کە مامۆستا هەژار دەفەرمووێ:
مزگێنی دا بە سروە بای بەیانی
وا هاتەوە نەورۆزی کوردەواری
هەر ئەو فەرموودەیەی حەزرەتی ئەحمەدی خانی دەڵێتەوە:
بیلجوملە دەچوونە دەر ژ مالان
حەتتا د گەهەشتە پیر و کالان
روژا کو دبیـتە عیـدێ نەورۆز
تەعزیم ژ بوو دەما دل ئەفرووز
چون لای هەردووکیان، کە تەواو لە کورد و مێژووەکەی شارەزا بوون، وەکوو تێکڕای کورد، نەورۆز گرنگە و جەژنی کوردانە.
ئەوەی لێرەدا دەیڵێم بۆ وەبیرهێنانەوەی ئەوەیە کە ئەگەر لە باسی نەورۆزیشدا وەکوو هەموو شتەکانی ترمان، شتگەلێکی سەیروسەمەرە ببیستین، شتێکی نامۆ نییە، چون دیارە کە براوەکان مێژوو دەنووسنەوە، ئەوەتا هەرچی هەڵدەستێ نەورۆز دەکا بە موڵکی خۆی و بە ئارەزووی خۆی دەسکاریی دەکات، ئیدی ئەمەیە کە زۆر نادیاری لە مێژووماندا دروست دەکات، نەك ئەوەی مێژوومان نەبووبێت.
ڕاستکردنەوەی کەمێك لەو چەواشەکارییانەی دەربارەی نەورۆز کراوە، بۆ ئاوکردنە ئەو کێبڕکێ بێمانایە نییە کە زۆر لە دراوسێکانمان هەمیشە کنەی تێدا دەکەن، بەڵکوو بۆ هێنانەوەی مێژووە بۆ سەر ڕێگای ڕاست.
نەورۆز، سەرەتای خاکەلێوە و گەشانەوەی زەوییە، گۆڕینی ئاووهەوایە بۆ خۆشتر، لەم بەشەی گۆی زەویدا. وەرگەڕانی سروشتە (وەرگەڕان یان کودەتای بەهاری)یە. ئەم گۆی زەوییە کە وەکوو زانست پێمان دەڵێت، لە سەرەتاکانی بووندا بەشێك بووە لە خۆر و تەنیا کۆرپەی پڕ لە زیندەگییەتی. بۆیە لەم ڕۆژەدا خۆی بۆ دایکەخۆری دەچەمێنێتەوە، دیارە باوانی کورد کە ئەم ڕۆژەیان بە جەژن ناساندووە، باش لەو ئاڵوگۆڕە گەیشتوون، دە سا دروود بۆ باوانی کورد.
نەورۆز، لە کولتووری ئێمەدا ڕەگێکی قووڵی هەیە و وا چووەتە ناخمانەوە کە هیچ هێزێك نەیتوانیوە شوێنی بلەقێنێت، بەڵێ ئەم جەژنە لە سەردەمی سۆمەرییەکانەوە (کە باوەگەورەی کوردەکانن) هەبووە. ئەوان کە لە چیاکانی زاگرۆسەوە بەرەو خوارووی مێسۆپۆتامیا چوون و شاری (ئوور) یان (وار) کە مانای نشینگە و شوێنگەیە، دروست کرد، زۆر لە دابونەریتیان لەگەڵ خۆیاندا بردووە، یەکێك لەوانە جەژنی زاگمۆگ (نەورۆز)ە. ئەم جەژنە ساڵانە لە 03.21دا بەڕێوە دەبرا. ئەوان بڕوایان وا بوو کە ئەم ڕۆژە ڕۆژی بەزەیی خوداوەندە بۆ ئەوانەی دڵخۆشن، بۆیە خەڵکی دڵخۆش دەبوون و خۆیان دەڕازاندەوە و بۆنی خۆشیان بەکار دەهێنا، سۆمەرییەکان گاهنامە (کالێندەر ـ ڕۆژنامە)یەکیشیان دانابوو کە 03.21یان کردبوو بە ڕۆژی یەکەمینی ساڵ.
کە لە مێژووشدا واوە دێین، دەبینین کە شا دیاکۆ لە یەکگرتنی گۆتۆ و لۆلۆ، کاشی و گەلانی تری زاگرۆس لە ساڵی 700 پ.ز. دەوڵەتی شاهەنشایی مادی پێکەوەنا، ئەو هەواڵە خۆشە لە ڕۆژی نەورۆزدا بڵاو کرایەوە، بۆیە کوردیش ئەو ڕۆژەی پیرۆزتر کردووە و کردوویەتی بە سەرەتای ساڵنامەی کوردی، بەمەش نەورۆز لەپاڵ بەها ژیارییەکەیدا، مانایەکی قووڵتری وەرگرتووە و بووەتە شتێکی ژیانیش، چون لەو ساڵەوە نەورۆز یادی دامەزراندنی دەوڵەتیشە، ئەمە ئەفسانە نییە، بەڵکوو مێژووە و باسی مێرخاسانی کوردە.
