ئیدریس بارزانی، له شۆڕشی ئه‌یلوولدا هاوشان له‌گه‌ڵ سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی، له‌ژێر رێنمایى رابەر و باوك و گه‌وره‌ی بیری نه‌ته‌وه‌ییان، مستەفا بارزانیی باوكیان، رۆڵێكی كارا و گرنگیان بینیوه. له‌دوای نسكۆی شۆڕشیش له ساڵی 1975، وێڕای رووبەڕووبوونه‌وه‌ی ئه‌و هه‌موو ئاڵنگارییانه‌ی رووی له گه‌لی كوردستان و پێشمه‌رگه كرد، به شێوه‌یه‌كی زۆر ئه‌ندازیارانه شۆڕشی گوڵانیان پێكه‌وه به‌ڕێوه برد و له راپه‌ڕاندنی كاروباری پێشمه‌رگایه‌تیدا ئه‌ندازیار و ئازا بوون و به وره‌یه‌كی پۆڵایینه‌وه ئه‌و ئه‌ركه قورسه‌یان لەو رۆژە سەختانەدا به‌ڕێوه برد.
بۆ قسه‌كردن له‌سه‌ر لاپه‌ڕه‌كانی خه‌باتی پێشمەرگایەتی و هه‌ڵدانه‌وه‌ی چه‌ند وێستگه‌یه‌كی گرنگی ژیانی پڕ له خه‌بات و پێشمه‌رگایه‌تی، (باس‌نیوز) چه‌ند پرسیارێكی ئاراسته‌ی ''شێخ تاهیر عه‌بدولغه‌فوور شووشى''، تێكۆشه‌ر و كه‌سایه‌تیی ناسراو كردووە، لێره‌دا پوخته‌ی قسه‌كانی بڵاو ده‌كه‌ینه‌وه.
(باس‌نیوز) وه‌كوو ئاشكرایه، له هه‌موو شۆڕش و راپه‌ڕینێكدا سه‌ركرده و كارێزما هه‌یه، به‌تایبه‌تی ئه‌و سه‌ركردانه‌ی هه‌موو ژیانیان له‌پێناو به‌دیهێنانی مافی ره‌وای گه‌له‌كه‌یان ته‌رخان كردووه. له‌م رۆژانه‌شدا گه‌لی كوردستان یادی سه‌ركرده‌یه‌كی گەورەی خۆی ده‌كاته‌وه، كه ئیدریس بارزانییه، ئایا هۆكاری ده‌ركه‌وتنی ئه‌م سه‌ركردانه‌ی گه‌لی كوردستان له‌م ده‌ڤه‌ره بۆ چی ده‌گه‌ڕێته‌وه؟
شێخ تاهیر شووشى: وا دیاره فه‌رمان و ئیراده‌ی خوای گه‌وره له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه، بۆ سه‌ركه‌وتن و رزگاربوونی هه‌ر میلله‌تێكی چه‌وساوه و ژێرده‌سته، كه‌سێك یاخود بنه‌ماڵه‌یه‌ك دیاری بكات كه هێز و توانا و خۆڕاگرییان پێ ده‌دات و ئاماده‌یان ده‌كات. له‌ناو میلله‌تاندا نموونه‌ی زۆرمان هه‌یه، رابه‌ری وا هه‌ڵكه‌وتوون، كە به ئازایه‌تی و قاره‌مانیه‌تی بوونه‌ته جێی متمانه‌ی خه‌ڵكی خۆیان و به‌بێ ماندووبوون دروشمی خه‌بات و تێكۆشانیان هه‌ڵگرت، تا رزگار بوون، وه‌كوو غاندی و نیلسۆن ماندێلا و چه‌ندین سه‌ركرده‌ی دیكه.
میلله‌تی كوردیش یه‌كێكه له‌و میلله‌تانه‌ی، به سه‌ده‌ها ساڵه په‌رته‌وازه و ژێرده‌ست و مافخوراو بووه و به هه‌زاره‌ها شه‌هید و قوربانیی بۆ به‌ده‌ستهێنانی ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی داوه، زۆر جاریش شكستی هێناوه و به ئامانجه‌كانی نه‌گه‌یشتووه. له سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیسته‌مدا، خودای میهره‌بان بنه‌ماڵه‌یه‌كی خوداناس و ئه‌هلی عیرفان و عه‌داله‌ت و مرۆڤدۆستی بۆ میلله‌تی كورد دەرخست، كه له‌ناو ره‌حمی ئه‌و میلله‌ته‌دا و له ده‌ڤه‌ری بارزان سه‌ری هه‌ڵدا و چرۆی كرد، ئه‌ویش بنه‌ماڵه‌ی شێخه‌كانی بارزانه و به بیر و باوه‌ڕێكی كوردایه‌تیی قووڵه‌وه كه‌وتنه نێو رێڕه‌وی تێكۆشان و فیداكاری، بۆ به‌دیهێنانی ئامانجه‌كانی میلله‌تی كورد.
بزاڤ و تێكۆشانی بنه‌ماڵه‌ی شێخه‌كانی بارزان و شۆڕشگێڕانی ئه‌و ناوچه‌یه و ناوچه‌كانی تری كوردستان، رۆژ له‌دوای رۆژ گه‌شه‌ی ده‌كرد و پێشكه‌وتنی زیاتری به‌خۆوه ده‌بینی، به‌تایبه‌ت له رووی سه‌ربازی و سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تیدا، بۆیه ده‌بینین له‌و ماوه‌یه‌دا زۆر رابه‌ر و سه‌ركرده‌ی به‌توانا سه‌ریان هه‌ڵدا و بوون به قوتابیی رێبازی بارزانی و كوردایه‌تی، به‌تایبه‌تی له‌ناو خودی شێخه‌كانی بارزاندا، وه‌ك شێخ عه‌بدولسه‌لام بارزانی و شێخ ئه‌حمه‌د بارزانی و و مه‌لا مسته‌فا و ئیدریسی جوانه‌مه‌رگ.
ئه‌وه‌ی جێگه‌ی خۆشحاڵییه، ده‌بیین زۆر سه‌ركرده و كادیر و پێشمه‌رگه‌ی قاره‌مان له قوتابخانه‌ی بارزانی پێگه‌یشتن و پڕ به بیر و باوه‌ڕی كوردایه‌تی و له بواره‌كانی سیاسی و پێشمه‌رگایه‌تیدا ناوبانگیان په‌یدا كرد، یه‌ك له‌وانه ئیدریس بارزانیی جوانه‌مه‌رگ بوو.
