سەمای یاران، جۆرێکە لە جۆرەکانی هەڵپەڕکێی کوردی. لەم هەڵپەڕکێیە گەنج و پیر و ژن و پیاو بەشدار دەبن. سەمای یاران، سەمایەکی لەسەرخۆ و ئارام و کورتە کە بە جووڵەی پێی راست دەست پێ دەکات و دوو جار پێی چەپ لە زەوی دەدرێت و دواتر یەک لە دوای یەک پێیەکان دەگۆڕێت.
ئەم جووڵەیە زیاتر شێوازی پیاسە کردنە و تا کۆتایی جووڵەی سەماکاران ناگۆڕێت. هەڵپەڕکێی یاران بە دەستپێکێک و خۆ ئامادە کردن بۆ جۆرەکانی تری هەڵپەڕکێ و گەرم کردنەوەی شایی دادەنرێت.
هاوئاهەنگیی ناو ئەم هەڵپەڕکێیە لە رێکخستنی جووڵەی قاچەکان و ریتمی ئەو ئاوازەوە دێت کە لە جووڵەکان دروست دەبێت.
لەم جۆڕە هەڵپەڕکێیە هیچ جۆرە مۆسیقا و سازێک بەکار نایەت، بەڵکوو بەشداربووانی ناو هەڵپەرکێیەکە بۆخۆیان گۆرانی دەڵێن و زیاتر گۆرانییە کۆن و فۆلکلۆرییەکان دەڵێنەوە.