له‌ناو گه‌لى كورددا، گه‌لێك ئافره‌تى ناودار و بەتوانا و لێهاتوو هه‌ڵكه‌وتوون، به‌ڵام كه‌من ئه‌وانه‌ى به ڕاده‌ى حه‌پسه‌خانى نه‌قیب و عادیله‌خانمى جاف، له مێژووى هاوچه‌رخى نه‌ته‌وه‌كه‌یاندا چالاك بوون و ڕۆڵیان گێڕاوه و لاپه‌ڕه‌یه‌كى گه‌شیان له مێژوودا بۆ خۆیان نه‌خشاندووه و ئاكار و كرده‌وه‌كانیان بووبێتە وێردى سه‌ر زارى نه‌وه له‌دواى نه‌وه‌كانى گه‌له‌كه‌مان.
بۆیه هه‌ردووكیان ناویان له تۆمارى مێژووى كورد و به‌رهه‌مى گه‌ڕیدە ڕۆژئاواییەكان و به‌ڵگه‌نامه نهێنییه‌كان و (دیكۆمێنته‌كانى كۆمه‌ڵه‌ى گه‌لان)دا، به ڕاده‌یه‌كى زۆر دیار و به‌رچاوه.
وه‌ك د. كه‌مال مه‌زهه‌ر ئاماژه‌ى پێ داوە، هه‌ڵبه‌ت له‌به‌ر گه‌لێك هۆ ئافره‌تێكى وەك حه‌پسه‌خانى نه‌قیب نه‌یده‌توانى له ڕووداوه‌كانى شه‌ڕى (به‌رده‌ركى سه‌را)ى سلێمانی له 6ی ئه‌یلوولى 1930دا دووره‌په‌رێز بوه‌ستێت. شانازییه بۆ حه‌پسه‌خانى نه‌قیب و كورد، كه ئه‌و یه‌كه‌م كه‌س بوو، له‌سه‌ر خوێنى شه‌هیدانى ڕاپه‌ڕینى شەشى ئه‌یلوول، به شێوازێكى كه‌موێنه هاته ده‌نگ.
بنه‌ماڵه‌ى (شێخان)، وه‌ك چۆن له پیاودا شێخ مارفی نۆدێ و كاك ئه‌حمه‌دی شێخ و شێخ مه‌حموودی قاره‌مانی تێدا هه‌ڵكه‌وتووه، هه‌روه‌ها له ئافره‌ته‌كانیشیاندا (حه‌پسه‌خانی نه‌قیب)یان هه‌بووه، كه یه‌كێكه له ئافره‌ته ناوداره‌كانى كورد و نموونه‌ى ئافره‌تی دڵسۆز و كوردپه‌روه‌ر بووه.
)حه‌پسه‌خان كچی شێخ مارفی شێخ محه‌مه‌دى كوڕى كاك ئه‌حمه‌دی شێخ)ه. له ساڵی 1891 له شارى سلێمانی له‌دایك بووه، ئامۆزاى شێخ مه‌حموودى نه‌مره و خێزانی شێخ قادری حه‌فید (براى شێخ مه‌حموود) بووه. له ئامێزى ئه‌و خێزانه ناسراو و دیندار و شۆڕشگێڕه‌ى كورددا گه‌وره بووه، باوكى لاى عوسمانییه‌كان زۆر ڕێزلێگیراو بووه. بۆیە پێی ده‌ڵێن (حه‌پسه‌خانی نه‌قیب)، چونكه باوكی، كه شێخ مەعرووفه، ناسناوى (نه‌قیب) بووه، ئه‌م ناسناوى نه‌قیبه‌ش له‌لایه‌ن حكوومه‌تی عوسمانییه‌وه پێی به‌خشراوه، به‌هۆی ئه‌وەی نوێنه‌رى (ساداتی شێخان) بووه. دواتریش هه‌مان ناسناو بۆ ئه‌ندامانى تر‌ى خێزانه‌كه‌یان گواستراوه‌ته‌وه.
