هه‌موو ئه‌وانه‌ى به‌ناو دنیاى ئه‌ده‌بیاتى كوردیدا گه‌ڕاون، ئه‌وه‌یان له‌لا ساخ بووەته‌وه، كه (نالى و سالم و كوردى)، سێكوچكه‌ى قوتابخانه‌ى ئەدەبی كوردی‌یان له سه‌رده‌مى بابانه‌كاندا پێكهێناوه، ئێمه له‌م ڕوانگه‌یه‌وه ده‌توانین بڵێین، كه له سه‌رده‌مى فه‌رمانڕه‌وایى شێخ مه‌حموودى نه‌مریشدا چه‌ند ده‌نگێكى زوڵاڵ، ئاسمان و زه‌مینى كوردستانیان پڕ كردووه له ئاواز و گۆرانیى پڕ جۆش و خرۆش.
ئه‌گه‌ر لاپه‌ڕه‌كانى هونه‌رى گۆرانى و ئاوازى ئه‌و سه‌رده‌مانه هه‌ڵبده‌ینه‌وه، له ئاستى چه‌ند ده‌نگێكى خۆشدا سه‌رسام ده‌بین و بۆمان ده‌رده‌كه‌وێ كه له‌سه‌ر ده‌ستى ئه‌و شۆڕه‌سوارانه، ئاواز و گۆرانیى كوردى بناغه‌ى داڕشتووه و له‌ڕێى كه‌سانى وه‌ك حه‌مه‌ساڵح دیلان و حه‌مه‌ى به‌كر و ره‌شۆڵ و ره‌فیق چالاك و مه‌حموودى تۆفیق شلك و چه‌ند هونه‌رمه‌ندێكى ئه‌م شاره، ئه‌وه‌نده‌ى تر هونه‌ر و ئاواز و شیعرى كوردى، وه‌كوو خۆیان بوونه‌ته ئه‌ستێره‌یه‌كى پرشنگدار و دره‌وشاوه به ئاسمانى هونه‌رى كوردییه‌وه و تا دنیا دنیا بێ ناو و ئاوازى ئه‌وانیش به نه‌مرى ده‌مێنێته‌وه.
ئه‌وانه‌ى له كۆڕ و دانیشتنه‌كانى شێخ مه‌حموودى حه‌فید ئاگادارن، گه‌واهیى ئه‌وه ده‌ده‌ن، كه شێخى نه‌مر زۆر جار هونه‌رمه‌ندانى ده‌نگخۆشى له خۆى كۆكردووەته‌وه، ئه‌ویش وه‌كوو هه‌موو مرۆڤێك حه‌زى به‌وه كردووه، كه كه‌سانى ده‌نگخۆش له كۆڕ و مه‌جلیسى خۆى نزیك بکاته‌وه.
بۆیه زۆر جار هونه‌رمه‌ندان حه‌مه‌ساڵح دیلان و مه‌حموود تۆفیق و حه‌مه‌ى به‌كر و هونه‌رمه‌ندانى تر به‌ڕێوه دەبوون بۆ زیاره‌تى دیوەخانى شێخ مه‌حموود.
هه‌ر بۆیه له‌و باوه‌ڕه‌داین، كه (ره‌شۆڵ)یش هه‌ر به‌و باوه‌ڕه‌وه و به‌و هه‌ستى كوردایه‌تییه‌ى له ده‌روونیدا قوڵپى ده‌دا، یه‌كێك بێ له هاموشۆكا‌رانى مستەفا بارزانی و حه‌زى كردووه له‌نزیكه‌وه له خزمه‌تى ئه‌و سه‌رۆكه‌دا بێ و دڵنیام سه‌رۆك بارزانییش رێزى بۆ خۆی و هونه‌ره‌كه‌ى داناوه.