(باس‌نیوز) ئیدریس بارزانی، وێڕای ئه‌وه‌ی كوڕی مسته‌فا بارزانی بووه، هاوكات ناوبانگێكی گه‌وره‌ی له هه‌ردوو شۆڕشی ئه‌یلوول و گوڵاندا هه‌یه، پرسیار ئه‌وه‌یه، ده‌كرێت سه‌ره‌تاكانی ده‌ركه‌وتنی ئه‌م سه‌ركرده گه‌وره‌یه باس بكه‌یت؟
شێخ تاهیر شووشى: شه‌هیدی هه‌میشه زیندوو، ئیدریس بارزانی، كوڕی رابه‌ری كورد مسته‌فا بارزانی، له 1944 له گوندی بارزان له‌دایك بووە، هه‌ر له‌و رۆژه‌ی چاوی به دونیا هه‌ڵێناوه، كه‌وتووه‌ته نێو ده‌ریایه‌كی پڕ كاره‌سات و جه‌نگ و ماڵوێرانی و ده‌ربه‌ده‌ری، چونكه له‌و كاته‌دا مسته‌فا بارزانیی باوكی سه‌ركردایه‌تیی شۆڕش و به‌رخودانی خه‌ڵكی كوردستانی ده‌كرد و كه‌وتبوونه نێو كێشمه‌كێشێكی گه‌وره له‌گه‌ڵ حكوومه‌ته‌كانی عێراق و ئینگلیز، بۆ به‌ده‌ستهێنانی مافه ره‌واكانی میلله‌تی كورد.
له ئه‌نجامی شۆڕشی بارزان لە 1945 و ئاواره‌بوونی بارزانییه‌كان بۆ رۆژهه‌ڵاتی كوردستان له 1946، ئه‌و كاته ته‌مه‌نی ئیدریس بارزانی دوو ساڵ بووە، له كاتی گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ باشووری كوردستان، ئیدریس بارزانی له‌گه‌ڵ ژمارەیەك لە شێخه‌كانی بارزان و خێزانەكانیان، به فه‌رمانی حكوومه‌تی عێراق دوور خرانه‌وه بۆ شاری مووسڵ، شێخ ئه‌حمه‌د بارزانی و چه‌ند كه‌سێكی دیكەیان خسته زیندانی به‌سڕه له خوارووی عێراق. ئه‌مه یه‌كه‌مین جار بوو ئیدریس بارزانی له باوكی خۆی جودا ببێته‌وه، چونكه بارزانی له‌گه‌ڵ 512 جه‌نگاوه‌ری كورد سه‌ریان بۆ حكوومه‌ته‌كانی ناوچه‌كه دانه‌نواند و روویان كرده یه‌كێتیی سۆڤیه‌تی پێشوو، تا 1958 مسته‌فا بارزانی له‌گه‌ڵ هه‌موو جه‌نگاوه‌ره‌كان له سۆڤیه‌ت گه‌ڕانه‌وه عێراق و جارێكی تر ئیدریس له‌گه‌ڵ باوكی به یه‌كدی شاد بوونە‌وه و له یه‌كێك له قوتابخانه‌كانی به‌غدا له‌گه‌ڵ مه‌سعود بارزانیی برای، درێژه به خوێندن ده‌ده‌ن.
له ساڵی 1962 هه‌ردووكیان واز له خوێندن ده‌هێنن و ده‌چنه ریزه‌كانی شۆڕشی ئه‌یلوول و له‌گه‌ڵ باوكیان ده‌مێننه‌وه و خەباتی كوردایه‌تی دەكەن و رۆژ له‌دوای رۆژ ئه‌ستێره‌یان زیاتر ده‌گه‌شێته‌وه و ده‌بنه پێشمه‌رگه و یاریده‌ده‌ر بۆ باوكیان، بۆ راپه‌ڕاندنی كاره‌كانی شۆڕشی مه‌زنی ئه‌یلوول. ساڵی 1964 ئیدریس بارزانی پرۆسه‌ی هاوسه‌رگیری ئه‌نجام ده‌دات و 8 منداڵیان ده‌بێت، كه سێیان كچ و پێنجیان كوڕ بوون، به ناوه‌كانی: نێچیرڤان، دلۆڤان، عه‌باس، یوسف، ره‌وان. و هەروەها سێ كچ.
(باس‌نیوز) ئه‌و وێستگه و رووداوانەی له ژیانی ئیدریس بارزانی چ رۆڵێكی له‌سه‌ر دروستبوونی ئه‌و خه‌سڵه‌تانه‌دا هه‌بووه، كه پێی ناسراوه؟
شێخ تاهیر شووشى: ئه‌وه‌ی زانراوه له ژیان و ره‌وشتی ئیدریس بارزانی و بۆچوون و خه‌سڵه‌ته‌كانی، هه‌ر له منداڵییه‌وه زۆر زیره‌ك و ژیر و چالاك بووه و بیرمه‌ندێكی كارامه بووه و زۆر حه‌زی له خوێندن بووه و تێكه‌ڵ به كه‌سانی بیرمه‌ند و شاره‌زا و شاعیر و ئه‌دیبان ده‌بوو، ته‌نانه‌ت له‌سه‌ر ده‌ستی شێخ بابۆ و كه‌سانی تر له بنه‌ماڵه‌ی شێخه‌كانی بارزان و كه‌سانی به‌ته‌مه‌نی ئه‌و ناوچه‌یه بووه خاوه‌ن مێژوویه‌كی دێرین و په‌ند و به‌سه‌رهاته‌كانی، به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی یاوه‌ر و یاریده‌ده‌رانی باوكی و شێخ ئه‌حمه‌د و شێخ عه‌بدولسه‌لام بارزانی بوون.
