ئه‌و ده‌مه‌ی سه‌رۆک بارزانی له تاراوگه و له مۆسکۆوه گه‌ڕایه‌وه باوه‌شی نیشتمانی ئازیز (کوردستان)، نووسەر و ڕۆشنبیری گەورەی کوردی، شاکر فه‌تاح، سه‌رۆکی شاره‌وانیی سلێمانی بوو، دوای ماوه‌یه‌ک، که سه‌رۆک بارزانی سه‌ردانی شاری سلێمانی ده‌کات، شاره‌وانیی ئه‌و شاره مه‌راسیمێکی مه‌زنی بۆ ڕێک ده‌خات و پێشوازییه‌کی که‌موێنه‌ی لێ ده‌کرێت، چ له‌لایه‌ن جه‌ماوه‌ری به شه‌ره‌فی ئه‌و شاره‌وه و چ له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتداران و ئیداره‌ی شاره‌وه و له‌نێویاندا شاره‌وانی ڕۆڵی به‌رچاو ده‌گێڕێ.
شاکر فه‌تاحی گه‌وره نووسه‌ر و پایه‌به‌رزی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی کورد، زۆر به‌ڕێزه‌وه ڕوانیویه‌تییه بارزانی و هه‌میشه به چاوی خۆشه‌ویستییه‌وه له هه‌ڵوێست و ئاکاره‌کانی ڕوانیوه و له چه‌ند به‌شێکی نووسینه‌کانیدا تێڕوانینی به‌رز و جوانی بۆی هه‌بووه و له یاداشته‌کانیدا به‌شێک له ڕاوبۆچوونه‌کانی خۆی له‌مه‌ڕ مسته‌فا بارزانی تۆمار کردووه، به‌تایبه‌تی له کاتی گه‌ڕانه‌وه‌ی له مۆسکۆوه بۆ عێراق و دوای ماوه‌یه‌ک له سه‌ردانێکیدا بۆ شاری سلێمانی، شاکر فه‌تاح وه‌ک شاهیدحاڵێک و ئاماده‌بوویه‌ک، له کتێبی (ئاوێنه‌ی ژینم)دا باسێک له‌و کاته ده‌کات. هه‌روه‌ها له ڕۆژنامه‌ی (برایه‌تی)شدا کورته‌یه‌ک له ڕاوبۆچوونی شاکر فه‌تاح له‌وباره‌یه‌وه بڵاو کراوه‌ته‌وه، که ئێمه‌یش له‌به‌ر گرنگی و به‌پێزی و بایه‌خداریی بابه‌ته‌که، لێره‌دا ده‌یانخه‌ینه ڕوو، به‌م چه‌شنه:
* له کتێبی (ئاوێنه‌ی ژینم)، ژماره (1) (یاداشته‌کانی شاکر فه‌تاح)دا، شه‌هیدی خوالێخۆشبوو، نووسه‌ری گه‌وره‌ی کورد شاکر فه‌تاح، سه‌باره‌ت به سه‌ردانه‌که‌ی ڕۆژى 23/10/1958ـی مسته‌فا بارزانی بۆ شاری سلێمانی، به‌ناوی (هاتنی بارزانی بۆ سلێمانی) ده‌نووسێت:
”له پاییزی 1958دا، که پێشه‌وا (مه‌لا مسته‌فای بارزانی) له خاکی سۆڤیه‌ته‌وه گه‌ڕایه‌وه به‌غدا و پاشان کوردستانی عێراق، سه‌رێکی له سلێمانیش دا. ئه‌و به‌پیره‌وه‌چوونه‌ی بۆ ئه‌و کرا، ئه‌و ماندوونه‌بوونه‌ی له‌و کرا، ئه‌و ئاهه‌نگه‌ی شاره‌وانیی سلێمانی بۆ ئه‌وی کرد، بۆ که‌س نه‌کرابوو. نه‌ته‌وه به جارێک خرۆشابوو، گه‌شکه‌دار بووبوو، نه‌یده‌زانی له‌خۆشیدا چۆن بجووڵێته‌وه و چی بکا.