به‌ڵێ (ره‌شۆڵ)ى هونه‌رمه‌ند یه‌كێك بووه له‌و هونه‌رمه‌نده ره‌سه‌ن و ده‌نگخۆشانه‌ى ساڵانێك له ڕێى گۆرانى چڕین و ئاوازى كوردانه‌وه، خزمه‌تى به نه‌ته‌وه‌ى كورد و ئاوازى كوردیى رەسەن كردووه.
ره‌شۆڵ ناوى ته‌واوى (ره‌شید كوڕى حاجى عه‌بدوڵا كوڕى میرزا عه‌زیز)ه، ساڵى 1912 له گه‌ڕه‌كى (سه‌رشه‌قام)ى شارى سلێمانى له‌دایك بووه، هه‌رچه‌نده نه‌خوێنده‌وار بووه، به‌ڵام خاوه‌نى ده‌نگێكى خۆش و به‌هره‌یه‌كى ره‌سه‌ن بووه، هه‌میشه به كه‌سێكى قسه‌خۆش و خاوه‌ن مه‌شره‌ب ناسراوه، هونه‌رمه‌ند ره‌شۆڵ له ساڵى 1920 و ساڵانى دواتردا له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندى گۆرانیبێژ مه‌لا كه‌ریم، له ئێزگه‌ى به‌غداوه چه‌ندین گۆرانی‌یان له‌سه‌ر قه‌وان تۆمار كردووه، به‌تایبه‌تى دوای كردنه‌وه‌ى ئێزگه‌ى به‌شى كوردى له رادیۆى به‌غدا، له هه‌مان كاتدا له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند (مه‌حموودى حه‌مه‌ى له‌یلێ) چه‌ند گۆرانییه‌كى دیكه‌ى تۆمار كردووه.
ره‌شۆڵ له گوتنى مقامدا توانایه‌كى باشى هه‌بووه، له ساڵانى 1940 بۆ 1950 چه‌ندین مەقامى كوردیى وه‌ك (قه‌تار و خاوكه‌ر و خورشیدى و ئه‌ڵاوه‌یسی)ى تۆمار كردووه. وه‌ك ده‌ڵێن، له گوتنى (مەقامى ده‌شت)یشدا ده‌ستێكى باڵاى بووه.
ره‌شۆڵ له زۆربه‌ى بۆنه و ئاهه‌نگه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، له‌گه‌ڵ تیپى مۆسیقاى مه‌وله‌وى بەشدار بووە و هه‌میشه ئاهه‌نگه‌كانى رازاندووەته‌وه و جۆش و خرۆشی داوه به گوێگره‌كانى.
له سه‌ره‌تاى حه‌فتاكانى سه‌ده‌ى رابردووش‌دا، له ته‌له‌ڤزیۆنى عێراقه‌وه به‌رهه‌مێكى باشى تۆمار كردووه، كه مەقام و به‌سته‌یه‌ك بووه به‌ناوى (گرده‌كه‌ى یاره). به‌م چه‌شنه ئه‌م هونه‌رمه‌نده، له‌ڕێى به‌سته و مه‌قامه‌كانییه‌وه ناو و ناوبانگى له هه‌موو كوردستاندا ده‌نگى داوه‌ته‌وه.
