شاری دێرینی كه‌ركووك، به‌پێی دیكۆمێنت و به‌ڵگه‌نامه مێژووییه كۆنه نێوخۆیی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، شارێكی بەڕەسەن كوردستانییه، ئه‌و راستییه‌ش ده‌سه‌لمێنن كه له‌مێژه به‌شێكى دانه‌بڕاوه له جه‌سته‌ی كوردستانی دایك و له هزرى سه‌رجه‌م تاكه‌كانى گه‌لى كورددا تۆمار كراوه.
هه‌رچه‌نده له ساڵانى شه‌سته‌كان و حه‌فتاكان و هه‌شتاكان و نه‌وه‌ته‌كانى سه‌ده‌ى بیسته‌مدا، ململانێ و كێشمه‌كێشمى زۆر له‌سه‌ر كوردستانیبوونى ئه‌و شاره توندتر و خه‌ستتر بووه و له‌لایه‌ن حكوومه‌تەکانى عێراقییه‌وه به‌گشتی و به‌تایبه‌تی حزبی به‌عسی فاشیست، به زۆرداری هه‌وڵی گۆڕینی دیمۆگرافیای ئه‌و شاره‌ی ده‌دا و سیاسه‌تی (ڕاگواستن و به‌عه‌ره‌بكردن و به به‌عسیكردن)ی په‌یڕه‌و ده‌كرد، هه‌ر له‌و سه‌روبه‌نده‌شدا سه‌ركرده‌كانی گه‌لی كورد، شێلگیرانه پێداگرییان له‌سه‌ر به‌رگریكردن له ماف و خواست و كه‌رامه‌تی دانیشتووانه‌كه‌ى ده‌كرد بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى ئه‌و سنووره ده‌ستكرده‌ى بۆ شێواندنى دیمۆگرافیاى ئه‌و شاره په‌یڕه‌و كرابوو.
زۆر له سه‌رچاوه مێژوویی و سیاسییه‌كان ئاماژه به‌وه ده‌كه‌ن كه سه‌ركردەی هەرە درەوشاوەی میژووی بزووتنەوەی رزگاریخوازی كورد و كوردستان، مسته‌فا بارزانی، گیان و ژیانی خۆی له‌و پێناوه‌دا به‌خشی، له سه‌رجه‌م دانوستاندن و گفتوگۆی شانده فه‌رمییه‌كانی نێوان سه‌ركردایه‌تیی شۆڕشی كورد و حكوومه‌تی ناوەندیی عێراقدا، بارزانیی نه‌مر به وته‌یه‌كی به‌نرخ و پیرۆز و شایسته، به به‌ڵگه‌ى زیندوو، كوردستانیبوونى ئه‌و شاره‌ی ده‌سه‌لماند. یاخود هه‌میشه بیرۆكه و وشه و قسه‌ی گرنگی سه‌باره‌ت به كوردستانیبوونی ئه‌و شاره پێ بوو، چه‌ندین وته‌ی به‌نرخی له‌و روانگه‌یه‌وه هه‌یه و له‌دوای خۆی، له زۆر لێكۆڵینه‌وه و توێژینه‌وه و وتار و به‌ڵگه‌نامه، وه‌ك سه‌روه‌رییه‌ك تۆمار ده‌كرێت. كه سوودێكی زۆری لێ وه‌رده‌گیرێت و نه‌وه له‌دوای نه‌وه شانازیی پێوه ده‌كەن.
له‌و ڕوانگه‌یه‌وه، هه‌وڵم داوه له ڕێگه‌ی ئه‌م بابه‌ته‌وه، چه‌ندین وشه و وته‌ی به‌نرخى مسته‌فا بارزانی، سه‌باره‌ت به كوردستانیبوونی ئه‌و ده‌ڤه‌ره، له زارى چه‌ند دیپلۆمات و سیاسه‌تمه‌دار و رۆشنبیرێكه‌وه، به‌م شێوه‌یه بخه‌مه ڕوو:
شاری كه‌ركووك له زۆر ڕووه‌وه گرنگییه‌كی تایبه‌تی هه‌یه، هه‌ره ئاشكراكه‌یان ئه‌و سامانه ئابوورییه گرنگه‌ى، وه‌ك ئه‌و نه‌وت و گاز و كانزا زۆره‌ی تێیدایه و كردوویه‌تییه مه‌ڵبه‌ندێكى گرنگی ئابووری و سیاسى، هه‌ربۆیه له شاره‌كانی دیكه زیاتر هه‌ڕه‌شه‌ی به‌عه‌ره‌بكردنی لێ كراوه و لێى ده‌كرێ، جگه له‌وه‌ی، شوێنه جوگرافییه‌كه‌شی گرنگیی خۆی هه‌یه.
پێش ده‌ستكارییه ره‌گه‌زپه‌رستانه ئاشكراكه‌ی ساڵی 1975، شاری كه‌ركووك زۆرینه‌ی دانیشتوانی كورد بوون و ئه‌وانی دیكه توركمان و عه‌ره‌ب و مەسیحی بوون، ده‌توانرا ئه‌م شاره بكرێته شاری برایه‌تی و پێكه‌وه‌ژیان، ئه‌گه‌ر سیاسه‌تی حكوومه‌ته‌كانی عێراق ڕاوه‌ستایه. كه‌چی ئێستا له‌لایه‌ن چه‌ند سه‌ركرده‌ى عه‌ره‌ب و توركمانی شۆڤێنیه‌وه، ده‌یانه‌وێت ببێته نموونه‌ی به‌عه‌ره‌بكردن و توركمان و كۆچپێكردن و چه‌وساندنه‌وه و گۆڕینی دیمۆگرافی، به بیانووى دژایەتیكردنی هه‌ڵكردنى ئاڵاى كوردستان و ڕاپرسییه‌وه، ده‌یانه‌وێ درێژه به سیاسه‌ته‌كانى رژێمه‌كانى پێشوو بده‌ن، وێڕای چاوتێبڕینی ده‌وڵه‌تانی دراوسێ و ته‌ماعكاریی دوژمنكارییانه.
