نه‌جمه‌دین مه‌لا، كوڕی مه‌لا غه‌فووری كوڕی مه‌لا عه‌لییه، له ساڵى 1898 له سلێمانى له‌دایك بووه، خوێندنی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی له حوجره و پاشان سێ ساڵ قوتابخانه‌ی روشدییهى عه‌سكه‌ریى خوێندووه. له‌لایه‌ن باوكییه‌وه كتێبخانه‌یه‌كى گه‌وره‌ى به میرات بۆ به‌جێ ماوه.
نەجمەدین مەلا ژیانێكی سەخت و پڕزەحمەتی بردووه‌ته سه‌ر، ماوه‌یه‌ك له رانیه به مووچه‌خۆری ئه‌مێنێته‌وه و پاشان ماوەیەک له‌پێناو په‌یداكردنی بژێو له شاری حه‌ڵه‌ب ماوه‌ته‌وه. دواتر گه‌ڕاوه‌ته‌وه سلێمانی و خوێندنگای تایبه‌تیی بۆ خوێندەوارکردنی خەڵک كردووه‌ته‌وه. هه‌ر له حوجرهکەدا كه ناوی نابوو ''كه‌شتیی نووح''، كتێبخانەیەكیشی دامه‌زراندبوو و كتێب و رۆژنامه و بڵاوكراوه‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی تێدا ده‌فرۆشت.
له‌و حوجره‌یه‌دا نه‌جمه‌دین مه‌لا نزیكه‌ی حه‌وت هه‌زار كه‌سی له نه‌خوێنده‌واری رزگار كرد و ژماره‌یه‌كی تریشی فێری زمانی فارسی كرد. هاوكارێكی هه‌میشه‌یی رۆژنامه‌ی ''ژین'' بوو و له‌ڕێی ئه‌و رۆژنامه‌یه‌وه ژیاننامه‌ی زۆربه‌ی شاعیر و پیاوه گه‌وره‌كانی له فه‌وتان رزگار كردوو و نزیكه‌ی 90 چیرۆكیشی بڵاو كردووەتەوه كه زۆربه‌یان چیرۆكی فۆلكلۆرین.
به ده‌ستوخه‌تی خۆی دیوان و به‌رهه‌مه‌كانی زۆر شاعیری پاراستووه، له‌وانه دیوانەكانی حه‌مدی و مه‌وله‌وی و سالم و نالی و كوردی و ... نه‌جمه‌دین مه‌لا، گه‌لێ كه‌شكۆڵ و ده‌ستنووسی دانسقه‌ی له‌پاش به‌جێ ماوه كه ئێستا بوونه‌ته سه‌رچاوه‌ی لێكۆڵینه‌وه زانستییه‌كان له بواری ئه‌ده‌ب و مێژووی كورددا.
ڕۆژی 23- 04-1962 هه‌ر له حوجره‌كه‌ی خۆیدا و به بێكه‌سی كۆچی دوایی كرد و به تێپه‌ڕبوونی چه‌ند ساڵێك، دواى یازده‌ى ئادار، له‌سه‌ر وهسیەتى خۆى، ته‌رمه‌كه‌ی گواسترایه‌وه و له چیای ئه‌زمڕ له سلێمانى به خاك سپێردرایه‌وه.
