بارزانی: بێكەس هەقی بەسەر هەموو كوردێكی بەشەرەفەوە هەیە
شاعیرى ناوداری و گەورەی كورد، فایه‌ق بێكه‌س، یه‌كێكه له شاعیره نه‌ته‌وه‌ییه كوردپه‌روه‌ره‌كان و تێكۆشەرى ڕێی پاكى كوردایه‌تى. ساڵانێكى زۆر، هه‌م وه‌ك مامۆستا و فێركار، هه‌م وه‌ك ئه‌دیب و ڕۆشنبیر ڕۆڵى گرنگى هه‌بووه و له قۆناغى خۆیدا ئازایانه به هۆنراوه‌كانى، نه‌ته‌وه‌كه‌ى به‌ئاگا هێناوه‌ته‌وه. یه‌كێك له شاكاره‌كانیشی له جەژنی نه‌ورۆزدا بووه كه له‌به‌رده‌م ئه‌دمۆنز، حاكمى ئینگلیزی له سلێمانى، شیعره به‌رز و به‌هه‌ڵوێست و به‌نرخه‌كه‌ى به ناوى ''بیست و حه‌وت ساڵه من ڕه‌نجبه‌رى تۆم''ى خوێنده‌وه.
بێكه‌سى شاعیر، ناوى فایه‌ق كوڕى عه‌بدوڵا كوڕى كاكه حه‌مه‌ى ئه‌لیاس قۆجه‌یه، له ساڵى 1905 له گوندى ''سیته‌ك'' له شارباژێر له‌دایك بووه، له سلێمانى خراوه‌ته به‌رخوێندنى حوجره، له 18/12/1948دا كۆچى دوایى كردووه.
بێكه‌س، زۆر سه‌ربه‌رز و چاونه‌ترس و نه‌به‌ز بوو، هه‌رگیز ملى نه بۆ پاره و سامان و نه بۆ ترس دانه‌ده‌نه‌واند. لاى خه‌ڵك زۆر خۆشه‌ویست بوو، زۆر كه‌س به‌ئاواته‌وه بوون له بۆنه‌یه‌كدا گوێیان له یه‌ك دوو وته‌ى ئەو بێت، تا خۆى له ژیاندا بوو دیوانه‌كه‌ى چاپ نه‌كرا، دواتر له ساڵى 1970 چاپ كرا.
هۆنراوه هه‌ره به‌ناوبانگه‌كانى بریتین له: ''ئه‌ى وه‌ته‌ن مه‌فتوونى تۆم و شێوه‌تم بیر كه‌وته‌وه''، ''بیست و حه‌وت ساڵه من ڕه‌نجبه‌رى تۆم''، ''به‌هار نامه‌وێ''، ''دارى ئازادى'' و ''سكاڵا له‌ته‌ك مان''.
یه‌كێتیى لاوانى دیمو‌كراتى كوردستان له یادى 10 ساڵه‌ى كۆچى دوایی بێکەسدا، ڕێوڕەسمێكى بۆ ساز ده‌دات، له‌و سه‌روبه‌نده‌شدا سەركردەی هەرە دروشاوەی بزاڤی ئازادیخوازی كوردستان، مەلا مستەفا بارزانى، به وتارێك بەشدار ده‌بێت كه له‌و قۆناغ و سه‌رده‌مه‌دا، ئه‌م لالێكردنه‌وه‌یه‌ى بارزانى له بێكه‌س، گرنگى و تایبه‌تمه‌ندیی خۆى هه‌بووه و بووەته جێگه‌ى خۆشحاڵى و ڕه‌زامه‌ندیى ڕووناكبیرانى كوردستان به‌گشتى و ئه‌دیبان و شاعیرانی شارى سلێمانى و جه‌ماوه‌ره‌كه‌ى، بۆیه هه‌ر له‌گه‌ڵ گه‌یشتنى نامه‌كه بۆ ناو هۆڵى ڕێوڕەسمى یادكردنه‌وه‌ى بێكه‌س، جه‌ماوه‌ر له‌خۆشییاندا هوتاف و دروشمى جیا جیان گوتووه‌ته‌وه و ڕێز و پێزانینى زۆریان بۆ بارزانى هه‌بووه.
