پیرەمێردی شاعیر، پیرى نه‌سره‌وت، له ساڵى 1925 له‌دواى گه‌ڕانه‌وه‌ى له ئیستانبوڵه‌وه بۆ باشوورى کوردستان و سلێمانى، له‌گه‌ڵ خۆخه‌ریککردنى به کارى ڕۆژنامه‌وانییه‌وه، هه‌وڵ و کۆششێکى زۆر ده‌دا بۆ سه‌رله‌نوێ بووژاندنه‌وەى ڕۆژى نوێبوونه‌وه و جەژنى نه‌ته‌وه‌یى نەورۆز و ئه‌و ڕۆژه و ئه‌و جۆره یادکردنەوانەی کردە کولتوورێکى ڕه‌سه‌نى کورده‌وارى، که دواى خۆیشى هه‌ر درێژه‌ى هەیە.
له ساڵى 1945دا به ئاماده‌بوونى ئه‌دمۆنس، نوێنه‌رى به‌ریتانیا له سلێمانى، پیرەمێرد له گردى مامه‌یاره و کارێزى وه‌ستا شه‌ریف یادى نەورۆزی کردەوە و ''بێکه‌س''ى شاعیر له‌وێ شیعره به‌ناوبانگه‌که‌ى خۆى له‌به‌رده‌می ''ئه‌دمۆنس''دا خوێندەوە که ده‌ڵێت: ''27 ساڵه من ڕه‌نجبه‌رى تۆم، به نان و ئاو و جلوبه‌رگى خۆم...''.
پیرەمێرد ساڵانه له گردى مامه‌یاره هه‌وڵى ڕێکخستنى یادى نەورۆزی ده‌دا به سازدانى ئاهه‌نگ و خۆشى و گۆرانى و هه‌ڵپه‌ڕکێى کورده‌وارى و به‌رگى ئاڵوواڵا و به‌ستنى کۆڕى ئه‌ده‌بى و شیعرخوێندنه‌وه و سازکردنى خواردنى کورده‌واری، وەک یاپراخى گه‌ڵامێو و که‌بابى سلێمانى. زۆر له شاعیرانیش شیعریان بۆ نەورۆز نووسیوه، وه‌ک: حاجى قادرى کۆیى، شێخ نوورى شێخ ساڵح، مام هه‌ژار، هێمن، گۆران، مه‌دهۆش، نه‌جمه‌دین مه‌لا، کامه‌ران موکرى، فه‌ره‌یدوون عه‌لى ئه‌مین، دیلان، ئیحسان فوئاد، شێرکۆ بێکەس، نه‌سرین فه‌خرى، ع.ع. شه‌ونم، قادر برسى و... هتد.
وه‌ک له دیوانه‌که‌ى پیرەمێرددا نووسراوه، بۆ خۆیشى له ساڵى 1948دا جوانترین و نایابترین شیعرى بۆ نەورۆز نووسیوه به ناوى ''ئه‌م ڕۆژى ساڵى تازه‌یه نەورۆزه هاته‌وه... جێژنێکى کۆنى کورده به خۆشى و به هاته‌وه...'' و له کاتى ڕاپه‌ڕین و خۆپێشاندانه‌کانى عێراق له‌دژى حکوومه‌ت له 23/1/1948دا، پیرەمێرد به‌هۆى ڕۆژنامه‌کانى ئه‌و سه‌رده‌مه‌وه ئاگاى له ڕووداوه‌کان بووه، جگه له‌وه‌ش، بە بەرچاوییه‌وه هه‌موو ڕۆژێک خۆپێشاندانى میلله‌ت له به‌رده‌رکى سه‌را، به خوێندنەوەی دروشم به‌رده‌وام بووە.
