گومانى تێدا نییه، كه ژیانی هه‌ر مرۆڤێكی كورد پڕه له رووداوی جۆراوجۆر، له خۆشى و ناخۆشى و هه‌ڵبه‌ز و دابه‌ز و ته‌نانه‌ت خاڵى نییه له كاره‌ساتیش، كه هه‌موو ئه‌وانه هه‌ڵقوڵاوی ئه‌و رووداوگه‌ل و كاره‌ساتانه‌یه، كه به‌درێژایى ژیانى رۆژانه به‌سه‌ر مرۆڤی كورددا هاتوون. بۆیه پێویسته وه‌ك ئه‌مانه‌تێكى مێژوویى، هه‌ر كه‌سێكى به‌ئه‌زموون و تێكۆشه‌ر، یا نووسه‌ر و رۆشنبیر، له هه‌ر بوارێكدا بێت، هه‌وڵى پاراستن و تۆماركردنى رووداو و مێژوو و كاره‌سات و بیره‌وه‌رییه‌كانى بدات، له رێگه‌ى نووسین و وێنه و به‌ڵگه‌نامه‌وه تۆمار بكرێن و و بپارێزرێن، تاكو له‌داهاتوودا سوودیان لێ وه‌ربگیرێت و وه‌ك په‌ند و ئه‌زموون و وانه‌ى به‌سوود كاریان پێ بكرێ.
له هه‌مان كاتیش‌دا، ره‌وش و رووداو و كاره‌سات و گۆڕانكارییه‌كانى ناوچه كوردستانییه‌كان له ساڵانى رابردوودا، به نه‌وه‌ى ئێستا ئاشنا بكرێن و سه‌رجه‌م تاكه‌كانى ئێستا و ئاینده‌ى لێ به‌ئاگا بێنین، تا بزانن له ڕابردوودا چى رووی داوه و ژیان چۆن گوزه‌راوه و چۆن قوربانى و خه‌بات و تێكۆشان كراوه و ده‌بێ ئێستا چۆن سوود له‌و ئه‌زموونه وه‌ربگرین. له هه‌مان كاتیش‌دا ده‌بێ قه‌در و رێزى ئه‌و ده‌ستكه‌وتانه بگرین، كه به خه‌بات و قوربانیدان و خوێن و ئازار و مه‌ینه‌تییه‌كى زۆر هاتوونه‌ته ئاراوه، تا ده‌ره‌نجام، ئه‌م قه‌واره سیاسییه‌ى لێ هاتووه‌ته به‌رهه‌م، ده‌بێ به‌گیان بیپارێزین.
له‌و سه‌روبه‌نده‌دا، باس له كتێبى (ژیانى كوردێك) ده‌كه‌ین، كه له نووسینى پێشمه‌رگه و خهباتگێڕێكى دوێنێى شاخ و پێشمه‌رگه‌یه‌كى ئه‌مڕۆى شاره، كه دوای په‌نجا ساڵ خه‌بات، ئه‌زموونى ژیان و خه‌بات و بیره‌وه‌رییه تاڵ و شیرینه‌كان و رووداوه‌كانى رابردووى دوێنێی بۆ ئێستا تۆمار كردووه. ئه‌ویش هه‌ڤاڵ عومه‌ر عوسمان مێرگهسۆرییه.
ئه‌م هه‌ڤاڵه به نووسینى ئه‌م كتێبه، ده‌یه‌وێت ببێته به‌شێك له‌و مێژووى تێكۆشانه و له‌به‌ر رۆشنایى ئه‌و ده‌لاقه دیرۆكییهدا، دڵۆپێك له ده‌ریایه‌ك خه‌باتى بزاڤى رزگاریخوازیى تۆمار بكات و له دووتوێى كتێبێكى به‌نرخدا، بۆ مێژوو، چه‌ند رووداو و كاره‌سات و بیره‌وه‌ریى و هه‌ڵوێست و ئاكارێك ئه‌رشیف و دیكۆمێنت بكات، وه‌ك كاره‌كته‌رێكى ناو رووداوه‌كان پشكێ له‌و سهروهرییانهشى به‌ركه‌وێ. یا مه‌ڵۆیه‌ك له‌و خه‌باته بخاته سه‌ر خه‌رمانى مێژووى شۆڕشگێڕیى كورده‌واریمان، له رێگه‌ى پارتى دیمو‌كراتى كوردستانه‌وه.
