سەمای ئاگر یەکێکە لە جۆرە جیاوازەکانی بازنەی هەڵپەڕکێی کوردی، لە هەڵپەڕکێ تایبەتەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە. هۆکاری ناولێنانی ئەم هەڵپەڕکێیە بە هەڵپەڕکێی، یان شایی ئاگر، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە وەک چۆن ئاگر لە سەرەتاوە لە ناوەندی دارە کۆکراوەکە دەستپێدەکات، لەم هەڵپەڕکێیەش، شایی لە سەرەتادا لەلایەن سەرچۆپیکێش، کە لە ناوەندی بازنەی شاییکەران دانیشتووە دەستپێدەکات، دواتر چۆن ئاگر گەشە دەکات و دارەکانی تریش گڕدەگرن، بەو شێوەیەش لە پاش سەرچۆپیکێش ئەندامانی تری گرووپەکەش وەک ئاگر بەرز دەبنەوە و شاییەکە گەرم دەکەن.
لەم جۆرە هەڵپەڕکێیە، سەماکاران بازنەیەک دروستدەکەن و بە جارێک هەموویان دادەنیشن و چۆپیکێشیش لە ناوەڕاستی بازنەکەیە. وردە وردە چۆپیکێش بە جووڵە و شاییکردن وەک ئاگر بەرز دەبێتەوە و جۆشوخرۆش دەخاتە ناو گرووپەکە.. دوای ئەوەی چۆپیکێش بە تەواوی گەرم بوو و وەک ئاگر گڕی گرت و گەیشتە لووتکە، دەبێ شاییەکە بباتە ناو گرووپەکە و وا بکات ئەندامانی تری هەڵپەڕکێیەکە چالاک بن، ئەم کارەی سەرچۆپیکێش وەک ئاگرێکە کە وردە وردە دەبێتەوە بە پشکۆ، ئەوجا بە جارێک هەموو سەماکاران گڕدەگرن و گۆڕەپانەکە پڕ دەکەن لە دەنگ و جووڵە و گەرمەی هەڵپەڕکێ دەستپێدەکات.
کاتێ سەرچۆپی دوو دەسماڵە سوورەکەی وەکوو بڵێسەی ئاگر دەسووڕێنێتەوە، ئەندامانی گرووپەکەش بەم شێوەیە دوو دەسماڵی سوور لە دەستیان گرێ دەدەن، پاشان لە کۆتاییدا چۆپیکێش تێکەڵی گرووپی شایی دەبێتەوە و دەستیان دەگرێت، دوای چەند پێچ لە هەڵپەڕکێ، کۆتایی بە هەڵپەڕکێی ئاگرین دەهێنن.