ره‌فتاره‌كانی ئیدریس بارزانی له ره‌فتاره‌كانی شێخه‌كانی بارزان ده‌چوو، چونكه خۆی به موریدی ته‌كیه‌ی بارزانی ده‌زانی و هه‌ر له‌و رێگایه‌وه بوو به ئه‌هلی ته‌سه‌وف و خوداناسی. زۆر له براده‌ر و دۆستانی ئیدریس بارزانی ده‌ڵێن، ئیدریس هه‌ر له منداڵییه‌وه كه‌سێكی هه‌ستیار و بیرمه‌ندێكی بیرتیژ و چه‌له‌نگ بووه و له رووی هزر و بیر و ره‌فتاره‌وه زۆر له ته‌مه‌نی خۆی گه‌وره‌تر بووە، حه‌زی له خوێندن بووه و قوتابییه‌كی رێك‌وپێك بووه و هه‌میشه رێزی له قوتابییان و مامۆستایانی ده‌گرت و دۆستی هه‌موان بووه و شاره‌زاییه‌كی ته‌واوی له زمانه‌كانی (كوردی، عه‌ره‌بی، فارسی، تا راده‌یه‌ك لە ئینگلیزیشدا هه‌بووه). ئیدریس بارزانی وه‌ك مسته‌فا بارزانیی باوكی، خاوه‌ن ئیمان و بیر و باوه‌ڕێكی بێ سنوور بوو، زۆر له ئایه‌تی قورئان و فه‌رمووده‌كانی پێغه‌مبه‌ر (د.خ)ی له‌به‌ر بووه و له قسه‌كانی خۆیدا ئاماژه‌ی پێ ده‌كردن و له هه‌مان كاتدا رێز و پێزانینی بۆ ئایین و ئایینزا جۆراوجۆره‌كان هه‌بووه، وه‌ك ئایینەكانی مه‌سیحی و یه‌هوودی و ئێزدی و ئایینه‌كانی تر.
(باس‌نیوز) هه‌ڵسوكه‌وتى له‌گه‌ڵ منداڵه‌كانى و پێشمه‌رگه و هه‌ڤاڵانى چۆن بووه؟
شێخ تاهیر شووشى: ئیدریس بارزانی بۆ منداڵه‌كانی، باوكێكی به‌هیمه‌ت و پڕ ره‌حم و میهرەبانی بووە، زۆر لێیان نزیك ده‌بووەوه و به باشترین شێوه په‌روه‌رده‌ی ده‌كردن، تا له پاشه‌ڕۆژدا بتوانن خزمه‌تی خۆیان و خه‌ڵكی كوردستان بكه‌ن، له هه‌مان كاتدا، بایه‌خێكی زۆری به پێشمه‌رگه و كادیرانی پارتی و كه‌سانی هه‌ژار و بێده‌رامه‌ت ده‌دا. خاوه‌ن دڵێكی فراوان و هیمه‌تێكی بێ‌سنوور بووه و زۆر مرۆڤ‌ناس و بە ئه‌زموون بووه، وه‌ڵامی بۆ هه‌موو پرسیاره‌كان هه‌بووه و به‌ئاسانی دۆست و دوژمنی خۆی له‌یه‌كدی جودا ده‌كرده‌وه و خاوه‌نی فه‌رهه‌نگێكی قووڵی كوردایه‌تی و شۆڕشگێڕی بوو.
(باسنيوز) رۆڵی ئیدریس بارزانی له مه‌یدانی كوردایه‌تی و شۆڕش و پێشمه‌رگایه‌تیدا چۆن بووه، به‌تایبه‌تی كه سه‌رپه‌رشتیی چه‌ندین داستانی وه‌ك هه‌ندرێن و زۆزكی كردووه؟
شێخ تاهیر شووشى: هه‌ر له سه‌ره‌تای چوونی ئیدریس بارزانی بۆ ناو ریزه‌كانی شۆڕشی مه‌زنی ئه‌یلوول له 1962، ببووه جێگای متمانه‌ی بارزانیی باوك و رۆژ له‌دوای رۆژ گه‌وره‌تر ده‌بوو و په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ داموده‌زگاكانی شۆڕش و پارتی و هێزی پێشمه‌رگه فراوان و قووڵتر ده‌بوون، هه‌روه‌ها په‌یوه‌ندییه‌كی باش و كارای له‌گه‌ڵ ناوداران و سه‌رۆك هۆز و چینه‌كانی دیكه‌ی خه‌ڵكی كوردستان له هه‌موو ناوچه‌كانی كوردستان په‌یدا كردبوو، چونكه خۆی له‌سه‌ر هه‌موو ئاسته‌كانی سیاسی و سه‌ربازی و حزبی و كۆمه‌ڵایه‌تی سه‌ركرده‌یه‌كی ژیر و لێهاتوو بوو و له ماوه‌یه‌كی كه‌مدا بوو به خاوه‌نی ئه‌زموون و خاوه‌نی بڕیار.
بۆ یه‌كه‌م جار به فه‌رمانی باوكی سه‌رپه‌رشتیی (داستانی هندرێن و زۆزك)ی ساڵی 1966ی كرد و هێرشی دڕندانه‌ی سوپای عێراق و چه‌ته به‌كرێگیراوه‌كانی تێك شكاند. ئه‌مه سه‌ركه‌وتنێكی گه‌وره بوو بۆ پێشمه‌رگه‌ی كوردستان و سه‌دایه‌كی گه‌وره‌ی له ناوه‌وه و ده‌ره‌وه دایه‌وه و ئازایی حیكمه‌تی ئیدریس بارزانی چووه نێو دڵ و مێشكی هه‌موو كوردێكی دڵسۆز و شۆڕشگێڕ. هه‌ر ئه‌و حه‌كیمییه‌ی وای كرد حكوومه‌تی عه‌بدولڕه‌حمان به‌زاز ملكه‌چی ئاگربه‌ست بكات، بۆ شه‌ڕ راوه‌ستاندن و گفتوگۆكردن له‌گه‌ڵ سه‌ركردایه‌تیی شۆڕشی ئه‌یلوول و ده‌ركردنی به‌یانی 29ی حوزه‌یرانی 1966 سه‌باره‌ت به چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی گه‌لی كورد له چوارچێوه‌ی عێراقدا.
راپه‌ڕاندنی كاروباری پێشمه‌رگه‌ی كوردستان و پڕچه‌ككردنیان و دابینكردنی ژیانێكی باشتر بۆ خۆیان و خێزانیان، له ئه‌جێندای ئیدریس بارزانیدا بوو، هه‌روه‌ها له رووی حزبایه‌تی و كوردایه‌تییه‌وه، په‌یوه‌ندییه‌كانی ئیدریس بارزانی كاراتر و فراوانتر ده‌بوون و ئاشنایه‌تیی به‌رچاوی له‌گه‌ڵ فه‌رمانده و به‌رپرسانی له‌شكری و حزبی و پیاوه ئایینییه‌كان و كه‌سانی رۆشنبیر و ئه‌دیب و كوردپه‌روه‌ر هه‌میشه له زیادبووندا بوو.