عومه‌ر عوسمان نووسه‌ری كتێبی (ژیانی كوردێك)، ویستوویه‌تی له رێگای ئه‌م كتێبه‌وه، باسێك به‌ناو مێژووی میلله‌تی كورددا بكات، له قۆناغى ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی تێیدا ژیاوه و وه‌ك كاره‌كته‌رێك رۆڵى تێدا گێڕاوه، ئه‌ویش مێژوویه‌كه پڕه له رووداو و به‌سه‌رهاتی مێژوویی خۆش و ناخۆش و ئاخنراو به بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی و خه‌بات له‌پێناو ئازادی و سه‌ربه‌خۆییدا.
ره‌نگه وه‌كوو ئه‌وه‌ی نووسه‌ر ئاماژه‌ی پێ كردبێت، په‌رتووكه‌كه بێ كه‌موكورتی نه‌بێت، چونكه رووداو و به‌سه‌رهات و یاده‌وه‌ریی ته‌مه‌نی ساڵه‌های كه‌سێك، به‌بێ هه‌ڵه و كه‌موكورتی نییه و ره‌نگه بۆچوونه‌كانیش له‌سه‌ر رووداوێك جیاوازییان هه‌بێت، به‌ڵام به‌پێی پێویست هه‌وڵی داوه، له رێگای ئه‌م كتێبه‌وه كتێبخانه‌ی كوردیی پێ ده‌وڵه‌مه‌ندتر بكات. ره‌نگه ئه‌و ره‌خنه‌یه له نووسه‌ر بگیرێت، كه به‌پێی پێویست هه‌قی خۆی به رووداو و كاره‌ساته‌كان نه‌دابێت، به‌ڵام بۆ تێپه‌ڕبوون به گێڕانه‌وه‌ی رووداو و به‌سه‌رهاته‌كان، نووسه‌ر ناچاره خێرایی به‌كار بهێنێت، بۆ ئه‌وه‌ی له په‌رتووكێكدا ته‌واوی ژیان و رووداو و كاره‌ساته‌كانی چه‌ندین ده‌یه‌ى رابردووى خه‌باتى شۆڕشگێڕى و به‌گشتى مێژووی خه‌بات و تێكۆشانى پڕ له سه‌روه‌ریی شۆڕشگێڕان و به‌تایبه‌تى پارتى دیمو‌كراتى كوردستان بگێڕێته‌وه و تۆمارى بكات.
ره‌نگه ئه‌زموونی كتێبخانه‌ی كوردی له بواری كتێبی یاده‌وه‌ریى شۆڕشگێڕانى كورد شتێكی نوێ بێت، ئەگه‌رچی چه‌ندین كتێبی دیکە چاپ كراون و كتێبخانه‌ی كوردیی ده‌وڵه‌مه‌ند كردبێت، به‌ڵام ئه‌م ئه‌زموونه گرنگی و بایه‌خى تایبه‌تى خۆی بۆ مێژوونووسان و بۆ دیكۆمێنتكردنی رووداو و به‌سه‌رهاته‌كان هه‌یه، به‌تایبه‌تی مێژووی گه‌ڕانه‌وه‌ی بارزانیی نه‌مر و یاوه‌ره‌كانی له یه‌كێتیی سۆڤیه‌ت و كوده‌تای به‌عس و هێرشی بۆ سه‌ر ده‌ڤه‌رى بارزان و قۆناغه جیاجیاكانی پێشمه‌رگایه‌تی و جه‌نگ و شه‌ڕ له ساڵانی 1963 و 1965 و 1974، پاشان رووداو و كاره‌ساته دڵتهزێنهكانى رابردوو، كه به چه‌ندین دیكۆمێنت و وێنه‌ی گرنگى ئارشیفى و مێژوویی ده‌وڵه‌مه‌ند كراوه و په‌خش كراوه.
هه‌روه‌ها له په‌رتووكه‌كه‌ی (ژیانی كوردێك)، نووسەر زۆر به روونی و باشی باس له رووداو و به‌سه‌رهاته‌كانی ئه‌و ده‌مه‌ی رێككه‌وتنى 11ی ئادار ده‌كات و پێی وایه، به‌سه‌رهاتێكی گرنگ و ده‌ستكه‌وتێكی بێوێنه بوو بۆ میلله‌تی كورد و له هه‌موو شاره‌كانی عێراق و به‌غدا، خه‌ڵكی كوردستانی هوتافیان ده‌كێشا (بژى كورد.. بژی بارزانی).