دیاره شاعیرێکى ڕووناکبیرى نه‌ته‌وه‌یى وه‌ک پیرەمێرد که به دڵ و به گیان له‌ته‌ک گه‌له‌که‌یدا بووە و ئاواتى گه‌وره‌ى به‌جێهێنانى داخوازییه‌کانى بووه، ئه‌و ڕووداوانه کاریان تێ کردووە و بوونه‌ته هه‌وێن بۆ شیعرێکى نوێ که له هه‌موو کوردستان ده‌نگ بداته‌وه، بۆیه که ''حه‌مه ساڵح دیلان''ى شاعیر بۆ نەورۆز داواى شیعرێکى لێ ده‌کات، ئه‌م شیعره به‌رزەى ده‌داتێ که لاپه‌ڕه‌یه‌کى زێڕ‌ینى له مێژووى ئه‌ده‌بى کوردی‌دا گرتووه.
پیرەمێرد که له ڕۆژانى ڕاپه‌ڕینه‌که‌دا ده‌ژیا و به به‌رچاوییه‌وه هه‌ڵمه‌تى شێرانه‌ى لاوانى ئه‌بینى، خوێنى گه‌شى شه‌هیدانى بیر که‌وته‌وه، ئه‌وه‌تا ده‌ڵێ: ''چه‌ند ساڵ گوڵى هیواى ئێمه پێپه‌ست بوو تاکوو پار''، ئه‌مه‌ش وه‌ک مامۆستا فه‌ره‌یدوون عه‌لى ئه‌مین ئاماژه‌ى بۆ کردووه: ”ئاماژه‌یه‌کى ئاشکرایه بۆ له‌سێداره‌دانى چوار ئەفسەرەکه، دیاره ده‌بێ خوێنى ئه‌وان و خوێنى شه‌هیدانى له‌وه‌وبه‌رمان و خوێنى لاوانى ئه‌م سه‌رده‌مه‌ش، واته سه‌رده‌مى ڕاپه‌ڕینه‌که، گوڵێکى ئاڵ بن بۆ به‌هارێکى نوێ، هه‌روه‌ها ڕه‌نگى سوور هێمایه بۆ ئه‌و خوێنه گه‌شه‌ى له چیاکانى کوردستاندا ڕژا و مژده‌ى به‌یانێکى نوێ بۆ گه‌لانى دوور و نزیک ده‌بات. بۆ ئه‌وه‌ش ڕوون بێت که ئه‌گه‌رچى ڕاپه‌ڕینى کانوون هه‌وێن بووه بۆ شیعره‌که‌ى، به‌ڵام داستانى قارەمانێتیى کورد و خه‌باتى خوێناویى ڕۆڵه‌کانى له شیعره‌که‌دا وه‌ک ئاوێنه دەدرەوشێنه‌وه“.
مامۆستا فه‌ره‌یدوون عه‌لى ئه‌مین، سه‌باره‌ت به شیعرى نەورۆز ده‌نووسێت: ”پیرەمێرد مه‌به‌ستى بوو که ''نەورۆز''ى جەژنى نه‌ته‌وه‌یى کورد ببووژێنێته‌وه و شانازیى پێوه بکرێت و کورده‌وارییه‌که به جەژنێکى گرنگى خۆیانى بزانن. له‌به‌ر ئەوه، هاتووه له نەورۆزدا ئاهه‌نگى گێڕاوه و شیعرى بۆ گوتووه و له‌سه‌رى نووسیوه، که له‌م ڕێگه‌یه‌وه توانیى تا ڕاده‌یه‌کى زۆر ئه‌و مه‌به‌سته‌ى بهێنێته دى و کار بکاته سه‌ر میلله‌ت، ئه‌وه‌تا ئێستاش ئه‌وانه‌ى له‌و سه‌رده‌مه‌دا له‌گه‌ڵ ئه‌ودا ژیاون، له هه‌موو ناوهێنانێکى پیرەمێرددا نەورۆز و له هه‌موو نەورۆزێکدا پیرەمێردیان دێته‌وه یاد. نه‌ک هه‌ر ئه‌وه، ده‌توانین بڵێین که ئه‌و شیعرانه‌ى ئه‌و بۆ نەورۆزى نووسیون، که‌ره‌سته‌یه‌کى باشن بۆ دڵ و ده‌روون پێ ئاودانى لاوانى ئێستا و نه‌وه‌ى داهاتووش.