له رووى سیاسییشه‌وه، ره‌شۆڵی هونه‌رمه‌ند كه‌سێكى نیشتمانپه‌روه‌ر بووه و به‌شدارییه‌كى كاریگه‌رى هه‌بووه و له خۆپیشاندانه‌كه‌ى رۆژى 6ى ئه‌یلوولى 1930دا، كه به (شه‌ڕى به‌رده‌ركى سه‌راى سلێمانى) ناسراوه، جگه له خۆى، هاوسەره‌كه‌یشى ئافره‌تێكى نیشتمانپه‌روه‌ر و به‌هه‌ڵوێست بووه، هه‌ر بۆیه له كاتى هێنانه‌وه‌ى ته‌رمه‌كه‌ى شێخ مه‌حموودى حه‌فید، یه‌كێك بووە له‌وانه‌ى ئاماده‌سازیى ده‌كه‌ن بۆ سازدانى خۆپیشاندانێكى جه‌ماوه‌ریى به‌رفراوان و پێشڕه‌و بووە له خۆپیشاندانه‌كه‌ى ساڵى 1956دا، ئیتر له كاتى هێنانه‌وه‌ى ته‌رمه‌كه‌ى شێخ مه‌حموودى حه‌فید بۆ شارى سلێمانى، (ئه‌خته‌ر)ى هاوسەرى ره‌شۆڵ، به گولله‌ى پیاوانى رژێمى ئه‌وساى عێراق جه‌سته‌ى خه‌ڵتانى خوێن ده‌كرێ و ده‌بێته سیمبولى قاره‌مانیه‌تى و كۆڵنه‌دانى ئافره‌تى كورد به‌رامبه‌ر به داگیركه‌ران.
ره‌شۆڵ خۆشه‌ویستى هه‌موو چین و توێژه‌كانى خه‌ڵكى سلێمانى بووە، به‌تایبه‌تى توێژى رۆشنبیران و شاعیرانى ئه‌و سه‌رده‌مه، وه‌ك پیره‌مێرد و حه‌مه‌ساڵح دیلان و .. هتد.
وه‌ك ده‌گێڕنه‌وه، ده‌نگێكى زۆر ناسك و خۆشى هه‌بووه، وه‌ك هاوشێوه‌ى سه‌ید عه‌لى ئه‌سغه‌ری کوردستانی، هه‌ر بۆیه‌ش سه‌ید عه‌لى ئه‌سغه‌ر بانگهێشتى كردووه و میوانداریى کردووە و به ده‌نگى سه‌رسام بووه.
ره‌شۆڵ هونه‌رمه‌ند و پێشمه‌رگه بووه، خۆشه‌ویست و شه‌یداى خاكى كوردستان بووه، زۆر پابه‌ندى یادى نه‌ورۆز بووه و گۆرانیى بۆ چڕیوه، پیره‌مێردى نه‌مریش شیعرى بۆ ره‌شۆڵ داناوه.
له‌دواى شۆڕشى ته‌مووزى 1958یشدا، له كاتى گه‌ڕانه‌وه‌ى مستەفا بارزانی له یه‌كێتیى سۆڤیه‌ته‌وه بۆ عێراق له 6/ 10/ 1958، دوای ماوه‌یه‌ك بارزانی سه‌ردانى شارى سلێمانى ده‌كات و خه‌ڵكى تێكۆشه‌رى سلێمانى به‌حه‌سره‌ته‌وه و به ئاپۆرایه‌كى جه‌ماوه‌رییه‌وه به‌ره‌و پیرى مستەفا بارزانى ده‌چن و پێشوازییه‌كى كه‌موێنه‌ى لێ ده‌كه‌ن، كه ڕۆژێكى شكۆداره له مێژووى ئه‌و شاره قاره‌مانه‌دا. ره‌شۆڵیش یه‌كێك ده‌بێ له‌و كه‌سانه‌ى به‌تامه‌زرۆییه‌وه به‌شداریى ئه‌و كه‌رنه‌ڤاڵه كه‌موێنه‌یه ده‌كات، چونكه زۆر دڵسۆز و خۆشه‌ویستى مستەفا بارزانی بووه.
ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێینه‌وه بۆ ئه‌رشیف و وێنه ده‌گمه‌ن و نایابه‌كانى ئه‌و رێوڕه‌سمى سه‌ردانه‌ى ئه‌وساى مستەفا بارزانی، كه له ڕۆژى 23/ 10/ 1958دا سه‌ردانى شارى سلێمانى ده‌كات، ئه‌وا له زۆربه‌ى وێنه‌كاندا وێنه‌ى (ره‌شۆڵ)مان پێش چاو ده‌كه‌وێ، كه له زۆربه‌یاندا یاوه‌ریى بارزانیى كردووه. ته‌نانه‌ت له سه‌رده‌مى شۆڕشى ئه‌یلوولیشدا، چه‌ند جارێ ره‌شۆڵ له‌گه‌ڵ چه‌ند كه‌سایه‌تییه‌كى ناسراو، یان به‌ته‌نیا، سه‌ردانى بارزانیى كردووه و وێنه‌ى یادگاریى له‌گه‌ڵدا گرتووه، ئه‌مه‌یش ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێ، كه ئه‌م پیاوه چه‌ند هۆگر و سه‌رسامى بووە بە بارزانى.
هه‌ر ئه‌م هه‌ڵوێسته‌یشه بووەته هۆى ئه‌وه‌ى، كاتێك شۆڕشى ئه‌یلوول تووشى نسكۆ ده‌بێ، ره‌شۆڵى هونه‌رمه‌ند به‌و كاره‌ساته زۆر خه‌مبار ده‌بێ و له هه‌مان كاتدا وه‌ك زۆر له رۆڵه‌كانى گه‌لى كورد رووى كردووەته ناوچه ئازادكراوه‌كانى ژێر ده‌سه‌ڵاتى پێشمه‌رگه و هه‌ر له‌و ساڵه‌یشدا به داخێكى زۆره‌وه نه‌خۆش ده‌كه‌وێ و له رۆژى 14/ 7/ 1974 كۆچى دوایى ده‌كا و له ده‌ربه‌ندى (رایات) له سه‌روو قەزای چۆمانەوە به خاك ده‌سپێردرێ.
(د. عه‌بدوڵا ئاگرین)، مامۆستاى زانكۆى سه‌ڵاحه‌دین، سه‌باره‌ت به ره‌شۆڵ بۆمان دوا و گوتى: ”(ره‌شۆڵ)ى هونه‌رمه‌ند و كوردپه‌روه‌ر، كه‌سایه‌تییه‌كى دره‌وشاوەی هونه‌رى كوردى و شارى سلێمانییه. له ته‌مه‌نی هه‌رزه‌ییه‌وه به‌هره‌ى هه‌مه‌جۆرى هەبووە، په‌لوپۆى خۆشه‌ویستى و عه‌شقى جوانى و ره‌گوریشه‌ى بێوه‌یى به قووڵایى و ناخى دڵسۆزى خه‌ڵكى سلێمانى و كوردستاندا رۆ چووه. ئه‌م هونه‌رمه‌نده ده‌نگخۆشه، خاوه‌ن له‌ره‌ى ئاوازێكى به‌چێژى ئه‌وتۆ بووه، له‌چاو هه‌موو ئه‌و دۆست و یارانه‌ى سه‌رده‌مى خۆى، له كۆڕى خنجیلانه پێی بڕاوه. ئه‌وانه پێكه‌وه وه‌ك كوڕى شار، كۆڕى به‌زم و ره‌زمى كات به‌سه‌ربردنیان ساز كردووه. واته، گۆرانی‌یان بۆ خۆشى و بۆ خۆیان ئه‌چڕى، له وێنه‌ى ده‌نگخۆشانى شار، وه‌ك مه‌لا كه‌ریمى كارگه‌چى، مه‌لا عه‌زیزى مه‌لا خالیدى مه‌حوى، ته‌له (تالب)، قادرى حاجى حوسێن، حه‌مه‌ى به‌كر و ...
