ئه‌حمه‌د زرنگ، كوڕى (مسته‌فا ئه‌فه‌ندیی ئه‌حمه‌د ئه‌فه‌ندی)یه، رۆژنامه‌نووس و یاساناس و خوشكه‌زاى پیره‌مێردى شاعیر بووه. ئه‌حمه‌د كه (پیره‌مێرد) خۆی ناسناوی (زرنگ)ی بۆ هه‌ڵبژاردووه، له 14/6/1930 له سلێمانی له‌دایك بووه. قوتابخانه‌ی سه‌ره‌تایی (فه‌یسه‌ڵییه)ی له سلێمانی، سێی ناوه‌ندی و سانه‌وی- 1949- له كه‌ركووك و كۆلێژی حقووقی- 1954- له به‌غدا ته‌واو كردووه. له ساڵى 1950 به‌دواوه بووه‌ته هاوكارێكی رۆژنامه‌ی (ژین).
له به‌غداوه، به یارمه‌تیی (عه‌لادین سه‌جادی) مه‌ره‌كه‌ب و كاغه‌ز و پیتی بۆ چاپخانه‌كه‌ی دابین كردووه. ئه‌و ماوه‌یه ناوبه‌ناو كاروباری ئیداره‌خانه، یا نووسینی (ژین)ی راپه‌ڕاندووه، تا له ژماره 1214ی رۆژی 9/9/1954ه‌وه ئیدی بووه‌ته به‌ڕێوه‌به‌ری ئیداره‌خانه و نووسین و (نووری ئه‌مین مه‌حموود)یش به‌ڕێوه‌به‌ری به‌رپرسی بووه.
ئه‌گه‌رچی ئه‌و ساڵه، كه زانكۆی بڕیوه، هه‌لێكی مسۆگه‌ری خوێندنی به‌رزی له فه‌ڕه‌نسا بۆ ره‌خساوه، به‌ڵام له‌به‌ر بێخاوه‌نیی رۆژنامه‌كه و گیرانی مامۆستا (گۆران)ی سه‌رنووسه‌ری، نه‌چووه. له‌و ساڵه‌یشه‌وه، به‌ده‌م رۆژنامه‌وانییه‌وه، پارێزه‌ریی كردووه تا 1964.
رۆژی 18ی كانوونی یه‌كه‌می1957، به ئه‌ندامی (مه‌جلیسی به‌له‌دییه) ئەنجوومەنی شارەوانیی سلێمانی هه‌ڵبژێردراوه. دوای 14ی ته‌مووزی 1958 چووه‌ته به‌غدا و خانووه‌كه‌ی به بارمته (رهن) داناوه و دوو پارچه زه‌ویی فرۆشتووه، پاره‌ی پاشه‌كه‌وتكراوی دیكه‌یشی هه‌بووه، دوو مه‌كینه‌ی نوێی چاپی پێ كڕیون؛ یه‌كه‌میان قه‌باره به‌تاڵ، بۆ ده‌ركردنی رۆژنامه‌ی قه‌باره گه‌وره، دووه‌میان بچووك، بۆ چاپی كتێب. تا وای لێ هاتووه، رۆژنامه‌كه‌ی – له‌بری هه‌فته‌ی جارێك- هه‌فته‌ی دوو جار ده‌ركردووه.
ئه‌و ماوه‌یه، كه (ئه‌حمه‌د زرنگ) سه‌رۆكی نووسین و ئیداره‌خانه‌ی (ژین) بووه، چه‌ند جارێك رووبه‌ڕووی لێپرسینه‌وه و ته‌نگپێهه‌ڵچنینی حكوومه‌ت بووه‌ته‌وه تا رۆژنامه‌كه له‌دوای ده‌رچوونی ژماره (1714)ه‌وه، رۆژی 7ی شوباتی 1963، وه‌ك هه‌موو رۆژنامه‌یه‌كی دیكه‌ی عێراق، به هاتنه سه‌ر كاری عه‌بدولسه‌لام عارف و به‌عسییه‌كان، به‌ته‌واوی راگیراوه.