(باس‌نیوز) ئێستاكه، كه له گۆڕه‌پانی سیاسه‌تدا باس باسی دانوستاندن و گفتوگۆیه له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی ناوه‌ندی، ده‌كرێت چ په‌ند و عیبره‌تێك له ئیدریس بارزانی وه‌ربگرین، به‌تایبه‌تی كه خۆی و سه‌رۆك بارزانی له‌و گفتوگۆیانه‌دا رۆڵێكی كارایان گێڕا، كه رێككه‌وتننامه‌ى 11ی ئاداری 1970ى لێ كه‌وته‌وه و بووه بنه‌مایه‌ك بۆ ئه‌و فیدراڵییه‌ی، كه ئێستا له چوارچێوه‌ی عێراقدا بە دەستوور دانی پێدا نراوە؟
شێخ تاهیر شووشى: ئیدریس بارزانی له گه‌رمه‌ی گفتوگۆكانی ساڵی 1970 له‌نێوان به‌رپرسانی حكوومه‌تی به‌غدا و سه‌ركردایه‌تیی شۆڕشی ئه‌یلوول، به سه‌رپه‌رشتیی بارزانی، هه‌رچه‌نده ئیدریس بارزانی له ته‌مه‌نێكی بچو‌وكدا بوو، به‌ڵام له‌به‌ر ژیری و توانا و دیدی سیاسیی به‌هێزی، به‌ڕێزیان رۆڵێكی سه‌ره‌كی و به‌رچاوی له‌و گفتوگۆیانه‌دا گێڕا و له كاتی خوێندنه‌وه‌ی به‌یانی 11ی ئاداری ساڵی 1970، خۆی و سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی له‌گه‌ڵ خودی سه‌ركۆماری عێراق له شاری به‌غدا ئاماده بوون و پێشوازییه‌كی گه‌رم و بێوێنه‌یان له‌لایه‌ن خه‌ڵكی كوردستان و خه‌ڵكی عێراق لێ كرا و له به‌ره‌به‌یانی رۆژی دووه‌م لە 12ی ئادار له گۆڕه‌پانی ته‌حریر له‌گه‌ڵ "ئه‌حمه‌د حه‌سه‌ن به‌كر" سه‌ركۆماری عێراق و چه‌ندین به‌رپرسی تر ئاماده‌ی رێپێوانێكی جه‌ماوه‌ریی گه‌وره و خوێندنه‌وه‌ی وتاری خۆشحاڵی و پشتگیریی خۆیان بۆ رێككه‌وتنی 11ی ئاداری به‌ناوبانگ ده‌ربڕی.
(باس‌نیوز) ئه‌ی له بواری حزب و له‌ناو پارتیدا، تا چه‌ند توانیی ئه‌و ئه‌ركه قورسه له‌ئه‌ستۆ بگرێت؟ به‌تایبه‌تی له بواری به‌هێزكردنی په‌یوه‌ندییه سیاسییه‌كان و له‌شكریدا؟
شێخ تاهیر شووشى: ئیدریس بارزانی له كۆنگره‌ی هه‌شته‌می پارتیدا له 1970 هاته هه‌ڵبژاردن بۆ كۆمیته‌ی ناوه‌ندیی پارتی و له كۆتایی 1973 بوو به ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی و له‌سه‌ر فه‌رمانی سه‌رۆك بارزانی، ئیدریس بارزانی وه‌ك سه‌رۆك ئه‌ركانی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان دامه‌زرا، كه‌چی له هه‌موو بواره‌كانی سیاسی و له‌شكری و حزبی و په‌یوه‌ندییه‌كانی ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌دا، هه‌میشه خه‌مخۆری ئاواره و لێقه‌وماوان بوو، چ ئه‌وانه‌ی ئاواره‌ی خوارووی عێراق، یاخود ئه‌وانه‌ی ئاواره‌ی ئێران و وڵاتانی بیانی بووبوون.
(باس‌نیوز) له مێژوودا باس له‌و رۆڵه‌ی ئیدریس بارزانی ده‌كرێ، كه له 1974 له كاتی هێرشی دڕنده‌ی حكوومه‌تی عێراق به سه‌رپه‌رشتیی راسته‌وخۆی سه‌دام حوسێن كرایه سه‌ر ناوچه كوردستانییه‌كان، ئایا چۆن توانیی به‌و توانا كه‌مه لە چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی، شكستی گه‌وره به عێراق بهێنێت؟
شێخ تاهیر شووشى: راسته ئیدریس بارزانی له كاتی قه‌یران و رۆژه سه‌خته‌كاندا توانیی رۆڵێكی گه‌وره له گۆڕینی شكست بۆ سه‌ركه‌وتن و وه‌رچه‌رخان بگێڕێت. ئیدریس بارزانی سڵی نه‌ده‌كرده‌وه له خزمه‌تی دۆزی ره‌وای میلله‌تی كورد، به‌تایبه‌تی له مانگی ئاداری 1974، دوای تێكچوونی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان سه‌ركرده‌كانی شۆڕشی ئه‌یلوول و حكوومه‌تی عێراق و به فه‌رمانی سه‌رۆك بارزانیی نه‌مر، شاندێكی كوردی به سه‌رپه‌رشیی ئیدریس بارزانی چوون بۆ به‌غدا بۆ وتووێژ له‌گه‌ڵ سه‌دام حوسێن، بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان، یاخود درێژكردنه‌وه‌ی ماوه‌ی جێبه‌جێ‌كردنی ناوه‌ڕۆكی رێككەوتننامه‌ی 11ی ئادار بۆ ماوه‌یه‌كی درێژتر، به‌ڵام به‌رپرسانی حكوومه‌تی به‌عس پێشنیاره‌كه‌یان ره‌ت كرده‌وه و هێرشی سه‌ربازیی دڕندانه‌یان بۆ سه‌ر كوردستان و پێشمه‌رگه و خه‌ڵكی سڤیل و بێده‌سه‌ڵات فراوانتر كرد.