دەگوترێت کە کۆرشی ئەخمینی (هەخامەنشی) لە نەورۆزدا بەسەر ئاستیاگی ماددا سەرکەوتووە، چونکە ئەو ڕۆژە کوردەکان لە جەژن و سەیراندا بوون و ئەخمینییەکانیش ئەمە بە هەل دەزانن و پەلاماری ئەکباتان (هەمەدان)ی پایتەخت دەدەن، بەڵێ پارسە ئەخیمینییەکان ناوچەیەکی فیدراڵی ژێردەسەڵاتی مادەکان بوون و ئەشێ لەوەوە نەورۆزیان لەوانەوە وەرگرتبێت (وەکوو چۆن کۆرش خۆی کردە کچەزای ئاستیاگ و گوتی: بەشێکم لە ئێوە. بەمەش ویستی هەستی ئەو سەدان سەرکردە و کەسایەتییە مادانە بۆ لای خۆی ڕابکێشێت و پێی نەگوترێت، داگیرکەر). ئەدی نابینین ئێستاش بە هەمان میتۆد کڕمان دەکەن!
نەورۆز لای زەردەشتییەکانیش، کە دینی سەردەمی ماد بوون، پیرۆز بووە، چون زانیویانە کە تیایدا چ گۆڕانکارییەك لە سروشتدا ڕوو دەدات، هەر بۆیەشە ڕۆژژمێرێکیان داناوە بە ناوی گاشماری مۆغان کە سەرەتاکەی نەورۆز بوو، کەچی کە هاخامەنشیەکان هاتنە سەر تەخت، لە ڕۆژژمێرەکەیاندا پاییز سەرەتای ساڵە.
کە ساڵانی دوایی ساسانییەکان (کە پارسەکان خۆیان پێیان دەڵێن کوردن) هاتنە سەر تەختی فەرمانڕەوایی، نەورۆز بووە گرنگترین جەژنی وڵات و دەوڵەت و تایبەتمەندێتیی زۆری تری وەرگرت و پیرۆزیش کرا و لای ئەوان ئەم جەژنە هۆکاری گۆڕینی دنیای ماتریالییە بۆ دنیای ئایدیایی.
خوێنەرانی بەڕێزی ئەم گوتارە، ئێوەش باش دەزانن، هەموو کەسایەتی و بۆنە و ئایدیایەکی مەزن، بە دینەکانیشەوە، ئەفسانە (میتۆس)ی بە دەورەوە دروست دەبێت. زۆر جارانیش وا دەبێت، ئەفسانەکە شوێنی شتە ڕاستینەکە دەگرێت، جا لێرەدا قسە لەسەر ڕەوایی و ناڕەواییبوونی ئەفسانەکە نییە، هێندەی ئەوەی ئەوە بۆچی چنراوە.
فیردەوسی لە شانامەدا ئەفسانەیەکی بە دەوری نەورۆزدا کێشاوە کە دوور و نزیك پەیوەندیی بە ڕاستیی نەورۆزەوە نییە. جا هەرچەندە شانامە جوان ڕازێنراوەتەوە و بە كتێبی پیرۆزی فارسزمانان دادەنرێت، بەڵام دەبێ بزانرێت کە فیردەوسی ئەم شانامەیەی لە کتێبی (ژیاننامە یان تەئریخی ملووك)ـی ئیبنی موقەففەع وەرگرتووە، کە ئەویش لە خودانامەی ساسانی وەرگرتووە. پاشان دەبێت ئەو ڕاستییە باش بزانرێت باسی کاوە و شۆڕشەکەی زۆر لەو ڕووداوە کۆنترە و سەدان و بگرە هەزاران ساڵ پێشتر لە مێسۆپۆتایا و زاگرۆس ئەو باسە هەبووە.