له ڕوانگه‌ى ڕێز و پێ‌زانین و به‌رزنرخاندنى ئاكار و هه‌ڵوێست و ڕۆشنبیریى نووسه‌ران و شاعیرانى كوردەوە، مسته‌فا بارزانى، هه‌میشه به چاوى ڕێزه‌وه لێیانى ڕوانیوه و هاوكار و یارمه‌تیده‌ر و پشت و په‌نایان بووه و هه‌وڵى به‌سه‌ركردنه‌وه و یاد و بیره‌وه‌رییانی داوە. له‌م بارەیەوە، عه‌بدوڵا زه‌نگه‌نه، له وتارێكیدا له كتێبى ''كۆنگره‌ى سه‌د ساڵه‌ى له‌دایكبوونى بارزانیى نه‌مر''دا ده‌نووسێت: ''شاعیر و هونه‌رمه‌ند و نووسه‌ران، شوێن و پایه‌ی تایبه‌تیان لاى مسته‌فا بارزانی هه‌بووه. ته‌نانه‌ت دۆستایه‌تیى زۆر نزیكى له‌گه‌ڵ هه‌ندێكیان به‌ستووه. له‌م باره‌یه‌وه هه‌ژار موكریانیى شاعیر ده‌گێڕێته‌وه، بارزانى نه‌ك ته‌نیا بۆ من، بۆ هه‌موو نووسه‌ران چاك بوو، بۆ بێكه‌س وه‌ختى خۆى كه‌س بوو، بۆ قانع و مام هێمن و جگه‌رخوێن و گشت نووسه‌ران و شاعیرانى بێبه‌ش و ناكام برا بوو''.
زه‌نگه‌نه ده‌ڵێت: ''من ئه‌وه‌شى بۆ زیاد ده‌كه‌م، كه كاتى خۆى محه‌مه‌د مه‌ولوود مه‌م شیعرى ''حه‌له‌ق مه‌له‌ق''ى مام هه‌ژارى له گۆڤارى ''هه‌ولێر''دا بڵاو كرده‌وه. مه‌لا مسته‌فا نه‌بوایه مه‌م گێچه‌ڵى بۆ په‌یدا ده‌بوو. یان كاتێك ڕۆژنامه‌ى ''هاوكارى''، بانگه‌وازه‌كه‌ى ''ئه‌ى قه‌ڵه‌مه نه‌ترسه‌كان یه‌ك گرن''ى بڵاو كرده‌وه، مه‌لا مسته‌فا نه‌بوایه ڕۆژنامه‌كه له‌ده‌ست ده‌چوو و ئه‌م هه‌موو خزمه‌ته‌ى ئه‌ده‌بى كوردیى پێ نه‌ده‌كرا. خۆ ده‌قى ئه‌و نامه‌یه‌ى، كه مه‌لا مسته‌فا له ده‌یه‌مین ساڵیادى بێكه‌س له ساڵى 1958دا بۆ یه‌كێتیى لاوانى دیمو‌كراتى كوردستانى ناردووه، ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ى ئێستاش شایانى باس و سه‌رنجه''.
زه‌نگه‌نه درێژه‌ى پێ ده‌دات و ده‌ڵێت: ''خۆ وه‌نه‌بێ شاعیر و نووسه‌رانیش ئه‌م لالێكردنه‌وه‌ى مه‌لا مسته‌فایان له‌به‌رچاو نه‌بووبێت، ئه‌وانیش ئه‌وه‌نده شیعر و نووسینیان بۆ ئه‌و نووسیوه، هیچ سه‌ركرده‌یه‌كى دیكه‌ى كورد ئه‌وه‌نده‌ى بۆ نه‌نووسراوه و نه‌گوتراوه''.
