بارزانى سه‌ردانی مه‌زارى شه‌هید خه‌یروڵا عه‌بدولكه‌ریم ده‌كات
ده‌وڵه‌تى عێراق له سه‌رده‌مى مه‌لیكدا، رۆژبه‌ڕۆژ په‌ره‌ى بە دژایه‌تییه‌كانى بە نه‌ته‌وه‌ى كورد ده‌دا و هێرش و په‌لامارى بۆ خاكى كو‌ردستان ده‌ست پێ كرد. له‌و سه‌روبه‌نده‌شدا، چه‌ندین شۆڕش و راپه‌ڕین بۆ به‌ره‌نگاریى رژێمى مه‌لیكى عێراقى و بۆ به‌رگریكردن له خاكى كو‌ردستان له شارى سلێمانى به سه‌رۆكایه‌تیى شێخ مه‌حموودى نه‌مر و له ده‌ڤه‌رى بارزان به سه‌رۆكایه‌تیى شێخانى بارزان، هه‌ر له شێخ عه‌بدولسه‌لام بارزانیى گه‌وره تا ده‌گات به شێخ ئه‌حمه‌د بارزانى و له‌ویشەوە بۆ مه‌لا مسته‌فا بارزانى سه‌ریان هه‌ڵدا.
شۆڕشى یه‌كه‌مى بارزان له ساڵى 1931، دواتر شۆڕشى دووه‌مى بارزان له ساڵى 1943 به سه‌رۆكایه‌تیى مسته‌فا بارزانى.. ده‌ره‌نجام، بارزانى و بارزانییه‌كان بۆ پشتگیریكردن و به‌هاناچوونى براكانیان له رۆژهه‌ڵاتى كو‌ردستان، روویان كرده شارى مه‌هاباد و به‌شدارییه‌كى كارایان له كۆمارى كوردستاندا كرد. به شاهیدى مێژوونووسان، رۆڵێكى هێجگار گرنگ و مه‌زنیان له به‌رگریكردن و هاریكاریكردنیان بۆ ئه‌و كۆماره، به پێشه‌وایى قازى محه‌مه‌ددا گێڕا، هه‌تا به پیلانى دوژمنانى كورد ئه‌و كۆماره ساوایه جوانه‌مه‌رگ بوو.
پاشان بارزانى به خۆى و زیاتر له 500 پێشمەرگەی كارامه و لێهاتوو، ئاماده نه‌بوون خۆیان راده‌ستى هیچ كام له ده‌وڵه‌تانى ئێران و عێراق و توركیا بكه‌ن، بۆیه دوای چه‌ندین رووبه‌ڕووبوونه‌وه و شه‌ڕى سه‌خت و به‌رگریكردن و شه‌ڕى سێ ده‌وڵه‌ت (ئێران- عێراق- توركیا)، قاره‌مانانه خۆیان ده‌رباز كرد و له 16/6/1947 گه‌یشتنه یه‌كێتیى سۆڤیه‌تى جاران و نزیكه‌ى 12 ساڵ ئاواره‌یى و دوورەوڵاتییان چەشت، هه‌تا به‌رپابوونى شۆڕشى 14ى ته‌مووز له عێراق رووی دا.
عه‌بدولكه‌ریم قاسم، یه‌كێك له فه‌رمانده سه‌ربازییه‌كانى سوپاى عێراق بوو، كه له 14/7/1958 به كوده‌تایه‌كى سه‌ربازی، رژێمى پاشایه‌تیى له عێراق رووخاند و سیستمى كۆماریى راگه‌یاند. ره‌زامه‌ندیى له‌سه‌ر رێگه‌دان به گه‌ڕانه‌وه‌ى مسته‌فا بارزانى و هه‌ڤاڵانى له یه‌كێتیى سۆڤیه‌ته‌وه بۆ خاكى عێراق ده‌ربڕى.
بۆیه بارزانى به فڕۆكه له سۆڤیه‌ته‌وه چووه قاهیره و چاوى به جه‌مال عه‌بدولناسرى سه‌رۆكى میسڕ كه‌وت. كه دواى به‌سه‌ربردنى نزیكه‌ى 12 ساڵ ئاواره‌یى و ده‌ربه‌ده‌رى، له رۆژى 6/10/1958 گه‌یشته‌وه شارى به‌غدا و له ئاپۆرایه‌كى گه‌وره‌ى جه‌ماوه‌ریدا و له‌لایه‌ن گه‌لانى عێراق به كورد و عه‌ره‌ب و نه‌ته‌وه‌كانى دیكه، پێشوازییەکى گه‌رم و پاڵه‌وانانه‌ى لێ كرا. چه‌ند رۆژێك له هوتێل سه‌میرئەمیس له به‌غدا نیشته‌جێ بوو، له‌و كاته‌دا پۆل پۆل جه‌ماوه‌رى كو‌ردستان و شاره‌كانى عێراق سه‌ردانى ده‌كه‌ن، به مه‌به‌ستى به‌خێرهاتنه‌وه‌ى و شادبوونیان به دیدارى بارزانى.
دوای چه‌ند رۆژێك بارزانى له به‌غداوه سه‌ردانه‌كانى بۆ شاره‌كانى كو‌ردستان ده‌ست پێ كرد، وه‌ك ئه‌مه‌ك و وه‌فا و رێز و پێزانینى، چ له ڕابردوودا و چ له‌و ساته‌وه‌خته‌ى سه‌ردانیان كردووه، بۆ سه‌ردان و دیده‌نیكردنى جه‌ماوه‌رى كو‌ردستان و مه‌زارى چوار ئه‌فسه‌ره شه‌هیده‌كه (خه‌یروڵا عەبدولکەریم و مستەفا خۆشناو و محەمەد قودسى و عیزه‌ت عەبدولعەزیز) شاره‌كانى كوردستانى به‌سه‌ر كرده‌وه.
سه‌رله‌به‌یانیى رۆژى 22/10/1958، مسته‌فا بارزانى ده‌چێته ده‌ڤه‌رى بارزان و پاشان دوانیوەڕۆی هه‌مان رۆژدا دێته شارى هه‌ولێر، خه‌ڵكى هه‌ولێر به سه‌رجه‌م چین و توێژەکانه‌وه، به رۆشنبیر و كه‌سایه‌تى و پیاوانى ناسراو و خه‌ڵكى كۆمه‌ڵایه‌تى و کاسبکاران و هتد.. پۆل پۆل ده‌چنه پێشوازى و به‌خێرهاتنى سه‌رۆك بارزانى. هه‌ر له‌و سه‌ردانه‌یدا بۆ هه‌ولێر، بارزانى سه‌ردانى مه‌زارى (خه‌یروڵا عه‌بدولكه‌ریم)، یه‌كێك له چوار ئه‌فسه‌ره قاره‌مانه لەسێدارەدراوەکە كرد.