کاوە، کۆرش نییە و ئاستیاگیشی نەکوشتووە، بەڵکوو کاوە کاوەیە و وەکوو لە ئەفسانەکانی مێسۆپۆتامیادا هاتووە، نەمروودی کوشتووە (هەموو لێکۆڵینەوە شوێنەوارناسییەکان و دینییەکانیش دەڵێن کە نەمروود لە کوردستان بووە). وەکوو دەشزانرێت ئەم ئەفسانەیە (کە لەوانەیە ڕەگی ڕاستیشی تێدابێت)، هەزاران ساڵ لە بوونی دەسەڵاتدارێتیی فارس کۆنترە و منی کوردیش شانازیی پێوە دەکەم. ئەمەش مایەی شەرم نییە، چون وەکوو گوتم تێکڕای ئایدیا و دینەکان پڕن لە ئەفسانە. ئەرێ خێرە ئەوەی ئەوان شانازی بێت و ئەوەی ئێمە شەرم؟
ئەوە ڕاستە کە کۆرشی ئەخمینی ئاستیاگی مادی لە ناو برد کە وەکوو گوتم ئەمە پەیوەندیی بە کاوەی ئاسنگەر و نەمروودەوە نییە. کە فیردەوسیش هاتووە و بە تێکەڵکردنی ئەم دوانە لە ئەندێشەی خۆیدا شتێکی چنیوە، لە دروستکردنی مێژوویەك بۆ فارسەکان زیاتر، شتێك نییە. ئەوەش کە هەندێك کورد ئەو شانامەیە هێندە کاری تێکردوون کە بە ڕاستی بزانن و لەوەوە نەفرەت لە کاوە بکەن (کە بە حساب فارسە) و ئاستیاگی مادی کوشتووە، زیاتر ئەوەیە کە کورد ساڵانێکی زۆرە ژێردەستە و بێدەوڵەتە، ئەمەش وای کردووە ئەوانە ڕکیان لە کولتوور و ڕابوردووی خۆیان ببێتەوە و تەنانەت هەندێک جار نەفرەتیشی لێ بکەن.
نەورۆز، هەزاران ساڵ ڕۆژی پیرۆزی باوەگەورەی کوردان بووە، هەر لە سۆمەری، خۆری، کاشی، گۆتۆ، لۆلۆ ... تا ماد و تا هەنووکەش. هەرچی لایەن و گەلێکیش کوردستانی داگیر کردبێت، بە خەلافەتە ئیسلامییەکانی ڕاشیدین، ئەمەوی و عەباسیشەوە، نەیانتوانیوە لەناوی ببەن، بگرە هەندێکیان، بە تایبەتی عەباسییەکان، ئاهەنگیشیان بۆی گێڕاوە. تا لە سەدەی دوازدەدا مەگۆلەکان هاتن و بە دڕندایەتیی خۆیان زۆر شتیان لەناو برد.
دیارە لەو کاروانە درێژەی مێژووی نەورۆزدا پیرۆزییەکەی زۆرتر و باڵاتر بووە و زۆر ڕووداوی گەورەی تێدا ڕووداوە... سەرکەوتنی کاوەش بەسەر نەمروودا، کە وەکوو هەژدیها بەرببووە خەڵکەکە و بانگەشەی خودایەتیی دەکرد، یەکێکە لەو ڕووداوانەی ئەو ڕۆژەیان پیرۆز کردووە، وەکوو باسیشم کرد ڕووداوگەلێکی زۆری تری تێدا ڕووی داوە.
هەر ئەم پیرۆزی و گرنگییەشە کە وای کردووە لە مێژووی نوێشدا تایبەتمەندێتی و گرنگێتیی گەورەی هەبێت. ئەوەتا لە ساڵی 1919دا لە ئەستەموڵ خەلیل خەیاڵی و مەمدوح سەلیم لەو ڕۆژەدا بەیاننامەی سەری ساڵی کوردییان نووسیوە و لە کوردانیان پیرۆز کردووە و هانیان داون بۆ سەرکەوتن، بڕیار بوو یەکەم شریخەی تفەنگی شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران لە نەورۆزی 1925دا لێ بدرێت، بەڵام بە هەندێك هۆکاری نەویستراو وا دەرنەچوو ... زۆربەی سەرکەوتنەکانی شۆڕشەکانی کورد، لە نەورۆز و دەورووبەریدایە، چون لەو ڕۆژانەدا هەستێکی هاوبەش، هزرێکی ئاهوورایی و کوردویستی لە زۆربەی تاکەکانی کوردایە.
جا ئەگەر هەزاران ساڵی حوکمی داگیرکەران نەیتوانیبێت هزر و پیرۆزیی نەورۆز لە ناخی کوردا بکوژێنێتەوە، دیارە زۆر بێماناییە خۆمان بە شاباشێکی بێبەها، لەو بەها بەرزانەی دابەزێنین و بیکەین بە موڵکی خەڵکی دی.
نەورۆز، نەك پیرۆزە، بەڵکوو لە لوتکەی پیرۆزییەکاندایە، چون جگە لەو هەموو هۆیانە، هێنەری خۆشییە بۆ ناو دڵان و مایەی نزیککردنەوەی هەستەکان و جۆشدانی هزری کوردبوونمانە، بۆیە لە دڵ و مێشکمەوە پیرۆزبایی لە هەموو لایەك، بە خۆشمەوە دەکەم و هومێدی نەکوژاندنەوەی مۆمی ئاواتەکانتان دەخوازم.
جەزای شێخ ڕەزا (هاوبیر)