له درێژه‌ى باسه‌كه‌دا و له‌م وێستگه گرنگه‌ی كورددا، نووسه‌ر باس له كارزانى و لێهاتوویى و شاره‌زایى ره‌وانشاد ئیدریس بارزانی ده‌كا و رۆڵی گرنگ و دیارى له زۆربه‌ى كاته ناهه‌مواره‌كاندا دیار ده‌كات، به ساتى گفتوگۆ و دانوستاندن و هه‌روه‌ها له به‌ره‌كانى جه‌نگ و له شه‌ڕ و ئاشتیدا. ئینجا له‌مه‌یش گرنگتر، كاتێك پرسیاری له نووسه‌ران و خه‌ڵك كردووه (چۆن له رێككه‌وتننامه‌ى 11ی ئادار ده‌گه‌ن و خه‌ڵك چی ده‌ڵێن؟ به‌دڵیانه یا نه؟) ته‌نانه‌ت كاتێك پێی گوتراوه خه‌ڵكی به‌دڵیانه، كاك ئیدریس بارزانى پێی گوتوون: (راسته، به‌ڵام ده‌بێ هۆشیار بین و خۆشمان له‌بیر نه‌چێته‌وه و مه‌غروور نه‌بین).
له لاپه‌ڕه 66دا، نووسه‌ری كتێبی ژیانی كوردێك، به‌شێكی گرنگی په‌رتووكه‌كه‌ی بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی شه‌ڕ له 1974- 1975 ته‌رخان كردووه و تێیدا ناوی زۆربه‌ی شه‌هیده‌كان و سه‌ركرده شه‌هیده پاڵه‌وانه‌كانی ئه‌و ده‌مه‌ی تێدا هاتووه و به‌وردی زانیاریی له‌سه‌ر به‌ره‌كانی شەڕ و چۆنیه‌تیى خۆسازدان و ئاماده‌كردنى پێداویستیى شه‌ڕ و سه‌ربازى و تفاق و ته‌قه‌مه‌نی و هێرشى ئاسمانی و خه‌باتی ئه‌و سه‌رده‌مه ده‌كات، كه له‌پێناو كه‌رامه‌تی مرۆڤی كورد و رزگاری و ئازادیی خاكى كوردستان گیانیان كرده قوربانی، بۆ پاراستنى كوردستان و خه‌ڵكی كورد، تا ده‌ره‌نجام رۆژه‌كانی ئه‌مڕۆیان به‌خوێن تۆمار كرد.
له ته‌وه‌رێكی گرنگی دیكه‌ی كتێبه‌كه‌دا، نووسه‌ر به‌وردی باسی له ژیانی ئاواره‌بوون و ژیانی شاری قه‌زوین و كۆچى دوایى سیمبولی نه‌ته‌وه‌ی كورد (بارزانیی نه‌مر) كردووه. له ناوه‌ڕاستی پهرتووكهكهشدا باس له قۆناغی سه‌رله‌نوێی پێشمه‌رگایه‌تی كردووه و رووداوی جه‌رگبڕی كۆچى دوایى (ئیدریس بارزانی)ی باس كردووه. هه‌ر له داستانی خواكوڕكه‌وه تاكوو شه‌ڕ و چالاكییه‌كانی تری دووباره هه‌ڵگیرسانه‌وه‌ی شه‌ڕ.
دواتر نووسه‌ر، (عومه‌ر عوسمان مێرگه‌سۆرى) باس له راپه‌ڕینی ساڵی 1991 و كۆچڕه‌و و قۆناغی گفتوگۆ و شه‌ڕی په‌كه‌كه و قۆناغه‌كانی شه‌ڕی ناوخۆى باشوورى كوردستان ده‌كات و رووداو و كاره‌ساتى یه‌كی شوباتی 2004 و قۆناغه‌كانی تری ژیانی نووسه‌ر ئاماژه‌ی پێ كراوه، كه هه‌موو ده‌كرێ په‌ند و ئه‌زموونى لێ وه‌ربگیرێت، بۆ دووباره‌نه‌بوونه‌وه‌ى ئه‌و رووداو و كاره‌ساتانه.