ره‌شۆڵى ده‌نگخۆش و خاوه‌ن مه‌جلیس، تۆڕى په‌یوه‌ندیى كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كى فراوانى هه‌بووه له‌گه‌ڵ توێژى كۆمه‌ڵایه‌تى و ئه‌دیب و رۆشنبیر و سیاسییه‌كانى خه‌ڵكى سلێمانى و كوردستاندا. رەشۆڵی خاوه‌ن نه‌فس و عیزه‌ت هه‌ڵكشاو، له سه‌ره‌تاى ته‌مه‌نى گوڵى لاوی‌دا، نزیك به شێخ مه‌حموودى حه‌فید و دواتر شێخ له‌تیفى حه‌فید بوو. زۆر جار له‌گه‌ڵ مه‌ڵۆى هه‌ناسه‌ى شه‌وقى خۆى، (ئه‌و) و شێخ له‌تیف ئه‌چوون بۆ لاى مه‌لا ئه‌سعه‌دى مه‌حوى و له خانه‌قاكه‌یدا، به ده‌نگه سازگاره‌كه‌ى ئاهه‌نگێكى خه‌ڵوه‌تییان ئه‌گێڕا.
ئا ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ى ره‌شۆڵ له ساڵانى 1940- 1943 پردى په‌یوه‌ندییه‌كى به‌هێزترى له‌گه‌ڵ شێخ له‌تیف و مه‌لا ئه‌سعه‌دى مه‌حوى دروست كرد. له‌و ده‌مه‌ى هه‌ورى سته‌مى رژێمى حكوومه‌تى عێراق، تیشكى رووناكى ئاسمانى سافى كوردستانیان ئه‌ته‌نى و جه‌ورى ناهه‌قییان گه‌یانده سه‌ركرده خه‌مخۆر و شۆڕشه رزگاریخوازه‌كانى باشوورى كوردستان و سزاى ناڕه‌واى به‌كۆمه‌ڵى به‌سه‌ر خاووخێزانى هۆزى بارزانییه‌كاندا دا، شێخ ئه‌حمه‌د و مستەفا بارزانی-یان نه‌فى كرد.
ره‌شۆڵ، یه‌كێك بوو له خه‌ڵكى ره‌سه‌نى شار و زوو به‌زوو خۆى گه‌یانده لاى مسته‌فا بارزانى و جه‌مسه‌رى دڵسۆزیى له‌گه‌ڵدا گرێ دا. هه‌رچه‌نده ره‌شۆڵ ده‌وڵه‌مه‌ندێكى سه‌رمایه‌دار نه‌بوو، وه‌لێ ئه‌وه‌ى له‌ده‌ستى ئه‌هات و دڵى مستەفا بارزانیی پێ شاد بكا، قسه به‌تام و چێژه‌كانى بوو. ئه‌وه ئه‌زموونى ژیان و ته‌مه‌نى هه‌ڵچووى ره‌شۆڵ بوو، فێرى ئه‌و عه‌شقه و شاره‌زاى ئه‌و رێگا راسته‌ى كردبوو، كه بارزانى دڵسۆز و خه‌مخۆرى دۆزى ره‌واى كورده. ئه‌وه‌ش وای لێ كردبوو، دواى گه‌ڕانه‌وه‌ى بارزانى له رۆژى 10/6/ 1958 بۆ كوردستان و له كاتى سه‌ردانى بارزانى له رۆژى23/ 10/ 1958 بۆ سلێمانى، له‌گه‌ڵ مه‌لا محه‌مه‌دى خه‌یاڵدا پێكه‌وه بچنه ماڵى شێخ له‌تیف و سه‌رله‌نوێ به دیدارى بارزانى شاد بن.
ئه‌و هه‌ناسه خۆشه‌ویستییه‌ى ره‌شۆڵ بۆ بارزانى، وایكرد ره‌شۆڵ په‌یوه‌ندیى راسته‌وخۆى له‌گه‌ڵ بارزانى و شۆڕشى ئه‌یلوول و پێشمه‌رگه و خه‌ڵكه تێكۆشه‌ره‌كانى كورد هەبێ و تا ئه‌وساتانه‌ى كۆچى ماڵئاوایى، له عه‌شقى جوانپه‌رستى و هونه‌ر و ئاواز و مۆسیقا و راستى و دڵسۆزی كورد بووە و هه‌ر له به‌ره‌ى نه‌ته‌وه‌په‌روه‌رانى كوردستاندا ماوەتەوە“.