له رۆژنامه‌ى ''ژین'' ژماره (1411)، پێنجشه‌ممه (2/10/1958)، ل لاپه‌ڕه (3- 5)دا هاتووه:
به بۆنه‌ى هاتنه‌وه‌ى قاره‌مان و ئازادیخواهى كوردستان (جه‌نه‌راڵ مسته‌فا بارزانى)یەوه
په‌ندێكى ته‌ئریخى
به پێنووسی: مامۆستا نه‌جمه‌دین مه‌لا
ئه‌ى كوردى نه‌به‌ز، ئه‌ى خوێنده‌وارانى خۆشه‌ویست، به بۆنه‌ى هاتنه‌وه‌ى قاره‌مانى مەزن و ئازادخواهى كوردستان (جه‌نه‌راڵ مسته‌فا بارزانى)یه‌وه، به پێویستم زانى ئه‌م وتاره بخه‌مه به‌رچاو:
دامه‌زرێنه‌رى بنه‌ماڵه‌ى به‌رز و پیرۆزى قاره‌مانى باسكرا‌و، ''شێخ تاجه‌دین''ـه كه له ئێلى ''هه‌كارى''یه، شێخ تاجه‌دین له پایه‌ى زانستى و خواپه‌رستی و به‌خشنده‌یی و دلێریدا تاقی ئافاق بووه. له دواى خۆی ''شێخ عەبدولسەلام''ى یه‌كه‌م كه یه‌كێك بووه له نه‌وه‌كانى، ته‌ریقه‌تى نه‌قشیی له ''مه‌ولانا خالد''ى شارهزووریى وه‌رگرتووه و له بارزاندا به بڵاوكردنه‌وه‌ى زانستى و ئامۆژگاریى نه‌زانان و داڵده‌ى داماوان خه‌ریك بووه. ''شێخ محه‌مه‌د''ى كوڕه گه‌وره‌ى، پێنج كوڕی له‌دوا به‌جێ ماوه كه ئه‌مانه‌ن: ''شێخ عه‌بدولسه‌لام''ی دووه‌م، شێخ ئه‌حمه‌د، شێخ محه‌مه‌دسدیق، مه‌لا مسته‌فا و شێخ بابۆ، بێجگه له ''شێخ عه‌بدولسه‌لام''ى دووه‌م، ئێستا گشتیان له ژیاندان (ئەم بۆ ئەوکات بەر لە 63 ساڵ کە وتارەکەی تێدا نووسراو).
''شێخ عه‌بدولسه‌لام''ى دووه‌م، من خۆم دیبووم، پیاوێكى كه‌ڵه‌گه‌ت، لاواز و ڕه‌شتاڵه، چاویلكهى ئه‌كرده چاو، شێوه‌یه‌كى جوانى هه‌بوو، مێزه‌رێكى سپیی له‌سه‌ر ده‌نا، به زستان جوبهى سپی، یان زه‌ردى له‌به‌ر ئه‌كرد. ئه‌گه‌ر شتێكى سه‌یرى بدیبوایه، یان ببیستایه، به قاقا پێ نهئهكهنى، به‌س به زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌ك كه ددانى ده‌رنه‌ده‌كه‌وت.
''شێخ عه‌بدولسه‌لام''ى دووه‌م به درێژایى ته‌مه‌نى، نه‌یار و دوژمنى ئیستعمار- داگیركەر بوو، پاشایانى عوسمانییه‌كان كه به فێڵ و ته‌ڵه‌كه‌بازى (120) ملیۆن موسڵمانیان خستبووه ژێر فه‌رمانى خۆیانه‌وه، ئه‌م به‌ته‌نیا له‌گه‌ڵیاندا ئه‌جه‌نگا و كۆڵی نه‌ئه‌دا، ته‌نانه‌ت ''سه‌فوه‌ت به‌گ'' كه قائیمقامى عه‌سكه‌رى و یه‌كێك بوو له ده‌سته‌ى ''أتحادوترقی''ی ئازادیخواهى تورك، ئه‌وه بوو به كوشتنى ''سه‌دری ئه‌عزه‌م- سه‌ره‌ك وه‌زیران''ى عوسمانى ''مه‌حموود شه‌وكه‌ت دوایا'' كه تێیدا له‌كه‌دار كرا، ناچار هه‌ڵات و كونهمشكى لێ بووه كۆشك و سه‌را و دنیاى لێ بووه چه‌رمى چۆله‌كه، هیچ سەردارێك نه له تورك و نه له عه‌ره‌ب و نه له فارس نه‌یوێرا بیگرێته خۆى، هەرچۆنێك بوو خۆی گه‌یانده شێخ عه‌بدولسه‌لام و په‌ناى بۆ برد، ئه‌ویش داڵده‌ى دا و گرتییه خۆی.
