ئاو بێـــــبوارە

ڕێم نییە منیش شوێن ئەوان كـەوم

پیـــــرم هەنگـــاوێـــك بنێـــــم ئەكـەوم

لێـرەش وا كـەوتوم بەدەم دەردەوە

لە ئێشی دووری و ئاهی سەردەوە

دكتۆر! دەوای تۆم ناوێ لێم گـەڕێ

بەڵـكم بـە ئاهم دەوران وەرگـــــەڕێ

با وا وەرگـەڕێ، ئێـــــلم وەرگـــــەڕێ

بـا زرمـەی تـۆپی زەڕەی بەركەوێ

ئەو ساكە دوعای مـن وا گـیرا بـــێ

لـە خـــــانەی خاكا، ئــاواتــــم نـابــــێ

ئینـــجا تەلقـینـــــــم بدەن بە كـــوردی

بڵێـــــن ئاواتت هاتە جــــــێ و مـردی