هەڵوێستی شاعیرانى هه‌ولێر
له‌و سات و كاته‌دا (گۆڤارى هه‌تاو)، به گرنگى و بایه‌خێكى زۆره‌وه، له‌و سه‌ردانه‌ى بارزانى ده‌ڕوانێت و له ژماره (142- 143)دا، دوو راپۆرت و بابه‌تێكى مه‌جید ئاسنگه‌ر و هه‌واڵى سه‌ردانى مه‌زارى (خه‌یروڵا عەبدولکەریم)، له‌گه‌ڵ چه‌ندین هۆنراوه‌ى شاعیرانى هه‌ولێر و ده‌وروبه‌رى له‌و ژمارانه‌ى (هه‌تاو)دا و رۆژانى دواتردا بڵاو ده‌كاته‌وه، كه هه‌موویان گوزارشتن له خۆشى و شادى و ئه‌مه‌ك و وه‌فا و پێ‌زانین بۆ خه‌باتى بارزانیى مسته‌فا و ده‌ربڕینى كامه‌رانى و سۆزى كوردایه‌تی، له رێگه‌ى نووسین و هۆنراوه‌كانى رۆشنبیرانى ئه‌و كاتى خەڵکی هه‌ولێر بۆ شادبوون به دیدارى سه‌رۆكه‌کەیان، كه له هۆنراوه‌كانیان ئه‌مه به روونى به‌دیار ده‌كه‌وێت، كه چه‌نده په‌رۆشى بینین و گه‌ڕانه‌وه و تاسه‌ى دیدارن له‌گه‌ڵیدا.
دوای گه‌شتێكى گه‌ڕان و پشكنین، بابه‌تگه‌لێكمان چنگ كه‌وت، په‌یوه‌ست به‌و رۆژگاره‌ى بارزانى سه‌ردانى شارى هه‌ولێرى كرد، لێره‌دا هه‌وڵ ده‌ده‌ین چمكێك له‌و بابه‌ت و هۆنراوانه بۆ خوێنه‌ر بخه‌ینه روو، ره‌نگه بۆ ئه‌مڕۆ بیره‌وه‌رییه‌كى خۆش و جوان و ره‌نگین بێت، كه جگه له هه‌سته نه‌ته‌وه‌ییه‌كه، دڵپاكى و بێگه‌ردى و له‌خۆبوردوویی تاكه‌كانى نیشتمان پیشان ده‌دات، هه‌روه‌ها ئه‌مه‌ك و وه‌فا و شانازیكردنى هه‌ولێرییان بۆ بارزانى پیشان ده‌دات.
به‌ڵام وه‌ك بیره‌وه‌رى و ده‌ربڕینى خۆشى و شادى و به دیدار شادبوون و تامه‌زرۆبوونى هه‌ولێرییان بۆ به‌خێرهاتنه‌وه و پێشوازیكردنیان له مسته‌فا بارزانى، ده‌رده‌خات له‌و ساته وه‌خته‌دا و له هه‌مان كاتدا له بۆ ئه‌وڕۆش وه‌ك مێژوو و ئه‌ده‌ب و هۆنراوه، گرنگى و بایه‌خ و سه‌نگى خۆى هه‌یه و زۆر شتمان بۆ ئاشكرا ده‌كات. له‌و ساته‌دا خۆشی و شادى و په‌رۆشى كوردایه‌تى و هه‌وڵدان بۆ ده‌سته‌به‌ركردنى ئاشتى و ئازادى ئاوێته‌ى گیانى تاكه‌كانى كۆمه‌ڵگه‌ى كورده‌وارى ببوون.
ئه‌مه‌ش به‌ڵگه‌ى وه‌فادارى و خۆشه‌ویستیى بێ ئه‌ندازه‌ى هه‌ولێرییەکانه بۆ سه‌رۆك و رابه‌ڕه تێكۆشه‌ره‌كه‌یان كه له ساڵانى رابردوودا داكۆكیكارێكى سه‌رسه‌ختى نه‌ته‌وه‌كه‌یان بووه، پێشه‌واى شۆڕش و به‌رخودانه‌كانى كو‌ردستان بووه و وه‌ك تاكه رابه‌ر و سه‌ركرده‌ى كورد لێیان روانیوه، كه له‌پێناو نه‌ته‌وه‌ى كورددا ئاواره و ده‌ربه‌ده‌رى وڵاتان بووه. له‌و ساته‌وه‌خته‌شدا، كه گه‌ڕاوه‌ته‌وه، بووەته هیوا و ئومێدى گه‌ش و چراى رووناكى، هه‌ر بۆیه زۆر کەس ئومێدی له‌سه‌ر هه‌ڵچنی، تاكوو وه‌ك فریادڕه‌سێك نه‌ته‌وه‌كه‌یان بگه‌یه‌نێته ترۆپكى سه‌ركه‌وتن.
له ژماره 142، ساڵى پێنج، رۆژى هه‌ینى 31/10/1958 دا و له لاپه‌ڕه‌كانى (4 بۆ 17 و 18)دا و به ناونیشانێكى گه‌وره ده‌نووسێت و ئەمەی خوارەوە دەقەكەیەتی:
قاره‌مانى كو‌ردستان مه‌لا مسته‌فاى بارزانى له هه‌ولێره
پایه‌به‌رز مه‌لا مسته‌فاى بارزانى، له خاكى پاكى بارزانه‌وه، رۆژى چوارشه‌ممه، ئێوارێ تووشهاتى 22/10/1958 له پڕرا گه‌یشته شارى هه‌ولێر و له‌و یانه‌ى سوپایه‌دا دابه‌زین چه‌ند كه‌سێك كه پێیانزانى چوونه زیاره‌تى.....
پایه‌به‌رز مه‌لا مسته‌فا گوتى: منیش یه‌كێكم له شوان و گاوان و سه‌پان و ره‌نجبه‌ره‌كانتان و به‌ڵكوو خزمه‌تكارى هه‌موو كوردێكم به گاوان و شوانتانه‌وه.
ئیتر بۆ شه‌وێ له‌لایه‌ن سیاده‌تى موته‌سریف (پارێزگار)ه‌وه، بۆ (رێست هاوز) بانگهێشت كران و شه‌ویش بۆ نووستن هه‌ر له ماڵى وان بوون.