پیرەمێرد له یادى نەورۆزدا چه‌ند جار شیعرى نووسیوه، که ئه‌مه چه‌ند نموونەیەکن له شیعره‌کانى نەورۆز:
مژده بێت ساڵ گه‌ڕایه‌وه
ئاگرى نەورۆز کرایه‌وه
به‌فرى زستان توایه‌وه
گیا و گوڵ و دڵ ژیایه‌وه
پیرەمێرد له نەورۆزى ساڵێکى تردا ده‌ڵێ:
ڕۆژى تازه‌ى ساڵى تازه‌ى ئێمه هات
ڕۆژهه‌ڵات ڕۆژى هه‌ڵات، سه‌رما هه‌ڵات
ئینجا به سروودیش بۆ قوتابییانى گوتووه:
جەژن و به‌هار و گوڵ و گوڵزار
زۆر به نهشئهدار
بولبول له‌سه‌ر گوڵ ده‌خوێنێ
دنیا زینده‌گى ئه‌نوێنێ
دواشیعرى پیرەمێرد بۆ نەورۆز ئه‌وه‌ى نەورۆزى ساڵى (1948)ه که له هه‌موویان به‌ناوبانگتره و ده‌ڵێت:
ئه‌م ڕۆژى ساڵى تازه‌یه نەورۆزه هاته‌وه
جەژنێکى کۆنى کورده به خۆشى و به هاته‌وه...
مامۆستا مسته‌فا ساڵح که‌ریم، له کتێبی ''باخێک له وشه، گه‌شتێک به ژیاننامه‌ى پیرەمێرددا'' ده‌نووسێت: ”نەورۆز ئه‌و ڕۆژه پیرۆزه‌ی که بووەته مایه‌ى شانازى و سه‌ربه‌رزیى گه‌لى کورد، ڕۆژێکى نوێیه له ڕۆژانى سه‌رکه‌وتن و نیشانه‌یه‌کى پرشنگداره بۆ خه‌باتى شۆڕشگێڕانه‌ى نه‌پساوه‌ى ئه‌م میلله‌ته. ئاهه‌نگه‌کانى ئه‌م جەژنه نه‌ته‌وه‌ییه قه‌رزارى که‌ڵه‌شاعیرى کورد، پیرەمێردن که زۆربه‌ى لاوانى کورد، به‌تایبه‌تى له شارى سلێمانی، به‌هۆى ئاهه‌نگه‌کانى ئه‌وه‌وه، خۆشه‌ویستیى ئەم ڕۆژه مه‌زنه له دڵ و ده‌روونیاندا چه‌که‌ره‌ى کردووە، خوێنه‌رانى کوردیش لەڕێى شیعره‌کانییه‌وه که بۆ نەورۆزى ده‌گوت، زیاتر شه‌یداى بوون.
پیرەمێرد که له ئیستانبوڵ گه‌ڕایه‌وه، ده‌ڵێت: ''که هاتمه‌وه ئێره جارێکیان هه‌روا له خۆمه‌وه نەورۆزم هاته‌وه بیر، که ئه‌مه ''عه‌نعه‌نه'' و پیشه‌یه‌کى باو و باپیرانمانه، ئێواره‌یه‌کى شه‌وى نەورۆز هه‌ندێ دارم کڕى و کوڕگه‌لى زانستیم هه‌ڵگرت و چوومه گردى یاره، ئاگرى نەورۆزم کرده‌وه، بۆ به‌یانى سه‌یرانم کرد و له‌و ده‌شته به ده‌هۆڵ و زوڕنا و هه‌ڵپه‌ڕین، نان و چێشت و چایه‌کى زۆریشم تیا به‌شییه‌وه''. ئیتر به‌و پێیه خۆى کرد به خاوه‌نى نەورۆز، تا ئه‌و ساته‌ى که مه‌شخه‌ڵى نەورۆزى دایه ده‌ست لاوان و قوتابییان، هه‌موو ساڵێ ئه‌و ئاهه‌نگه‌ى ده‌گێڕا، ویستى ئه‌م جەژنه نه‌ته‌وه‌ییه ببووژێنێته‌وه و له‌لایه‌ن هه‌موو جه‌ماوه‌ره‌وه بایه‌خى پێ بدرێت و پێشوازییه‌کى وابێت که شایانى جەژنێکى نه‌ته‌وه‌یى بێت، جگه له‌و ساڵانه‌ى که بەدکاران ئاگره‌که‌یان ده‌کوژانده‌وه و نەورۆزیان لێ قه‌ده‌غه ده‌کرد.