9ی حوزه‌یرانی 1963 یه‌كێك بووه له گیراوه‌كانی سلێمانی. دوای به‌ربوونی، هه‌وڵی تازه‌كردنه‌وه‌ی مۆڵه‌تی رۆژنامه‌كه‌ی داوه، به‌ڵام رێی پێ نه‌دراوه‌ته‌وه. ئه‌مجا رووی كردووه‌ته وه‌زیفه، 1964 به دادوه‌ری دادگای هه‌ڵه‌بجه دامه‌زرێنراوه، پاشان براوه‌ته شاره‌كانی (دیوانییه) و (كه‌ركووك). 1972 بووه به ئه‌ندامی ده‌سته‌ی ته‌میزی چاككردنی كشتوكاڵ، 1990یش بووه به سه‌رۆكی هه‌مان ده‌سته.
ساڵی 1993 خانه‌نشین كراوه، به‌ڵام 1996 خراوه‌ته‌وه سه‌ر هه‌مان وه‌زیفه‌ی پێشوو، كه ئه‌و ساڵانه‌ی دوایی به ماڵه‌وه هاته‌وه بۆ كوردستان، كرایه سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی راژه. دوای ئه‌وه‌ی جه‌ڵته‌ی مێشك لێی دا و چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك لە جێگەدا خستی، رۆژی 27ی شوباتی 2011 (یه‌كشه‌ممه) كۆچی دوایی كرد و ته‌رمه‌كه‌ی له گردی (مامه‌یاره) به خاك سپێردرا.
له رۆژنامه‌ى (ژین) ژماره (1411)، پێنجشه‌ممه (2/10/1958) لاپه‌ڕه (1)دا سه‌روتارى رۆژنامه‌كه له‌لایه‌ن (ئه‌حمه‌د زرنگ)ى سه‌رنووسه‌رى رۆژنامه‌كه‌وه به‌م جۆره نووسراوه:
هاتنه‌وه‌ى به‌چكه‌شێرانى بارزان
ئه‌ى قاره‌مانانى بارزان.. ئه‌ى ئازادیخواهان، به‌خێربێنه‌وه سه‌ر هه‌ردوو چاومان.
هه‌موو ئه‌زانین و له‌بیرمانه! چى؟ ئازادیى نه‌به‌زینى بارزان و به‌چكه‌شێرانى پێشه‌وا و قاره‌مانانیان، نیشتمانپه‌روه‌ریى به دڵ و گیان، لێبوردن و خه‌باتیان، خۆبه‌ختكردن و فیداكارییان، به‌ربه‌ره‌كانى و هه‌وڵدانیان له‌پێناو سه‌ربه‌ستیدا، له رێگه‌ى سوودى گشتیى گه‌لدا، بۆ داواى حه‌ق و حقووقى راست و ئه‌زه‌لیه‌ت و نه‌ته‌وایه‌تى، بۆ سه‌ندنه‌وه‌ى هه‌موو مافێكى لێ داگیركراو، بۆ ئازادیى ته‌واوى وڵات، بۆ رزگاریى نیشتمانى خۆشه‌ویست، بۆ نه‌هێشتنى زۆر و زۆرداریى ئه‌وسا، بۆ رووخاندنى ته‌ختى خراپه و تاوانكاریى رابردوو، بۆ ئه‌وه‌ى تاكو ئاڵاى ئاشتى و سه‌ربه‌ستى و برایه‌تى و یه‌كێتی و چوونییه‌كى بێ جیاوازى، به‌سه‌ر هه‌موو خاكى خۆشه‌ویستى عێراقماندا له‌ره‌ى بێت، به ژیانێكى پڕ خۆش و ته‌واو، هه‌موو حه‌ق و حقووقێكى دانیشتوانى به‌ڕێزیانه‌وه، كه كورد و عه‌ره‌بن، پێكه‌وه و به چوونیه‌كى و برایه‌تى و یه‌كێتیى راست و دروسته‌وه.