هه‌روه‌ها بۆ سبەینێ (رۆژى پێنجشه‌ممه بۆ نیوه‌ڕۆ له لایه‌ن به‌له‌دێوه) بۆ ریست هاوز بانگهێشت كران. هه‌ر رۆژى پێنجشه‌ممه له‌لایه‌ن شاره‌وانیى هه‌ولێره‌وه به سه‌ربڵندیى ته‌شریفهێنانى قاره‌مانى مه‌زن و نه‌به‌زه‌وه، چه‌ند سه‌د كه‌سێك بۆ چا و میوه بانگهێشت كرانه باخچه‌ى ماڵى سیاده‌تى مته‌سه‌ریفى خۆشه‌ویست.
ئینجا كاتژمێر سێى پاشنیوه‌ڕۆ، ده‌سته ده‌سته له هه‌موو تیره و ره‌گه‌ز و پایه‌یه‌ك چوونه ئه‌وێ و پۆل پۆل له دانیشتوان پشتیوانیى مه‌زن مه‌لا مسته‌فاى قاره‌مان به‌ناو دانیشتواندا گه‌ڕان، یه‌ك یه‌ك ده‌ستى گوشین و به‌گه‌رمییه‌وه به‌خێرهاتن و سوپاسى كردن.
له‌و نێوانه‌دا، له‌ده‌ره‌وه هه‌را و هۆریاى قوتابییان و ره‌نجبه‌ر و كرێكاران و دانیشتوانى به‌ڕێزى شارى هه‌ولێر دروست بوو، تێكڕا به یه‌كده‌نگ هاواریان ده‌كرد و ده‌یانگوت: (بژى پێشه‌واى مه‌زن عه‌بدولكه‌ریم قاسم. بژى یه‌كێتى كورد و عه‌ره‌ب. بژى جمهوریه‌تى عێراق به كورد و عه‌ره‌بییه‌وه. بژى قاره‌مانى نه‌به‌ز مه‌لا مسته‌فاى بارزانى). شه‌پۆلى شادمانى و چه‌پڵه‌ڕێزان پایزیان گێڕابوو به به‌هار و ده‌تگوت خۆرى ئازادى له‌سه‌ر ئاسۆى جەژنى نه‌ورۆ، گۆشه‌ى كێشاوه.
پایه‌به‌رز مه‌لا مسته‌فاى مه‌زن، چووه ناویان و زۆر سوپاس و به‌خێرهاتنیانى كرد و له‌ناو ئه‌وانه‌دا قوتابى (سه‌ید عه‌بدولڕه‌حمان) وتارێكى زۆر مه‌ردانه‌ى خوێنده‌وه، قاره‌مانى مه‌زن مه‌لا مسته‌فاى نازدار فه‌رمووى: زۆر سوپاستان ده‌كه‌م، ئێمه هه‌موو لایه‌كمان به كورد و عه‌ره‌به‌وه براین و هه‌موومان پێشمه‌رگه‌ین له‌ژێر فه‌رمانى كاك عه‌بدولكه‌ریمدا، منیش هه‌ر یه‌كێكم وه‌كوو ئێوه و ئێوه‌ش هه‌روه‌كوو من وان، ئێستا بار له‌سه‌ر شانى ئێوه‌یه، ده‌بێ هه‌موو لایه‌كمان بۆ پارێزگاریى نیشتمان و جمهوریه‌ته خۆشه‌ویسته‌كه‌مان، له‌ژێر سه‌ركرده‌یى كاك عه‌بدولكه‌ریم قاسمدا گیانبازى و به‌ربه‌ره‌كانێتیى ئیستعمار بكه‌ین، له‌سه‌ر ئێوه پێویسته باش بخوێنن و پێش كه‌ون بۆ خزمه‌تى جمهوریه‌ت، لازمه خوو و ره‌فتارتان باش بێ و به‌نیزام بن و رێك كه‌ون و ئه‌و ئامۆژگارییانه له خوێنده‌وارانیش بگه‌یه‌نن). ئیتر ده‌ستى هه‌مووانى گوشى و گه‌ڕایه‌وه ژوورێ.
دواى چاره‌كێكى تر، دووباره هه‌را و چه‌پڵه‌ڕێزان و بژى بژی له‌ده‌ره‌وه له‌لایه‌ن پۆل و كۆمه‌ڵێكى تره‌وه به‌رى ئاسمانى گرت، دیسان قاره‌مانى كو‌ردستان مه‌لا مسته‌فاى بارزانى چووەوه ده‌رێ و به‌خێرهاتن و سوپاسی كردن و گه‌ڕایه‌وه ژوورێ. دواى ده‌مێكى زه‌مزه‌مه و شۆر و هه‌رایه‌ك له‌ده‌ره‌وه په‌یدا بوو، ده‌تگوت قیامه‌ت رابووه، بۆ جارى سێیه‌مین قاره‌مانى دڵسۆز چووه ده‌رێ و زۆرى سوپاس و دڵنیایى كردن.
كاتژمێر چوار هه‌ستان، كه به‌ره‌و كه‌ركووك وه‌ڕێ بكه‌ون، له‌ناو باخچه‌دا له به‌رامبه‌رى رێگایه‌دا به ڕیزه خه‌ڵك راوه‌ستان و به چه‌پڵه‌ڕێزان تا نزیك ده‌رگاى باخچه‌یان به‌ڕێ كرد، به‌ڵام له‌به‌ر قەرەباڵغی و هوروژمى خه‌ڵكى ده‌ره‌وه، رێگاى ئه‌وه نه‌بوو، كه كه‌س بچێته ده‌ره‌وه، ناچار خۆى لێیان چووه پێشه‌وه و فه‌رمووى: هه‌ر رێز و قه‌درێكى ئێوه بۆ منى ده‌گرن له گه‌وره‌یى و شه‌ره‌فى خۆتانه‌وه‌یه و به زمانێكى خۆش و شیرین، كه له هه‌نگوین و شه‌كراوى به‌هه‌شتى خۆشتر و شیرین‌تر بوو، ماڵئاوایى له هه‌موو لایه‌كى خواست و وه‌ڕێ كه‌وتن.
له‌و ده‌شته‌دا، كه ته‌مه‌شاى خه‌ڵكت ده‌كرد، وه‌ك ده‌ریا شه‌پۆلى ده‌دا و ده‌تگوت كه‌س نه‌ك له هه‌ولێردا، به‌ڵكوو له عێراقدا نه‌ماوه و هه‌مووى هاتوونه‌تە پێشوازى و دیده‌نیى قاره‌مانى كو‌ردستان، چونكه خه‌ڵكى هه‌ولێر ئه‌وه‌نده تینووى دیدارى ئه‌و قاره‌مانه دڵسۆزه‌ى خۆیان بوون، كه نایه‌ته نووسینه‌وه.