له كاتی شه‌ڕ و هێرشه‌كانی سوپای عێراق بۆ سه‌ر كوردستان له 1974، ئیدریس بارزانی ڕۆڵێكی گه‌وره‌ی له به‌ڕێوه‌بردنی به‌ره‌كانی شه‌ڕ و ده‌سته‌به‌ركردنی هه‌موو پێداویستییه لۆجیستییه سه‌ربازییه‌كان گێڕا، بۆ ته‌واوی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه له سه‌رتاسه‌ری كوردستان، له‌گه‌ڵ دابینكردنی چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نیی تازه و مۆدرێن، ئه‌وه‌ش بووه هۆی تۆماركردنی سه‌ركه‌وتن و داستانێكی گه‌وره، كه له‌و نه‌به‌ردییه‌دا، وێڕای كوژران و برینداركردنی 65 هه‌زار سه‌رباز و ئه‌فسه‌ری رژێم، توانییان ده‌یان فڕۆكه‌ی جه‌نگی بپێكن، چ جای ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نییه‌كی زۆری سوپای عێراق.
(باس‌نیوز) ئه‌ی له شۆڕشی گوڵاندا، به‌تایبه‌تی له‌دوای رێككه‌وتننامه‌ی شوومی جه‌زائیر، ئیدریس بارزانی چ رۆڵێكی گێڕا بۆ درێژه‌پێدان به شۆڕش و گۆڕینی ئه‌و بارودۆخه ناهه‌مواره‌ی به‌سه‌ر گه‌لی كوردستاندا هات؟
شێخ تاهیر شووشى: ساڵی 1975، دوای جاڕدانی رێككه‌وتننامه‌ی شوومی جه‌زائیر له‌نێوان شای ئێران و سه‌دام حوسێن‌دا، ئیدریس بارزانی حه‌كیمانه دژ به‌و رێككه‌وتنه پیلانگێڕییه وه‌ستا و بڕیاری دا، له‌گه‌ڵ مه‌سعود بارزانیی برای و سه‌ركرده‌كانی تر درێژه به شۆڕش و به‌رخودان بده‌ن و ئه‌و واقیعه قبووڵ نه‌كه‌ن. رێككه‌وتننامه‌ی جه‌زائیر كاردانه‌وه‌ی گه‌وره‌ی خسته سه‌ر شۆڕش و خه‌ڵكی كوردستان و بووه هۆكارێك بۆ سه‌رهه‌ڵگرتن و كۆچكردنی هه‌زاران پێشمه‌رگه و خێزانی كورد به‌ره‌و ئێران و گه‌ڕانه‌وه‌ی هه‌زارانی تر بۆ عێراق و په‌رت و بڵاوه پێكردنیان له ناوه‌ڕاست و خوارووی عێراقدا، ئه‌وه‌ش خۆی له خۆیدا كاره‌ساتێكی چاوه‌ڕوان نه‌كراو بوو، هه‌روه‌ك بارزانیی نه‌مر ده‌ڵێت: (بۆ خه‌ڵكی كوردستان رۆژێكی ره‌ش بوو).
له‌و رۆژه‌دا كورد جگه له دوژمنی داگیركه‌ر، هیچ دۆست و كه‌سێكی نزیكی له ده‌وروبه‌ری خۆی نه‌بینی. پێشمه‌رگه به‌ره‌كانی جه‌نگی جێ ده‌هێشت و په‌رت و بڵاو بووبووەوه، به‌بێ بیركردنه‌وه له ئاینده و چاره‌نووسی خۆیان و خێزانیان، نسكۆی شۆڕشی ئه‌یلوول و ئاواره‌بوونی سه‌ركردایه‌تیی پارتی بۆ ئێران، كاردانه‌وه‌یه‌كی نه‌خوازراوی هه‌بوو، بارێكی قورس و گرانتری خسته سه‌ر شانی ئیدریس بارزانی، به‌ڵام ئەو سەركردەیە هاوشان لەگەڵ سەرۆك مەسعود بارزانی، به وره‌یه‌كی به‌رز و هه‌ستێكی پۆڵایینه‌وه، به‌رامبه‌ر ئه‌و ئالنگارییانه وه‌ستان و ئه‌ركه‌كانی كوردایه‌تیی خۆیان جێبەجێ كرد و دووباره ده‌ستیان به رێكخستنه‌وه‌ی رێزه‌كانی پارتی و هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان كرده‌وه و خۆیان ئاماده ده‌كرد بۆ هه‌ڵگیرساندنی سه‌رله‌نوێی شۆڕش له‌نێو جه‌رگه‌ی شاخه سه‌ركه‌شه‌كانی كوردستان.
(باس‌نیوز) هه‌ڵبه‌ته له‌ناو ئه‌و بارودۆخه نه‌خوازراوه‌دا، ئه‌و كۆسپ و ئاسته‌نگانه زۆر بوون، كه له‌لایه‌ك ئالنگارییه‌كی گه‌وره بوو بۆ پێشمه‌رگه و شۆڕش، له‌لایه‌كی تره‌وه نه‌هامه‌تیی گه‌لی كوردستان و ئازار و مه‌ینه‌تییه‌كانی خه‌ڵكی زۆر بوو، ئایا ئیدریس بارزانی چۆن توانیی شكست بگۆڕێت به سه‌ركه‌وتن و وه‌رچه‌رخان به‌رامبه‌ر گه‌وره‌ترین پیلانی نێوده‌وڵه‌تی له دژی گه‌لی كوردستان دروست بكات و دۆخه‌كه بگۆڕێت به دووباره هه‌ڵسانه‌وه و به‌رده‌وامبوونی شۆڕش؟
شێخ تاهیر شووشى: هه‌ر وه‌ك چۆن گه‌لی كوردستان له‌دوای پیلانی 16ی ئۆكتۆبه‌ره‌وه دووچاری بوو، ره‌نگه باسكردنی ئه‌و بارودۆخه له‌گه‌ڵ ئه‌م زه‌مه‌نه‌دا جیاواز بێت، به‌ڵام له رووی ناوه‌ڕۆك و گۆڕینی واقیع و شكستهێنان به شكست لێكچوون و په‌یوه‌ندییه‌كی گه‌وره‌ی پێكه‌وه هه‌یه، لێره‌دا به‌شێك له‌و ئاسته‌نگانه باس ده‌كه‌م، كه هاتنه به‌رده‌م ئیدریس بارزانی:
١- ئیدریس بارزانی به چاوی خۆی ده‌یدیت چۆن به‌شێكی میلله‌تی كورد له ئه‌نجامی رێككه‌وتننامه‌ی جه‌زائیر تووشی خیانه‌ت و نه‌هامه‌تی و بێهیوایی بووه، هه‌موو خه‌م و په‌ژاره‌كانی میلله‌ته‌كه‌ی له‌ئه‌ستۆ گرت و بووه كۆڵه‌كه‌ی ڕاگرتنی هاوكێشه‌كان، كه چۆن و به چ شێوه‌یه‌ك به‌ره‌و كه‌ناری ئارامیی ببات و ئه‌و دڵه‌ڕاوكێ و نه‌هامه‌تییه بڕه‌وێنێته‌وه، كه خه‌ڵكێكی زۆر به‌ده‌ستیه‌وه گیریان خواردبوو.