''سلێمان نەزیف'' كه والیى مووسڵ بوو، چه‌ند جارێك به له‌شكرێكى زۆر و تۆپخانەوه به‌رامبه‌ر شێخ عه‌بدولسه‌لام وه‌ستا و داواى سه‌فوه‌ت به‌گى كرد. شێخ، سه‌فوه‌ت به‌گى نه‌دا به‌ده‌سته‌وه و گوتى: ''په‌ناى بۆ ده‌رگاى من هێناوه، ئه‌مه جێی پیاوه‌تى نییه كەسێك په‌نام بۆ بێنێ و به‌ده‌ستییه‌وه بده‌م''.
سه‌فوه‌ت به‌گ ماوه‌یه‌كى زۆر له بارزان مایه‌وه و قوتابخانه‌یه‌كى كرده‌وه و خودی خۆی ده‌رسی تێدا ئه‌گوته‌وه.
ڕۆژێك له ڕۆژان شێخ عه‌بدولسه‌لام له‌گه‌ڵ په‌نجا چهكبهدهستى خۆی ئه‌چوو بۆ گوندى ''چاریه'' بۆ دیده‌نى ''ئیسماعیل ئاغاى سمكۆ''، له كاتى گه‌ڕانه‌وه‌یدا به به‌ر گوندێكى خۆیدا ڕابرد ''ده‌روێش عه‌بدوڵا'' ناوێك كه كوێخاى گونده‌كه بوو و هاته سەر ڕێی شێخ، گوتى ئه‌بێ دابه‌زى، به‌نیازی فه‌ڕ و به‌ره‌كه‌ت پاروویه‌ك نان له ماڵهكەم بخۆی. هه‌رچه‌ند شێخ گوتى كات دره‌نگه و دانابه‌زم. كابرا جڵه‌وى ئه‌سپه‌كه‌ى بەرنهدا و گوتى ئه‌گه‌ر دانه‌به‌زى ئاگر به خانووهكهمهوه ئه‌نێم و خۆیشم ئه‌كوژم.
شێخ چاره‌ى نه‌ما، له‌گه‌ڵ پیاوه‌كانى له دیوه‌خانى ده‌روێش عه‌بدوڵا دابه‌زى، له‌دواى چاك و خۆشییه‌كى به‌گه‌رمی و رێزگرتن، كاتێ شێخ به خۆی زانى، هه‌ر چوارده‌ورى گونده‌كه چهكبهدهستى ده‌روێش عه‌بدوڵا تهنیویهتى، هه‌رچه‌ند شێخ فه‌رمانى نه‌كرد به پیاوه‌كانى كه ته‌قه بكه‌ن، به‌ڵام چهكبهدهستهكانى شێخ له‌گه‌ڵ چهكبهدهستهكانى دەروێش عه‌بدوڵا كه‌وتنه جه‌نگه‌وه، له هه‌ردوولا چه‌ند كه‌سێك كوژران، له ئه‌نجامدا دەروێش عه‌بدوڵا شێخى گه‌یانده مه‌فره‌زه‌یه‌كى عوسمانى و ڕه‌وانه‌ى شارى ''وان'' كرا، له‌وێوه بۆ دیاربه‌كر و له‌وێشه‌وه نێردرایه مووسڵ، ''سلێمان ن زیف'' كه والیى مووسڵ بوو، دواى محاكهمهیهكى سه‌تحییانه، حوكمى ئیعدامى شێخى دا و شێخ عەبدولسه‌لام له به‌ره‌به‌یانى ڕۆژی (15ى محەرەم)ى ساڵى 1333ى كۆچى به‌رامبه‌ر (1ى كانوونى یه‌كه‌می 1914)ى زاینى، له‌گه‌ڵ سێ پیاوماقووڵی (محه‌ممه‌د ئاغا و عەبدوڵا ئاغاى مزوورى و عه‌لى محه‌مه‌دئه‌مین ئاغا) ئیعدام كران.