ده‌ڵێن سه‌رۆكى قاره‌مان و دڵسۆز مه‌لا مسته‌فاى بارزانى، چووه بۆ زیاره‌تى ئارامگەى پاڵه‌وانى نیشتمان و شه‌هیدى ده‌ستى چه‌په‌ڵى ئیستعمار، به‌هه‌شتى ره‌ئیس خه‌یروڵا و ده‌سكه‌گوڵێكیشى له‌سه‌ر دانابوو و دڵخۆشیى خێزانه‌كه‌شى دابووه‌وه.
بارزانى سه‌ردانی مه‌زارى شه‌هید خه‌یروڵا عه‌بدولكه‌ریم ده‌كات
هه‌روه‌ك له ژماره‌ى پاشتردا و له گۆڤارى (هه‌تاو)دا باسێكى به یه‌ك لاپه‌ڕه تۆمار كردووه، کە له سه‌روه‌ختى سه‌ردانه مێژووییه‌كه‌ى (بارزانی)دایه بۆ شارى هه‌ولێر، كه سه‌ردانى مه‌زارى یه‌كێك له چوار ئه‌فسه‌ره شه‌هیده‌كان ده‌كات، كه ئه‌ویش شه‌هید خه‌یروڵا عه‌بدولكه‌ریمه. هه‌ر له‌و ساته‌وه‌خته‌دا گۆڤارى (هه‌تاو) وێنه‌ى بارزانى و یاوه‌رانى له‌سه‌ر گۆڕى شه‌هید خه‌یروڵا. له‌گه‌ڵ نووسینه‌كه‌دا بڵاو ده‌كاته‌وه و به‌م جۆره ده‌نووسێت:
بیره‌وه‌ریی شه‌هیده‌كانى 19ى حوزه‌یران
پاڵه‌وانى كو‌ردستان مسته‌فا بارزانى، كه له رووسیا گه‌ڕایه‌وه، له‌گه‌ڵ چه‌ند دڵسۆزێكى كورد، هه‌روه‌كوو له‌و وێنه‌یه‌ى سه‌ره‌وه‌دا ده‌بینرێ، چوونه دیده‌نى گۆڕى خه‌یروڵاى شه‌هیدى نیشتمان و جوانه‌مه‌رگ.
هه‌ر له‌سایه‌ى كۆماره ئازاده‌كه‌مانه‌وه، كه ئه‌مساڵ له 19ى حوزه‌یراندا لاوه دڵسۆزه‌كانى كو‌ردستان به ئازادیی چوونه سه‌ر ئارامگه‌ى برا شه‌هیده‌كه‌یان خه‌یروڵا عه‌بدولكه‌ریم و هه‌ر له‌و رۆژه‌یدا به ناوى بیره‌وه‌ریی هه‌ر چوار شه‌هیده جوانه‌مه‌رگه‌كانى كوردستانه‌وه، كه خه‌یروڵا عه‌بدولكه‌ریم و عیزه‌ت عه‌بدولعه‌زیز و محه‌مه‌د قودسى و مسته‌فا خۆشناوى نه‌مرن، له شه‌قڵاوه‌دا كۆ بوونه‌وه، مه‌لا ئه‌حمه‌د قورئانى خوێنده‌وه و سروودى ئه‌ى شه‌هیدان له‌لایه‌ن تیپى قوتابییانى خه‌باته‌وه و سروودى كورده سوێنده‌خۆم له‌لایه‌ن قوتابییانى كچانه‌وه كوردستانى جۆش دا.
ئه‌وانه‌ش وتاریان خوێنده‌وه: مامۆستا ساڵح روشدیى حاكم، كاك عه‌بدولعه‌زیز به‌رزنجى، كاك ئیبراهیم خۆشناو، كاك تۆفیق قودسى- براى شه‌هید محه‌مه‌د قودسى، كاك جه‌لال كاك تاهیر، خوشكه فاتیمه خۆشناو و كاوه‌ى به‌رزنجى.
به‌خێر بێنه‌وه
هه‌روه‌ها له هه‌مان گۆڤار و له هه‌مان ژماره‌یدا، وتارێك به ناوى (به‌خێر بێنه‌وه)، به پێنووسى مامۆستا مه‌جید ئه‌حمه‌دى ئاسنگه‌ر نووسراوه و به‌م شێوه‌یه بڵاو كراوه‌ته‌وه:
به‌هۆى شۆڕشى چوارده‌ى گه‌لاوێژى نه‌مر، به پێشه‌وایى سه‌ركرده‌ی كورد و عه‌ره‌ب عه‌بدولكه‌ریم قاسم، قاره‌مان و تێكۆشه‌رانى نه‌به‌زى كورد، ژه‌نه‌راڵ مسته‌فا بارزانى و میرحاج و ئه‌سعه‌د خۆشه‌وى، سه‌ربه‌ست و ئازاد گه‌ڕانه‌وه نیشتمانیى پیرۆز، پاش ئه‌وه‌ى، كه نزیكه‌ى دوازده ساڵى ره‌به‌قیان به ئاواره‌یی برده‌سه‌ر، خۆ باسى خه‌باتى سه‌ختى دوورودرێژ و شۆڕشى خوێناوی، یان هه‌وڵ و تێكۆشان و هه‌ڵسانه‌وه پیرۆزه‌كه‌یان له رووى ئیمپریالیزم و ده‌ره‌به‌گ و كلك و نۆكه‌ره چڵكاوخۆره میلله‌تفرۆشه‌كان و خۆبه‌ختكردن و سه‌روماڵ هه‌رزانكردنیان له‌پێناو گه‌لدا و مه‌ردایه‌تى و ئازایه‌تى و جگه‌رسۆزى و ساردی و گه‌رمى چه‌شتن و شه‌ونخونى و برسیه‌تى و تینوویه‌تى و ئازاركێشانیان له هه‌موو كه‌س ئاشكرایه و پێویست به نووسین ناكات، گشت ئه‌یزانن چۆن و به چ كاره‌ساتێك توانییان له چنگ دڕنده خوێنخۆره‌كانى ئینگلیز و ئه‌مریكا و نۆكه‌ره حه‌یا رژاوه زۆڵه كورد و عه‌ره‌ب و تورك و عه‌جه‌مه روو ره‌شه نیشتمان فرۆشه‌كان رزگار بن و به چ دلاوه‌ریی و مه‌ردایه‌تیه‌كه‌وه خۆیان گه‌یانده قه‌ڵاى ئاشتى و بنكه‌ى ئازادى و دۆستى خه‌مخۆرى گه‌لان، واتا یه‌كێتیی شووره‌وى و نه‌وه سه‌ربه‌ست و ئازادیخواهاكان.