حه‌پسه‌خان، به‌هۆى لێوه‌شاوه‌یى خۆى و ناوبانگى بنه‌ماڵه‌كه‌یه‌وه له‌سه‌ر شانۆى ڕووداوه‌كانى ئه‌وكاتى سلێمانى و كوردستان ده‌ركه‌وتووه و ناوبانگى به ئازایه‌تى و مه‌ردایه‌تى و دڵفراوانى و زمانشیرینى و ڕه‌وانبێژى و قسه‌زان و تایبه‌تمه‌ندیى دیكە ده‌ركردووه و هه‌ر ئه‌و شاكارانه‌یش بووه هۆى ئه‌وه‌ى ببێته خانمى یه‌كه‌مى سه‌رده‌مى خۆى، له‌سه‌ر ئاستى سلێمانى و خانه‌واده‌كه‌یشیدا.
ماڵی حەپسەخان بووه به نه‌واى ئافره‌تانى شار، بۆ چاره‌سه‌رى كێشه‌كانیان، هەروه‌ك ڕۆڵى به‌رچاوى هه‌بووه له داكۆكیكردن له مافى ئافره‌تان و ڕۆشنبیركردنیان و كردنه‌وه‌ى یه‌كه‌مین قوتابخانه‌ى ئافره‌تان له مێژووى نەتەوەكەیدا، جگه له‌وه‌یش، له كاتى دووەم جه‌نگى جیهانیدا گرووپێكى له ئافرەتانى پێك هێنا، به مه‌به‌ستى كۆكردنه‌وه‌ى هاوكارى بۆ لێقه‌وماوان و نه‌دارانى شار. جگه له‌وه‌ش، له ڕووداوه سیاسییه‌كانى كورددا، وه‌ك ئافره‌تێكى هه‌ڵكه‌وتووى سیاسی ده‌ركه‌وتووه و ڕۆڵى ئه‌رێنیی گێڕاوه.
حه‌پسه‌خان ته‌نیا كوڕێكی هه‌بووە، كه ناوى (شامل) بووە، به‌ڵام ئه‌و كوڕه‌یشی له ته‌مه‌نی یه‌ك ساڵاندا كۆچی دوایی كردووە و له‌و كوڕه زیاتر نه كچی بووه، نه كوڕ.
حه‌پسه‌خانی نه‌قیب، یه‌كێ بووە له ئافره‌ته هه‌ره به‌ناوبانگه‌كانی كورد و به سەردارى ئافره‌تانی شارى سلێمانی داده‌نرا، ئافره‌تێكی دڵنه‌رمی ڕه‌وشتبه‌رزی زمانشیرینی ده‌روونپاك بووه، دیوه‌خانه‌كه‌ى هه‌میشه جمه‌ى هاتووە و پڕ بووە له ژنانی ناوه‌وه و ده‌ره‌وه‌ى سلێمانی، تا ئێستا ئافره‌تان و جه‌ماوه‌رى كوردستان بەگشتى و شارى سلێمانى به‌تایبه‌تى، شانازیى پێوه ده‌كه‌ن و به ڕێزه‌وه لێی دەڕوانن، چونكه شاكاره‌كانى سه‌رده‌مى خۆى، وه‌ك تریفه‌ى مانگه‌شه‌و دەدرەوشێنەوه. هه‌ر ئافره‌تێك دووچارى كێشه و ته‌نگوچه‌ڵه‌مه‌یه‌ك ببووایه، لەڕووی نه‌بوونی و ستەملێكردن، په‌ناى ده‌برده به‌ر حه‌پسه‌خان و ئه‌ویش وه‌ك دایكێكی دڵسۆز و میهره‌بان، به‌پێی تواناى یارمه‌تی ده‌دا و كێشه‌كه‌ى بۆ چاره‌سه‌ر ده‌كرد.
حه‌پسه‌خان لەڕووی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه سه‌ركرده‌ی ڕاسته‌قینه‌ى ئافره‌تان بووە، لەڕووی كوردپه‌روه‌ری و هۆشیارییه‌وه ده‌ستێكی باڵای هه‌بووە، كه نه‌ك هه‌ر ئافرەتان، به‌ڵكوو تێكڕای كوردپه‌روه‌ران شانازییان پێوه ئه‌كرد. هه‌روه‌ها لەڕووی مرۆڤایه‌تیشه‌وه نموونه‌یه‌كی نایاب و دڵگیر بووە.