(جیهان عومه‌ر)ـى چیرۆكنووس، كه هاوڕێیه‌كى نزیكى ره‌شۆڵى هونه‌رمه‌ندمه، له‌م باره‌یه‌وه دواندمان و ئه‌ویش باسی له پێگه‌ى گۆرانییه‌كانى ره‌شۆڵ له ئاوازى كوردیدا كرد و گوتى: ”ئه‌وه‌ى مه‌به‌ستمه له‌م بابه‌ته، له هونه‌رى گۆرانیى گوتن و ئاوازى كوردى له باشوورى كوردستان بدوێم، به‌تایبه‌تى له‌و ستایله‌ى كه ره‌شۆڵ وه‌ك پیاوێكى سیاسى و نه‌ته‌وه‌یى رێچكه‌ى گۆرانییه‌كانى ده‌چڕى و خه‌ڵكانێكى ئه‌وكاته‌ش ئه‌و جۆره ستایله‌یان زۆر به‌لاوه په‌سه‌ند و جوان ده‌هاته به‌ر گوێچكه‌یان و له ئاهه‌نگ و رووداوه‌كان و ڤیستڤاڵه‌كاندا حه‌زیان پێی بوو.
ره‌شۆڵ خۆى ناوى (حه‌مەڕه‌شید حاجى عه‌بدوڵا)یه، كه به ره‌چه‌ڵه‌ك ده‌چنه‌وه سه‌ر بنه‌ماڵه‌یه‌كى كۆیه و له خۆشه‌ویستیدا خه‌ڵكى سلێمانى ناوێكى تایبه‌تیان پێوه لكاندبوو، ئەویش (ره‌شۆڵ)ە، هه‌ر ئه‌م ناوه هونه‌رییه بوو كه له هه‌موو بۆنه و تایبه‌تییه‌كاندا، كه ده‌چووه سه‌ر شانۆ ئاوازه‌كانى ده‌چرى و خه‌ڵكى به په‌رۆشه‌وه گوێیان لێ ده‌گرت، پێی ناو ده‌برا.
ئه‌م پیاوه ته‌نیا هونه‌رمه‌ند نه‌بوو، به‌ڵكوو پیاوێكى سیاسیى نه‌ته‌وه‌په‌رست بوو، كه ئه‌وه له‌گه‌ڵ هونه‌ره‌كه‌یدا هاوته‌ریب بوون، بۆ ئه‌وه‌ى بیگه‌یه‌نێته پێگه‌یه‌كى سیاسى و هونه‌رى و له‌لایه‌ن سه‌ركرده و ناودارانى ئه‌وكاته‌ى كورده‌وه جێگا و رێگایه‌كى تایبه‌تى خۆى هه‌بێت و له‌لایان خۆشه‌ویست بێت، به‌تایبه‌تى ئه‌و یه‌كێك بوو له ناودارانى ئه‌ندامانى ئه‌و سه‌رده‌مه‌ى پارتى دیمو‌كراتى كوردستان. جگه له‌وه‌ى له‌و كاته‌دا شان به‌شانى ئه‌م هونه‌رمه‌نده، هونه‌رمه‌ندێكى تر‌ى كورد ناوبانگى خۆى هه‌بوو، ئه‌ویش (قادر حاجى حوسێن) بوو.