ساڵى 1935 پیرەمێرد له ڕۆژنامه‌که‌یدا بانگى نەورۆزى به گوێى میلله‌تدا دا و بیرى خستنه‌وه که ئه‌م ڕۆژه جەژنى باو و باپیرانمانه. پیرەمێرد نیازى وایه شه‌وى بیست و یه‌کى ئادار به یادى گیانى باوک و باپیر له‌سه‌ر گردى یاره ئاگرێکى نەورۆزى بکاته‌وه و ئه‌و ڕۆحه بڵندانه بانگ بکا، هه‌ر له ئێواره‌یشه‌وه دوازده سەماوه‌ر له‌سه‌ر (کارێزى شه‌ریف- مه‌ڵبه‌ندى جوانان) ده‌م ده‌کرێ، هه‌ر که‌سێک نەورۆزنامه‌یه‌کیش بنووسێ، چا و مێوژ و گوێز و حه‌ڵواى گه‌زۆى ده‌درێتێ، به‌ڵام نەورۆزى ساڵى 1945 له‌به‌ر ئه‌وه‌ى ڕووداوێکى ئه‌ده‌بیی گرنگى تیا ڕووى داوه، بۆیه له مێژووى نەورۆزدا شوێنێکى شیاوى هه‌یه.
له هه‌موو ئان و زه‌مانێکدا نه‌یار هه‌بوون و هه‌ن، دیاره له‌و ساڵانه‌دا به‌یت و بالۆره و هه‌مه‌جۆر به‌ندوباو دژى نەورۆز گوتراوه، بۆیه له ساڵى دواییدا پیرەمێرد له‌وه ده‌دوێ که ''نەورۆز هى خۆمانه و به هه‌واى هیچ لایه‌نێک نییه، ئاگرى نەورۆزیشمان به سیاسه‌تى هیچ لایەک جۆش ناخوا''.
هه‌ر له‌و قۆناغه‌دا، واته له گه‌رمه‌ى گه‌شه‌کردنى گیانى کوردایه‌تى له سلێمانیدا، مەجید یه‌عقووبى بوو به موته‌سه‌ڕیفى سلێمانى له‌به‌ر ئه‌وه‌ى شۆڤێنى بوو، که‌وته دژایه‌تیى پیرەمێرد و چه‌ند تۆمەتى خسته پاڵ، وه‌ک هاندانى لاوان بۆ یاخیبوون و بڵاوکردنه‌وه‌ى بیرى نه‌ته‌وه‌یى له ڕۆژنامه‌که‌یدا و ئاگرکردنه‌وه بۆ نەورۆز. سه‌ره‌تا کۆمه‌ڵه‌ى (زانستى) داخست، که یه‌که‌م قوتابخانه بوو بۆ له‌ناوبردنى نه‌خوێندەوارى، پاشان ڕۆژنامه‌ى (ژیان)یشى داخست، ئه‌مجار ئاهه‌نگى نەورۆزیشى قه‌ده‌غه کرد، که هه‌رسێ کرده‌وه‌که‌ى له گیانێکى ڕه‌گه‌زپه‌رستییه‌وه جێبه‌جێ کرد.