شاری كه‌ركووك له مێژووى سیاسی‌دا به دڵی كوردستان ده‌ژمێردرێ، بۆیه داخ له دڵ و شۆڤێنییه‌كان ده‌یانه‌وێت ده‌ستی به‌سه‌ردا بگرن و باری نه‌ته‌وایه‌تییه‌كه‌ی بگۆڕن، ته‌نانه‌ت كاتێك له‌دوای یه‌كه‌م شه‌ڕی جیهانی، ئینگلیز رازی بوو ده‌وڵه‌تێك به رابەرایەتیی شێخ مه‌حموودی نه‌مر بۆ كوردستان دابنێ، به‌ڵام كه‌ركووكی نه‌خسته نێو سنووری ئه‌و كوردستانه.
بارزانی، وه‌ك رابه‌رێك بۆ بنیاتنانی كه‌سایەتیی تاكی كورد، هه‌وێنی ئه‌و شوناسنامه‌یه‌ی كرده مێشكی كه‌سێتیی كورده‌وه و گه‌ردانه‌ی بڕوابه‌خۆهێنانی چاند، هه‌روه‌ك ده‌ڵێت: "ده‌بێ ئێمه حه‌قی قه‌راردانمان هه‌بێت". هه‌ڵبه‌ته وشه‌ی دەبێت، وه‌ك مه‌رجێكی بێ به‌ڵگه‌ویستن و پاشانیش مافی قه‌راردان به‌و مانایه‌ی، پێشوه‌ختی ئه‌و وته‌یه ئه‌و مافه‌مان پێ شك نه‌هاتووه.
یه‌كه‌م: ناسنامه‌ی مرۆڤی كورد له مافی بڕیارداندا هاتووه و دووه‌م: پابەندیی مافی به‌رپه‌رچدانه‌وه‌یه، ئه‌م دوو مافه‌ش ده‌قاوده‌ق له‌گه‌ڵ ئه‌و جاڕنامه گه‌ردوونییه‌ی ڕێكخراوی مافی مرۆڤدا هاوشان و ته‌بان.
له وته‌كه‌دا كه‌سایەتییه‌كی دیكه به‌دی ده‌كرێ، ئه‌ویش كه‌سایەتیی نه‌ته‌وه‌ی كورده، نه‌ته‌وه‌ی كورد تا ئێستا وه‌ك كه‌سێكی یاسایی له‌ڕووی ڕامیاری و كۆمەڵایەتی و ئابووری و سه‌ربازییه‌وه مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا نه‌كراوه، به واتا، نه خاوەن وڵات و دروشمی سه‌ربه‌خۆ، نه خاوه‌ن كه‌سایه‌تیی یاساییه له ڕێوڕه‌سمی نێونه‌ته‌وه‌ییدا، كه ئه‌مه‌ش له دوو مافی زۆر سه‌ره‌كیدا خۆى ده‌بینێته‌وه، ئه‌وانیش بریتین له مافی بڕیاردان له‌سه‌ر چاره‌نووس و په‌رچه‌كرداری گشت كارێكی نه‌نگ، ده‌رهه‌ق به شه‌ره‌فمه‌ندیی كورد.
بارزانی، وه‌ك ڕووكارێكی به‌دیارخستنی پێناسه‌ی كورد، داوای هه‌ردوو مافی سەرەكیی بڕیاردان و به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی كردووه. ئا لێره‌دا شۆڕش وه‌ك ده‌ربڕینێكی ڕامیاریی ناساندنی كه‌سایەتیی گه‌لی كورد له‌سه‌ر زاری سه‌رۆك مستەفا بارزانییەوه خۆی پێناسه كردووه.
وته‌یه‌كی دیكه‌ی بارزانی، ئه‌مه‌ی خواره‌وه‌یه كه ده‌ڵێت: "كه‌ركووك دڵی كوردستانه، هه‌ركاتێک مرۆڤ توانیی بێ دڵ بژی، ئه‌وكات كوردستانیش بێ كەركووك ده‌ژی". ئه‌م وته‌یه گه‌لێك كرۆكیى دیار و ئاشكرا و تێڕوانینى هه‌یه، گەوره‌ترین شیكاری به‌ده‌ست هات و دیاریكردنی كه‌ركووك وه‌ك دڵی كوردستان، به واتا، لێكچوواندنی كوردستان به مرۆڤ و كه‌ركووكیش به دڵ.
لێره‌دا فه‌لسه‌فه‌كاری به‌گشتیكردن و پارچه‌كردنی ده‌بینینه‌وه. دیاره لێكچوواندنی كوردستان به جه‌سته، مه‌به‌ستی به دیارخستنی كرۆكی باسه‌كه نییه، به‌ڵكوو ئه‌مه وێنه‌كێشانی ئه‌م ده‌ربڕینه‌یه بۆ وه‌رگرتنی مه‌غزایه‌كی دیكه، كه ئه‌ویش گرنگیی به‌های لێكچوواندنی كه‌ركووكه به دڵ، هه‌ڵبه‌ته ئه‌م لێكچوواندنه چه‌ند مه‌غزایه‌ك له‌خۆ ده‌گرێت:
1- گرنگی و به‌های كه‌ركووك وه‌ك ئه‌وه‌ی شوێنی دڵی مرۆڤی گرتبێته‌وه، له‌و پله و پایه‌یەدا.
2- گرنگیی خاڵێكی سه‌ره‌كی له ڕێوشوێنی كه‌ركووك و پابه‌ندیی ژیان گوزه‌راندنی كوردستان به كه‌ركووكه‌وه، كه‌ركووك له‌سه‌ر نه‌خشه‌ی جیهانی به واتا نه‌وتی رەش، كه ئه‌میش ئاوێته‌كردن و بلوورینی ده‌سته‌واژه‌یه‌كی به‌پێز ده‌گرێته خۆی، ئەویش ژێرخانی له‌و دووتوێیه‌دا بینیوه‌ته‌وه و كه‌ركووكی به داینه‌مۆی بزواندنی ژیانی خۆشگوزه‌ران و سه‌ربه‌خۆی كوردستانه‌وه پابه‌ند كردووه، بارزانی هه‌ستی به گرنگیی ئابووری و ڕۆڵه كاریگه‌رییه‌كه‌ی كردووه، بۆیه به شاده‌ماری ژیانه‌وه‌ی كوردستانی ده‌بینێته‌وه.
