مەلا حوسێنی کوڕی بابە ڕەسووڵی کوڕی خەلیفە ئەحمەدە ناسراو بە (سامی عەوداڵ) یان شاعیری چەوساوەکانی کورد، لە ساڵی ١٩١٠ لە شاری کۆیە لەدایک بووە. لە خێزانێکی ئایینپەروەر پەروەردە بووە، لە حوجرەی مزگەوتەکانی کۆیە خوێندوویەتی و پاشان لەپێناو تەواوکردنی خوێندنی مەلایەتی گەلێک شار و دێهاتی کوردستان گەڕاوە و گەیشتووەتە پلەی مەلایەتی، بەڵام ئیجازەی وەرنەگرتووە و دەستی بە کار و کاسبی کردووە. بە پیشەی پینەدۆزی ژیانێکی پڕ لە کوێرەوەری و دەربەدەری هەبووە و ماڵ و خێزانی پێکەوە ناوە و بە کڵۆڵی ژیاوە.
سامی لەبارەی مێژووی لە دایکبوونییەوە دەڵێت:
لە نۆسەت و دەی بووم لە داکی خۆم
لەناو شاری کۆیە، بۆیە خەڵقی کۆم
بەڵام دانیشتووی شاری هەولێرم
لەوێدا دەژیم لەسەر ڕەنجی خۆم
عەوداڵ لە خێزانیکی هەژار گەورە بووە، هەر لە تەمەنی چوار ساڵیدا خراوەتە بەر خوێندن، لە لای مامی مەلا مەحیەدین لە تەکیەی خۆیان سیپارەی خوێندووە، هەروەها هەر لەلای خۆیان لای ئەحمەد شنۆیی وانەی ئایینی خوێندووە. لە تەمەنی حەوت ساڵیدا باوکی کۆچی دوایی کردووە، دایکی، کە ناوی گوڵێ بووە، بە ڕەنجێکی زۆر بەخێوی کردووە.
سامی عەوداڵ، ئەو ناوەی لە "سامی" کوڕی نەریمان، کە پاڵەوانێکی ئەفسانەی کوردییە، وەرگرتووە؛ "عەوداڵ" پاشناوی بنەماڵەکەیەتی، کە گوندی عەوداڵانی دروست کردووە، زۆر عەوداڵی ئایین بوون.
سامی دەڵێت: "هەرچەند دایکم مێردی بە خەلیفەی مامم کرد، کە بەخێومان بکات، گوایە مامە و واریسە حەقی بەخێوکردنی لەسەرە، کەچی بە خۆی و کوڕێکی بە ملی دایکی هەژارم داهاتن و ئەوانیشی بەخێو دەکرد، لە تەمەنی نۆ ساڵییەوە کاری پینەدۆزییان پێم کردووە، بە شەوان مامی مەلا مەحیەدین دەرسی پێ دەگوتوم و پاشی ئەوەی مامم مرد، بەیانیان دەچوومە کەوشدرووی، بە شەویش لای مام حەمەدەمین کتێبە فارسییەکانم دەخوێند، گەلێک حەزم لە خوێندنەوەی شانامەکان بوو".