له دیوه‌خانی حه‌پسه‌خاندا له‌جیاتی باسكردنی جلوبه‌رگی ئاڵوواڵای ژنان و باسكردنی ئەم و ئەو، هه‌میشه باسی خوێنده‌وارى و ڕ‌ۆشنبیرى و یارمه‌تیدانى لێقەوماوان و ڕه‌وشتپاكی و كوردپه‌روه‌ری و هه‌ستى نیشتمانپه‌روه‌رى بووه، دیوەخانه‌كه‌ى قوتابخانه‌یه‌كی به‌رزی كۆمه‌ڵایه‌تیی كوردى بووە، بۆ هۆشیاركردنەوەى تاكه‌كانى كۆمه‌ڵگه‌ى كورده‌وارى.
هه‌وڵێكی بێپایانی داوە بۆ كردنه‌وه‌ى قوتابخانه‌یه‌كی ژنان، كه ژنانی كورد به ئێواران له‌و قوتابخانه‌یه‌دا بخوێنن و فێری نووسین و خوێندنه‌وه ببن. حه‌پسه‌خان خۆیشی بوو به قوتابیی ئه‌و قوتابخانه‌یه كه یه‌كه‌م قوتابخانه‌ى ژنان بوو له مێژووی كورددا. خانوویه‌كی خۆی به‌خشی به فه‌رمانگه‌ى زانیارى، كه بكرێ به قوتابخانه و ئه‌م خانووه‌ى له‌سه‌ر فه‌رمانگه‌ى زانیارى تاپۆ كرد.
له‌گه‌ڵ هاوژینه‌كه‌ى (شێخ قادر حه‌فید)، كه ئامۆزاى خۆى و براى شێخ مه‌حموود بوو، ڕۆڵێكى گه‌وره‌یان بینى له شۆڕشه‌كه‌ى شێخ مه‌حمووددا و له‌و پێناوه‌شدا زۆر ده‌ردەسه‌رییان بینى، تا ئاواره‌بوونیشیان بۆ ڕۆژهه‌ڵاتى كوردستان. هه‌ر له‌و كاته‌دا ژماره‌یه‌ك نامه و بانگه‌وازى گرنگ ئاراسته‌ى ئازادیخوازانى دونیا ده‌كات، بۆ هاوكارى و به‌ده‌مه‌وه‌هاتنى گه‌لى كورد و شۆڕشه‌كه‌ى. له‌ناویشیاندا، نامه گرنگەكەى له ساڵى 1930دا بۆ (عسبەتولئومەم- كۆمه‌ڵه‌ى گه‌لان)، به مه‌به‌ستى هاتنه‌ده‌نگ له‌سه‌ر مافى ڕه‌واى گه‌له‌كه‌ى.
هه‌ر له ڕوانگه‌ی كوردایه‌تیشییه‌وه بوو، هاوكارى و هه‌ماهه‌نگیی بارزانییه دوورخراوه‌كانى له سلێمانى كردووه، چونكه له‌و ڕاستییه گه‌یشتبوو كه ئه‌وان لەپێناو دۆزى ڕه‌واى كورددا زۆر ئازار و مه‌ینه‌تى و ده‌ردەسه‌رى و ئاواره‌بوونیان كێشاوه.
هه‌روه‌ك مامۆستا و نووسه‌رى به‌ئه‌زموون، زاهیر ئه‌حمه‌د سه‌وز ده‌ڵێت: "لهەڕووی مه‌عنه‌وییه‌وه، حه‌پسه‌خانی نه‌قیب و شێخ له‌تیفی شێخ مه‌حموود درێغییان نه‌كرد. مه‌لا مسته‌فا ئامادە بوو تاوه‌كوو هه‌لی بۆ بڕه‌خسێ و خۆی بگه‌یه‌نێتەوە ناوچه‌ی بارزان، ساڵی 1943 هەندێ كەلوپەلی بەهاداری، له ڕێگه‌ی ئه‌سكه‌نده‌ری ئەجزاچی (سەیدەڵی) كه مه‌سیحی بوو، له سلێمانی ده‌فرۆشێت و به پارەكەی سێ تفه‌نگی (بڕنه‌و) ده‌كڕێت، بۆ ده‌ربازبوون. له هه‌نگاوی یه‌كه‌مدا پلانەكە شكستی هێنا، لەو دەمەدا حه‌پسه‌خانی نه‌قیب دۆخەكە چارەسەر دەكات. له هه‌نگاوی داهاتوودا بۆ دەربازبوون، له‌وێوه به‌ره‌و ناوچه‌ی بارزان، ئه‌وجا هۆشداریی دەداتە ده‌وڵه‌ت، بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی خێزانی بارزانی‌یان به سه‌لامه‌تی له سلێمانییه‌وه بۆ زێدی باو و باپیرانیان و چه‌خماخه‌ی شۆڕشی ئازادیخوازیی كورد له‌سه‌ر ده‌ستی مەلا مسته‌فا بریسكه‌ی لێ دایه‌وه".