ڕووكاری دووه‌می وته‌كه‌ی بارزانی، له نیوه‌دێڕی "كه‌ركووك دڵی كوردستانه" له‌وه‌دایه كه بارزانی ته‌نیا مه‌به‌ستی باشووری كوردستان نه‌بووه، واته كوردستانی عێراق، بگره كوردستانی گه‌وره‌ی مه‌به‌ست بووه، با بزانین به‌ڵگه چییه بۆ ئه‌م وتەیه؟
بارزانی باش زانیویه‌تی كه له هه‌رچوار پارچه به‌شكراوه‌كه‌ی كوردستاندا شارێك، یاخود شوێنێك نییه وێنه‌ی كه‌ركووك، له‌ڕووی سامانی سروشتیی نەوتەكەیه‌وه هێنده ده‌وڵه‌مه‌ند و به‌توانا بێت. دیاره ئه‌مه‌ش وای لێ ده‌كات، ببێته كۆڵه‌كه‌یه‌كی زۆر مه‌زن بۆ بزواندنی گوزه‌رانی كوردستانی گه‌وره.
ڕه‌نگه هه‌بێ بڵێت، بارزانی ته‌نیا مه‌به‌ستی كوردستانی عێراق بووه و بیری بۆ دوورتر نه‌ڕۆیشتووه. زیاتر له‌سه‌ری بڕوا و بڵێت، ئه‌وه‌ش به به‌ڵگه ده‌هێنینه‌وه كه ساڵی 1971 پیلانه شوومه‌كه‌یان دژی بارزانی جێبه‌جێ كرد، به مه‌به‌ستی شەهیدكردنی، له‌سه‌ر جێگای خه‌سته‌ییدا ده‌ڵێت: "گه‌ر شه‌ڕتان كرده‌وه، له‌سه‌ر خوێنی من شه‌ڕ مەکەن، به‌ڵكوو له‌سه‌ر كه‌ركووك و ناوچه‌كانى تر شه‌ڕ بكه‌نه‌وه".
بۆیه ده‌ڵێن، ئه‌م شیكارییه‌ی به‌جێیه بۆ ئه‌قڵیه‌تی ساتی بیركردنه‌وه، له وته‌كه نكۆڵی له‌م بۆچوونه ناكرێ، به‌ڵام بارزانی بۆ زۆر له‌وه دوورتر ڕۆیشتووه و مه‌غزای فه‌لسه‌فیی له‌ناو ده‌ربڕینه‌كه‌دا چاندووه، به‌ڵگه‌ش ئه‌وه‌یه:
1- ئه‌گه‌ر بارزانی مه‌به‌ستی ته‌نیا كوردستانی عێراق بوایه، به ڕاشكاوی ده‌یگوت: دڵی كوردستانی عێراقه.
2- نیوه‌دێڕی دووه‌م، به‌ته‌واوه‌تی مه‌غزا گشتییه‌كه (مه‌به‌ست له كوردستانی گەورەیه و دیار ده‌كات)، كه ئه‌ویش ئه‌م نیوه دێڕه‌یه: (هه‌ر كاتێ مرۆڤ توانیی بێ دڵ بژی)…
مرۆڤ به واتا گشتییه‌كه‌ی، هه‌ڵبه‌ت به‌گشتیكردنی نیوه‌دێڕه به‌شه پارچه‌ییه‌كان دەگرێته خۆ. واتا به‌گشتیكردنی مرۆڤ، په‌رچه‌كداری مه‌غزای واتایی، به‌گشتی وەرگرتنی كوردستانی گه‌وره‌یه، وه‌ك خاك… توانه‌وه‌ی مه‌به‌ستی به‌شی یه‌كه‌كه، پارچه‌كان له یه‌كه‌ی كۆ و گشتیدا مه‌غزای مانای نیوه دێڕی یه‌كه‌م ده‌گرێته خۆ.
3- هه‌رچی نیوه‌دێڕی سێیه‌مه (ئه‌و كاته‌ی كوردستان بێ كه‌ركووك ده‌ژی)، ئه‌وا واتای ته‌واوی كوردستانی گه‌وره به ده‌سته‌وه ده‌دا.
كوردستان، وشه‌یه‌كی داڕووتاو و بێ خاڵبه‌ندی هیچ سیما و مه‌غزایه‌كی پابه‌نده‌كی بۆ هه‌ر پارچه‌یه‌كی دیاریكراوی كوردستان، كه ئه‌مه‌یه به‌ته‌واوه‌تی ڕاستیی مەبەسته سه‌ره‌كییه‌كه‌مان ده‌پێكێ.
به‌ڵگه‌ی چواره‌می ڕاستیی مه‌به‌سته سه‌ره‌كییه‌كه‌ی بارزانی له كوردستانی گەوره، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ باری ده‌روونی و ڕه‌نگدانه‌وه‌ی خودی كوردستانی گه‌وره. دیاره دووباره‌كردنه‌وه‌ی وشه‌ی كوردستان وه‌ك ته‌نیا وشه، له ده‌ربڕینێكی ئاوادا باری ده‌روونی و بیركردنه‌وه‌ی هه‌میشه‌یی بارزانی سنووردار ده‌كاته‌وه و به‌ته‌واوه‌تی ڕه‌گداكوتانی له مێشكی بارزانیدا ده‌سه‌لمێنێت، ده‌ربڕینه‌کەی به‌سه‌ر زاری بارزانییدا سه‌پاندووه.
وه‌ك ده‌زانن له‌و كاته‌دا نوێنه‌رانی ڕژێم و له كاتی دانیشتن‌دا له‌گه‌ڵ سەركردایەتیی شۆڕش، له‌مه‌ڕ باسكردنی سنووری ناوچه‌ی ئوتۆنۆمیدا هاتووه و یەكێك له‌و نوێنه‌رانه‌ی ڕژێم به نه‌زانیی خۆی گوتوویه‌تی: "ئیتر باسی كه‌ركووك مه‌كه‌ن، چونكه كه‌ركووك عه‌ره‌بییه و بڕایه‌وه". ئیتر بارزانی زۆر به تووڕه‌ییه‌وه بەرپه‌رچی ئه‌و نوێنه‌ره ده‌داته‌وه و شێوازی ئه‌و ده‌ربڕینه به‌سه‌ریاندا ده‌سه‌پێنێت.