پاش ئەوەی فێری پینەدۆزی دەبێ، ئەو کارە بەسەر دەچێت، دەستی بە کاری قوڕکاری و کەتیرەیی کردووە. لە ساڵی ١٩٣٥ بۆ کەتیرەکردن لەگەڵ تۆفیق وەردی شاعیر چوونەتە ناوچەی سیکەنە و سەرخان، کە دەکەوێتە نێوان سنووری ئێران و عێراق، شوێنێکی شاخاوی زۆر خۆش و سەرنجڕاکێشە، شاعیر ئەم دیمەنە ڕەنگین و جوانە دەبینێت، کاریگەری لەسەر دروست دەکات و دەڵێت:
بەبیرت نایێ ساڵی کەتیران
لە شاخی نێوان عێراق و ئیران
لەناو کۆچەری مەنگوڕ و ئاکۆ
هەندێ جار لەناو مامەش و پیران
پاشان دەستی داوەتەوە کاری پینەدۆزی تا شەڕی دووەمی جیهانی، دوای ئەوە ڕووی لە تەقتەق کردووە و چایخانەی داناوە، حاڵی زۆر خۆش بووە. سامی دەڵێت: "دایکم زۆر حەزی دەکرد بەردەوام بخوێنم، بە شەو لەلای مامۆستا مەلا عومەری سۆفی دەمخوێند، کە زاواشمان بوو، لە کۆیەیش هەر لەلای خوێندبووم. لە "تەقتەق"یش لە ناوەڕاستی شەڕی هیتلەردا، مامۆستا عومەر گوتی هەر دەبێ بچین بۆ تووتنەوانی، منیش لەبەر ئەوەی مامۆستام بوو، دڵم نەشکاند و چووم لەگەڵی، بوومە تووتنەوان. بەم بۆنەیەوە، ئەم شیعرەم داناوە":
خۆم و بەخت و ناوچەوان
ساڵێ بوومە تووتنەوان
بارمان کرد بۆ بیتوێنێ
یاخوا کافر نەیبینێ
سامی لەبەر هەژاری و نەداری و نەبوونی بە ناچاری کۆیە بەجێ دەهێڵێ و بەرەو هەولێر کۆچ دەکات، بەم بۆنەیەوە، ئەم شیعرەی داناوە:
من فەقیر و دڵ حەزینم بۆ هەژاریم خەم دەخۆم
ڕووت و برسی و دەردەدارم ساڵی جارێ خۆم دەشۆم
لە کۆتایی هۆنراوەکەیدا "سامی عەوداڵ" دەڵێت:
هەژار و دەردەداری تاکەی دەنۆشی سامی
تۆ فەقیر و بێ مەکانی قەت مەڵێ من خەڵقی کۆم
سامی تاکوو ساڵی ١٩٥٠ لە کۆیە ژیاوە لە دواییدا لەبەر کزی باری ژیانی و غەدری مامەکانی بە داگیرکردنی بەشە موڵکەکەی ڕوودەکاتە هەولێر و هەر بە پیشەی پینەدۆزی ژیاوە، تا ساڵی ١٩٧٢ ئینجا دووپاتە چووەتەوە شاری کۆیە و ژیانی لێ بەسەر بردووە تا لە ١٩٨٥ کۆچی دوایی دەکات و لە شاری کۆیە ئەسپەردەی خاک دەکرێت.
سامی عەوداڵ وەک لە پێشەکی چەپکە شیعرە چاپ کراوەکەیدا، هاتووە لە تەمەنی ١٧ ساڵییەوە ئاشنای شیعری کوردی بووە و دەستی کردووە بە هۆنینەوەی شیعری غەزەل و بە کاریگەری هۆنراوە بەرزەکانی نالی و کوردی و حاجی قادری کۆیی و سافی و قانیع و بەرە و هۆنینەوەی شیعری پڕسۆزیان بردووە و بەپێی بیر و باوەڕی سیاسی خۆی پتر بەرەو شیعری چینایەتی و کۆمەڵایەتییەوە چووە وەک قانع بووەتە شاعیری چەوساوەکانی کوردستان و لە سەرەتادا وەک ڕۆڵەیەکی خاکی کوردستان خۆی بە بێچووە کوردێکی دڵسۆزی خاکی وڵاتەکەی دادەنێ، کە هەردەم مات و مەلوول و چاو بەفرمێسکە لەو خاکە خۆشەی، لەو باخە ڕەنگینەکەی کوردستانەکەی، بێدەرەتان ماوەتەوە و دەڵێت:
بێچووە کوردێکی خاکی کوردانم
داییم مەلوول و چاو بە گریانم
خەم وەکوو زنجیر لەدەست و پێمە
وەک باری گران کەوتە سەرشانم
لەو خاکی وا خۆش باخاتی ڕەنگین
بەبێ جێگامە و بێ دەرەتانم
دیوانی شیعرەکانی سامی عەوداڵ هەتا ئێستا دوو جار لەلایەن د. کەمال مەعرووف و کەریم شارەزاوە کۆ کراونەتەوە و چاپ بوون.
سەرچاوە: دیوانی سامی عەوداڵ، د. کەمال مەعرووف، چاپخانەی کارۆ سلێمانی ساڵی ٢٠١٠.