به‌هۆی وێنه‌کێشێکی هونه‌رمه‌ندی کورده‌وه، وێنه‌یه‌کی ڕه‌نگاوڕه‌نگی گه‌وره‌مان به مه‌لا مسته‌فا بارزانی پێشکه‌ش کرد، کە وریایی کوردی سلێمانی و نه‌وازشیانی بۆ (بارزان) و (مه‌لا مسته‌فا بارزانی)، له‌گه‌ڵ ئاواتی گه‌لدا پیشان ئه‌دا. له ئاهه‌نگه‌که‌یدا، وتارێکم خوێنده‌وه، ساز و ئاوازی کوردایه‌تی، گیانی ده‌بووژانده‌وه، ده‌تگوت له ئاسمانه‌وه فریشه ده‌بارێ، دار‌وبه‌رد پڕ بووبوو له خۆشه‌ویستی و نه‌وازش بۆ (مه‌لا مسته‌فای بارزانی) و کورد و کوردستان.
ڕۆژه‌که‌ی خۆش بوو، به هه‌زاران کوڕ و کچ، پیاو و ژن، خوێنده‌وار و نه‌خوێنده‌وار، ده‌وڵه‌مه‌ند و هه‌ژار، گه‌وره و بچووک ڕژابوونه‌وه ئه‌و ناوه، چاویان گەشابووه‌وه. له‌گه‌ڵ (مه‌لا مسته‌فای بارزانی)دا به چه‌ند کۆبوونه‌وه‌یه‌ک له یانه‌ی فه‌رمانبه‌ران و ماڵی (شێخ له‌تیفی شێخ مه‌حموودی مه‌زن)دا کامه‌ران و سه‌ربه‌رز بووم، که بارزانی ڕۆیی تا (قلیاسان) ڕه‌وانه‌مان کرد، یه‌کترمان ماچ کرد و جوێ بووینه‌وه. ئه‌و ڕۆژه ڕۆژێکی به‌نرخ و پڕ کامه‌رانی بوو، دڵمان پڕ بوو له هیوا و ئاواتی به‌رز، بۆ دواڕۆژێکی نزیک بۆ کوردستان.
له‌و ڕۆژه‌دا، به‌م بۆنه‌یه‌وه گه‌لێک سوپاسی (عه‌بدولکه‌ریم قاسم)م کرد که بوو به‌هۆی گه‌ڕانه‌وه‌ی (مه‌لا مسته‌فا بارزانی) و بارزانییه‌کان. له پاییزی ساڵی 1958دا، دار و به‌ردیش پڕ بووبوو له خۆشه‌ویستی و ڕێزگرتن به‌رامبه‌ر (کورد) و کوردستان، ده‌تگوت له ئاسمانه‌وه فریشته ده‌بارێ“.
شاکر فه‌تاح لەبارەی بارزانی ده‌دوێت
شه‌هید شاکر فه‌تاح، شه‌هیدی کوردایه‌تی، له ئه‌رشیفی نووسینه‌کانیدا گه‌لێک بابه‌تی به‌پێزی له‌مه‌ڕ سه‌رکرده‌ى نه‌ته‌وه‌ی کورد مسته‌فا بارزانی نووسیوه و گه‌لێک هه‌ڵوێستی جوامێرانه و ڕاستگۆیانه‌ی ده‌رباره‌ی بارزانیی نه‌مر و پارتی دیموکراتی کوردستان نواندووه، ئه‌وه‌تا له یه‌کێک له‌و نووسینانه‌ی تری‌دا ده‌ڵێت:
”شۆڕشی گه‌وره‌ی کوردستان له‌ناو جیهانیشدا ناوبانگێکی وای ده‌رکردووه، که له هه‌موو لایه‌کی جیهانه‌وه، ڕوو ئه‌که‌نه کوردستان، تا بزانن سه‌رکرده‌ی شۆڕشه‌که چۆنه و کورد و کوردستان و (پارتی دیموکراتی کوردستان) و پێشمه‌رگه‌ی کوردستان خوا به چ جۆرێک دروستی کردوون، که وا هه‌موو لایه‌کیان هێناوه‌ته سه‌رسوڕمان.
له ڕاستیدا ئه‌مه به لای بێگانه‌کانه‌وه زۆر سه‌یر و جێی سه‌رسوڕمانه، که پێشه‌وای شۆڕشی کورد (مه‌لا مسته‌فای بارزانی) ببینن، نه بۆ پاره شۆڕش بکات، نه بۆ پایه، له ژیانی تایبه‌تیی خۆیشیدا خۆی له پێشمه‌رگه‌یه‌ک جیا نه‌کاته‌وه، نه خه‌می جلوبه‌رگی جوانی بێت، نه خه‌می نان و چێشتی خۆش، نه خه‌می نواندنی بێ و نه خه‌می خۆهه‌ڵکێشان، نه کۆشک و سامان پێکه‌وه بنێ و نه زه‌وی و زار.