به‌ڵێ ئه‌م شێرانه له ماوه‌ى ده‌ربه‌ده‌رى و ئاواره‌ییشدا، هه‌رچه‌ند له ڕاستیدا ئه‌مانه هه‌رگیز ئاواره و ده‌ربه‌ده‌ر نه‌بوون له نیشتمان، وەک هه‌ر خه‌باتكه‌ر و ئاشتیخواز و تێكۆشه‌رێك و له‌ناو چه‌ند میلله‌تێكدا ژیاون، كه هه‌میشه باوك و براى هاوپشتى خه‌ڵكى به‌شه‌ره‌فن، به‌ڵام چونكه به زۆر و سته‌م و پیلانى داگیركه‌ر و دوژمنى خوێنخۆرى گه‌ل و ئه‌نجامى سه‌رشۆڕى و ناپاكى و دووڕوویى هه‌تیمچه و زۆڵه كورده پوولپه‌رسته بێهه‌سته‌كان له كوردستانى مه‌زن و خۆشه‌ویستدا، به له‌ش و به‌ده‌ن دوور بوون، بۆیه ئه‌ڵێم ئاواره بوون، له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا، به دڵ و به گیان هه‌ر له‌ناو جه‌رگى میلله‌تدا و هۆش و بیریان هه‌ر له خاكى پیرۆزیان بووه و ته‌نیا ساتێك كۆڵى خه‌باتیان نه‌داوه و به‌درێژایى ئه‌و ماوه‌یه هه‌ر له كاردا بوونه و به ئاواتى ئه‌و رۆژه پیرۆزه له خه‌بات و تێكۆشاندا سڵیان لێ نه‌كردووه‌تە و رۆژ و شه‌و خۆیان ئاماده كردووه و به بڕوایه‌كى پۆڵایین و ئیمانێكى بێگه‌رد خزمه‌تى هۆز و مرۆڤایه‌تى و ئاشتى و دواڕۆژێكى به‌ختیاریان كردووه، وا له‌سایه‌ى شۆڕشى گرنگى 14ى گه‌لاوێژدا، راپه‌ڕینه مه‌ردانه‌كه‌ى گه‌لى عێراق، به پێشه‌وایى سوپاى ئازاد و سه‌رۆكایه‌تیى عه‌بدولكه‌ریم قاسم، ئه‌م رۆژه گه‌شه له ئاسۆى وڵات‌دا هه‌ڵات و تیشكى ئازادى و ئاشتى و كامه‌رانى به‌سه‌ر ده‌شت و كێوه‌كانى عێراقى خۆشه‌ویستدا په‌خشه و ئیمپریالیزم و نۆكه‌ره داتاشراوه‌كانى زینده‌به‌چاڵ كران و رۆڵه‌ى راست و جگه‌رسۆزى گه‌ل، كار و فه‌رمانیان گرته ده‌ست، ئیتر له‌سایه‌ى ئه‌م رۆژه پیرۆزه‌دا، قاره‌مانى كو‌ردستان، به‌كوێرایى هه‌ردوو چاوى بێگانه‌ى داگیركه‌رى خوێنمژى زۆردار و نۆكه‌ره ته‌نگه‌ستووره چاوشۆڕه خۆفرۆشه بێده‌سه‌ڵاته داوێنپیسه‌كان، وا به سه‌ربه‌رزى و رووسوورى، خاكى پیرۆزى نیشتمانیان ئاوه‌دان كرده‌وه. هاتنه‌وه‌یان ئاواتى به‌رز و وێردى سه‌ر زوبانى هه‌موو خاوه‌ن هه‌ست و بیرى نیشتمانپه‌روه‌رێكى ئازادیخواز و خه‌باتكه‌رێكى به‌شه‌ره‌ف بوو.
گه‌ڕانه‌وه‌یان به‌م جۆره، دڕكێك بوو له چاوى دوژمنان چه‌قى و تیرێكى ئاگرین بوو له جه‌رگیان درا، ماوه‌ى درۆ و ده‌له‌سه و دووزمانى و ئاژاوه به‌رپاكردنیانى بڕى و تۆپه قوڕێكى نا به ده‌مى زۆروه‌ڕه خۆپه‌رسته‌كان، كه هه‌زارویه‌ك پڕوپاگه‌نده‌ى بێ سه‌روپایان ئه‌كرد و به‌نیازى پیس، ئه‌یانویست لاپه‌ڕه‌ى مێژووى خاوێنى خه‌باتى نه‌ته‌وه‌ى كورد ره‌ش بكه‌ن و كورد و عه‌ره‌ب له برایه‌تیى بكه‌ن.
به‌ڵێ، ئه‌م هاتنه‌وه‌یه‌ى قاره‌مانانى كو‌ردستان، هێزێكى تازه‌ى نایه سه‌ر هێزى برایه‌تى و یه‌كێتیى ئه‌مڕۆ و هه‌تاهه‌تایه‌ى كورد و عه‌ره‌ب، بناغه‌ى خه‌باتى یه‌كسانییانى چه‌سپاند و هۆى یه‌كبوونى هه‌موو كوردێكى به‌شه‌ره‌ف بوو، له‌ژێر سێبه‌ر و سایه‌ى جمهوریه‌ته كۆرپه‌كه‌ماندا و ده‌ستنانه ده‌ستى یه‌ك بۆ به‌تینكردن و پته‌وكردنى به‌ره‌ى یه‌كگرتووى به‌ربه‌ره‌كانێكردنیان له‌گه‌ڵ دوژمنانى گه‌ل و شه‌ڕداگیرسێنه‌رانى و بۆ تێكۆشان به‌تێكڕایی له‌پێناو گه‌شه‌پێدان و چه‌سپاندن و خه‌مڵاندنى ئه‌م جمهوریه‌ت دیموكراسییه ئاشتیخوازه‌ماندا و بۆ نه‌هێشتنى دوودڵى و هه‌موو جۆره ناخۆشى و دڵ یه‌شان و جیاوازى و تۆوى دووبه‌ره‌كى و كرمى ناكۆكى و په‌لاماردانى یه‌كترى.
ئه‌م گه‌ڕانه‌وه‌یه‌یان بارانێكى ره‌حمه‌ت بوو له سه‌ره‌تاى پایزدا به‌سه‌ر وڵات‌دا بارى و به‌ڵگه‌ى خۆشى و كامه‌رانى و به‌ختیارى و یه‌كیه‌تى و هاوكارى و سه‌ركه‌وتنى هێزى میلله‌ت.
كه‌واته هه‌موو هاوار كه‌ین به زار
به‌خێر بێنه‌وه خوایه هه‌زار جار
مه‌رگى نۆكه‌ر و شینى ئیستعمار
ئیمڕۆكه جه‌ژنه له دێهات و شار.