كه ئه‌مه‌ش زنجیره‌یه‌كه له زنجیره‌ى به‌یه‌كه‌وه به‌ستراوه‌ى تێكۆشان و خه‌باتى هه‌ردوولا، عه‌ره‌ب و كورد پێكه‌وه و شانبه‌شانى یه‌ك، به‌تایبه‌تى له عێراقدا، له‌و رێیه راسته‌وه به‌و بیروباوه‌ڕه پاك و ره‌وانه‌وه و بۆ ئه‌و ئامانج و نیازه باڵا و خاوێنه، به‌رامبه‌ر داموده‌زگا و گورز و شیر و قینه‌به‌رى ئیستعمار و نۆكه‌ر و زۆردارى ئه‌وسا، به‌ڵام چونكه دیاره ئیستعمار، كه هه‌میشه له‌گه‌ڵ ئه‌م بیروباوه‌ڕ و جووڵانه‌وه باش و پڕ سوود و داد و دادپه‌رستییه‌دا یه‌كناكه‌وێ و ئه‌و هه‌ر به خراپى و خراپه راهاتووه و به شیرى زۆر و زۆرداریى گۆش كراوه، بۆیه هه‌میشه چاوى به‌م ئازادیخواهانه هه‌ڵنه‌ئه‌هات و به برایه‌تى و یه‌كگرتنیان كوێرایى دائه‌هات، تا پێى كرا له خراپه و زۆردارى و تاوانكارى درێخى نه‌كرد، بۆ له‌یه‌ك كردنیان، بۆ نه‌هێشتنیان، بۆ له‌ناوبردن و ته‌فروتونایان، به شه‌ق و تێه‌هڵدان، به به‌ندكردن و له وڵات و نیشتمان ئاواره‌كردنیان، له خزم و خوێش و كه‌سوكار كردنیان، به‌رامبه‌ر كورد و عه‌ره‌ب وه‌كویه‌ك، به‌رامبه‌ر دادپه‌رست و ئازادیخوایان و راستگۆیان و نیشتمانپه‌روه‌رانى كورد و عه‌ره‌ب، ئیستعمار و كلك و نۆكه‌رانى چی‌یان له‌ده‌ست هات كردییان، كه هه‌موو ئه‌و زنجیره دوور و درێژه پێكه‌وه به‌ستراوه خه‌باتكردنانه‌ى هه‌ردوولا، به هه‌موو كاره‌سات و قه‌ومانێكیه‌وه، كه له لاپه‌ڕه‌كانى مێژووى جووڵانه‌وه‌ى ئازادى و سه‌ربه‌ستیى گه‌لاندا به ئاوى زێڕ نووسراوه‌ته‌وه، به‌ڵگه‌ن بۆ راستیى ئه‌م قسانه‌مان.
هه‌ندێ له‌و رووداو و كاره‌ساته مێژووییانه، كه هه‌ر له‌م ئاخر و ئۆخرى ئه‌م چه‌رخه‌ى دواییه‌دا و به‌م نزیكانه روویان داوه و له‌بیرمانه و له‌بیر نه‌چوونه‌ته‌وه، وه‌كوو: شۆڕش و به‌ربه‌ره‌كانى هه‌موو گه‌لى عێراق، كورد و عه‌رەب له ساڵى 1915ه‌وه تا ساڵى 1920، شۆڕشى ساڵى 1920، كاره‌سات و بۆردمانکردنى سلێمانى و گه‌لێ له شاره‌كانى ترمان، (جه‌نگى تاسلووجه و ده‌ربه‌ندى بازیان، شه‌ڕه‌كانى پیران و ئاوباریك و بارزان، هه‌راى رۆژى ره‌شى ئه‌یلوولى به‌ر ده‌رگاى سه‌راى سلێمانى، كاره‌سات و راپه‌ڕینى ساڵانى 1936 و 1941 و 1945 و 1948 و 1952 و 1956) و گه‌لێ جووڵانه‌وه‌ى له‌بیرنه‌چووه‌وه‌ى تر‌ى گه‌لى عێراق به عه‌ره‌ب و كورده‌وه و پێكه‌وه و شانبه‌شانى یه‌ك، ئازادیخواهانیان، به پیر و گه‌نجه‌وه، به ژن و پیاوه‌وه.
بێگومان ئه‌و كاره‌ساته سامناكه‌ى، كه له ساڵى 1945دا دیسانه‌وه له بارزاندا رووی دا و تا ساڵى 1947 هه‌ر دوایى نه‌هات، هه‌ر یه‌كێ بوو له‌و زنجیره پێكه‌وه به‌ستراوه‌ى ئه‌م خه‌بات و تێكۆشان و جووڵانه‌وه‌ى كورد و عه‌ره‌ب له عێراقدا، كه ئه‌وه بوو له‌و كاره‌ساتانه‌شدا قاره‌مانانى ئازادیخواهى بارزان، له‌گه‌ڵ نیشتمانپه‌روه‌رانى بۆ سه‌ربه‌ستیى تینوو و خۆبه‌ختكارانى رێى ئازادی‌دا و به پیشتیوانیى هێزى پڕ تینى گه‌ل و به پێشه‌وایى قاره‌مانى دلێرى سه‌ربه‌رز (مه‌لا مسته‌فا)، سه‌ریان بۆ ئیستعمار دانه‌نه‌واند، هه‌ڕه‌شه و گوڕه‌شه نه‌ى ترساند.