لێره‌دا مه‌به‌ست گێڕانه‌وه‌ی چۆنیه‌تیی ڕووداو نییه، به‌ڵام مه‌به‌ست له شێوازی دروستبوونی ئه‌و باره ده‌روونییه بووه، كه بارزانی بۆ ئه‌و ساته‌وه‌ختانه تێیدا ژیاوه و ئه‌م وته به‌نرخه‌ی نه‌خشاندووه. كه‌واته دروستیی مه‌به‌ستی بارزانی دوای ئه‌م لێكدانه‌وانه دیار و به‌ڵگه‌نه‌ویسته، هه‌رچی ڕووكارێكی تری وته‌كه‌یه، ئه‌وا بنه‌مادانانێكی تری شۆڕشی كورده له گرنگیی لێكچوواندنی ڕۆڵی ئابووری بۆ سەقامگیربوون و به‌جێهێنانی ئامانجه‌كانی شۆڕش و ڕۆڵبینینی ئابووری له شۆڕشدا، كه ئه‌م مه‌غزایه تا ڕاده‌یه‌كی زۆر له شۆڕشه‌كانی پێش شۆڕشی ئه‌یلوول، وه‌ك خاسیه‌ت به‌دی نه‌كراوه و گرنگییه‌كه‌ی نه‌زانراوه. وێڕای ئه‌م ڕووكارانه، گرنگترین كرۆكی بۆ ئه‌قڵیه‌تی نه‌خشه و پلاندانانی پاشه‌ڕۆژی كورد دیار كردووه، له رووی گرنگیی كه‌ركووك وه‌ك دارچه‌ڵه‌مه‌ی ژیانه‌وه‌ی كوردستان، كه ئه‌م نه‌خشه و پێواندانه تا ئێستاش بیركاریی ئه‌قڵیه‌تی كوردی داگیر كردووه و بووه‌ته سۆزبەخشێكیش بۆ زیاتر پێ له‌سه‌ر داگرتنی.
دوای ئه‌م شیكارییانه، به پێویستی نابینین جارێكی تر بڵێین، وته‌كه به فه‌لسه‌فه له قه‌ڵه‌م ده‌درێ، چونكه خۆتان دروستیی ئه‌و ڕاستییه ده‌بینن. هه‌ر سه‌باره‌ت به‌و وته‌ی بارزانی، كه هه‌رده‌م گوتوویه‌تى: "كه‌ركووك دڵی كوردستانه و هه‌ر كاتێك مرۆڤ توانیی بێ دڵ بژی، ئه‌و كاته كوردستان بێ كه‌ركووك ده‌ژی"، دكتۆر ناسیح غه‌فوور ڕه‌مه‌زان، ده‌ڵێت: “بارزانیی نه‌مر، هه‌رگیز ئاماده نه‌بوو واز له كه‌ركووك بێنێ و ڕژێمیش به ئاره‌زووی خۆی ئه‌یویست له كوردستانی داببڕێ، چونكه به‌لای بارزانیی نه‌مره‌وه، ده‌ستهه‌ڵگرتن له كه‌ركووك، ده‌ستهه‌ڵگرتن بوو له خودی ژیان به خۆی. ئه‌گه‌ر بڕوانینه ئه‌و وته‌یه، ده‌بینین چه‌ند ورد و بیرمه‌ندانه، شوێن و گرنگیی كه‌ركووك هه‌ڵده‌سه‌نگێنێ.
دیاریكردنی كه‌ركووك به دڵی كوردستان، به واتای كوردستان به مرۆڤ و كەركووكیش به دڵه‌كه‌ی، مه‌به‌ستی ئه‌وه‌یه، كه داینه‌مۆی بزووتنه‌وه‌ی ژیانی سه‌رفرازی و خۆشگوزه‌رانى و ئاسووده‌یی و بووژانه‌وه و گه‌شه‌سه‌ندنی كوردستانه، چونكه بارزانیی نه‌مر، بایه‌خ و گرنگیی ئابووریی كه‌ركووك و ڕۆڵی كاریگه‌ری ئەوێی له بووژانه‌وه‌ی ژێرخانی كوردستاندا هه‌ست پێكردووه و زانیویه‌تی، كه له هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستاندا شارێك یان شوێنێك نییه له ڕووی سامانی سروشتیی نه‌ته‌وه‌وه، له وێنه‌ی كه‌ركووك ده‌وڵه‌مه‌ند و به‌توانا بێت“.
گۆڤاری (كویك)ی ئه‌ڵمانی، له ژماره 20ی ساڵی، 1974 له‌ژێر ناونیشانی (شۆڕشگێڕی گه‌وره‌ی ئه‌م ڕۆژگاره)دا، وتارێكی بڵاو كردووه‌ته‌وه و ده‌ڵێت: “كوردی كه‌ركووك با پارچه‌یه‌ك له تایبه‌تیی خۆی له چوارچێوه‌ی ده‌وڵه‌تی عێراقدا هه‌بێت“. له شوێنێكی تردا بارزانى سه‌باره‌ت به كه‌ركووك گوتوویه‌تى: ”من نه ئێستا و نه دواڕۆژ ڕازی نابم به مساوه‌مه و نه‌فره‌تی مێژوو ناخه‌مه سه‌ر ڕووی خۆم“.
دكتۆر ناسیح غه‌فوور ڕه‌مه‌زان، ده‌ڵێت: "من خۆم چه‌ندین جار له شه‌هید كاك ئیدریس بارزانی، سه‌ركرده‌ی هه‌میشه زیندووم بیستووه، كه چۆن بارزانیی نه‌مر ئاماده نه‌بووه ده‌ست له كه‌ركووك هه‌ڵبگرێ و هه‌میشه له كاتی گفتوگۆكاندا له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی مه‌ركه‌زی، پێی له‌سه‌ر ئه‌وه داگرتووه، كه‌ركووك هی كورد بووه و ئێستاش هی كورده و هه‌ر به هی كوردیش ده‌مێنێته‌وه، چونكه شارێكی دێرینی كوردستانه.
