لە ماوەی یەک ساڵی رابوردوو لە ئەنجامی کنە و پشکنینی شوێنەواری لەسەر گردی مێژوویی (ئامیدا هۆیوک) لە شاری ئامەد (دیاربەکر) لە باکووری کوردستان، نزیکەی ٩٠٠ پارچەی شوێنەواریی دۆزراوەتەوە.
بە گوتەی سەرچاوە مێژووییەکان گردی ئامیدا چەندین سەردەمی مێژوویی بەخۆیدا بینیوە و بە بەردەوامبوونی کاری هەڵکۆلێن لەم گردە دەکرێ مێژووێکی کۆنتری بۆ تۆمار بکرێت.
سەڕۆکی تیمی هەڵکۆڵینی گردی ئامیدا، دوکتۆر عرفان یەلدر دەڵێ:" ژیان لەم گردە لە ٧٠٠٠ ساڵ پێش زایینەوە دەستی پێکردووە و هەتا سەردەمی عوسمانییەکان بێ دابڕان بەردەوام بووە..
ئێمە لە درێژەی یەک ساڵ کاری هەڵکۆڵینی بەردەوام لەسەر گردەکە شوێنەواری زۆربەی سەردەمەکانمان دۆزیوەتەوە و لەگەڵ تیمێکی٤٠ کەسی توانیمان لە ماوەی ٣٣٠ رۆژ کار کردن، نزیکەی ٩٠٠ پارچەی شوێنەواریی تۆماربکەین".
لە پارچە شوێنەوارییەکانی دۆزراوە لەم گردە دەتوانین ئاماژە بە پارچەی سیرامیکی تایبەت بە چاخی بەردینی نوێ، تەوری بەردین، کۆمەڵێ پارچە گڵێنەی سەردەمە جیاوازەکان، مۆر و خەتم، دەرزی دروستکراو لە ئێسک و نموونەی بەردی مەڕ مەڕ بکەین کە هەر کام لەم پارچانە وەک بەڵگەیەکی گرنگن بۆ ناسین و تۆمارکردنی مێژووی ئەم گردە بە تایبەتی و کوردستانی گەورە بە گشتی.