بێڵندانە بۆنەیەکی کوردەواریی تایبەت بە دواین ڕۆژەکانی وەرزی سەرمایە و لە چلەی زستاندا بەڕێوە دەچێت. لەو کاتانەی کە خەڵک بەرەوپیلی نەورۆز دەڕوات و بێڵەکان دادەنرێن و بەفرماڵین نامێنێت، ڕێوڕەسمی بێڵدانەوە دەست پێ دەکات.
بۆ بەڕێوەچوونی ئەم ڕێوڕەسمە خەڵک بە جلی کوردییەوە لەناو ئاواییەکە کۆ دەبنەوە و لە گۆڕەپانی ئاواییەکە ئاگرێکی گەورە دەکەنەوە و دارێکی درێژ لە ناوەندی ئاگرەکە دادەنێن و چەند بەرهەمێکی کشتوکاڵی و خۆماڵیی ناوچەکەش لە چواردەوری ئاگرەکە دادەنێن، کە ئاگرەکە دامرکا، دارەکە بە لای کام بەرهەمدا بکەوێت، واتای ئەوەیە کە ئەو بەرهەمە لەو ساڵەدا زیاد دەکات.
بۆ ئامادەبوون لەو ڕێوەڕەسمەدا هەر یەک لە بەشداربوان لەگەڵ خۆیان خواردن، یان شیرینی دەهێنن کە لە کۆتایی ڕێوەڕەسمەکەدا بەسەر ماڵانی فەقیر و هەژاردا دابەش دەکرێت.
ئەم ڕێوەڕەسمە تایبەتە بە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ساڵانە لە ناوچە و ئاواییەکان بەڕێوە دەچێت.