كاتێ كۆمارى كوردستان دامه‌زرا، حه‌پسه‌خانی نه‌قیب به هه‌موو جۆرێك و به هەموو توانایه‌كیه‌وه كه‌وته یارمه‌تیدانی ئه‌و كۆماره پیرۆزه‌ى كورد، به‌رامبه‌ر بەمه، پێشه‌وا (قازی محه‌مه‌د) سوپاسی كرد و نامه‌یه‌كی گه‌رموگوڕی بۆ ناردووه.
ئه‌م ئافره‌ته دڵسۆزه‌ى كورد، به هه‌موو جۆرێك یارمه‌تیی هه‌ژاران و لێقه‌وماوانی ده‌دا. ئه‌گه‌رچی هه‌ژاریى وه‌ك ده‌ردێكی كۆمه‌ڵایه‌تی، كه له‌و سه‌رده‌مه‌دا نه بە ئه‌و چاره‌سه‌ر ده‌كرا و نه به كه‌سی دیكەیش، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌و به‌خشینه‌ى حه‌پسه‌خان به‌ڵگه بوو بۆ دڵنه‌رمیی ئه‌و دایكه دڵسۆزه و یارمه‌تییه‌ك بوو، كه گەلێك لێقه‌وماوى له ته‌نگوچه‌ڵه‌مه ڕزگار ده‌كرد. ده‌سته ده‌سته له پارچه‌كانی دیكەى كوردستان و له ئه‌ورووپاوه، ژن و پیاو بۆ سه‌ردانی حه‌پسه‌خان ده‌هاتن، هەمیشه ماڵه‌كه‌ى پڕ بووه له‌و میوانانه‌ى، كه له ده‌ره‌وه‌ى سلێمانی و باشوورى كوردستانەوە هاتوون و میواندارییه‌كی كوردانه كراون. كاتێ كه شێخ مه‌حموود له ده‌ربه‌ندی بازیان، له‌لایه‌ن له‌شكرى ئینگلیزه‌وه به‌دیل گیرا، حه‌پسه‌خان له‌گه‌ڵ زۆربه‌ى شێخاندا چوو بۆ ڕۆژهه‌ڵاتى كوردستان، له‌م هه‌ڵاتنه‌دا، حه‌پسه‌خان ده‌ردی نه‌بوونی و برسێتی و ئه‌ركی ڕێگه‌ى زۆر چه‌شت.
مامۆستا شاكر فتاح له نامیلكه‌كه‌یدا بەناوی (ئافره‌تی كورد) نووسیویه‌تی: ”چه‌ند گیراوێكی عه‌ره‌ب (له خه‌ڵكی به‌سره) له زیندانی سلێمانی ده‌بن و گوزه‌رانیان خراپ ده‌بێت، داواى یارمه‌تی له حه‌پسه‌خان ده‌كه‌ن، ئه‌ویش (خۆی ئاسایی) یارمەتییه‌كی باشیان ده‌دا و له نامه‌یه‌كدا بۆیان ده‌نووسێ: (تا له سلێمانیدان، وا بزانن میوانی پووری خۆتانن، ئه‌مه‌ى ناردوومه شتێكی ده‌موده‌سته، بمبه‌خشن له كه‌موكورتی، به‌ڵام بۆ له‌مه‌ودوا هه‌رچیی یارمه‌تییه‌ك كوڕ له دایكی خۆی داوا دەكات، له منی داوا بكه‌ن، تا به دیدارى دایكتان شاد ده‌بنه‌وه من له جێگه‌ى دایكتانم). به درێژایى مانه‌وه‌ی ئه‌و زیندانییانه له سلێمانى، حه‌پسه‌خان هاوكاریى ته‌واویان ده‌كات.
