حێل ومێخەک، خشڵ و کەرستەیەکی جوانکاری جلوبەرگی کوردی ئافرەتانە، کە لە زۆربەی ناوچەکانی کوردستان بەکاردێت، ئافرەتان بۆ ڕازاندنەوەی خۆیان لەسەر جلی کوردی بە کاری دەهێنن.
حێل و مێخەکی کوردەواری، بریتییە لە ملوانکەی بەردێکی گەورە (بە قەدەر لەپی دەست) لە ناوەڕاست، لە هەردوو لای دوو ڕیز مووروو و زەنگیانە و مێخەک چێندراوە.
هۆکاری بەکارهێنانی مێخەک بۆ دروستکردنی ئەم خشڵە کوردەوارییە،لایەنی بۆنخۆشی و جوانکارییەکەیەتی و هەروا بەرهەمێکی خۆماڵی کوردییە. واتا بەکارهێنانی حێل و مێخەک بێجگە لە لایەنی جوانکاری و خۆ ڕازاندنەوە، هۆکاری تەندروستی و بۆنخۆشیشی هەیە.
ئەم خشلە لە هەموو ناوچەکانی کوردستان، بە تایبەت شارەکانی هەولێر، کەرکووک، سلێمانی، سنە، کرماشان، هەلەبجە و هەورامان بە کار دێت و ئێستاش هەر وەک جاران خواست لەسەر ئەم خشڵە کوردەوارییە زۆرە، بە تایبەت لە کاتی نەورۆز و وەرزی گەشت و سەیران و ئەو ڕێوڕەسمانەی جلی کوردی تێیدا لەبەر دەکرێت.