دانیشتوانى هه‌ولێر
هه‌ر له گۆڤارى (هه‌تاو) و له ژماره‌ى داهاتوودا، واته له ژماره (143)ى ساڵى پێنج، له 15/10/1958، لاپه‌ڕه‌كانى (13-14)دا، راپۆرتێكى دیكه له‌لایه‌ن نووسه‌ر (مه‌غدید نانه‌كه‌لى) ئاماده كراوه، سه‌باره‌ت به هاتنه‌كه‌ى مسته‌فا بارزانى بۆ شارى هه‌ولێر، كه به‌م شێوه‌یه و به ناونیشانێكى گه‌وره ده‌نووسێت:
دانیشتوانى شارى هه‌ولێر به دیدارى قاره‌مانى كو‌ردستان مسته‌فا بارزانى شاد بوون
رۆژى چوارشه‌ممه 22/10/1958، له هه‌ولێر رۆژى شادى بوو، له‌م رۆژه‌دا پێشمه‌رگه‌ى ئازادیى به‌ناوبانگ مسته‌فا بارزانى هاته شارى هه‌ولێر. دانیشتوانى هه‌ولێر ده‌مێكه چاوه‌نواڕى هاتن و به‌دیدار شادبوونى قاره‌مانى گه‌وره و خۆشه‌ویستى خۆیان ده‌كرد.
ده‌مێكه ئه‌م ئاره‌زووه له دڵى هه‌موو لایه‌كماندا په‌نگاوى خواردبووەوه، چونكه هه‌موو كوردێك شانازیى به كرده‌وه و خه‌باتى دلێرانه‌ى مسته‌فا بارزانى ئه‌كات، هه‌موو كوردێك به هاتنه‌وه ناوباوه‌شى نیشتمان و بۆ باوه‌شى عێراق، بۆ باوه‌شى جمهوریه‌تى كورد و عه‌ره‌ب، سه‌ربه‌رز و شاد و به‌ختیاره.
سوپاس بۆ یه‌زدان، سوپاس بۆ میلله‌تى وچان نه‌ده‌ر و رووخێنه‌رى قه‌ڵاى زۆردارى و ئیستعمار، سوپاس بۆ قاره‌مانى نه‌به‌ز عه‌بدولكه‌ریم قاسم، سوپاس بۆ سوپاى ئازادكه‌رى نیشتمان، سوپاس بۆ ئه‌و رۆڵانه‌ى كه له هیچ كاتێكدا سه‌ریان بۆ ئیستعمار و نۆكه‌رانى دانه‌نه‌واند و هه‌میشه دلێرانه له رێى ئازادیى میلله‌ت و سه‌ربه‌خۆیى نیشتمان تێكۆشان و قه‌ت له خه‌بات نه‌كه‌وتن و ئێمه‌یان به‌م رۆژه خۆشه گه‌یاند، كه هه‌زاران رۆژى خۆشترى له‌دوایه. دروودى فراوان بۆ گیانى پاكى جوانه‌مه‌رگه‌كانى رێى ئازادى، ئێمه میوه‌ى ئه‌و داره ئه‌خۆین، كه به خوێنى سوورى شه‌هیدان ئاودراوه و به كۆشش و یاراى ئه‌وانه‌وه پێگه‌یشتووه، بۆیه له‌م رۆژه خۆشه‌دا یادیان ئه‌كه‌ین و كڕنووشى گه‌وره‌ییان بۆ ئه‌به‌ین.
مێژووى عێراقى خۆشه‌ویست، به‌هۆى خه‌بات و گیانبازیى میلله‌ت و سوپاى نه‌به‌ز، به ڕابه‌رایه‌تیى قاره‌مانى ناودار عه‌بدولكه‌ریم قاسم و رۆڵه بارزانییه‌كان، به سه‌رۆكایه‌تیى سه‌ربازى كو‌ردستان مسته‌فا بارزانى گۆڕا.
پێویسته بۆ پاراستنى ئه‌م پیرۆزییه گرنگه، هه‌مووان به سه‌ر و گیانه‌وه ئاماده‌ین، پێویسته بزانین، كه ئه‌م پیرۆزییه هۆی یه‌كگرتنى خه‌باتى میلله‌تى كورد و عه‌ره‌به، بۆیه‌ش ئێمه له وه‌ختێكدا په‌یمان ئه‌ده‌ین، كه هه‌رگیز له خه‌بات نه‌كه‌وین، شانبه‌شانى برا عه‌ره‌به‌كان بچینه پێشه‌وه. هه‌رواش خه‌بات و فیداكاریى برا بارزانییه‌كانمان و دلێرى كورد مسته‌فا بارزانى، هه‌رگیز فه‌رامۆشى ناكه‌ین، بۆیه به هاتنى بۆ هه‌ولێر هه‌موومان سه‌ربه‌رز و شادین.
ئیتر هه‌ر بژى رابه‌رى عێراق عه‌بدولكه‌ریم قاسم، هه‌ر بژى پێشمه‌رگه‌ى ئازاى كو‌ردستان مسته‌فا بارزانى، هه‌ر به‌تین و پایه‌دار بێ یه‌كێتیى كورد و عه‌ره‌ب، بۆ پاراستنى جمهوریه‌ته خۆشه‌ویسته‌كه‌مان.