٢- زیادبوونی گه‌ف و هه‌ڕه‌شه و فشاره‌كان بۆ سه‌ر ئیدریس بارزانی و یاوه‌ر و هاوڕێیانی له هه‌موو لایه‌كه‌وه، دۆسته‌كانی دوێنێ بووبوونه دوژمنی ئه‌مڕۆیان، به‌تایبه‌ت ساواك و ده‌زگا ئه‌منییه‌كان و به‌رپرسانی ئێران. هه‌موو به‌رنامه‌ی به‌رپرسانی ئێران بریتی بوو له گه‌ڕاندنه‌وه‌ی په‌نابه‌رانی كورد بۆ عێراق و كوشتنی ڕۆحی كوردایه‌تی له‌نێو دڵ و ناخ و مێشكی هه‌ر تاكێكی وه‌فادار و شۆڕشگێڕی كورد.
٣- زیندووكردنه‌وه‌ی پڕوپاگه‌نده‌ی تێكده‌رانه له‌ناو ئه‌و گرووپه هه‌ڵگه‌ڕاوه‌ی مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی له ساڵی 64 و 66 له‌نێو خانه‌ی دوژمنداری و بۆ له‌ناوبردنی پارتی و بارزانی، به سوودوه‌رگرتن له ره‌وش و كاردانه‌وه‌ی رێككه‌وتننامه‌ی شوومی جه‌زائیر و گۆڕینی سه‌نگه‌ریان له به‌غداوه به‌ره‌و دیمه‌شق و هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌یان، له لێبوردنی تایبه‌تی سه‌رۆك بارزانیی نه‌مر له ساڵی 1970، كه خودی ئیدریس بارزانی ڕۆڵێكی كاریگه‌ری له‌و لێبوردنه‌دا بینی، به‌رامبه‌ر به‌وانه‌ی چه‌كیان دژی شۆڕشی میلله‌تی خۆیان هه‌ڵگرتبوو.
٤- په‌یدابوونی چه‌ند كه‌سانێكی بیرته‌سك و ئاژاوه‌گێڕ له‌نێو سه‌ركردایه‌تیی پارتی و ئۆرگانه‌كانی، كە ده‌ستیان كرد به پڕوپاگه‌نده و تۆمه‌ت به‌خشینه‌وه و تاوانباركردنی سه‌ركردایه‌تیی پارتی و دروستكردنی دووبه‌ره‌كی له‌نێوان كادیر و دڵسۆزانی خه‌ڵكی كوردستان، به شێوەیەك قسه‌یان ده‌كرد و پیشانی خه‌ڵكیان ده‌دا، كه سه‌ركردایه‌تیی شۆڕش به‌رپرسه له تێكچوونی شۆڕشی ئه‌یلوول و ئۆباڵی ئه‌و كاره‌ساته‌یان ده‌خسته سه‌ر شانی ئیدریس بارزانی و مه‌به‌ستیان ئه‌وه بوو، له رێبازی بارزانی و كوردایه‌تی دووری بخه‌نه‌وه، به‌ڵام به پشتبه‌ستن به ئیراده‌ی له‌بن نه‌هاتووی خه‌ڵكی كوردستان و پێشمه‌رگه قاره‌مانه‌كان و كادیر و جه‌ماوه‌ری خۆڕاگری كوردستان، قسه‌كانیان وه‌ك بڵقی سه‌ر ئاو پووكایه‌وه و دواییش له‌و قسانه‌ی كردبوویان په‌شیمان بوونه‌وه.
٥- سه‌فه‌ركردنی سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی له‌گه‌ڵ بارزانیی نه‌مر بۆ ئه‌مه‌ریكا، له مانگی 6ی 1976 بۆ چاره‌سه‌ری نه‌خۆشی و مانه‌وه‌ی ئیدریس بارزانی به‌ته‌نیا له سه‌ركردایه‌تیی پارتی و پێشڕه‌ویكردنی شۆڕشی گوڵان به خۆڕاگری و كۆڵنه‌ده‌ری، له مه‌یدانی خه‌بات و تێكۆشاندا و ئه‌رك و چالاكیی خۆی له‌ده‌ست نه‌دا. رێڕه‌وی خه‌باتی سیاسیی ئیدریس گۆڕانكارییه‌كی بنه‌ڕه‌تیی به‌سه‌ردا هات و بیروباوه‌ڕی به رێبازی بارزانی فراوانتر بوو، كه رۆژ له‌دوای رۆژ په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ كه‌س و لایه‌نه جۆراوجۆره‌كان له ته‌واوی ئاسته‌كانی عێراق و ئێران و سووریا و لیبیا و چه‌ندین وڵاتی تر پته‌وتر و قووڵتر ده‌بووەوه، ئه‌وه‌یش بۆ په‌یداكردنی كۆمه‌ك و پشتگیری و یارمه‌تی بۆ (قیاده‌ی موئه‌قه‌ته)، كه سه‌رپه‌رشتیی كاره‌كانی ئه‌و قیاده‌یه‌ی ده‌كرد.
