سێوێکى سرووشتییە کە دوای مێخەکڕێژکردنی، ماوەى بیست رۆژ تا مانگێک دەخایەنێ تا وشک ببیێتەوە. پاش وشکبوونەوە، بە سەدان ساڵ وەکوو خۆى دمێنێتەوە و بۆن و بەرامەکەى نابڕێت و ئەو مێخەکە دەیپارێزێت و هەر کاتێکی ئاوی لێ بپرژێنێ، دیسان و بەرامەی خۆی هەیە و وەک مادە و کەلوپەلێک بۆ ڕازاندەوە و دیکۆری ژوور و ماڵان و ئۆفیس بەکار دەهێنرێت،
سێوى مێخەکڕێژ نەریتێکى کۆنى کوردەواری و هەڵگرى هێمایەکى ئەڤینداری و ئاشتیخوازانەیە کە لە دوو حاڵەتدا بەکار هێنراوە:
- کاتێک کەسێک ئاشق بووە و نەیتوانیوە خۆشەویستیى خۆى بە زمان دەرببڕێ، سێوێکى مێخەکڕێژ کردووە و بۆ دڵدارەکەى خۆى ناردووە.
- کاتێک دوو ئەڤیندار یان دوو کەس لە یەکتر تۆراون، لایەنێکیان سێوێکی مێخەکڕێژ کردووە و لە پێناو ئاشتبوونەوە بۆ ئەویترى ناردووە.
سێوى مێخەکڕێژ، هێمایەکی کولتووری کوردەوارى
گەلی کورد بە هۆی گەلێک هۆکارنەیتوانیوە میژوو و کلتوری خۆی تۆمار بکات. نەبوون یان لاوازبوونی مێژووی نوسراو و تۆمارکردن، یەکێک لە خاڵە هەرە لاوازەکانی ئەو نەتەوە بووە. هەر بۆیە تا ئێستاش فۆلکلۆر و ئەدەبیاتی فۆلکلۆر و زارەکی ژێدەرێکی سەرکی گەلی کوردە. سێوی مێخەکڕێژ تەمەنێکی دوور و درێژی لەناو فۆلکلۆری کوردیدا هەیە. ئەو سێوە هەر لە کۆنەوە نەسل لە دوای نەسل لە ناو بوخچەی دایەپیرە و لە سەر تاقە و رەفەی ماڵەکاندا شوێنێکی تایبەتی بووە. هەزاران ئەڤیندار پێشکەشی خۆشەویستەکانیان کردوون و بە هەزاران دڵی ڕەنجاوی ئاشت کردۆتەوە.تا ئێستاش گەلێک سێوی مێخەکڕێژ هەن کە تەمەنیان سەرووی سەد ساڵە و لە لایەن هێندێک بنەماڵەکان و بە تایبەتیش لە لادێیەکان پارێزراون. بە داخەوە لە چەند دەیەی ڕابردوو دۆخێکی فەرامۆشکاری بەسەر ئەو بەرهەمشدا هات و وەکوو گەلێک بەرهەمیتر کە نەپارێزران و گرینگیان پێنەدران و لەناو چوون، ئەو سێوەش نزیک لەناوچوون بوو تا بە ڕێکەوت سەیوان سەعیدیان لە ساڵی 1999سێوێکی مێخەکڕێژ لە لایەن دایکی پێدەگات. ئەوەش دەبێتە هەوێنی کۆمەڵێک بەرهەمی هونەری کە لە ساڵی 2003وە دەستیان پێکردوە و تا ئێستاش بەردەوامن.
سێوی مێخەکڕێژ یەکێک لەو بەرهەمانەیە کە هەم خاوەنی ڕەسەنایەتی گەلەکەمانە و هەم لە بواری جوانیناسیدا دەوڵەمەندە و گرینگتر لەوانەش هەڵگری دوو چەمکی بەرزی مرۆڤایەتی واتە ئەڤین و ئاشتییە.
جێگای ئاماژە پێکردنە کە ئەو بەرهەمە وەکوو براندێک بۆ کۆمپانیای "Vinsev' لە و بە هەوڵی هونەرمەند سەیوان سەعیدیان لایەن وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە تۆمار کراوە و لەلایەن دەستەی گشتی گەشتوگوزاری حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بە فەرمی وەکوو سیمبۆل و دیاریی کوردی ناسراوە.