هه‌روه‌ها كاتێك جه‌نابی كاك مه‌سعود بارزانی، وه‌كوو نوێنه‌ری سه‌ركردایه‌تیی پارتی و شۆڕشی ئه‌یلوول، دوای مۆركردنی ڕێككه‌وتننامه‌ی ئاداری ساڵی، 1970 له سه‌ردانێكیاندا بۆ شاری كه‌ركووك له 6/2/1970 له‌گه‌ڵ (ته‌ها یاسین ڕه‌مه‌زان)، نوێنه‌ری حكوومه‌ت، پێكه‌وه كۆڕێكیان بۆ جه‌ماوه‌ری شار گێڕا، دكتۆر ناسیح ده‌ڵێت: ”من خۆم له‌وێ ئاماده بووم، هاووڵاتییه‌كی ئاماده‌بووی كۆڕه‌كه له به‌ڕێز كاك مەسعودی پرسی، ئایا به لای ئێوه‌وه كه‌ركووك كوردستانه؟ له وه‌ڵامدا جه‌نابی كاك مه‌سعود هه‌مان وه‌ڵام و هه‌ڵوێستی چه‌ندین جاره‌ی بارزانیی نه‌مری ڕاگه‌یاند و گوتی: ”به‌ڵێ، كه‌ركووك كوردستانه، هه‌ر كه‌سێ پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه ده‌بینێ، پێویسته بگه‌ڕێته‌وه بۆ مێژوو و به‌باشی ته‌ماشای لاپه‌ڕه‌كانی بكات و بیخوێنێته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی له وته‌كه‌ی من دڵنیا بێت".
د. ناسیح غه‌فوور، درێژه به قسه‌كانی ده‌دا و ده‌ڵێت: ”هه‌ر سه‌باره‌ت به‌و كۆڕه، جه‌نابی سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی، خۆشی له به‌شی سێیه‌می كتێبه مێژووییه بەنرخه‌كه‌یدا (بارزانی و بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كورد)، ئه‌و سه‌ردان و بەسەرهاته‌ی كه‌ركووك ئه‌گێڕێته‌وه و ئاماژه‌ش به‌وه ده‌كات، كه دوای ئه‌وه‌ی جەماوه‌ر گوێبیستی ئه‌و وه‌ڵامدانه‌وه‌یه بوون، له خۆشییاندا ئه‌وه‌ندی تر خرۆشان و دروشمیان به‌رز ده‌كرده‌وه و هوتافیان لێ ئه‌دا. كۆڕه‌كه بوو به خۆپیشاندان و خرۆشانێكی بێ وێنه، به‌عسییه‌كان واقیان وڕ ما و بێده‌نگ و كپ بوون. بۆیه جارێكی تر وته‌كه‌ی دووباره كرده‌وه، كه به‌ڵێ، كه‌ركووك به‌شێكه له كوردستان".
پرۆفیسۆر د. شوكریه ڕه‌سووڵ، له وتارێكدا ده‌نووسێت: ”بیركردنه‌وه‌ی بارزانیی نه‌مر به‌رامبه‌ر به كورد ئه‌وه بوو، هه‌میشه حه‌زی كردووه كورد وه‌ك هه‌ر میلله‌تێكی ئازاد، به ئاشتی و ئازادی بژی و زوڵمی لێ نه‌كرێت، سه‌روه‌ت و سامانی لێ زه‌وت نه‌كرێت، وه‌ك ده‌ڵێت: (ئامانجی من ئاشتییه له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی عێراق، به مه‌رجێكە كوردی عێراق به مه‌زڵوومى نه‌مێننەوە)“.
له‌م وته‌یه‌ی بارزانیدا ئه‌وه ده‌رده‌كه‌وێ، كه بارزانی وه‌ك زاتێك بڕیاری ئه‌وه‌ی داوه، ژیانی خۆی به ژیانی نه‌ته‌وه‌كه‌ی ببه‌ستێته‌وه و فه‌لسه‌فه‌ی كوردایه‌تیی خۆی به شێوه‌یه‌كی توند، به چاره‌نووسی میلله‌ته‌كه‌ی گرێ بدات، هه‌روه‌ك هانز كۆهن ده‌ڵێت: ”نه‌ته‌وایه‌تی په‌یوه‌ندییه‌كی توندوتۆڵی هه‌یه به بڕیاردانی زات له ژیانی كۆمه‌ڵێكدا، بۆ خزمه‌تی نه‌ته‌وه و به‌رزكردنه‌وه‌ی زمان و كه‌له‌پووری نه‌ته‌وایه‌تى“، یه‌كێك له كێشه هه‌ره دیاره‌كانی شۆڕش و خوێنڕشتن، كه‌ركووك بووه‌ته جێگه‌ی مشت‌ومڕ و كێشه‌یه‌كی ئاڵۆز. هیچ كاتێك بارزانی و شۆڕش و پارتی به‌وه رازی نه‌بوون، واز له كه‌ركووك بهێنن و له كوردستان داببڕێ. له لایه‌كی تریشه‌وه، ڕژێمی داگیركه‌ریش له‌به‌ر (زێڕی ڕه‌ش) نه‌یویستووه ده‌ست له كه‌ركووك هه‌ڵبگرێ، به لای بارزانییه‌وه ده‌ستهه‌ڵگرتن له كه‌ركووك، ده‌ستهه‌ڵگرتن بووە له ژیانی خۆی، ویژدانی هه‌رگیز ڕێگای نه‌داوه كه‌ركووك پشتگوێ بخات، وه‌ك به كرده‌وه و به وته‌كانی سه‌لماندی: ”ئه‌ز ناتوانم له به‌رامبه‌ر نه‌ته‌وه‌كه‌مدا به‌رپرسی حاشاكردن بم له كه‌ركووك“.