د. كه‌مال مه‌زهه‌ر ده‌ڵێت: ”حه‌پسه‌خانى نه‌قیب یه‌كێكه له شاژنانى كوردستان، ناوى له تۆمارى مێژووى هاوچه‌رخى كورددا گه‌وره و دیاره، ژماره‌یه‌كى زۆر له نووسه‌ر و ڕۆژنامه‌نووسان به ڕێزه‌وه باسیان كردووه. كوردایه‌تیى حه‌پسه‌خان له‌ناو ده‌یان به‌ڵگه‌نامه‌ى نهێنیى ئینگلیزه‌كاندا ڕه‌نگى داوه‌ته‌وه. فوئاد عارف هه‌موو كوردێكى دڵسۆزى خۆش ده‌وێ، به‌ڵام كه‌م كه‌س وه‌ك حه‌پسه‌خان چووەته ناو ناخى ده‌روونیه‌وه. له دانیشتنه ئاوه‌دانه‌كانى خۆیدا هه‌میشه به ڕێز و ته‌قدیره‌وه باسى ده‌كرد“.
هه‌روه‌ها د.كه‌مال له كتێبه‌كه‌یدا به ناوى: (ئافره‌ت له مێژوودا) ده‌ڵێت: ”ویستوومه پیشانی بده‌م، ئافره‌تی كورد له هیچ ئافره‌تێكی دیكه‌ی ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵات و نـاوه‌ڕاست كـه‌متر نییه، ئه‌گه‌ر زیاتر نه‌بێ، چونكه (حه‌پسه‌خانی نه‌قیب، عادیله خانمی جاف، قه‌ده‌م خێر)، ئه‌وانه نموونه‌ی نه‌به‌ردی و قاره‌مانێتیی كورد پیشان ده‌ده‌ن. ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی حه‌پسه‌خانی نه‌قیب، كه له 7ی ئه‌یلوولی 1930دا، واته ڕۆژێك دوای ڕاپه‌ڕینی خوێناویی شه‌شی ئه‌یلوول، نامه‌ى بۆ (مه‌ندووبی سامی) ناردووه، كه له به‌ڵگه‌نامه نهێنییه‌كانی حكوومه‌تی به‌ریتانیا باسیان ده‌كات، 9 جار گاڵته به حكوومه‌تی به‌ریتانیا ده‌كات، گاڵته به دادپەروەریی به‌ریتانیا دەكات“.
د.كاوس قه‌فتان، له بیره‌وه‌رییه‌كانیدا وەها ده‌دوێت: ”حه‌پسه‌خانى نه‌قیب دیاردەیه‌كى سڤیلى كۆمه‌ڵگه‌ى كوردى بوو، ڕۆڵێكى گه‌وره‌ى هه‌بوو له بووژانه‌وه‌ى ڕزگاركردنى ئافره‌ت له كوردستاندا. هه‌ر ئه‌و بوو په‌چه‌ى لادا. دیوه‌خانه‌كه‌ى جێی نزرگه‌ى نه‌ك پیاوه گه‌وره و لێهاتووه‌كانى كوردستان، بگره هه‌تا بیانییه‌كانیش بوو، گه‌ر سه‌ریان له سلێمانى بدابایه، پێش هه‌موو كه‌س سه‌ردانى ئه‌ویان ده‌كرد. له هه‌موو لایه‌كه‌وه دیاریى بۆ ئه‌هات، به‌ڵام لاى نه‌ئه‌مایه‌وه و خێرا ده‌یدا به‌م و به‌و! سه‌ردانى ماڵى ئێمه‌ى ده‌كرد، جارێكیان بینیم (ئوتوویه‌ك)ى كاره‌بایى، كه بۆ یه‌كه‌م جار بوو بگاته سلێمانى، له‌گه‌ڵ خۆیدا هێنابوو و به دیارى داى به لوتفیەى خوشكم. حه‌پسه‌خان سروشتى وا بوو، دیاریى بۆ ئه‌هات، ئەم ده‌یكرد به دیارى بۆ خه‌ڵكى دیكه“.