ساڵى 1944 پیرەمێرد له‌وه ده‌دوێ که چه‌ند به‌ته‌نگ نەورۆزه‌وه بووه و چۆن کردوویه‌تى به جەژنێکى میللى، به‌ڵام ناحه‌زان به گڕى ئاگرى نەورۆز له‌شیان داهێزراوه، بۆیه په‌له‌قاژێى زۆریان کردووه که ئه‌و ئاهه‌نگه جه‌ماوه‌رییه کوێر ببێتەوه و ده‌ڵێت: ”چوونه لاى موته‌سه‌ڕیفى ئه‌وسا شکاتیان کرد، چه‌رمه‌سه‌رییه‌کى زۆریان داین و قوتابیى زانستى حه‌پس کران و غه‌زه‌ته‌که‌یان داخستم، که‌س نەیوێرا بێ به لاما“.
ئاهه‌نگه‌کانى نەورۆز که پیرەمێرد سه‌رپه‌رشتیى ده‌کرد و به ئاگرى ده‌روونى گڕى نەورۆزى خۆش ده‌کرد. ئه‌م پیاوه مه‌زنه ده‌بێ خۆشه‌ویستیى خاک و نه‌ته‌وه‌که‌ى له دڵیدا چه‌ند چه‌سپیو بووبێت که به‌تەنیا ڕۆژنامه به‌ڕێوه ببات و سه‌رپه‌رشتیى زانستى بکات و خه‌ریکى کۆڕى ئه‌ده‌بیى قه‌له‌نده‌رخانه‌که‌ى بێت و له‌گه‌ڵ فریشته‌ى شیعردا هه‌میشه ئاشنا بێت و په‌ندى پیرەمێرد بکا به وێردى سه‌ر زمانى خه‌ڵک و ساڵانه‌ش پێشوازیى نەورۆز به‌و شێوه ڕێکوپێکه بکات و گیانى کوردایه‌تى له دڵى لاوان‌دا زیاتر جۆش بدات.
هه‌روه‌ها مامۆستا ''سدیق ساڵح''یش له‌م ڕووه‌وه گوتى: ”پێش ئه‌وه‌ى پیرەمێرد ئه‌و ده‌سپێشخه‌رییه بکا و نەورۆز بکات به جەژنێکى نه‌ته‌وه‌یى، شتێک نه‌بووه به ناوى نەورۆزه‌وه، به‌ڵام هه‌ندێ داب و نه‌ریتى کۆن هه‌بوون''. پیرەمێرد خۆى ده‌ڵێت: ''کاتێک که فه‌قێ بووه له حوجره له لاى مه‌لا خوێندوویه‌تى، که گه‌یشتووه‌ته نەورۆز، مه‌لا نەورۆزنامه‌ى بۆ نووسیونه‌ته‌وه، ئیتر ئه‌مانیش سه‌رمه‌ست بوون و پاره‌یان له ماڵه‌وه سه‌ندووه و چوون بۆ که‌یف و سه‌فا و خۆشى''.
کاتێک له ئیستانبوڵیش ده‌گه‌ڕێته‌وه، بیر له‌وه ده‌کاته‌وه که کورده‌وارییش پێویستى به چه‌ند ڕۆژێکى تایبه‌ت هه‌یه که ببێت به مایه‌ى یه‌کخستن و کۆکردنه‌وه‌ى خه‌ڵک، له‌به‌ر ئه‌وه، گه‌ڕانه‌وه‌ى پیرەمێرد بۆ سه‌رده‌مى ڕابردوو، گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ سه‌رده‌مى منداڵى، بۆ ڕۆژانى سه‌ربه‌ستى، که ئه‌و نەورۆزنامه‌ى بۆ نووسراوه‌ته‌وه، چونکه هەستى کرد ئه‌و داب و نه‌ریته کۆنه به حوکمى ساڵانێکى زۆر ده‌ستبه‌سه‌رى، ورده ورده کاڵ بووەته‌وه.