كێشه‌ی كه‌ركووك و هه‌ڵوێستی بارزانی به‌رامبه‌ر به كه‌ركووك، چووه‌ته یاداشته‌كانی پیاوانی ڕژێمی به‌عسه‌وه، ئه‌وه‌ته (مورته‌زا سه‌عید عه‌بدولباقی) ده‌ڵێت: ”هه‌میشه له‌گه‌ڵ بارزانی مشتومڕمان له‌سه‌ر كه‌ركووك بووه. هه‌موو ڕێگه‌یه‌كمان، چ وه‌ك دابه‌شكردن. یاخود سه‌رژمێركردن له‌گه‌ڵ بارزانی گرته به‌ر و سوودی نه‌بوو. بارزانی پێی گوتم: ”که‌ركووك به‌شێكی دانه‌بڕاوه له خاكی كوردستان، ئه‌گه‌ر هات و له سه‌رژمێریدا ده‌ركه‌وت، كه زۆربه‌ی دانیشتوانی كه‌ركووك كورد نین، ئه‌ز باوه‌ڕ به‌و سه‌رژمێرییەش ناكه‌م“.
پێداگریی بارزانی لەسەر مه‌سه‌له‌ی كه‌ركووك، هه‌میشه بووه‌ته قسه‌وباس و كۆڕی ناو مه‌جلیس. ئه‌وه‌تا بارزانی له‌به‌رده‌م پۆلێك قوتابیدا، به‌م وته به‌نرخانه هه‌ڵوێستی خۆی ئاشكرا ده‌كات: ”من نه ئێستا و نه دواڕۆژ ڕازی نابم به مساوه‌مه و تۆمه‌تی نه‌فره‌تی مێژوو ناخه‌مه سه‌ر ڕووی خۆم. ڕۆژی قیامه‌ت به سه‌ربه‌رزی ڕووبه‌ڕووی خوای خۆم ده‌وه‌ستم و ئه‌مه به باوه‌ڕه‌وه پێتان ده‌ڵێم، من باوه‌ڕم به فۆڕمالیزم و به ناو نییه، گرنگ لای ئێمه چه‌سپاندنی سنووری جوگرافیای كوردستانه له خاكی عێراق، ئه‌مه‌ش مافێكی سروشتیی خۆمانه“.
به لای بارزانیی نه‌مره‌وه، نه مرۆڤ بێ دڵ دەژی و نه نه‌خشه‌ی كوردستانیش بێ كه‌ركووك ده‌بێت. بارزانی زۆر جوان بۆ ئه‌وه چووه، كه خۆشه‌ویستی، شوێنی هه‌ر دڵه، كه ژیان به مرۆڤ ده‌به‌خشێ. ئه‌گه‌ر دڵ نه‌بوو، مرۆڤیش نابێ. هه‌ر بۆیه كه‌ركووكی خسته ناو دڵی كوردستان و ده‌یگوت: ”كه‌ركووك دڵی كوردستانه“. بارزانی له‌وه تێگه‌یشتبوو، ده‌سه‌ڵاتی ڕژێم و وڵاته ئمپریالیزمه‌كان هه‌رگیز ڕازی نابن واز له به‌رمیلێك نه‌وت بێنن، بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی خۆیان هه‌موو به‌هایه‌كی ڕه‌وشتی ده‌فرۆشن و عه‌داله‌تیش پشتگوێ ده‌خه‌ن و پشت له میلله‌تی چه‌وساوه‌ش ده‌كه‌ن.
هه‌ر له‌م ڕووه‌وه بارزانی بە توانجەوە ده‌ڵێت: ”زۆر ئاسانه یه‌ك ملیۆن ته‌ن عه‌داله‌ت به به‌رمیلێك نه‌وت بفرۆشرێت“. بارزانی هه‌میشه سوور بوو له‌سه‌ر چه‌سپاندنی سنووری ناوچه‌ی ئۆتۆنۆمی و دیاریكردنی، كه ئه‌مه خۆی له خۆیدا قه‌واره‌ی سیاسی و ده‌سه‌ڵاتی كوردان له‌و ناوچه‌یه‌دا دیاری ده‌كات. له بارزانی‌یان پرسی، سنووری كوردستان تا كوێیه؟ له وه‌ڵامدا گوتی: ”سنووری كوردستان تا قه‌بره‌كه‌ی حه‌مه‌عه‌لی كورده‌یه“. حه‌مه عه‌لی كورده، كوردێكی ڕۆشنبیری دڵسۆزی كورد بووه، له‌سه‌ر وه‌سیه‌تی خۆی، له‌سه‌ر سنووری باشووری كوردستان نێژراوه، كه چیای حه‌مرینه.
بارزانی ساڵی 1971، جارێكی تر هۆش و هه‌ستی كورد ده‌بزوێنێ و پێ له‌سه‌ر كوردستانیبوونی كه‌ركووك داده‌گرێت و ئاماده‌ی شه‌ڕكردن له‌پێناو ڕاستییه‌كی مێژوویی‌دا ده‌رده‌خات و ده‌ڵێت: ”10 ساڵ له‌پێناو خودموختاری جه‌نگاین، پێنج ساڵی تر توانای شه‌ڕمان هه‌یه له‌پێناوی كه‌ركووك بجه‌نگین، ئه‌گه‌ر پێویستی كرد“.
له‌كاتێكدا ڕژێمی به‌غدا، له ڕێگه‌ی چه‌ند مه‌لایه‌كه‌وه، كه هه‌موو گیانیان كه‌ره‌سته‌ی ته‌قینه‌وه بوو، پیلانی تیرۆركردنی بارزانیی دانا، كه‌ره‌سته‌ی ته‌قینه‌وه‌كه به‌سه‌ر مه‌لاكاندا ته‌قینه‌وه و ته‌نیا بارزانی و دكتۆر مه‌حموود عوسمان به شێوه‌یه‌كی سه‌رسوڕهێنەر ڕزگاریان بوو.