شاعیرانى هه‌ولێر هۆنراوه‌ى بۆ ده‌نووسن
له گۆڤارى (هه‌تاو)، ژماره 142 ساڵى پێنج رۆژى هه‌ینى 31/10/1958 لاپه‌ڕه (9-10)دا به‌م شێوه‌یه هاتووه: "به بۆنه‌ى گه‌ڕانه‌وه‌ى قاره‌مانى كو‌ردستان ژه‌نه‌راڵ مه‌لا مسته‌فاى بارزانییه‌وه، مه‌لا مه‌سعود (بێبه‌ش) ئه‌م هه‌ڵبه‌سته‌ى داناوه:
له هه‌رلا وه‌ك به‌هه‌شت رازاوه جیهانى كورد و كو‌ردستان
كه ژه‌نه‌راڵ مسته‌فا ده‌رچوو له غوربه‌ت بۆ به‌ره‌و بارزان
به‌ده‌رهات رۆژى رووناكى له‌ژێر هه‌ورى خه‌فه‌ت: یاران
فه‌ره‌ح كه‌وته دڵى عاله‌م، نه‌ما لاچوو هه‌موو غه‌ممان
سوپاس بۆ خوا بكه‌ن ئیتر له هه‌رلا ئه‌ى گه‌لى كوردان
گه‌ینیه رۆژى ئازادى، نه‌ما ئازار و تێهه‌ڵدان
ده‌مێك بوو قاره‌مانى كورد، به زوڵمى زاڵم و زۆردار
به‌ناحه‌ق دوور له خاكى خۆى كرابوو، عاجز و غه‌مبار
به‌ڵام پشتى نه‌دا، وه‌ستا هه‌موو ده‌م زدى ئیستعمار
هه‌تاكو گه‌ییه ئاواتى، نه‌ما نامه‌رد، نه‌ما غه‌دار
سوپاس بۆ خوا بكه‌ن، ئیتر له هه‌رلا ئه‌ى گه‌لى كوردان
گه‌ینیه رۆژى ئازادى، نه‌ما ئازار و تێهه‌ڵدان
هه‌را و وا به‌زمه ئه‌مڕۆكه، زه‌ماوه‌نده له هه‌رلاوه
ئه‌خوێنن بولبول و قومرى به كه‌یف و خۆشى له‌م ناوه
چ رۆژێكى فه‌ره‌ح به‌خشه، دڵى غه‌مگین هه‌موو ساوه
سوپاس بۆ خوا بكه‌ن ئیتر له هه‌رلا ئه‌ى گه‌لى كوردان
گه‌یینه رۆژى ئازادى، نه‌ما ئازار و تێهه‌ڵدان
بژى كورد و عه‌ره‌ب هه‌رده‌م به كه‌یف و خۆشى و شادى
هه‌موو یه‌ك گیان و یه‌ك دڵ بن، له رێى سه‌ربه‌ستى و ئازادى
ئه‌وى (بێبه‌ش) بوو به‌شدارى بكه‌ن، زووبێنه هیمدادى
هه‌تا ناحه‌ز له‌نێوماندا نه‌مێنێ تاكه ئه‌فرادى
سوپاس بۆ خوا بكه‌ن، ئیتر له هه‌رلا ئه‌ى گه‌لى كوردان
گه‌یینه رۆژى ئازادى، نه‌ما ئازار و تێهه‌ڵدان
(هه‌تاو): به بۆنه‌ى پیرۆزبوونى هه‌ولێر به هاتنى مه‌لا مسته‌فاى بارزانییه‌وه
له هه‌مان ژماره‌ى گۆڤارى (هه‌تاو)دا شاعیر (محه‌مه‌د شێخ ته‌ها بالیسانى)، به‌بۆنه‌ى ئه‌و سه‌ردانه مێژووییه‌وه، هۆنراوه‌یه‌ك ده‌نووسێت و له ژماره‌ى 143دا بڵاوی ده‌كاته‌وه كه نووسراوه: به بۆنه‌ى پیرۆزبوونى هه‌ولێر به هاتنى مه‌لا مسته‌فاى بارزانییه‌وه:
چاو ونه، دڵ گه‌شه، یوسف ئه‌وا هاتووه له ده‌ر
خه‌رمانى كه‌یف و گوشادى كه‌وته هه‌ر دڵ بێ خه‌ته‌ر
بێ گۆنه بوو بیر و زیندان بوو به‌جێى دڵپاكه‌كان
سه‌بر و پاكى ده‌ستى گرتن تاجى به‌رزى نانه سه‌ر
حه‌سحه‌سى ئه‌لحه‌ق پڕ به ده‌م هاوار ئه‌كات
بۆ تكاى بوورین و به‌خشین گشت براكان سوجده‌به‌ر
چۆن به‌ناوى ته‌فره‌قه‌ى كورد و عه‌ره‌ب گورگى وڵات
چه‌ند كراسى بێ خه‌تاى سوور كرد به خوێنى حیله‌گه‌ڕ
حه‌ق ئه‌بێ هه‌ر سه‌ركه‌وێ، ناحه‌ق ئه‌بێ هه‌ر لابچێ
یه‌كێتیى كورد و عه‌ره‌ب وه‌ك رۆژه ئێسته شعله‌وه‌ر
په‌نسلینى ده‌ستى پیرۆزى زه‌عیم عه‌بدولكه‌ریم
ده‌رد و میكرۆبى خه‌یاڵى ته‌فره‌قه‌ى چۆن خسته ده‌ر
باخى تینووى یه‌كێتى ئاودا و میوه هاته ده‌ر
تاریكى تاریكى لابرد رۆژى تووڕه‌ى پڕ هونه‌ر
كورد و عه‌ره‌ب پێكه‌وه ده‌م پڕ له خه‌نده دانیشن
شه‌كرى وه‌سڵى یارى یه‌كتر چۆن ئه‌نۆشن بێ كه‌ده‌ر
چه‌ند نه‌به‌ز بۆ رێزى میلله‌ت، عاره‌ب و كورد ده‌ركران
ده‌ست له‌نێو ده‌ست ئێسته پێكه‌وه هه‌وڵئه‌ده‌ن وه‌ك شێرى نه‌ر
پاڵه‌وانى خۆشه‌ویستیش شێخى بارزان هاته‌وه
رۆحى كورد و عاره‌به ئه‌و خۆشه‌ویسته معته‌به‌ر
چاو روون بوو، دڵ كراوه وه‌ختى وێنه‌ى هاته لان
ئێسته ئایا چۆنه دڵمان، خۆى كه هاته به‌ر نه‌زه‌ر
هه‌ر بژى جمهوریه‌ت و عه‌بدولكه‌ریمى خۆشه‌ویست
چه‌ند دڵ و چاوى گوشا كرد، عه‌دل و خۆشى خسته ده‌ر
هه‌ر به‌خێرێ هه‌ر به‌خێرێ قاره‌مانى نیشتمان
سه‌رسه‌ر و چاوى مه هاتى، شێخى ئیرشادى هونه‌ر
بۆ ته‌رەقى شان به‌شانین هیچ كه‌س ناتكا جیا
بۆ ته‌رەقى دین و دنیا پێشكه‌وین ئێمه‌ش له‌گه‌ر
پایه‌به‌رز مه‌لا مسته‌فاى بارزانى
هه‌روه‌ها له هه‌مان ژماره (143)ى گۆڤارى (هه‌تاو) له 15یتشرینى دووه‌می 1958دا شاعیر شێواو (بورهان)- هه‌ولێر، هونراوه‌یه‌كى به ناوى (پایه‌به‌رز مه‌لا مسته‌فاى بارزانى) به‌م جۆره بڵاو كردووەته‌وه:
گه‌وره‌مان یاخوا به‌خێربێى سه‌ر سه‌روچاومان
ره‌ونه‌قت خسته بناغه‌ى مه‌سكه‌نى ئه‌جدادمان
زینه‌تى پێشووى له‌ده‌سچوومان شوكر واهاته ده‌س
كه‌وته ئازادى، وڵات و قه‌وم و جێگه و شارمان
گه‌ر هه‌میشه به‌عزه شت نه‌سرێ له رووى په‌یمان و شه‌رت
گه‌وره هه‌ر عه‌فووى له‌لایه ده‌رهه‌قى بێكارمان
كورد له ده‌فته‌ر خۆسرا له‌و رۆژه ئێوه‌ى چوو له‌ناو
شێخى گه‌وره‌ش چوو به‌جارێ بووینه قه‌شمه‌رى سه‌یان
سه‌رد شوكر دیسا له بارى زاتى یه‌زدانى خودا
كورد له زیلله‌ت ده‌رچوو هه‌ستا هه‌ر بژین گه‌وره‌مان
هه‌ر بژى كورد و عه‌ره‌ب پێكڕا له‌گه‌ڵ عه‌بدولكه‌ریم
هه‌ربژى گشتى نه‌جاتدا ئه‌م زه‌عیمه‌ى عالى شان
جاهیدیش وا كه‌وته جۆش و شه‌وقى ئیشعار و تار
هه‌ر فیداكار و برایه بۆ هه‌موو هاوخوێنه‌كان..