د. ئاراس محه‌مه‌د ساڵح، سه‌باره‌ت به دامه‌زراندنى لقى ژنان، ده‌نووسێت: ”دەستەیه‌ك له ژنانى خوێنده‌وار و خه‌مخۆرى سلێمانى كه‌وتنه هه‌وڵى دامەزراندنى كۆمه‌ڵه‌یه‌كى هاوشێوه‌ى (كۆمه‌ڵەى زانستى) و نه‌هێشتنى نه‌خوێندەوارى بۆ كچان و ژنان، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته، له ڕۆژى 28ی7ی1930، كۆمه‌ڵێك له خانمان له ماڵى كه‌سایه‌تیى شار، حه‌پسه‌خانى نه‌قیب، كۆ بوونه‌وه، پێشتر له ڕێگه‌ى ڕۆژنامه‌ى (ژیان)، ئاگادارى بڵاو كرابووه‌وه، كه له‌و ڕۆژه‌دا ژنانى شار له كات و شوێنى دیاریكراو كۆبوونه‌وه ده‌كه‌ن، بۆیه ژماره‌یه‌كى به‌رچاو له خانمان ئاماده‌ى كۆبوونه‌وه‌كه ده‌بن. حه‌پسه‌خان وه‌ك ئافره‌تێكى ناسراو و سه‌ر به بنەماڵەى حه‌فید، كه خاوه‌نى پێگه‌ى ئایینى و كۆمه‌ڵایه‌تیى به‌هێز بوون له سلێمانیدا، ڕۆڵى كارا و كاریگه‌رى هەبووه له هۆشیاركردنه‌وه‌ى ژنان و پشتگیریكردنى داواكانیان. یه‌كه‌مین كۆبوونه‌وه بۆ پێكهێنانى یه‌كه‌م ڕێكخراوى ژنان له ماڵى ئه‌واندا و بۆ مه‌به‌ستى بره‌ودان به خوێندن و نه‌هێشتنى نه‌خوێندەوارى و هاوكاریى مادى و مه‌عنه‌وى، له لایه‌ن ئه‌و خانمه هه‌ڵكه‌وتووه‌ى كورده‌وه بۆ ڕێكخراوەكه، به‌ڵگه‌ى دڵسۆزى و هۆشیاریى ئه‌و خانمه‌یه به پرسى ژنان و میلله‌ت و نیشتمان.
ئه‌ندامه سه‌ره‌كییه‌كانى ئه‌و ڕێكخراوه، بریتى بوون له: (حه‌پسه‌خانى نه‌قیب، حەپسه‌خانى عیرفان، به‌دریه شێخ قادر ئه‌فه‌ندى، زه‌كیه میرزا تۆفیق قه‌زاز، ناهیده شێخ سه‌لام، شه‌فیقه سه‌عید ئه‌فه‌ندى). یه‌كه‌م كۆبوونه‌وه‌ى دامه‌زراندنى ئەو ڕێكخراوه له ماڵى حه‌پسه‌خانى نه‌قیبدا كراوه، له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا وتارى حەپسه‌خانى نه‌قیب، له لایه‌ن حه‌پسه‌خانى عیرفانه‌وه خوێندراوه‌ته‌وه، وتاره‌كه له ڕۆژنامه‌ى (ژیان)دا بڵاو كراوه‌ته‌وه، ناوه‌ڕۆكى وتاره‌كه باس له گرنگیى خوێندن و پرۆسه‌ى په‌روه‌رده ده‌كات، به‌تایبه‌ت باس له پێویستیى خوێندن ده‌كات بۆ ژنان و دایكان و گرنگیى خوێنده‌وارى بۆ توێژى خانمان. ناوه‌ڕۆكى وتاره‌كه به‌ڵگه‌ى بەهێزى هۆشیاریى ژنانى سلێمانى و نووسه‌ره‌كه‌یه‌تى له‌و سه‌رده‌مه‌دا.