پیرەمێرد هه‌وڵ ده‌دات ئه‌و ڕۆژانه زیندوو بکاته‌وه، دیاره زیندووکردنه‌وه‌که‌شى هه‌روا کارێکى ئاسانى بێ گرێوگۆڵ نه‌بووه، زۆر کۆسپى له‌به‌رده‌مدا بووه، به‌ڵام لەبه‌ر ئه‌وه‌ى خۆى سه‌رپه‌رشتیى قوتابخانه‌ى زانستیى کردووه، که قوتابخانه‌یه‌کى ئه‌هلى بووه بۆ فێرکردنى خه‌ڵک، له‌و ڕۆژانه‌دا هاتووه ئه‌و قوتابییانه‌ى هێناوه و خۆى دارى کڕیوه و بردوونى له‌سه‌ر گردى مامه‌یاره ئاگرى کردووەته‌وه. له‌و سەرده‌مه‌دا خه‌ڵک به‌گشتى دیندار بووه و ئه‌مه‌یان به ئاگرپه‌رستى و به زیندووکردنه‌وه‌ى ئایینى زه‌رده‌شتیى داناوه.
له‌به‌ر ئه‌وه، به‌شێک له مه‌لاکان و به‌شێک له خه‌ڵک ئه‌م نه‌ریته‌یان پێ خۆش نه‌بووه و زۆر تۆمه‌تیان داوه‌ته پاڵ پیرەمێرد و وه‌کوو کوفر و لادەر له دین ناساندوویانه. له‌به‌ر ئه‌وه، زۆر کۆسپ و ته‌گه‌ره هاتووەته ڕێگه‌ى، هه‌م له لایه‌ن خه‌ڵکەوە و هه‌م له لایه‌ن حکوومه‌تى پاشایه‌تیى عێراقیشەوە که پێى خۆش نه‌بووه ئه‌م نه‌ریته ببێته هۆى کۆکردنه‌وه‌ى خه‌ڵک، بۆیه له‌به‌رده‌میدا ڕێگر بوونە، به‌تایبه‌ت له سه‌رده‌مى ''عه‌بدولمه‌جید یه‌عقووبى''دا که موته‌سه‌ڕیفى سلێمانى بووه و ته‌نانه‌ت ساڵێکیش نەیهێشتووه ئه‌و ئاگره بکاته‌وه، هەروەها شیوعییه‌کانیش ده‌بنه ڕێگر له‌به‌رده‌میدا. پیرەمێرد زۆر کۆسپ و ته‌گه‌ره‌ى له‌به‌رده‌مدا بووه، به‌ڵام به‌هۆى زیندوویه‌تیى پەیام و پیرۆزییه‌که‌یەوە کۆڵى نه‌داوه.
له سه‌رده‌مى ژیانیدا یادی نەورۆز ته‌نیا له سلێمانى ده‌کرایه‌وه، به‌ڵام دواجار ئه‌م ڕێوڕه‌سمه په‌ڕییه‌وه بۆ که‌رکووک و هه‌ولێر و ناوچه‌کانى دیکەیش. له‌به‌ر ئه‌وه دەتوانین بڵێین شانازیى گه‌وره‌ى داهێنانى ئه‌م ڕۆژه و کردنى به ڕۆژێکى نەتەوەیى که ئێستا له هه‌ر چوار پارچه‌ى کوردستان ئه‌و ڕۆژه بووەته نه‌ریت و یاد ده‌کرێته‌وه، زیاتر هونه‌ره‌که‌ى و کاره گه‌وره‌که‌ى بۆ لێزانین و کۆڵنه‌دانى پیرەمێرد ده‌گه‌ڕێته‌وه، که توانیى باوەڕ به کاربه‌ده‌ستان و خه‌ڵکیش بکات و دواجار بووه جەژنێکى نه‌ته‌وه‌یى.