له ڕۆژنامه‌ى ''ژین'' ژماره (1422)، پێنجشه‌ممه 18/12/1958، لاپه‌ڕه (1-2 )دا هاتووه:
وتارى تێكۆشه‌رى نه‌به‌ز، مسته‌فا بارزانى:
به بۆنه‌ى بووژاندنه‌وه‌ى بیره‌وه‌ریى ده ساڵه‌ى شاعیرى نه‌مر فایه‌ق بێكه‌س
زۆرم پێ ناخۆش بوو، كە نەمتوانی بەشدار بم لەو میهرەجانەدا كە لاوانی دیموكراتی كوردستان بە بۆنەی بیرەوەریی شاعیری گەورەی كورد و كوردستان، ''فایق بێكەس''ی نەمر ئەیگێڕن. بەڕاستی بێكەس شاعیرێك بوو، هەموو كوردێكی دڵسۆز فەخری پێوە دەكات، چونكە بولبولی گوڵزاری كوردستان بوو، هەمیشە بەپەرۆش بوو بۆ خەڵكە هەژارە مەزڵوومەكەی، ''نەشید''ی ڕزگاری و سەربەستیی بۆ دەخوێندن. هەرچەندە كوردستان تـا ئیمڕۆ، زۆر شاعیری نیشتمانپەروەری لێ هەڵكەوتووە، بەڵام بێكەس لەناویدا جێگەیەكی تایبەتی دیاری هەبوو.
بێكەس لە كوردایەتیدا، ڕاست و نەبەز بوو. نە ئازار و زۆرداریی ئیستیعمار و نۆكەرانی، نە بەندیخانە و مەنفا دوورەكان، قەت نەیانتوانی ئەوەندەی تۆزێك كار بكاتە سەر گیانی جوامێرانەی، بەڵكوو زیاتریان هان دا بۆ خەبات لەپێناوی میللەت و نیشتمانی خۆیدا، بۆیە بێكەس لە دڵی هەمووماندا جێگەیەكی بەرزی بۆ خۆی گرتووە.
سـەد مخابن بێكەس نەژیا، تا بە چاوی خۆی ڕۆژی ڕزگاربوونمان لە ئیستعمار و حوكمی بۆگەنی پاشایەتی ببینێ، تا ببینێ میللەت چۆن جمهووریەتی خۆی دانا و وا لە سێبەریدا كورد و عەرەب وەك دوو نەتەوەی برا و هاوبەش، بناغەی ژیانی بەختیاری و مساوات و سەربەخۆیی دادەڕێژن. لەم جمهووریەتە دیموكراتییەمان كە لاوانی خۆشەویست و میللەتەكەمان وەك برا عەرەبەكانیان مەجالیان هەیە كار بكەن بۆ خزمەتی جمهووریەتی خۆشەویست و میللەتەكەیان، زۆر جێی خۆیەتی كە ئەم ڕێكخستنەیان ساز دا بۆ یادكردنەوەی ''بێكەس'' و دەرسوەرگرتن لە خەبات و شیعر و ڕەفتاری جوانی، چونكە بێكەس هەقی بەسەر هەموو كوردێكی بەشەرەفەوە هەیە، كوردیش وەكوو هەموو میللەتێكی تر، لازمە قەدری شاعیر و ئەدیبەكانی بگرێت.