مه‌كته‌بی سیاسی بڕیاری تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه و شه‌ڕ هه‌ڵـگیرسانی دا، به‌ڵام بارزانی ڕازی نه‌بوو شه‌ڕ له‌سه‌ر ئه‌و بكرێت و ده‌ڵێت: ”ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر من شه‌ڕ ده‌كه‌ن مه‌یكه‌ن، له‌سه‌ر كه‌ركووك شه‌ڕ بكه‌نه‌وه“. ئاوا ڕژێم ویستی له‌ژێر په‌رده‌ی ئایینه‌وه، ئه‌و ڕابه‌ر و سه‌ركرده و مرۆڤه كوردپه‌روه‌ر و ئاشتیخواز و له‌خودا ترسه له‌ناو به‌رێ، نه‌یزانی حه‌ق و ڕاستی و عه‌داله‌ت لای بارزانییه.
مه‌لا نوورى ئاغجه‌له‌رى، له (كتێبى بیره‌وه‌رییه‌كانم - له‌نێوان بیستن و بینین‌دا)، ده‌نووسێت: ”سه‌ره‌تاى 1958 مه‌لا مسته‌فا بارزانى ده‌ستى به سه‌ردانى شاره‌كانى كوردستان كرد، ئه‌وده‌مه له كه‌ركووك بووم. دانیشتوانى شاره‌كه به كورد و عه‌ره‌ب و كه‌مه‌نه‌ته‌وه‌كانى تره‌وه، په‌رۆشى دیتنى بارزانى بوون. خه‌ڵك بۆ پێشوازى، به پێ و به سوارى ئه‌سپ و وڵاخ و ئوتومبێل خۆیان گه‌یانده شارۆچكه‌ى خاڵس. دانیشتووانى دێهاته‌كانى نزیك به‌غدا، ئه‌مبه‌ر و ئه‌وبه‌رى جاده‌كانیان گرت. كاتێك چاوى به شاندى كه‌ركووك كه‌وت، به‌تایبه‌ت خوالێخۆشبوو حاجى مه‌لا عومه‌ر و مه‌لا عه‌بدولمه‌جیده قوت، ده‌موده‌ست له ئوتومبێله‌كه‌ى دابه‌زى و چووه لایان و ده‌ست و مۆچى له‌گه‌ڵدا كردن. كه كاروانه‌كه‌ى گه‌یشته شارى كه‌ركووك، خه‌ڵك هوتافیان بۆ ژیان و مه‌ردایه‌تیى كێشا، له هه‌ندێ شوێن ئوتومبێله‌كه‌یان هه‌ڵگرت. له ماڵى سه‌یید ئه‌حمه‌دى خانه‌قا دابه‌زین. ڕۆژى دوایى ڕووی كرده شارى سلێمانى. شار بۆى خرۆشا، گه‌وره و بچووك چاوه‌ڕوانییان له‌یه‌كتر كرد و بۆ پێشوازیى ڕژانه سه‌ر شه‌قامه‌كان، له ماڵى شێخ له‌تیفى شێخ مه‌حموود دابه‌زین. دواتر چووه سه‌ر گۆڕى محه‌ممه‌د قودسى، له گردى سه‌یوان و گڵكۆى حاجى كاك ئه‌حمه‌دى شێخ و شێخ مه‌حموود له مزگه‌وتى گه‌وره.
ڕۆژى دوایى، ئێمه كه چه‌ند مامۆستایه‌كى ناوه‌ندیى سلێمانى بووین و ئاره‌زووى دیده‌نیى بارزانیمان ده‌كرد، خوالێخۆشبوو نوورى ئه‌حمه‌د ته‌ها، دیتنه‌كه‌ى له ماڵى شێخ له‌تیف بۆ ساز كردین. چه‌نده‌ها پیاوماقووڵی گه‌وره پێشوازیى میوانه‌كانیان ده‌كرد. مامۆستا مه‌حموود ئه‌حمه‌د، نزیك به ته‌له‌فۆنه‌كه دانیشتبوو. شه‌ش تا هه‌شت ئه‌فسه‌رى پله‌به‌رزیش له ده‌ورى بارزانى بوون.
دوای به‌خێرهاتنه‌وه و ده‌ستگوشین و ماچكردن، به‌ڕێزى پرسیارى سه‌باره‌ت به خوێندن و قوتابییان و دواناوه‌ندى كرد، كه تا چ ڕاده‌یه‌ك پێویستییه‌كانیان دابین كراوه. وا ده‌ركه‌وت له ته‌مه‌نى ڕاسته‌قینه‌ى خۆى گه‌نجتر بێ“.
د. گۆنته‌ر دیشنه‌ر، سه‌باره‌ت به هه‌ڵوێستى بارزانی و ڕه‌فتارى ڕژێم له‌سه‌ر كه‌ركووك ده‌ڵێت: ”سیاسه‌تى به‌غدا به‌رامبه‌ر به كورد، دیار بوو تا ده‌هات زیاتر گوشاریان ده‌خسته سه‌ریان و ژیانیان ناله‌بارتر و سه‌ختتر ده‌كرد، ناوچه‌كانى كه‌ركووك و مووسڵ و خانه‌قین تەعریب ده‌كران و خه‌ڵكى كوردیان له‌و ناوچانه ده‌رده‌كرد، ئه‌م ڕواڵه‌ته زۆر به زه‌قى ده‌بینرا و ئه‌مه بوو سیاسه‌تى سه‌ره‌كیى به‌غدا، بۆیه بارزانی بڕیارى دا، كه ده‌بێ بۆ هه‌میشه كۆتایی به‌م سیاسه‌ته‌ى به‌غدا بهێنرێ، بارزانی ده‌یبینى، كه چۆن به‌ش به‌ش خاكى كوردستان له كوردستان ده‌قرتێنرێ و ئه‌و شوێنانه‌ى، كه نه‌وت و كانگای تر‌ى به‌نرخیان تێدایه، له‌گه‌ڵ زه‌وییه گرنگه‌كانى كشتوكاڵ، تەعریب ده‌كران، بارزانی نه‌ى ده‌توانى ئه‌مه قبووڵ بكات“.