ئه‌وه‌ى مه‌به‌ستمه زیاتر لێره‌دا باسی بكه‌م و لێى بدوێم، دوو رووداوى مێژوویی ئه‌و كه‌ڵه هونه‌رمه‌نده‌یه، کە من ئاگاداری بووم:
له ساڵى حه‌فتاكاندا، دواى ده‌رچوونى رێككه‌وتننامه‌ى یازده‌ى ئاداری 1970، به‌هۆى یه‌كێك له ئاهه‌نگه‌كانى (كارگه‌ى جگه‌ره‌ى سلێمانى)یه‌وه، كه ئاماده‌یان كردبوو، له شانۆكه‌ى كارگه‌ى جگه‌ره لە بۆنه‌یه‌ك له بۆنه‌كان، (ره‌شۆڵ) یه‌كێك بوو له‌و كه‌سانه‌ى بانگهێشت كرابوو بۆ ئاهه‌نگه‌كه، به‌ڵام بۆ هاوبه‌شیكردن نه‌بوو له ئاهه‌نگه‌كه‌دا، به‌ڵكوو وەک میوانێک بانگهێشت كرابوو. به‌نده ئاماده‌كار و پێشكه‌شكارى به‌رنامه‌كه بووم.
ئه‌وكاته‌یش به‌ڕێز (شه‌فیق ئه‌حمه‌د ئاغا) لێپرسراوى لقى چوارى پارتى دیمو‌كراتى كوردستان بوو له سلێمانى، له هه‌مان كاتدا به‌ڕێوه‌به‌رى گشتیى كارگه‌ى جگه‌ره‌ى سلێمانیش بوو، دواى ئه‌وه‌ى چه‌ند بڕگه‌یه‌كم له به‌رنامه‌كه پێشكه‌ش كرد، (شه‌فیق ئاغا) ئاماژه‌یه‌كى بۆ كردم و بانگى كردم و به چرپه پێى گوتم، كه داوا له هونه‌رمه‌ند (ره‌شۆڵ) بكه‌م بۆ به‌شداریكردنى، منیش گوتم: داوام لێ كردووه به‌ڵام ره‌تی كرده‌وه و ده‌ڵێ گۆرانى ناڵێم، به‌ڵام شەفیق ئاغا گوتى تۆ بیكه به مفاجەئه و پێشكه‌شى بكه، ئه‌و كاته ناتوانێ بڵێت نایه‌م بۆ سه‌ر شانۆكه.
دواى چه‌ند بڕگه‌یه‌ك، منیش (ره‌شۆڵ)م پێشكه‌ش كرد، به‌ڵام ئه‌و زۆر به ناڕه‌زایی و مۆڕه‌كردنه‌وه هه‌ستا و هاته سه‌ر شانۆكه و به گوێچكه‌مدا قسه‌یه‌كى چرپاند و منیش پێكه‌نیم، دواى ئه‌وه‌ى گۆرانییه‌كانى گوت، كه هاتمه خواره‌وه، شه‌فیق ئاغا به گوێم‌دا چرپاندى و گوتى: ئه‌وه به چرپه چى پێ گوتى و تۆیش پێكه‌نیت، دیاره پێى زانى، كه من تووشم كردووه. گوتم دیاره خۆت ده‌زانى چی گوتووه. شه‌فیق ئاغا پێكه‌نى و گوتى ده‌زانم چى گوتووه!