هه‌روه‌ها بڕیاریشی دابێت، که هه‌ر کاتێ کاروباری شۆڕشه‌که‌ی به‌ته‌واوه‌تی دامه‌زراند، بچێته‌وه ماڵی خۆی و هه‌روه‌ک کرمانجێکی ساکار، ژیانێکی ساکار و بێ وه‌ی ڕاببوێرێ“.
شاکر فه‌تاح له درێژه‌ى باسه‌که‌یدا ده‌ڵێت: ”ئه‌ی ئه‌گه‌ر ئه‌مه گه‌وره‌یی نه‌بێ، ئه‌ی چی گه‌وره‌ییه؟.. جا ئه‌م جۆره خۆله‌بیرچوونه‌وه‌یه و ئه‌م جۆره خۆ به‌که‌م ڕاگرتنه، ئه‌م جۆره خۆبه‌ختکردنه بێ ئه‌ندازه‌یه، که (مه‌لا مسته‌فا بارزانی) هه‌موو ته‌مه‌نی خۆی به‌و جۆره ڕابواردووه، له توانایدا هه‌بوو که کورده‌واری به هه‌موو جیاوازییه‌کی بیر وباوه‌ڕ و چین و هۆز و ئایینییانه‌وه، یه‌ک بخا و خه‌باتیشیان پێ بکات بۆ سه‌رکه‌وتنی شۆڕشه گه‌وره‌که‌مان“.
لە گۆڤاری (هەتاو)یشدا
ئینجا له گۆڤاری (هه‌تاو)دا، شاکر فه‌تاح به ناوی (بارزانییه‌کان) وتارێک له ژماره (5) ساڵی -1- جۆخینان (15ى ته‌ممووزى 1954)دا، که هێشتا بارزانى و یاوه‌رانى له یه‌کێتیى سۆڤیه‌تن و به‌شێک له که‌سوکاریان، که له شاره‌کانى عێراقدا ده‌ستبه‌سه‌ر بوون و به بڕیارێک ده‌گه‌ڕێنرێنه‌وه زێدى خۆیان، شاکر فه‌تاح ده‌نووسێت:
”(بارزانییه‌کان)، (بارزانییه‌کان، ئه‌و کۆمه‌ڵه که‌سه ئازا و جه‌نگاوه‌رانه، ئه‌و هۆز و تیره نیشتمانپه‌روه‌رانه، ئه‌و کورده ڕه‌وشت جوان و کرده‌وه پاکانه‌ن، که مایه‌ی شانازی و سه‌ربه‌رزیی هه‌موومانن، به سه‌رپه‌رشتیی حکوومه‌ته‌وه له 12/7/1954دا کۆچیان کرده‌وه بۆ نیشتمانه نازداره‌که‌ی خۆیان. هه‌رچه‌نده ئه‌و یارمه‌تییه‌ی که له حکوومه‌ته‌وه وه‌ریانگرتووه، هه‌ر یه‌که‌ی شه‌ش دیناری دراوه‌تێ و کرێی گواستنه‌وه‌شی بۆ دراوه تا جێگه‌ی خۆی، ئه‌وه‌نده نییه که تۆڵه‌ی زیان و ئازار و ئه‌رکی ئاواره‌یی چه‌ند ساڵه‌یان بۆ بکاته‌وه، به‌ڵام به هه‌موو ڕه‌نگ، هه‌نگاوێکی نایاب و باشه بۆ بووژاندنه‌وه و ژیاندنه‌وه‌ی ئه‌و بارزانییه کڵۆڵانه، به‌مه حکوومه‌ت په‌رده‌یه‌کی ڕه‌شی دادایه‌وه به‌سه‌ر ئه‌و کاره‌ساته سامناکانه‌دا، که به‌سه‌ر بارزانییەکاندا هاتووه.