هه‌ر له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا حه‌پسه‌خانى نه‌قیب مه‌كینه‌یه‌كى دروومانى پێشكه‌ش به ڕێكخراوه‌كه كرد كه به 395 ڕووپیه كڕیبووى، وه‌ك هاوكارى و سوودوه‌رگرتنى ڕێكخراوه‌كه له‌و مه‌كینه‌یه. هه‌ر له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا بڕیار درا خانوویه‌ك بۆ ڕێكخراوه‌كه و قوتابخانه‌ى نه‌هێشتنى نه‌خوێنده‌واریى ژنان بكڕن، هه‌روه‌ها بڕیاریان دا كۆبوونه‌وه‌ى دووه‌م له ماڵى حه‌مه‌ى ئه‌وڕه‌حمان ئاغا بێت، كه كەسایەتییه‌كى ناسراوى شارى سلێمانى و دڵسۆزى پرۆسەی خوێندن و میلله‌ته‌كه‌ى بووه، كه ده‌كاته باپیرى كاك نێچیرڤان بارزانى“.
هه‌روه‌ها د. ئاراس محه‌مه‌د ساڵح، له درێژه‌ى باسه‌كه‌یدا ده‌ڵێت: ”ئه‌م ڕێكخراوە یەكه‌م ڕێكخراوه‌ى ژنان و خانمانه له‌سه‌ر ئاستى كوردستان، كه تا ئه‌وكاته له مێژووى كورددا دروست كراوه. ئامانجى نه‌هێشتنى نه‌خوێنده‌وارى له‌ناو توێژى ژنان و كچان و بڵاوكردنه‌وه‌ى هۆشیارى و ڕ‌ۆشنبیرى بووه. له ڕاپه‌ڕاندنى كاره‌كانى و به‌رده‌وامبوونیدا، له یه‌كه‌م هه‌نگاویدا پشتى به هاوكاریى ئه‌ندامان و خێرخوازان به‌ستووه و چاوه‌ڕێى حكوومه‌ت نه‌بوون“.
دره‌خشانى شێخ جه‌لالى حه‌فید، له‌م ڕووه‌وه ده‌نووسێت: ”حه‌پسه‌خان له خێزانێكى ئایینی‌دا په‌روه‌رده كراوه و له نێوان باوك و دایكێكى ته‌با و خوشكێكى هێمن و میهره‌باندا چاوى كردووەته‌وه و به بیروباوه‌ڕى ئیسلام گۆش كراوه و بۆ خواپه‌رستى و كارى چاكه و خۆشه‌ویستیى مرۆڤ هان دراوه، به چاوى خۆى هه‌ڵسوكه‌وتى ئه‌و دایك و باوكه به‌خشنده و دڵسۆز و دڵپاكه‌ى دیوه و چاوى لێ كردوون و ژیرى و بلیمه‌تیى خۆیشى واى كردووه، زۆر سه‌ركه‌وتووانه جێیان بگرێته‌وه. ئه‌و دایك و باوكه كچه‌كانیان زۆر خۆش ویستووه و بایه‌خیان پێ داون و زۆر به جوانى پەروەرده‌یان كردوون و هیچ درێغییان لێ نه‌كردوون و زه‌مینه‌یه‌كى باشیان بۆ ڕەخساندوون، بۆ ئه‌وه‌ى كه‌سایه‌تییه‌كى به‌هێزیان هه‌بێت و توانایان گه‌شه بكات.