شێرى مه‌یدان هاته‌وه
هه‌ر له سه‌روه‌ختى هاتنى بارزانى بۆ شاره‌كه‌یان، شاعیر (عه‌لى ئاغاى كاكه‌خانى دزه‌یى)، هۆنراوه‌یه‌ك به ناوى (شێرى مه‌یدان هاته‌وه)، به‌م جۆره بڵاو ده‌كاته‌وه:
موژده بێتن شێرى مه‌یدان جه‌رگى كوردان هاته‌وه
رۆسته‌مى ده‌وران و مایه‌ى فه‌خرى كوردان هاته‌وه
مسته‌فا و میرحاج و ئه‌سعه‌دى پڕ هۆش و بیر
تێكشكێنى ئیستعمار و چاوى كوردان هاته‌وه
فه‌زڵه‌كه بۆ كێیه تۆ ده‌یزانى زۆر چاك ئه‌ى برا
بۆ كه‌ریمى پێشه‌وایه هێزى كوردان هاته‌وه
هه‌ربژى بۆ قه‌ومى كوردى كاك كه‌ریمى قاره‌مان
هه‌ر له‌سایه‌ى وى ده‌زانم شێخى بارزان هاته‌وه
ده‌ورى بائد حوكمى فاسد وا له‌بن هاتوو نه‌ما
چوو ناخۆش،ى بوو به خۆشى، مه‌ردى كوردان هاته‌وه
مه‌جلیسى ساده بژى دائم له‌گه‌ڵ عه‌بدولكه‌ریم
ده‌ورى ئیستعمار تێكچوو و شێرى كوردان هاته‌وه
(كاكه‌خانى) تۆ دوعاكه هه‌ر بژى عه‌بدولكه‌ریم
زوڵم و زۆرى ریشه‌كێشا شێخى كوردان هاته‌وه.
گه‌ڕانه‌وه‌ى قاره‌مانانى كو‌ردستان
هه‌ر له هه‌مان ژماره و به‌رواردا له (هه‌تاو)، (عوسمان هه‌مه‌وه‌ندى- هه‌ولێر)، به ناوى (گه‌ڕانه‌وه‌ى قاره‌مانانى كو‌ردستان)، به‌م جۆره ده‌نووسێت:
هاته‌وه نێو كو‌ردستان، سه‌روه‌رى خاكى بارزان
وه‌ته‌ن كه‌وته ئازادى، بوو به ئاهه‌نگ و سه‌یران
چراى شادى هه‌ڵكرا، كاكى ئیستعمار برا
كورد و عه‌ره‌ب به جارێ ئه‌ژین هه‌ر وه‌كوو برا
جیهانم وا رازاوه ده‌رگاى خۆشى كراوه
مژده‌بێ لێت كو‌ردستان رۆڵه‌ى بارزان گه‌ڕاوه
بارزان خاكت زۆر جوانه مسته‌فات لێ میوانه
یاخوا بژى ئه‌م خاكه، جێگاى به‌چكه شێرانه
بارزان رێگه‌ى ژیانم، گه‌وهه‌رى نیشتمانم
ئاوات ئه‌خوازم له تۆ، تۆى دڵشادى كوردانم
هه‌تاكو بارزان ماوه، ئیتر ناچین بۆ دواوه
هه‌ولێر وه‌كو بزانن، سلێمانى و شه‌قڵاوه
بزانن كوردى ئێران سنه و سه‌قز و لاجان
له‌گه‌ڵ خاكى موكریان، گه‌ڕاوه شێرى بارزان
قه‌ڵادزه و شانه‌ده‌ر، كوردستان‌م سه‌رانسه‌ر
شێخى بارزان هاته‌وه له‌گه‌ڵ جووتێ براوه
راستبوو رێگه‌ى خواروچه‌پ كورد قاره‌مانى ده‌ركه‌وت
ئاغا پشتیان چه‌ماوه، رێگه‌یان لێ گیراوه
ئه‌ڵێن بۆ كام لا بچین ناومان له ده‌فته‌ر ماوه
رۆح و گیان بكه‌ین فیدا بۆ جمهوری و بۆ سوپا
بژى وه‌ته‌ن به خۆشى كه‌ریم له‌گه‌ڵ مسته‌فا.
به‌خێر بێنه‌وه
هه‌روه‌ها شاعیرێكى دیكه‌ى هه‌ولێر به‌ناوى كاوه- هه‌ولێر، به بۆنه‌ى هاتنى بارزانى بۆ شاره‌كه‌یان و به ناونیشانى (به‌خێر بێنه‌وه)، هۆنراوه‌یه‌ك ده‌نووسێت و له هه‌مان ژماره‌ى گۆڤارى (هه‌تاو)دا بڵاوى ده‌كاته‌وه، كه به‌م جۆره ده‌ست پێ ده‌كات:
به‌خێر بێنه‌وه ئه‌ى قاره‌مانان
هیواى دواڕۆژى گه‌ل و نیشتمان
میرحاج و ئه‌سعه‌د و سه‌رۆك بارزانى
چراى پرشنگى گشت كوردستانى
پاییزتان گۆڕى كردتانه به‌هار
رازاندتانه‌وه وڵات به گوڵزار
هه‌ورى چڵكنیش له هه‌رده و نسار
نه‌ما ره‌واوه له گه‌ل شه‌وى تار
له‌سه‌ر گه‌ل هه‌ڵات رۆژى شادمان
به‌گه‌ڕانه‌وه‌ى ئێوه‌ى پاڵه‌وان..