گردی حەلەف، ناوچەیەکی شوێنەواریی گرنگە لە رۆژئاوای کوردستان، بە دووری سێ کیلۆمەتر دەکەوێتە باشووری رۆژئاوای سەری کانی و نزیک رووباری خابوورە (زێی خابوور گەورەترین لقی رووباری فوراتە).
گردی حەلەف، ناوە نوێیەکەی ناوچەیەکی شوێنەوارییە کە نزیکەی هەزار ساڵ پێش زایین ناوی گوزانا بووە. ئەم گردە، شارێکی شوێنەواریی گرنگە لە مێژووی وڵاتی نێوان دوو رووبار و چاخی بەردینی نوێ و شارستانییەتی تایبەت بە حەلەف. گرنگیی ئەم گردە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە دۆزینەوەی ئەم گردە و کۆمەڵێ پارچە گڵینەی بێ وێنە (تا ئەو کاتە)، دەبێتە سەرەتای ناونانی دۆزراوە شوێنەوارییەکانی چاخی بەردینی نوێ و کانزا، بە ناوی ئەم گردە، واتا حەلەف.
مێژووی گردی حەلەف بۆ نزیکەی شەش هەزار ساڵ پێش زایین دەگەڕێتەوە، چەندین سەردەمی مێژوویی گرنگی بە خۆیەوە بینیوە، وەک سەردەمەکانی: هیتی، ئارامی، ئاشووری، ئەشکانی و هلینستی.
لە شوێنەوارە گرنگە دۆزراوەکانی ئەم گردە، دەکرێ ئاماژە بە هەبوونی چەندین جۆر پارچەی گڵینە بکەین، گرنگترینیشیان بریتییە لە پارچە گڵینەی رووپۆشکراو و نەخشێنراو بە نەخشی ئەندازەیی و ئاژەڵیی. ئەم پارچە گڵینانە بە نیسبەت سەردەمە مێژووییەکەیان وەک پێشکەوتنێکی گەورە وایە لە بواری گڵینەسازی و کەرستەی قوڕین، کە بە گڵینەی حەلەفی بەناوبانگە.
دۆزینەوەی چەندین پەیکەری بەردینی گەورە، هەروەها چەند پارچە تابلۆی بەردینی کە نەخشی تایبەتی ئەفسانەیی و ئایینی لە سەریان دروستکراوە، پاشماوەی باڵەخانەکان، کە گومەزی خڕ و رێڕەوی لاکێشەییان هەیە و بە خشتی سوورکراو و بەرد (تایبەت بە شوێنە فەرمی و ئایینییەکان) دروست کراون. لە یەکێک لەم باڵەخانانە کۆمەڵێک پەیکەری خواوەندی ئەستێرە دۆزراونەتەوەم کە خواوەندێکی مێیینەیە، پێ دەچێت ئەم خانووە پەرستگەیەکی گەورە و تایبەتی ئەو سەردەمە بووبێت.
لە بەناوبانگترین باڵەخانەکانی گردی حەلەف، کۆشکێکی شاهانەیە بە ناوی (ماڵی هیلانی)، ئەم کۆشکە دیوارەکانی بە وێنەی زۆر سەرنجڕاکێش و جوان رازێنراونەتەوە.
سەرەتای دۆزینەوەی ئەم گردە بۆ ساڵی ١٨٩٩ دەگەڕێتەوە، لەلایەن دیپلۆماتکارێکی ئەڵمانی بە ناوی مەکس فۆن ئوپنهایەم. لەو سەردمە سوریا لەژێر دەسەڵاتی عوسمانییەکان بووە، تیمێکی ئەڵمانی بە مەبەستی دروستکردنی هێڵی شەمەندەفەر لەنێوان ئەم ناوچەیە و شاری بەغدا، سەرقاڵی پشکنینی ناوچەکە بوون، بۆیە ئۆپنهایەم لە ساڵەکانی ١٩١١-١٩١٣ بۆ هەڵکۆڵینی ناوچە شوێنەوارییەکە، گەڕایەوە سوریا و زۆربەی دەستکەوت و دۆزراوە شوێنەوارییەکانی ئەم گردەی لەگەڵ خۆی بردە بەرلین و لە مۆزەخانەیەکی تایبەت داینا.
بەڵام لە سەردەمی جەنگی دووەمی جیهانییەوە زۆربەی ئەم پارچە شوێنەوارییانە کە زیاتر لە پەیکەری قەبارە گەورە پێکهاتبوون، بە هۆی بۆردومانەوە تێکشکان و لە ناوچوون. یەکێک لەو پەیکەرە گەورانە کە لە بۆردومانەکە دووچاری تێکچوون و شکانی زۆر بوو، پەیکەرێکی گەورەی خانمێکی شێوە جوان، بە قژی رازاوەوە بوو، لەسەر کورسی، یان تەختی پاشایەتی دانیشتووە، (بە گوتەی سەرچاوە شوێنەوارییەکانی سوریا، ئۆپنهایەم گرنگییەکی زۆر تایبەتی بەم پەیکەرە داوە)، دواتر ئەم پەیکەرە کاری نۆژەنکردنەوەی بۆ کرا و تیمێکی ئەڵمانی ماوەی هەشت ساڵ سەرقاڵی چاککردن و نۆژەنکردنەوەی بوون، تا لە کۆتاییدا توانیان بەشێکی زۆری چاک بکەنەوە. ئەم پەیکەرە کە بە مۆنالیزای سوریا، یان بووکی ئۆپنهایم ناسراوە، لە ئێستادا لە مۆزەخانەی برگمنی بەرلین دانراوە.
لە ساڵی ٢٠٠٦، بۆ جاری دووەم کاری کنەوپشکنینی هاوبەش لە لایەن تیمێکی ئەڵمانی بە سەرپەرشتی لوتز مارتین و تیمی شوێنەوارناسی حەسەکە بە سەرپەرشتی عەبدولمەسیح باگدو بۆ گردی حەلەف کرا.
بە گوتەی شوێنەوارناسەکانی پسپۆر لە چاخی بەردینی نوێ، بۆ یەکەم جار لە مێژووی وڵاتی نێوان دوو رووبار، کۆمەڵێ پارچە گڵینەی جوان و تایبەت و بێ وێنە لەم گردە دۆزراونەتەوە، هەر ئەمەش بووە هۆکار بۆ ئەوەی ناوی ئەم گردە لەسەر ئەم سەردەمە شارستانییەتە دابنرێت، لەبەر ئەوەشە ئەو ناوچەیەی، یان ئەو پارچە شوێنەوارییانەی مێژوویان بۆ کۆتاییەکانی چاخی بەردینی نوێ و سەرەتای چاخی کانزا بگەڕێتەوە، بە ناوی چاخی حەلەف تۆمار دەکرێن.
لە ئێستادا، گردی حەلەف بە هۆی هێرش و پەلامارەکانی حکومەتی تورکیا دووچاری زەرەری زۆر بووەتەوە و بەشێک لەم ناوچە شوێنەوارییە رووخاوە.