رووداوى دووه‌م: ئه‌وه بوو، كه دواى هه‌ڵگیرسانده‌وه‌ى شۆڕشى كورد له ساڵى 1974دا، ئه‌وكاته من خۆم و خێزانه‌كه‌م چووبووینه شارۆچكه‌ى پێنجوێن، به‌هۆى ئه‌وه‌ى له (فرۆشگاى شۆڕش) به ناونیشانى یاریده‌ده‌رى به‌ڕێوه‌به‌رى فرۆشگا له لایه‌ن شۆڕشه‌وه دانرابووم و رۆژانه سه‌ردانى (بناوه‌سووته)م ده‌كرد، كه جێگاى كاره‌كه‌مان بوو، گه‌نجینه‌كان و ئیداره‌كه‌مان له‌وێ دامه‌زرابوو، ئێوارانیش ده‌گه‌ڕامه‌وه بۆ پێنجوێن، زۆر كات لەگەڵ هونه‌رمه‌ند (ره‌شۆڵ) ده‌كه‌وتینه پیاسه‌كردن بۆ خوار شارۆچكه‌كه و قسه‌كردنمان له‌سه‌ر هونه‌ر و دواڕۆژى هونه‌رى كوردى و به‌تایبه‌تى گۆرانیى كوردى بوو، ته‌نانه‌ت زۆر جار ئه‌وه‌ى دووپات ده‌كرده‌وه، كه شۆڕش سه‌ركه‌وت و گه‌ڕاینه‌وه بۆ سلێمانى، ئه‌و ده‌چێته ته‌لەڤزیۆن و هه‌موو گۆرانییه‌كانى تۆمار ده‌كات، به‌تایبه‌تى ده‌یگوت كۆمه‌ڵێك گۆرانیى چاكم هه‌یه و ئاماده‌م كردوون، بۆ ئه‌وه‌ى به‌و بۆنه‌یه‌وه تۆماریان بكه‌م.
به‌م شێوه‌یه ماوه‌یه‌ك له پێنجوێن ماینه‌وه، تاكوو شه‌وێك ئاگاداریان كردینه‌وه، پێویسته پێنجوێن چۆڵ بكه‌ین، چونكە رژێم نیازى هه‌یه هه‌موو شارۆچكه‌كان بۆردمان بكات، له‌به‌رئه‌وه هه‌ر ئه‌وشه‌وه خۆم و ماڵ و منداڵم گواسته‌وه بۆ گوندى (بناوه‌سووته)، بۆ ئه‌و گه‌نجینه‌یه‌ى كه وه‌ك گه‌نجینه‌ى فرۆشگا به‌كارم ده‌هێنا، ئه‌و شه‌وه له‌وێ ماینه‌وه تاوه‌كوو كار بۆ ئه‌وه بكه‌م، منداڵه‌كانم بگوێزمه‌وه بۆ یه‌كێك له گونده‌كانى دیوی ئێران، هه‌ر ئه‌و به‌یانییه زوو هێشتا له خه‌و هه‌ڵنه‌ستابووین، كه له ده‌رگاى خانووه‌كه درا و منیش به خێزانه‌كه‌مم گوت ئا بزانه كێیه! خۆشم هه‌ستام، كه ده‌ڕوانم (ره‌شۆڵ) له پێشى جێبێكدا دانیشتووه و قۆڵى لێ هێناوه‌ته ده‌ره‌وه و به خێزانه‌كه‌مى گوت: (ئا ده‌ى به جیهان بڵێ بابێته ده‌ره‌وه ئیشم پێى هه‌یه). خێزانه‌كه‌م پێى گوت: به‌م به‌یانییه زووه خێره، ئیشى چیت پێى هه‌یه؟). ئه‌ویش گوتى: (ده بڕۆ بانگى كه، ده‌ڵێی حەمه‌ى براتى و كۆمه‌ڵێك قژت خستووەته سه‌ر سه‌رت).خێزانه‌كه‌شم له‌به‌ر ئه‌وه‌ى ئه‌و جۆره قسانه‌ى له‌گه‌ڵ ده‌كرد، پێى گوت: (ده بڕۆ ورگ قابله‌مه). ئێمه‌ش ده‌ستمان كرد به پێكه‌نین“.
ئه‌مه ئه‌و پیاوه هونه‌رمه‌نده سیاسییه گه‌وره‌یه بوو، تاكوو ئه‌و رۆژه‌ى له‌پێناو مه‌سه‌له‌یه‌كى پیرۆزى نه‌ته‌وایه‌تى، له‌نێو شۆڕشدا چاوه‌كانى لێك نا و خۆی كرده یه‌كێك له‌و قوربانییانه‌ى شۆڕشى نه‌ته‌وه‌ى كورد.