ئەی لاوانی سەربەرزی شاری سلێمانی:
تكام وایە، قەت بێكەس و ڕەفتارەكانیتان بیر نەچێت و دایمیش بەجۆش بن بۆ میللەت و نیشتمان و بۆ پاراستنی جمهووریەتی عێراقی خۆشەویستمان كۆشش بكەن، هەروا هیوادارم زۆر شاعیری وەك ''بێكەس''تان لێ هەڵكەوێت كە بۆ كورد و كوردستان دڵسۆز و تێكۆشەر بێت، تا جێگەی بێكەس چۆڵ نەبێت. لەدواییدا دڵنیام كە لاوانی دیموكراتی كوردستان، یەكیەتیی خۆیان بەهێزتر دەكەن و شان بە شانی برا عێراقییەكانی تریان درێژە دەدەن بە خەباتی خۆیان بۆ چەسپاندنی جمهووریەتی دیموكراتی عێراق و هێنانەدیی هەموو هیوا و ئاواتەكانی میللەت..
بێ گومان بێكەس لە دڵی هەموو لایەكماندا و لە دڵی گەورەی كوردستانیشدا هەر زیندوو ئەبێت.
ئیمزا
مستەفا بارزانی
له ڕۆژنامه‌ى ''ژین'' ژماره (1422)، پێنجشه‌ممه 18/12/1958، لاپه‌ڕه (4)دا هاتووه:
به میهره‌جانێك لاوانى دیمو‌كراتى كوردستان یادى بێكه‌س ئه‌كه‌نه‌وه
ڕۆژى پێنجشه‌ممه‌ى ڕابردوو، پاش نیوه‌ڕۆ، لاوانى دیمو‌كراتى كوردستان، به میهره‌جانێكى گه‌وره یادى 10 ساڵه‌ى شاعیرى بیرنه‌چوو، ''بێكه‌س''ى كرده‌وه. بۆ ئه‌م میهره‌جانه گه‌لێ كه‌س بانگ كرابوون، به‌تایبه‌تى له برا كورده‌كانى سووریا كه هاتبوون بۆ ئه‌م میهره‌جانه، یه‌كێكیان چه‌ند قسه‌یه‌كى كرد له‌سه‌ر میكرۆفۆنه‌كه، هه‌روه‌ها له برا فه‌یلییه‌كان و بادینییه‌كان بانگ كرابوون، جگه له كه‌ركووك و به‌غدا و هه‌ولێر و شاره‌كانى تره‌وه.
له سینه‌ماى ''سیروان'' ئه‌م میهره‌جانه كرا كه هه‌مووى ڕازابووه‌وه به وێنه‌ى شاعیر و ئه‌دیبه‌كانمان، گه‌لێ شیعار هه‌ڵواسرابوو، له ناوه‌ڕاستى هه‌موویاندا وێنه‌ى زه‌عیمى كورد و عه‌ره‌ب كاك عه‌بدولكه‌ریم قاسم و شیعارى جمهووریه‌ت دانرابوو، له‌ژێرییه‌وه وێنه‌ى شاعیرى نه‌مر، بێكه‌س، هه‌ڵواسرابوو.
له‌پاش ئه‌وه‌ى، كه قاعه‌ى سینه‌ماكه پڕ بوو، ده‌ست كرا به ئاهه‌نگ و گۆرانى و سروودى ''ئه‌ى ڕه‌قیب''، دواى ئه‌وه شێخ مسته‌فا شێخ مه‌عرووف نه‌قیب، به چه‌ند وته‌یه‌ك به‌خێرهاتنى هه‌مووانى كرد، ئینجا ده‌ست كرا به شیعر و وتارخوێندنه‌وه، كاك قادر حاجى تاهیر، به ناوى لاوانى دیمو‌كراتى كوردستانه‌وه وتارێكى خوێنده‌وه كه بڵاوى كرده‌وه، لاوانى دیمو‌كراتى كوردستان هه‌موو سه‌ربازن له ڕێى پارێزگاریى جمهووریه‌تى عێراقدا. دواى ئه‌و، ئامر حامیه، مامۆستا نوورى مه‌عرووف به‌سه‌ر پێوه چه‌ند قسه‌یه‌كى كرد كه هه‌مووى به چه‌پڵه ئه‌سێنرایه‌وه و داواى یه‌كگرتن و پارێزگاریى جمهووریه‌تى كرد. ئینجا دواى ئه‌و كاك كامه‌ران موكرى، وتارێكى ڕه‌مزیى خوێنده‌وه، له بابه‌ت ژیانى بێكه‌س و هه‌وڵ و تێكۆشانییه‌وه بۆ نیشتمان.