ئه‌وه‌بوو ئیستعمار و دام و ده‌زگاكانى هه‌ر چییه‌كیان له توانادا بوو درێغییان نه‌كردووه، هه‌موو هێزێكى لێ خستنه كار و دواى كوشتن و بڕین و هه‌ڵواسین، ئه‌وى پێیان كرا كردییان، به‌ڵام دیسانه‌وه و به‌و هێزه پڕ چه‌كه بێ شوماره‌شه‌وه، نه‌یانتوانى تا سه‌ر چی‌یان ئه‌وێ به دڵى خۆیان بیكه‌ن و ده‌ره‌قه‌تیان نه‌هاتن. بێ گومان هێزى خراپه و ئیستیعمار و زۆردارى، هه‌رچۆنێ بێ له‌ئه‌نجامدا به‌رامبه‌ر به هێزى هه‌ق و ئازادیخوازى هه‌ر ئه‌كه‌وێ، ئه‌وه‌بوو هه‌ر له ئه‌نجامى ئه‌و كاره‌ساته‌دا، ئه‌و قاره‌مانه نه‌به‌زه (مه‌لا مسته‌فا) و هاوڕێ دلێره‌كانى، چه‌ندیان پێ كراوه له هه‌موو توانایه‌ك به‌ده‌ر و به‌رامبه‌ر ئه‌و هێزه بێ شوماره‌ى ئیستعمار، ئه‌و رۆڵه نه‌به‌زه ئازادیخوایانه‌ى كوردستانیان ده‌رباز و رزگار كرد و خۆیان گه‌یانده وڵاتانى سه‌ربه‌ستى و ئازادى، شوێنى حه‌وانه‌وه و میواندارى، له وڵاته جمهورییه ئیشتراكییه‌كاندا.
ئا ئه‌وه بوو ئاخرى ده‌ركه‌وت، كه هێزى گه‌ل هێزى هه‌ق و دادپه‌رستى، هێزى ئازادى و سه‌ربه‌ستى نامرێ و هه‌ر ئه‌مێنێ و رۆژێ هه‌ر ئه‌بێ سه‌ر ده‌ربێنێ و زنجیره‌ى خه‌بات قه‌ت ناپسێ.
ئه‌وه‌بوو له ئه‌نجامدا زنجیره‌ى نه‌پساوه‌ى ئه‌م خه‌باته ئه‌وسه‌رى خۆى دۆزییه‌وه، له رۆژى 14/ته‌موزى پیرۆزدا، به‌هۆى جووڵانه‌وه‌ى بیر نه‌چووه‌وه‌كه‌ى سوپاى ئازادیى عێراق مانه‌وه، به سه‌ركردایه‌تیی سه‌ركرده دلێره له‌خۆبردووه‌كانى و پێشه‌وایى پێشه‌واى هه‌ڵكه‌وتوومان (زه‌عیم روكن عه‌بدولكه‌ریم قاسم) و به یارمه‌تى و راپه‌ڕین و پشتگرتنى گه‌لى نه‌به‌زى عێراقمان، به كورد و عه‌ره‌به‌وه، رووى رۆژى سه‌ربه‌ستى ده‌ركه‌وت، رۆژى خۆشى و شادی بوو به شه‌وى تاریكى بۆ زۆرداره‌كان و ژێرده‌ستیى به‌سه‌رچوو، ئاڵاى ئاشتى و ئازادى و یه‌كێتی و برایه‌تى هه‌ڵكرا و جمهوریه‌تى دیمو‌كراتى موحایدى عێراقى خۆشه‌ویستمان دامه‌زرێنرا.