جگه له‌وه‌ش، پیرەمێرد گردى مامه‌یاره‌ى هه‌ڵبژاردووه که ئه‌وه‌ش بێ نیاز نه‌بووه، مامه‌یاره خۆى ڕه‌مزێکى قاره‌مانیی ناوچه‌ى سلێمانییه، پیرەمێرد به تیرێک دوو نیشانى پێکاوه، هه‌م یاده‌که‌ى زیندوو کردووەته‌وه، هه‌م ناوى یه‌کێک له ڕه‌مزه‌کانى ئه‌م ناوچه‌یه‌ى زیندوو کردووەته‌وه، جگه له ئاگرکردنه‌وه، هه‌موو چین و توێژێکى بانگهێشت کردووه و چه‌ند مه‌نجه‌ڵ یاپراخ لێنراوه و دابه‌شى سەر ئاماده‌بوان کراوه، له‌گه‌ڵ دوازده سه‌ماوه‌رى چا که گوزارشت بووه بۆ دوازده که‌لوو (بورج)ـەکانى ئاسمان، دواتر بووه‌ته ئاهه‌نگ و خۆشى و هه‌ڵپه‌ڕکێى کورده‌وارى.
کاروان ئه‌بوبه‌کر، سه‌باره‌ت به نەورۆز و پیرەمێرد ده‌نووسێت: ”نەورۆز، وشەیەکى لێکدراوى ئاڤێستایه و له دوو وشه پێک هاتووه، nava، به واتاى ''نوێ'' و razanh، به واتاى ''ڕۆژ''، یان ''تیشک'' که ساڵانه ده‌که‌وێته یه‌که‌م ڕۆژى وەرزى به‌هار و هاوکاته له‌گه‌ڵ یه‌که‌م ڕۆژى ساڵى نوێى کوردى. له‌م ڕۆژه‌دا هەموو ساڵێک ڕۆڵه‌کانى گه‌له‌که‌مان یادى ده‌که‌نه‌وه و به ڕۆژى نیشتمانى و نەتەوەیى خۆیانى ده‌زانن. گه‌وره‌یى نەورۆز له ئاگرکردنه‌وه و پۆشینى به‌رگى کوردى و هاتنه سه‌رشه‌قام و چوونه گه‌شتوگوزاردا خۆى نابینێته‌وه، به‌ڵکوو له‌و هەسته نه‌ته‌وه‌ییه‌دا خۆى ده‌بینێته‌وه که هه‌موو تاکێکى کورد درکى پێ ده‌کا و پێشوازیى لێ ده‌کات، له‌وانه‌یه زۆر بن ئه‌و کوردانه‌ى وه‌ک پێویست ئاماده‌باشی بۆ جەژنه‌کانى دیکەیان نه‌که‌ن، به‌ڵام نەورۆز تایبه‌تمه‌ندییه‌کى خۆى هه‌یه و که‌م که‌س ده‌توانێ هه‌سته نه‌ته‌وه‌ییه‌کانى خۆى بزر بکات و پێشوازیى لێ نه‌کات.
ئه‌گه‌ر باسى نەورۆز له باشوورى کوردستان و به‌تایبه‌تى سلێمانى بکه‌ین، هه‌ڵبه‌ت ناکرێ باسى که‌ڵه‌ڕۆژنامه‌نووس و شاعیرى گه‌وره‌ى کورد، پیرەمێرد، نه‌که‌ین، پیرەمێرد و نەورۆز دوانه‌یه‌کى له‌یه‌ک جیانه‌بووه‌وه‌ن، ئه‌گه‌ر له‌و سه‌رده‌مه‌ى پیرەمێرددا، له سلێمانى و له ڕۆژى نەورۆزدا هه‌ر بۆنه‌یه‌ک کرابێت، بێ گومان و دوودڵى، ده‌ستى پیرەمێردى تێدا بووه، هه‌موو کوردێکیش شیعره جوانه‌که‌ى له هزردا چه‌سپیووە و ئه‌زبه‌ری کردووه که ئه‌سته‌مه له‌بیر بکرێت، ''ئه‌م ڕۆژى ساڵى تازه‌یه نەورۆزه هاته‌وه...''.