باوكى له زۆر شت‌دا هه‌رده‌م ڕاى وه‌رگرتووه، چونكه هه‌ر له منداڵییه‌وه بلیمه‌تى و وریایى پێوه دیار بووه. سه‌رنجى له زۆر دیارده ئه‌دا و ڕائه‌ما، تا بڵێى بیرتیژ بووە و هیچى له‌بیر نه‌ده‌چوو، هه‌میشه تێبینییه‌كانى له‌مه‌ڕ دیارده و شته‌كان له جێى خۆیدا بووە، دیاره ئه‌م نه‌ریتانه به‌ڵگه‌ى كه‌سایه‌تیى لێهاتوو و شیاون. حه‌زى له پوول و وێنه كۆكردنه‌وه بووە و یه‌كه‌م ژن بووە ئه‌لبوومى بۆ وێنەكانى داناوه و به وێنه‌ى گه‌وره‌پیاوان و ئافره‌تانى گه‌له‌كه‌ى ڕازاندوویه‌تییه‌وه، به‌تایبه‌ت ئه‌و شاندانه‌ى له ئه‌ورووپا و وڵاتانى دیكه‌وه هاتوون بۆ لاى، هه‌روه‌ها وێنه‌ى تێكۆشەرانى گه‌له‌كه‌یشى به ڕێزه‌وه خستووەته ناو ئه‌لبوومه‌كه‌یه‌وه، تا ئێستاش ئه‌و ئه‌لبوومه به‌نرخه به پارێزراوى ماوه‌ته‌وه.
حه‌پسه‌خان زۆر حه‌زى له گه‌شت و گه‌ڕان كردووه و هه‌موو شاره‌كانى عێراقى دیوه، له وڵاتى كوێتیشه‌وه له لایه‌ن خێزانى ئه‌حمه‌د زه‌كى پاشاوه بانگهێشت كراوه و زۆر به جوانى پێشوازیى كراوه و ڕێزێكى ئێجگار زۆرى لێ گیراوه و وه‌ك شازاده‌یه‌ك به‌پیرییه‌وه چوونە و پێشوازیى لێ كراوه.
دواى شه‌ڕى ده‌ربه‌ندى بازیان له ساڵى 1919، تووشى یه‌كه‌م كۆچ و ڕه‌و بوون و گەیشتوونه‌ته نه‌هرى، له ساڵى 1920 له خۆرهه‌ڵاتى كوردستاندا، له‌وێشه‌وه له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌كانى سمایل خانى سمكۆ تووشى ڕه‌و و ئاواره‌ییه‌كى دیكە بوون و گەیشتوونه‌ته هه‌كارى و باشقه‌ڵا له باكوورى كوردستان. دواتر گه‌ڕاونه‌ته‌وه كوردستان و له سلێمانى نیشته‌جێ بووه، تا ماڵئاواییەكەی كه له 12ی نیسانی 1953دا به نه‌خۆشیی شێرپه‌نجه كۆچی دوایی كردووه و له شارى سلێمانى، له گردی (سه‌یوان)، له (گردۆلكه‌ى شێخ حوسێنی قازی) كه پێی ده‌ڵێن (گردی شێخ محه‌مه‌ده بچكۆله) نێژراوه“.
هه‌روەها سۆزان عومه‌ر، له ئاماده‌كردنى بابه‌تێك له‌سه‌ر حه‌پسه‌خانى نه‌قیبدا ده‌نووسێت: ”چی له‌دوای خۆی جێ هێشت؟، جگه له‌و مێژووه پڕ سه‌روه‌رییه، به‌داخەوه تاكو ئێستا هیچ شتێكی ئه‌وتۆ لە دوای حه‌پسه‌خان به‌جێ نه‌ماوه و كاری وا نه‌كراوه بۆ كۆكردنه‌وه و زیندووهێشتنه‌وه‌ی كه‌لوپه‌ل و شوێنه‌واره‌كانی.
چه‌ند ساڵێك پێش ئێستا خوالێخۆشبوو (دره‌خشان حه‌فید) ئه‌لبوومێكی وێنه‌یی ئه‌م كه‌ڵه‌ژنه‌ی بڵاو كرده‌وه و خاتوو (سه‌راب ئه‌حمه‌د بابان)یش چه‌ند پارچه‌یه‌ك له جلوبه‌رگی حه‌پسه‌خانی پێشكه‌ش به مۆزه‌خانه‌ی سلێمانی كرد.
یه‌كێكی تر له‌و كارانه‌ی، كه بۆ حه‌پسه‌خان كراوه، په‌یكه‌رێكی مۆمه، كه له مۆزەخانه‌ی ئه‌منه سووره‌كه داندراوه. ئەگه‌ر گه‌شتیارێك، یان كه‌سێكی بیانی بیەوێت شوێنه‌وارێك لەو ژنه سه‌لار و ڕه‌چه‌شكێنه ببینێ، نا‌ئومێد ده‌بێ“.