شێخ دواى ئه‌وه‌ى ده‌ستنوێژی شوشت و دوو ڕكات نوێژى كرد و داواى به‌خشینى له خواى خۆی كرد، به ئاوازی به‌رز له‌به‌ر سێداره‌كه‌دا ئه‌مه‌ى گوت: ''خاك به‌سه‌ر دەوڵهتى عوسمانى، ده‌وڵه‌تى عوسمانى به‌م زووانه ئه‌مرێ، به‌ڵام ئێلی بارزانى كه حەقپهرسته و داواى ئازادیى ئه‌كا، هه‌رگیز نامرێ).
ئه‌مه‌یش كرده‌وه‌ى یه‌كێكى ناپاك (ده‌روێش عه‌بدوڵا)ى لهعنهتى. پێشینان راستیان گوتووه: ”دار پوازى (كرم) له خۆی نه‌بێ ناقه‌ڵشێ''.
له هه‌موانه‌وه زانراوه، كه قاره‌مانى مه‌زن (مسته‌فا بارزانى) ماوه‌یه‌كى زۆر له‌گه‌ڵ ئه‌و هێزه زۆره‌ى ئیستعمار كه‌وته جه‌نگه‌وه. ئه‌و هه‌موو له‌شكره زۆره‌ى ئیستعمار پشتی نه‌دا له زه‌وى، چه‌ند كه‌سێكى چه‌په‌ڵ، كه مووچه‌خۆرى نوورى سه‌عید بوون، ئه‌وه بوو وه‌ك سه‌گى هار قاچی مه‌لا مسته‌فایان گرت و مه‌لا مسته‌فا هه‌ڵات، به‌ڵام به‌وه پایه‌ى به‌رزتر و ڕێزى پتر بوو. ئه‌و كه‌سه چهپهڵانهیش، ڕۆژنامه‌ى به‌غدا نووسی كه‌وا له‌لایه‌ن نوورى سه‌عیده‌وه، هه‌ر یه‌كه‌و به عهبایێك و سه‌عاتێكى زێڕ خه‌ڵات كران، عەباكهیش بریتى بوو له شالینكهیێكى كولكه حوشتر و سهعاتهكهیش ته‌نه‌كه بوو و ڕووكه‌شی زه‌رد كرابوو، خهڵاتكراوانیش ڕووڕه‌شییان بۆ مایه‌وه. ئه‌مجا ئه‌گه‌ر بێ ئه‌م كورده هه‌موو یه‌كدڵ و یه‌كزمان بن، هه‌تا هه‌تا پشتیان له زه‌وى ناكه‌وێ و له‌ناو ناچن. ڕه‌حمه‌ت له گۆڕی حاجى قادر كه ئه‌ڵێت:
بێ ئەگەر دەستی یەکتری بگرن
وەک سکەندەر جیهان هەموو دەگرن
مامۆستا محه‌ممه‌د مسته‌فا حه‌مه‌بۆر له دیدارێكیدا كه له كتێبى ''سه‌رجه‌م به‌رهه‌م و بابه‌ته‌كانى مامۆستا نه‌جمه‌دین مه‌لا''، به‌رگى یه‌كه‌م، ئاماده‌كردنى: ئاوات ئه‌بوبه‌كر ئەحمهددا بڵاو كراوه‌ته‌وه، له زارى ''نه‌جمه‌دین مه‌لا''وه ده‌نووسێت: ''مه‌لا مسته‌فا له شارى سلێمانى نه‌فى كرابوو، به‌ڵام به‌و كۆڕى حزبایه‌تى و ئه‌ده‌بیاته زۆر دڵخۆش بوو، ڕۆژێ سه‌ردانى نه‌جمه‌دین مه‌لاى كرد و كه‌شكۆڵى ''ئه‌حمه‌د كۆر''ى دایه ده‌ست تا بیخوێنێته‌وه كه هه‌مووى شیعر و موناجات و بابه‌تى دینى بوو، دوای ماوه‌یه‌ك چووم لێى وه‌ربگرمه‌وه، مه‌لا مسته‌فا به‌ڕه‌حمه‌ت بێ، گوتى، قه‌ت ناشێ بۆ كه‌شكۆڵه‌كه هاتبیته‌وه، منیش شه‌رم گرتمى و گوتم، نه‌خێر قوربان، ئه‌وه ههدییهى جه‌نابته''.