ئه‌وه‌ی لاپه‌ڕه‌كانی په‌رتووكى بیره‌وه‌ریی ژیانی كوردێكی ده‌وڵه‌مه‌ند كردووه، ئه‌و ژماره زۆره‌ی وێنه‌كانه، كه هه‌ر له لاپه‌ڕه 217 تاكوو 302، كه ده‌كرێت تاكی كورد خوێندنه‌وه‌ی تایبه‌تی له‌سه‌ر ئه‌و وێنانه هه‌بێت و رۆڵی له گێڕانه‌وه و سه‌لماندنی زۆر له رووداو و كاره‌سات و وێستگه گرنگه‌كانی مێژووی ئه‌م نه‌ته‌وه‌یه هه‌بێت، چونكه هه‌ر وێنه و باس و خواسى تایبه‌ت به خۆى هه‌یه و مێژووى چركه‌ساتى چركاندنى ئه‌و زه‌مه‌ن و ئه‌و ساته‌وه‌ختانه ده‌گێڕێته‌وه.
به‌گشتى، ئه‌م كتێبه چه‌ند یاداشت و یاده‌وه‌رى و كاره‌سات و رووداوى گرنگى خۆش و ناخۆش و کەوتن و هه‌ستانه‌وه و خه‌بات و شۆڕش و به‌رخودانى ساڵانى رابردووى پێشمه‌رگه ده‌خاته بەرچاو، جگه له چه‌ند وێنه‌یه‌كى ئه‌رشیفیى گرنگ، كه وه‌ك به‌ڵگه‌ى زیندوو، یا وه‌ك گه‌واهیده‌رێك و شاهیدحاڵێك بۆ تێكۆشان و شۆڕشڤانیى نووسه‌ر به‌رجه‌سته ده‌كا، له رێگه‌ى حزبێكى شۆڕشگێڕى گرنگى ئه‌و قۆناغه، كه ئه‌ویش پارتى دیمو‌كراتى كوردستانه.
نووسینه‌وه و تۆماركردنى ئه‌م جۆره كارانه و ئه‌و مێژووه‌ش، به‌شێكه له ئه‌رك و كارى پێشمه‌رگایه‌تى، به تۆماركردن و بهدیكۆمینتاركردنى رووداوگهلێكى مێژووى شۆڕشگێڕى و خه‌باتى پێشمه‌رگایه‌تى له رۆژگارى سه‌ختى خه‌باتدا، تاكوو بزر نه‌بێ و نه‌وه‌كانى ئێستا و داهاتووى لێ ئاگادار بن، كه باس له زیاتر له نیوسه‌ده ره‌وش و رووداوى مێژوویى ده‌كات، كه شرۆڤه بۆ بارودۆخى ئه‌و ده‌مه‌ى كوردستان ده‌كات، هه‌رچه‌نده به‌شێكى زیاترى په‌یوه‌سته به ژیانى خودى نووسه‌ر خۆیه‌وه، به‌ڵام به شێوه‌یه‌كى گشتگیر، توانیویه‌تى ره‌وشه‌كه له سه‌رده‌مانى قۆناغێكى گرنگى شۆڕشگێڕیدا به‌رجه‌سته بكات و لاپه‌ڕه‌ك له مێژووى شۆڕشگێڕى تۆمار بكات. له‌و نێوه‌نده‌یشدا، نه‌یتوانیوه رۆڵ و باس و خواسى شه‌هیدان به‌گشتى فه‌رامۆش بكات، وه‌ك ئه‌مه‌ك و وه‌فایه‌ك رۆڵى زۆر له هه‌ڤاڵه شه‌هیده‌كانى خۆى و حزبه‌كه‌ى به‌رز نرخاندووه، ئه‌مه‌یش دڵسۆزى و ئهمهكداریى نووسه‌ر ده‌رده‌خات.
ئه‌م كتێبه به شێوه‌یه‌كى باش بابه‌ته هه‌ستیار و گرنگه‌كانى شرۆڤه كردووه، كه به چه‌ند قۆناغێكى جیاجیا ده‌ستى پێكردووه و به شێوه‌یه‌كى سه‌ركه‌وتوو به ئامانج گه‌یه‌نراوه.
به‌گشتى، ئه‌م جۆره كارانه بۆ قۆناغى ئێستامان زۆر گرنگ و پێویستن، هه‌ڵبه‌ت هیچ شتێكى له‌م چه‌شنه به‌بێ كه‌موكورتى و هه‌ڵه‌ى چاپ نابێ، به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌كى گشتى، قۆناغێكى سه‌ركه‌وتووى بڕیوه. دیاره خواستێكى باشى هه‌بووه، بۆیه بۆ جارى سێیه‌م چاپ كراوه‌ته‌وه و كتێبخانه ههژارهكهمانى پێ ده‌وڵه‌مه‌ند كراوه.