(باس‌نیوز) په‌یوه‌ندیی نێوان ئیدریس بارزانی و سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی ته‌نیا په‌یوه‌ندییه‌كی برایانه نه‌بووه، بگره په‌یوه‌ندییه‌كی هاوبیر و پێشمه‌رگایه‌تیی رۆژانی سه‌خت و مێژوویه‌كی قووڵ و ده‌وڵه‌مه‌ندیش بووه، ده‌كرێت باسێكی ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌مان بۆ بكه‌ی، ئایا چ كاریگه‌رییه‌كی له‌سه‌ر دۆزی ره‌وای نه‌ته‌وه‌كه‌مان هه‌بووه؟
شێخ تاهیر شووشى: لێره‌دا باسی ته‌نیا په‌یوه‌ندیی برایی و خێزان و بنه‌ماڵه ناكه‌م، به‌ڵكوو باسی ئه‌و په‌یوه‌ندییه ده‌كه‌م، كه له شۆڕشه‌كان و ژیانی پێشمه‌رگایه‌تیدا هه‌بووه، به‌تایبه‌تی له شۆڕشی گوڵان، ئه‌وه بوو له ساڵی 1978، دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی كاك مه‌سعود بارزانی بۆ ئێران و كوردستان و درێژه‌دان به خه‌باتی شۆڕشگێڕانه، به‌ڕێزیان له‌گه‌ڵ كاك ئیدریسی برای هه‌میشه ته‌واوكه‌ری یه‌كتر بوون. به هه‌موو هێز و توانایه‌كه‌وه سه‌ركردایه‌تیی شۆڕشی گوڵانیان كرد و به ماوه‌یه‌كی كه‌م توانییان جارێكی تر ده‌نگوباسی شۆڕشی گوڵان له سه‌رتاسه‌ری جیهان بڵاو بكه‌نه‌وه و زیانی گه‌وره له هێزه‌كانی داگیركه‌ری عێراق بده‌ن.
دوای ماڵئاوایی مسته‌فا بارزانی و هه‌ڵگیرسانی شه‌ڕی هه‌شت ساڵه‌ی عێراق و ئێران، هه‌ردوو برا (ئیدریس و مه‌سعود بارزانی) سۆز و په‌یمانیان دووپات كرده‌وه و به‌ڵێنیان دا، له‌سه‌ر رێبازی بارزانیی نه‌مر زیاتر درێژه به خه‌بات و تێكۆشان بده‌ن. دوای ماڵئاوایی باوكی رۆحیی (مسته‌فا بارزانی) له 1ی3ی1979 و به‌ستنی كۆنگره‌ی نۆیه‌می پارتی، هه‌ر له‌و ساڵه‌دا رێزدار (مه‌سعود بارزانی) له‌لایه‌ن ئه‌ندامانی كۆنگره به سه‌رۆكی پارتی هه‌ڵبژێردرا، ده‌بینین رۆڵ و ئه‌ركی ئیدریس بارزانی گه‌وره و كاراتر بوو، وه‌ك سه‌ركرده‌یه‌كی لێهاتوو بۆ راپه‌ڕاندنی شۆڕش و پارتی و هه‌میشه برا و یاریده‌ده‌رێكی به‌ئه‌مه‌ك و كۆڵنه‌ده‌ر بوو بۆ مه‌سعود بارزانی و قیاده‌ی موئه‌قه‌ته و پێشمه‌رگه‌ی كوردستان.
(باس‌نیوز) ئه‌ندازیاری به‌ره‌ی كوردستانی و ئه‌ندازیاری ئاشتی و پێكه‌وه‌ژیان، یه‌كێك له‌و خه‌سڵه‌ت و ده‌ستكه‌وتانه‌ی ئیدریس بارزانی بووه، ئایا له‌و كاته هه‌ستیار و ناله‌بارانه‌دا، چۆن توانیی ئه‌و رۆڵه گرنگه بگێڕێت و به‌رهه‌مه‌كه‌شی دامه‌زراندنی به‌ره‌یه‌كی یه‌كگرتووی هه‌موو هێز و پارته سیاسییه‌كانی لێ كه‌وته‌وه؟
شێخ تاهیر شووشى: ئه‌وانه‌ی له‌نزیكه‌وه ئاگاداری ره‌وش و بارودۆخی بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی میلله‌تی كورد بووبن، به‌تایبه‌ت له ساڵه‌كانی هه‌شتای سه‌ده‌ی رابردوودا، ده‌ڵێن، كوردستان به كات و ساتێكی هه‌ستیار و ناله‌باردا گوزه‌ری ده‌كرد، ئه‌وانه‌ی چوونه هه‌نده‌ران و ئه‌وانه‌ی له سه‌رده‌ستی رژێمی به‌عسی فاشی بۆ خوارووی ئه‌و وڵاته دوور خرابوونه‌وه و ناچار كرابوون ژیانێكی پڕ كوڵه‌مه‌رگی له‌ناو كه‌مپه زۆره‌ملێكان به‌سه‌ر ببه‌ن، زۆریان تووشی داپڵۆسین و ئه‌شكه‌نجه و زیندانی و له‌سێداره‌دان بوونه‌وه، ئه‌و پێشمه‌رگه و هێزانه‌ی به‌ره‌نگاری ئه‌و رژێمه بوونه‌وه، له حاڵه‌تی ناته‌بایی و په‌رته‌وازه‌ییدا بوون و زۆر جار دژ به یه‌ك ده‌جه‌نگان.
ئیدریس بارزانی وه‌كوو خۆی به خه‌مخۆری گه‌له‌كه‌ی ده‌زانی، هه‌موو هه‌وڵ و ته‌قه‌لایه‌كی ئه‌وه‌بوو، بتوانێ رۆژێك له رۆژان كارێكی گرنگ و كاریگه‌ر بۆ یه‌كڕیزی و یه‌كگرتنه‌وه‌ی پارته‌كان و پێشمه‌رگه‌ی كوردستان ئه‌نجام بدات، ئه‌وه‌بوو له ساڵی 1986 ده‌نگی خۆی به‌رز كرده‌وه و هه‌وڵ و ته‌قه‌ڵا و كۆششی خۆی خسته گه‌ڕ، بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیی نێوان پارت و لایه‌نه سیاسییه‌كان و شۆڕشگێڕان، بۆ گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕكردنی بیر و بۆچوونه‌كانیان سه‌باره‌ت به یه‌كڕیزی و یه‌كده‌نگی و ته‌بایی ته‌واوی هێزه‌كان و یه‌كخستنه‌وه‌ی سه‌نگه‌ره‌كانی پێشمه‌رگه دژی داگیركه‌ر.