چه‌ندین پارچه شیعریش له‌لایه‌ن هه‌ردى و دیلان و ئه‌ژى گۆران و گوڵزار عومه‌ر، به‌نگینەوه خوێندرانە‌وه، ئینجا شێركۆ بێكه‌س وتارێكى خوێنده‌وه. دوابه‌دواى ئه‌و، خوشكه معه‌زه‌ز عه‌زیز، وتارێكى به ناوى ئافره‌تانى كوردستانه‌وه خوێنده‌وه. له ناوه‌ڕاستى ئاهه‌نگه‌كه‌دا بڵاو كرایه‌وه كه قاره‌مانى تێكۆشه‌ر، مسته‌فا بارزانى، نامه‌یەكى ناردووه بۆ لاوانى دیمو‌كراتى كوردستان، به بۆنه‌ى یادى ''بێكه‌س''ـه‌وه، كاك نوورى ئه‌حمه‌د ته‌ها نامه‌كه‌ى خوێنده‌وه.
مامۆستا ئیبراهیم ئه‌حمه‌د و مامۆستا هه‌مزه عه‌بدوڵاش سه‌رو نامه‌یان ناردبوو بۆ لاوان، هه‌ر به‌و بۆنه‌یه‌وه خوێندرانه‌وه. له پاشدا مامۆستا كامیل به‌سیر، مامۆستاى سانه‌ویى سلێمانى كه یه‌كێكه له برا فه‌یلییه‌كانمان، به عه‌ره‌بى چه‌ند پارچەشیعرێكى زۆر جوانى خوێنده‌وه، ئینجا كاك ساڵح ڕوشدى، وتارى به ناوى بادینییه‌كانه‌وه پێشكه‌ش كرد، كه زۆر جوان بوو.
به درێژایى ئاهه‌نگه‌كه بانگ ئه‌كرا، بژى برایه‌تیى كورد و عه‌ره‌ب.
بژى جمهووریه‌تى كورد و عه‌ره‌ب.
بژى سه‌ره‌ك وه‌زیران، كاك عه‌بدولكه‌ریم قاسمى قاره‌مان. كه ناوى سه‌ره‌ك وه‌زیران ئه‌هات، هه‌موو هه‌ڵئه‌سان و چه‌پڵه‌یان لێ ئه‌دا.
له‌م میهره‌جانه‌شدا، باسى برا كورده‌كانى توركیا و ئێران كرا كه چۆن به‌زۆر نراون به‌و ده‌وڵه‌ته‌وه و هه‌ر ئه‌بێت ڕۆژێ له ڕۆژان و به‌م زووانه ئازاد بن و وه‌كوو كورده‌كانى عێراق سه‌ربه‌ستی وه‌رگرن.
پاش ئه‌وه‌ى كه سێ سه‌عات به‌سه‌ر میهره‌جانه‌كه‌دا تێ په‌ڕى، هه‌مووان هاواریان ئه‌كرد به ژیانى كورد و عه‌ره‌ب و هه‌موو میلله‌تێكى تر، میهره‌جانه‌كه ته‌واو بوو.
وه‌كوو زانیومانه، لاوانى دیمو‌كراتى كوردستان ئه‌وه‌ى خستووەته ئه‌ستۆى خۆى كه هه‌رچیى شاعیر و ئه‌دیب و پیاوى نیشتمانپه‌روه‌رمان هه‌یه به میهره‌جان یادیان بكه‌نه‌وه كه بێگومان ئه‌مه خزمه‌تێكى زۆر گه‌وره‌یه.