جمهوریه‌تى كورد و عه‌ره‌ب، به یه‌كێتیى راست و دروستى عێراقه‌وه. كه له‌م ماوه‌یه‌دا یه‌كێ له به‌روبوومى پڕ سوودى ئه‌و كرداره جوان و به‌جێ و په‌سه‌ندانه‌یان. ده‌رگاى خسته سه‌رپشتى خاكى پیرۆزى نیشتمانه خۆشه‌ویسته‌كه‌مان بوو، بۆ قاره‌مانى ئازادی‌خوا (مه‌لا مسته‌فا) و هه‌ردوو هاوڕێكه‌ى (میرحاج) و (ئه‌سعه‌د خۆشه‌وى) و هه‌موو هاوڕێ قاره‌مانه‌كانى تریان، بۆ گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ نیشتمانى خۆشه‌ویستیان، له كات و سه‌رده‌مى ئه‌م جمهوریه‌ته نازداره‌ماندا، تاوه‌كوو هه‌مووان، هه‌ردوولا، كورد و عه‌ره‌ب به یه‌كێتی و برایه‌تییه‌وه و له‌ژێر ئاڵاى به‌رزى کۆمارەكه‌ماندا و به پێشه‌واى پێشه‌وامان (زه‌عیم روكن عه‌بدولكه‌ریم قاسم)، ده‌ست له‌ناوده‌ست و بۆ پێشه‌وه ملى رێى راستى خه‌بات به‌رنه‌ده‌ین. ئیتر ئێوه‌ش ئه‌ى قاره‌مانانى بارزان.. ئه‌ى ئازادیخواهان، به‌خێر بێنه‌وه سه‌ر هه‌ردوو چاومان.
مسته‌فا بارزانى له به‌غدا پێشوازى له سه‌رنووسه‌رى رۆژنامه‌ى (ژین) ده‌كات
له رۆژنامه‌ى (ژین) ژماره (1413)، رۆژى پێنجشه‌ممه (16/10/1958)، لاپه‌ڕه (2)دا هه‌واڵێكى بڵاو كردووه‌ته‌وه، كه ستاف و سه‌رنووسه‌رى رۆژنامه‌ى (ژین)، له شارى سلێمانییه‌وه به‌ڕێ ده‌كه‌ون بۆ شارى به‌غدا، له‌وێ سه‌ردانى مسته‌فا بارزانى ده‌كه‌ن و له‌لایه‌ن ئه‌حمه‌د زرنگ، خوشكه‌زاى پیره‌مێردى شاعیر، كه سه‌رنووسه‌رى هه‌مان رۆژنامه‌یه، دوا ژماره‌ى رۆژنامه‌كه‌یانى به‌دیارى پێشكه‌ش به بارزانى ده‌كه‌ن. له هه‌فته‌ى دوایى تر و له ژماره‌ى دواترى رۆژنامه‌كه‌دا وێنه‌یه‌كى بارزانى و ئه‌حمه‌د زرنگ دانراوه و له‌گه‌ڵ هه‌واڵه‌كه‌دا به‌م جۆره نووسراوه:
رۆژنامه‌ى ژین:
قاره‌مانى ئازادی‌خوا مه‌لا مسته‌فاى خۆشه‌ویستى هه‌مووان، له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌رى ئه‌م رۆژنامه‌یه‌دا
(دوا ژماره‌ى ژین) ده‌خوێنێته‌وه.
تێبینى: ڕۆژنامه‌ى (ژین) له شارى سلێمانى، له ساڵى 1939، بڵاو كرایه‌وه. به‌ڕێوه‌به‌ر و به‌رپرسیارى پیره‌مێردى شاعیر بووه. ژماره‌ى یه‌كه‌مى له 26ى كانوونى دووه‌مى 1939دا ده‌رچووه، هه‌تا كوده‌تا خوێناوییه‌كه‌ى 8ى شوباتى 1963 به‌رده‌وام بووه. له‌دواى پیره‌مێرد، جه‌میل سائیب و نوورى ئه‌مین به‌گ و مه‌حموود به‌گى گومرگ و گۆران و ئه‌حمه‌د زرنگ یه‌ك له‌دواى یه‌ك بردوویانه به‌ڕێوه، تاكوو ساتى راگرتنى له رۆژى 7/2/1963، دواتریش كه له ساڵى 1970 تا 1974، خوولى دووه‌مى ده‌ست پێده‌كات، به سه‌رپه‌رشتیى (كاكه‌ى فه‌لاح)ى شاعیر.