هه‌ر له‌و روانگه‌یه‌وه، ئیدریس بارزانی داوای له به‌رپرسانی كۆماری ئیسلامیی ئێران و دۆستانی كورد كرد، یارمه‌تیی خۆیان پێشكه‌ش بكه‌ن بۆ ناوبژیكردن له‌نێوان لایه‌نه كوردییه‌كان و هانیان بده‌ن یه‌ك بگرنه‌وه و یه‌كڕیزی لەناوماڵی كورددا بەرپا بكەن، ناكرێ ئه‌وه له‌بیر بكه‌ین كه به‌ڕێز (جه‌لال تاڵه‌بانی) سكرتێری گشتیی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، ئه‌ویش له‌لای خۆیه‌وه رۆڵێكی گه‌وره و گرنگی هه‌بوو له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی حزب و رێكخراوه كوردییه‌كانی تر و به‌پیر بانگه‌وازه‌كه‌ی ئیدریس بارزانییه‌وه هاتن و ئاكام له ساڵی 1987، به‌ره‌ی هێز و لایه‌نه‌كانی كوردستانی عێراقیان راگه‌یه‌ند، ئه‌وه‌ش بووه مایه‌ی خۆشحاڵیی هه‌موو لایه‌ك، بۆیه هه‌ر ئه‌و به‌ره‌یه بووە هۆی ترس و بیم و دڵه‌ڕاوكێی خسته نێو دڵی دوژمنانی كورد و توانیی سه‌ركه‌وتنی گه‌وره به‌ده‌ست بێنێ، تا سه‌رهه‌ڵدانی راپەڕینی مێژوویی جه‌ماوه‌ری خه‌ڵكی كوردستان له به‌هاری ساڵی 1991 و دانانی ناوچه‌ی دژه‌فڕین له‌لایه‌ن هێزه ئاسمانییه‌كانی هاوپه‌یمانان و دابینكردنی ئه‌من و ئاسایش بۆ خه‌ڵكی كوردستان و گه‌ڕانه‌وه‌ی په‌نابه‌ران بۆ سه‌ر زێدی خۆیان و له‌ولاوه ناچاركردنی رژێم به كشانه‌وه‌ی هێزه ئه‌منی و سه‌ربازی و ئیدارییه‌كانی له كوردستان و دامه‌زراندنی په‌رله‌مان و حكوومه‌تی كوردستان له ساڵی 1992، پاشان چه‌سپاندنی سیسته‌می فیدراڵیی كوردستان، به بڕیاری یه‌كه‌مین ئه‌نجوومه‌نی نیشتمانیی كوردستان كه ئه‌م هه‌موو ده‌ستكه‌وتانه تێكڕا به‌رهه‌می به‌ره‌ی كوردستانی و یه‌كڕیزیی گشت پارت و چینه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان بوو.
(باس‌نیوز) كاردانه‌وه‌ى كۆچى دوایى ئه‌م سه‌ركرده‌یه چۆن بوو؟ ئه‌ى چۆن له‌م سه‌ركرده خاكی و به‌ئه‌مه‌كه‌ی بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كوردستان په‌ند و عیبره‌ت وه‌ربگرین، تاوه‌كوو له رۆژه سه‌خته‌كاندا رووناكی بداته به‌ر كاروانی خه‌بات و میلله‌ته‌كه‌مان و له‌م نه‌هامه‌تییه ده‌ربازی بێت؟
شێخ تاهیر شووشى: پێش ئه‌وه‌ی وه‌ڵامی پرسیاره‌كه‌ت بده‌مه‌وه، به پێویستی ده‌زانم باسێكی ئه‌و رۆژه‌تان بۆ بكه‌م، كه یه‌كێك له گه‌وره‌ترین سه‌ركرده‌كانی كورد ماڵئاوایی لێ كردین، به‌ڵام به رۆح و به فیكر نا، به‌ڵكوو ته‌نیا به جه‌سته، هه‌ر بۆیه گه‌لی كوردستان ئه‌م سه‌ركرده‌یه به ناوی (شه‌هیدی هه‌میشه زیندوو٩ ناو ده‌به‌ن. ئه‌وه بوو به غه‌م و په‌ژاره‌یه‌كی زۆره‌وه، ئێواره‌ی رۆژی 31ی1ی1987 هه‌واڵی دڵ راوه‌ستان و ماڵئاوایی سه‌ركرده‌ی كورد (ئیدریس بارزانی) له ده‌زگاكانی راگه‌یاندن بڵاو بووەوه، ئۆرگانه‌كانی پارتی و شۆڕشی گوڵان و سه‌رتاسه‌ری كوردستان و زۆربه‌ی زۆری خانه‌واده كورده‌كان له ئێران و عێراق و وڵاتانی ده‌ره‌وه، به شین و گریانه‌وه به‌رگی ره‌شیان پۆشی، بۆ له‌ده‌ستدانی ئه‌م كه‌سایه‌تییه كوردپه‌روه‌ر و سیاسه‌تمه‌دار و قاره‌مان و كۆڵنه‌ده‌ر و خۆشه‌ویسته.
هه‌موو خه‌ڵكی كوردستان تووشی شۆك بوون به له‌ده‌ستدانی ئیدریس بارزانی، كه هێشتا میلله‌تی كورد و شۆڕشه‌كه‌ی پێویستیان به حیكمه‌ت و فه‌رمانه‌كانی ئه‌و بوو، به‌ڵام وا دیاره ئه‌مه ده‌ستی قه‌ده‌ره و فه‌رمانی خودای په‌روه‌ردگاری له‌سه‌ره، بەڵام له‌و رۆژه‌وه تا ئه‌مڕۆ، پێشمه‌رگه و خه‌ڵكی كوردستان له‌به‌ر خۆشه‌ویستییان بۆی، ناوی ئیدریس به سه‌ركرده و شه‌هید و جوانه‌مه‌رگ و هه‌میشه زیندوو ناو ده‌به‌ن و ناوى منداڵه‌كانیان به‌وه‌وه ناو ده‌نێن.
هه‌رچه‌نده ئیدریس بارزانی له ته‌مه‌نی 43 ساڵیدا ماڵئاوایی له شۆڕشگێڕان و خه‌ڵكی كوردستان كرد و چووه به‌ر ره‌حمه‌تی خودای گه‌وره و دلۆڤان، به‌ڵام له دڵی هه‌موان هه‌ر به زیندوویی ده‌مێنێته‌وه و حیكمه‌ت و خه‌بات و تێكۆشانی ئه‌و سه‌ركرده قاره‌مانه بووه‌ته به‌شێكی گرنگ و پڕ سه‌روه‌ری له رێبازی بارزانیی نه‌مردا و هه‌میشه قسه و ره‌فتار و چالاكییه‌كانی له‌ناو هزر و بیر و ده‌روونی هه‌زاران هه‌وادارانی ئه‌و رێبازه پیرۆزه له پێشمه‌رگه و كادیرانی پارتی و خه‌ڵكی كوردستان له ئێستا و ئاینده‌دا هه‌ر ده‌مێنێته‌وه و دووباره ده‌بێته‌وه.