ئه‌نجام
بێ گومان له ئه‌نجامی ئه‌م لێكۆڵینه‌وه‌یه‌دا گه‌یشتینه ئه‌وه‌ی، كه مسته‌فا بارزانی، به لێهاتوویی و كارزانی و هۆشیاریى خۆى، له‌نێو هه‌ستێكی پڕ له لێپرسیراوێتیی نه‌ته‌وه‌ییدا، ئه‌و وتانه‌ی سه‌باره‌ت به كوردستانیبوونی شاری كه‌ركووك گوتووه، بۆیه ئه‌گه‌ر بۆ ئه‌و بارودۆخه سیاسییه، یا ئه‌و قۆناغه دژوار و سه‌خته گرانیش بووبێت، (بارزانی) هه‌ر پێداگریی كردووه، تا ئه‌گه‌ر له‌و ساته‌وه‌خته‌دا جێبه‌جێ نه‌كرێ، ئه‌وا ببێته بناغه‌یه‌كی پته‌و و تۆكمه بۆ دواڕۆژی نه‌ته‌وه‌كه‌مان، كه نه‌وه‌كانى داهاتوو له‌سه‌ر ڕێبازه‌كه‌ى بڕۆن و هه‌رگیز بۆ ساتێكیش و بۆ بسته‌خاكێكى كوردستان به‌گشتى و شارى كه‌ركووك به‌تایبه‌تى سازش نه‌كه‌ن و كوردستانیبوونى كه‌ركووك بپارێزن.
كه‌واته بارزانی توانیویه‌تی كه‌له‌پوورێكی گه‌وره‌ی هزری له‌دوای خۆی به‌جێ بهێڵێت و وته و شاكار و هه‌ڵوێسته‌كانی ببنه دروشمێكی سیاسی و دادپه‌روه‌رییه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی، تا بۆ ئه‌مڕۆی گه‌لی كورد سوودبه‌خش بێت و په‌ند و وانه‌ی لێ وه‌ربگیرێت.
بۆشمان ده‌رده‌كه‌وێت، كه ئامانجی سه‌ره‌كیی بارزانی، ئاشتی و ئازادی و دیموكراسی و یه‌كسانی بووه و له هه‌مان كاتدا، چه‌سپاندنی قه‌واره و كیانێكی سیاسی بووه بۆ گه‌لی كورد و كوردستان و دواڕۆژیش كوردستانێكی یه‌كگرتووی سه‌ربه‌خۆیه. له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌مانه‌شدا، بارزانی مرۆڤێكی ئێجگار به‌خشنده و میهره‌بان و به‌سۆز و لێبورده بووه و هه‌میشه دژی زمانی شه‌ڕ و داگیركاری بووه و توندوتیژی ڕه‌ت كردووه‌ته‌وه و بۆ دۆزینه‌وه‌ی ڕێگاچاره به شێوازی گفتوگۆكردن، به‌رده‌وام داوای زمانی دیالۆگ و دانوستاندن و لێكتێگه‌یشتنی كردووه.
له كۆتاییدا ده‌ڵێین به‌ڵگه‌نه‌ویسته، كه بارزانیی نه‌مر جگه له‌وه‌ی، كه شۆڕشێكی مه‌زنی به‌ناوی شۆڕشی ئه‌یلوول له‌سه‌ر كوردستانیبوونی ئه‌و شاره كرده قوربانی و به سیاسه‌تى حه‌كیمانه‌ى، بناغه‌یه‌كی پته‌وى وای بۆ كه‌ركووك داناوه، كه چ له سه‌رده‌می ڕابردوو و ئێستا و داهاتووشدا، دوژمنان و ناحه‌زانی كورد نه‌توانن نكۆڵی له كوردستانیبوونی ئه‌و شاره بكه‌ن، چ سه‌ركردایه‌تیی كورد بۆ ئیستا و داهاتوو نه‌توانن سازشی له‌سه‌ر بكه‌ن و ده‌ستبه‌رداری بستێ خاكی بن.
راسته، كه دوای رێككه‌وتنێكى ژێربه‌ژێرى لایه‌نێكى كوردى و ته‌سلیمكردنى به‌شێكى ئه‌و خاكه به دوژمنان، ئیمڕۆ له لایه‌ن عه‌ره‌به شۆڤینییه‌كانه‌وه داگیر كراوه و زوڵمێكى زۆر له نه‌ته‌وه‌ى كورد له‌و شاره‌دا ده‌كه‌ن و پرۆسه‌ى ته‌عریب و راگواستن به شێوازێكى تر سه‌رى هه‌ڵداوه‌ته‌وه، به‌ڵام به‌دڵنیاییه‌وه زۆر ناخایه‌نێ و كه‌ركووكى دڵى كوردستان ده‌گه‌ڕێته‌وه باوه‌شى خاكى پیرۆزى كوردستان.
هه‌ر له‌و سه‌روبه‌نده‌یشدایه، كه سه‌رۆك مه‌سعود بارزانى، سه‌د ده‌ر سه‌د درێژه‌پێده‌رى ڕێبازى بارزانیى باوكه و به هیچ جۆرێ ئاماده نییه سازش له‌سه‌ر بسته‌خاكێكى كوردستان، به كه‌ركووكى دڵى كوردستانیشه‌وه بكات، چونكه بارزانیى باوك واى فێر كردین، كه ده‌بێت هه‌میشه گیانمان فیداى كورد و كوردستان بكه‌ین و نابێ و ناكرێ هه‌رگیز سازش له‌سه‌ر بسته‌خاكێكى كوردستان بكه‌ین، له‌و سه‌روبه‌نده‌شدا قوتابخانه‌یه‌ك و ڕێبازێكى درێژخایه‌نى بۆ به‌جێ هێشتووین، كه ده‌بێ هه‌موان تێیدا فێرى وانه‌ى كوردایه‌تیى ڕه‌سه‌ن بین و پارێزگارى له خاك و ئاو و زێدى باووباپیرانمان بین، به‌رده‌وام و ئازایانه داواى ماف و ئازادییه‌كانمان بكه‌ین و به‌رگرى له ده‌ستكه‌وته‌كانى گه‌له‌كه‌مان بكه‌ین. له هه‌مان كاتیش‌دا، له هیچ گرووپ و لایه‌ن و كه‌سێكى كوردیش قبووڵ نه‌كرێ سازش له‌سه‌ر خاكى پیرۆزى كوردستان بكات.