به‌ڵام ده‌بێ حکوومه‌ت به‌مه‌نده یارمه‌تیی بۆ بارزانی‌یان واز بهێنێ؟ نه‌خێر. نابێ واز بهێنێ، چونکه ئه‌و پاره‌یه‌ی وه‌ریانگرتووه، ته‌نیا به‌شی خۆ و شتی مانگێکیان ئه‌کات! ئه‌ی پاره بۆ به‌رهه‌مهێنانی کشتوکاڵه‌کانیان؟ ئه‌ی پاره بۆ جل‌وبه‌رگ و خوارده‌مه‌نی و که‌ل‌وپه‌لی ناوماڵیان؟ وا وه‌ختی کشتوکاڵی زستان به‌سه‌ر چوو، هی هاوینیش وه‌خته بڵێم له‌ده‌ستیان چوو، ئه‌گه‌ر بێت و حکوومه‌ت کار‌وبارێکیان بۆ نه‌دۆزێته‌وه بۆ ئه‌مساڵ پێوه‌ی به‌ڕێوه بچن، بێگومان ئه‌و کڵۆڵانه له هه‌ژاری و برسێتیدا له‌ناو ئه‌چن.
جا له‌م ڕووه‌وه، هیوا له کاربه‌ده‌ستانی حکوومه‌ت وا ئه‌کرێ، که له‌مه پتر خه‌می بارزانی‌یان بخۆن. له‌وه زۆرتر ماوه‌ی له‌ناوچوونیان نه‌ده‌ن و ئه‌م هۆز و تیره به‌که‌ڵکانه جارێکی تر له‌ده‌ست خۆیان نه‌که‌نه‌وه و ئه‌وه‌نده‌ی ماوه هه‌بێت یارمه‌تییان بده‌ن تا ببووژێنه‌وه، پۆشته ببنه‌وه، بکه‌ونه‌وه کار و فه‌رمانی به‌که‌ڵک بۆ خۆیان و هه‌موو لایه‌ک.
هه‌روه‌ها له هونه‌رمه‌ندان و پیاوان و نیشتمانپه‌روه‌رانی نه‌ته‌وه‌ی سه‌ربڵندی کوردیش هیوا ئه‌کرێ، که پیتاکیان بۆ کۆکه‌نه‌وه، له هه‌موو بابه‌تێکه‌وه یارمه‌تییان بده‌ن، تا ئه‌که‌ونه‌وه سه‌ر دۆخی جاران”.
ئه‌مه هه‌ڵوێست و ڕا و بۆچوونی گه‌وره‌پیاوی کورد و به‌ئه‌زموون، شاکر فه‌تاحه (1) هه‌مبه‌ر بارزانی و بارزانییه‌کان. له دامێنی ئه‌و وتاره‌ی شاکر فه‌تاح، له گۆڤاری (هه‌تاو)دا و به ناوی (هه‌تاو) به‌م شێوه‌یه، ڕوونکردنه‌وه‌یه‌ک سه‌باره‌ت به بارزانییه‌کان، ئاوها ده‌نووسێ: ”(بارزانییه‌کان):، هه‌رچه‌نده بارزانییه‌کان زۆر تووشی نه‌گبه‌تی و به‌دبه‌ختی و زیان هاتوون، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی که له‌م ڕۆژانه‌دا ده‌وڵه‌ت قسه و کرداری لێک جوایه، زوو بارزانییه‌کانی ڕه‌وانه‌ی خاکی پاکی بارزان کرده‌وه، ئێگجار جێگه‌ی سوپاسه، به‌ڵام یارمه‌تیی ده‌وڵه‌ت بۆ هه‌ر یه‌کێک له‌و بێچارانه (6) دینار زۆر که‌مه، چونکه له‌لایه‌که‌وه کاسبیی ئه‌مساڵیان له‌کیس چووه، لەلایه‌کی تریشه‌وه سبه‌ینێ له زستان و له‌ناو به‌فردا به‌بێ خانوو و دانه‌وێڵه، به ڕووتی و برسێتی و به‌بێ حاسڵات، به منداڵه‌وه چیان به‌سه‌ر دێت؟“ (هه‌تاو).
بۆ ئاماده‌کردنی ئه‌م بابه‌ته سوودم وه‌رگرتووه له:
* ڕۆژنامه‌ی (برایه‌تی)، ڕۆژی شه‌ممه 9/10/1999، ژماره (2942).
* کتێبی (ئاوێنه‌ی ژینم)، (1) یاداشته‌کانی شاکر فه‌تاح، سه‌رجه‌می به‌رهه‌می شاکر فه‌تاح، کۆکردنه‌وه و ڕێکخستنی: ئه‌حمه‌د سه‌ید عه‌لی به‌رزنجی. لاپه‌ڕه (553)، بڵاوکردنه‌وه‌ی ئاراس، ژماره: 215 چاپی یه‌که‌م، چاپخانه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده، هه‌ولێر، 2003.