فۆتۆ: محەمەد دەرگەڵەیی
قەڵای هەولێر، لە دەگمەنترین شوێنەوارە گرنگ و کۆنەکانی کوردستانە، لە رووی ئاستی جیهانیش تایبەتمەندی خۆی هەیە، مێژووی قەڵای هەمیشە زیندووی هەولێر بۆ نزیکەی شەش هەزار ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە، بە بەردەوامبوونی کاری بە دواداچوون و هەڵکۆڵینی شوێنەواریی، ئەگەری تۆمارکردنی مێژووی کۆنتر و دێرینتریشی هەیە.
ئەم شوێنەوارە جیهانییەی کورد، دەکەوێتە ناوەندی شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان و بە شێوازی بازنەیی دروست کراوە، بەشی خوارەوەی، یان بنی قەڵاکە لە چەندین چینی جیاواز پێکهاتووە کە هەر چینێکیش بۆ سەردەمێکی مێژوویی تایبەت دەگەڕێتەوە.
بە هۆی ئەوەی قەڵای هەولێر ناوەند و ناوەراستی شاری هەولێرە، ئەم شارە هەر بەم شێوازە گەشەی کردووە و لە ئێستادا شاری هەولێڕ وەک شارێکی شێوە بازنەیی فراوان بووە. فراوان بوونی ئەم شارە بەم شێوازە بووە کە لە سەرەتاوە قەڵا دروست کراوە و دواتر بە هۆی زۆر بوونی ژمارەی دانیشتوانەکەی، بەشێک لە گەڕەکەکانی خوارەوەی قەڵا (گەڕەکی خانەقا و عەرەب و تەعجیل) و بەشێک لە بازاری قەیسەری دروست کرا، لە ساڵەکانی دواتریش هەر لەسەر ئەم شێوازە، شاری هەولێر گەشەی کردووە و بە هۆی ئەم شێوازە گەورەبوونە، شاری هەولێر بە شاری شێوە جاڵجاڵوکە ناسراوە.
قەڵای هەولێر بە گشتی ٢٦ مەتر و ٢٥ سانتیمەتر لە ئاستی شاری هەولێر بەرزترە، بەڵام لە بڵندترین شوێنی قەڵا، بەرزییەکەی لە ئاستی هەولێر دەگاتە ٣٠ مەتر. رووبەری ئەم قەڵایە ١٠٢هەزار و ١٩٠مەتری چوارگۆشەیە و ٤١٥ مەتر لە ئاستی ئاوی دەریاوە بەرزە.
لە بارەی شێوازی دروستبوونی ئەم قەڵایە دوو رای جیاواز هەیە، یەکێکیان دەڵێ: ئەم گردە، گردێکی دەستکردە و لە سەردەمی ئاشوورییەکان لە لایەن دیلە جەنگییەکان بە زۆرەمڵی دروست کراوە، بەڵام بۆچوونێکی تر دەڵێ ئەم گردە بە تێپەڕینی کات لەسەر ئاوایی و گوند دروست بووە کە بە هۆکاری جیاواز رووخاون یان تەخت کراون.
بە گوتەی سەرچاوە مێژووییەکان، قەڵای هەولێر لە مێژووی خۆی، حەوت شارستانییەت بەخۆیدا بینیوە، ئەوانەش بریتین لە: سومەری، بابلی، فارسی، یۆنانی، پارسی، ساسانی، ئیسلامی.
وەک سەرچاوە مێژووییەکان باسی دەکەن ناوی قەڵای هەولێر یەکەم جار لە تێکستە نووسراوە بزمارییەکانی سەردەمی ئەکەدی، بە تایبەت سەردەمی پاشا (سەرجۆن ٣٣٥٠-٢١٥٠ ) هاتووە و بەو شێوازە باس کراوە کە پاشای ئەکەدی بۆ سزادانی شۆڕشگێرەکانی گوتی بەرەو ناوچەکانی باکوور رۆیشتووە.