مه‌لا مسته‌فا زۆر زیره‌ك بوو، كه زانى شه‌رم ده‌كه‌م، گوتى چه‌ند ئه‌ڵێیت ئه‌تده‌مێ، دانه‌یه‌كى تر بۆ خۆتان بنووسنه‌وه، چونكه ئه‌بێ هه‌رده‌م قورئان و كتێبى ئه‌حمه‌دى كۆرم پێ بێ“.
هه‌روه‌ها نووسه‌ر و شاعیر و رووناكبیرى ناسراو، مامۆستا نه‌جمه‌دین مه‌لا، هه‌ر ماوه‌یه‌ك دواى گه‌ڕانه‌وه‌ى بازانى، واته ساڵى 1959، هۆنراوه‌یه‌ك به ناوى ''چیاى شیرین'' بۆ شێخ مه‌حموودى نه‌مر و پێشه‌وا قازى محه‌مه‌د و مسته‌فا بارزانى دەهۆنێتهوه كه ئه‌مه‌یش ئه‌و هۆنراوه‌یه‌یه:
چیاى شیرین
قه‌ومێ نه‌ریتى باوك و باپیرى
له یادى نه‌كا و بێنێته بیرى
بیخاته به‌رچاو به دڵێكى ڕوون
جه‌نگى كاوه و ته‌ختى فه‌ره‌یدوون
ئه‌و قه‌ومه هه‌رگیز ناتوێته‌وه
به ڕووبارى (نیل) ناشۆرێته‌وه
***
قه‌ومێ بۆ به‌رزیى خوێنى بڕژێ
به ئاگرى نه‌ورۆز جه‌رگى ببرژێ
له گولله و شه‌ستتیر كۆ نه‌كاته‌وه
به هونه‌رى جوان گۆ بباته‌وه
ئه‌و قه‌ومه نامرێ به‌رزه و سه‌رفراز
له چیاى سه‌ختا ڕاو ئه‌كا وه‌ك باز
***
قه‌ومێ ئازا و دلێر و دڕ بێ
له ڕۆژى مه‌یدان گولله‌نه‌بڕ بێ
گیانى ''شێخ مه‌حموود'' پشتیوانى بێ
''سه‌ڵاحه‌ددین''یش نیگههبانى بێ
ئه‌و قه‌ومه ئه‌ژى ئازاد و سه‌ربه‌ست
به له‌قه‌ى دوژمن قه‌ت نابێ پێبه‌ست
***
قه‌ومێ به خوێناو گوڵاڵه‌ى هه‌ردى
سوور و ڕه‌نگین بێ له ڕێگه‌ى مه‌ردى
خوێنى لاوانى گوڵى نه‌ورۆز بێ
خه‌باتى دایم بۆ به‌رزیى هۆز بێ
ئه‌و قه‌ومه زۆر زوو ئه‌گاته پایه
هێزى ئستیعمار له لاى وه‌ك بایه
***
قه‌ومێ خاوه‌نى شێرى ژیان بێ
وه‌ك ''قازى محه‌مه‌د'' خاوه‌نى گیان بێ
''دكتۆر فوئاد''یش به داووده‌رمان
تیمارى زام كا دڵه‌ى نیشتمان
ئه‌و قه‌ومه ئه‌ژى زیندووه و باقى
پڕنهشئه و شاده به باده‌ى ساقى
***
قه‌ومێ له چیاى ''شێروانى مه‌زن''
بێ ترس و بێ باك ڕوو بكاته دوژمن
یاخۆ له چیاى ''شیرین''ى بارزان
خوێنى لاوانى له‌لا بێ هه‌رزان
ئه‌و قه‌ومه دواڕۆژ ڕوون ئه‌كاته‌وه
ده‌سته‌گوڵى خۆى هه‌ر ئه‌باته‌وه