پاش ئەکەدییەکان، لە تێکستە نووسراوەکانی سەردەمی سومەری ناوی هەولێر بە
هاتووە.urbilum
ئەم ناو هێنان و باس کردنە لە سەردەمەکانی دواتر بەردەوام بووە، بەڵام ئەوە مانای ئەوە ناگەینێت کە هیچ دەسەڵاتدارییەتێکی کوردی لەم ناوچەیە نەبووە و حوکمی نەکردووە، بەڵکو مەبەست لەمە وەک بەڵگەی مێژوویی و سەلمێنەر لە لایەن هێزەکانی تری ناوچەکانی میزۆپۆتامیا تۆمار کراوە.
لەگەڵ سەرهەڵدان و بڵاوبوونەی ئایینی ئیسلام لە ناوچەکانی کوردستان، قەڵای هەولێریش دەکەوێتە ژێر کاریگەری ئەم ئایینە، بە تایبەتی لە سەردەمی دەسەڵاتداری عوسمانییەکان و سوڵتان موزەفەرەدین (نزیکەی ٤٢ ساڵ حوکمداری چەندین ناوچەی جیاواز دەکات، کە هەولێریش یەکێک بووە لەو ناوچانە)، هەولێر گەشانەوەی زۆری بەخۆیەوە دەبینێت و لەو سەردەمە بووە کە بەشێک لە گەڕەکەکانی خوارەوەی قەڵا دروست دەبن، هەروا گرنگیی بە دروستکردنی قۆتابخانە دەدرێت و مزگەوت و بەشێک لە بازاری قەیسەریش دروست دەکرێت.
شێوازی تەلارسازی لە قەڵای هەولێر، تایبەتمەندی خۆی هەیە، چەندین خانوو و باڵاخانەی جیاواز دەبینرێت، کە هەم لە رووی دیزاینی دەرەوە و هەروا لە رووی نەخش و دیزاینی ناوەوە (وەک دروست کردنی نەخشی زەخرەفە و ئاوێنەکاری و گەچکاری)، تایبەت و سەرنجڕاکێشن و دەکرێت لە جۆری خۆیان کەم وێنە بن. زۆربەی ئەم کارە هونەرییانە لە لایەن وەستای کوردی ناوخۆیی و رۆژهەڵاتی و چەند وەستایەکی موسڵاوی دروست کراون.
ئەم شارە شوێنەوارییە، لە سێ گەڕەکی سەرەکی پێکهاتووە، بە ناوی گەڕەکەکانی سەرای، تۆپخانە، تەکیە. حەمامێکی گشتی و مزگەوتێک وەک یەکێک لە کۆنترین بەشەکانی ئەم قەڵایە هەژمار دەکرێت و دەنگۆیەک هەیە کە دەڵێ مزگەوتی ناو قەڵا هەر لە سەرەتاوە شوێنێکی ئایینی و پەرەستگا بووە کە بە پێی تێپەرینی کات و بڵاوبوونەوەی ئایینە جیاوازەکان گۆڕانکاری بە خۆیدا بینیوە، واتا لە سەرەتاوە پەرەستگای تایبەت بە سەردەمی فرەخواوەندی بووە، پاشان لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ئایینە سرووشتییەکان وەک پەرەستگای ئەم ئایینانە بەکار هاتووە، لە سەردەمی سەرهەڵدانی ئایینە ئاسمانییەکانیش بووتە شوینی پەرەستن و نزای تایبەت بەم ئایینانە وەک ئایینی جوو، دواتر وەک کەنیسە بەکارهاتووە و لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ئایینی ئیسلام، وەک ناوەندێکی ئایینی ئیسلامی (مزگەوت) بەکار هاتووە.
ئەم قەڵایە لە شوێنەوارە دەگمەنەکانی جیهانە کە تا ئێستاش ژیان تێیدا بەردوەوامە، لە ساڵی ٢٠١٤ لە لایەن رێکخراوی جیهانی یونسکۆ لە لیستی کەلەپووری جیهانی تۆمار کراوە.
فۆتۆ: محەمەد دەرگەڵەیی