باڵاخانەی سالار سەعید، یەکێکە لە باڵاخانە مێژوویی و کەلەپوورییە دیارەکانی شاری سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان. ئەم باڵاخانەیە ئێستا وەک مۆزەخانەیەکی فەرمیی شار سوودی لێ وەردەگیرێت بۆ نماییشکردنی کۆمەڵێک کەلوپەلی کۆن کە مێژووی هەندێکیان دەگەڕێتەوە بۆ پێش سەردەمی ئیسلام و سەرەتای ئیسلام لە ناوچەکەدا.
مێژووی باڵەخانەی سالار سەعید دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای سەدی ١٩ی زایینی و لەسەر داواکاری مەلا لوتفوڵڵای شێخولئیسلام، کەسایەتیی دیاری شاری سنە و دادوەری گشتیی پارێزگاکە لە سەردەمی ناسرەددین شای قاجاڕدا دروست کراوە.
لەناو ئەم باڵەخانەیە بەشێکی تایبەت بە ئەنترۆپۆلۆجیا (مرۆڤناسی)ی کوردستان کراوەتەوە و باس لە مێژوو و کولتوور و ژیانی کورد دەکات. باڵەخانەکە ئێستا بەشێکە لە ڕێکخراوی کەلەپوور و کولتووری ئێران کە سەرەپەرشتیی مۆزەخانەکە دەکات.
لە چەند ساڵی ڕابردوودا ئەم باڵەخانەیە بە شێوەیەکی گشتی و لەسەر دیزاینی ڕەسەنی خۆی نۆژەن کراوەتەوە، ئەمەش دوای ئەوە هات کە کەوتنەوەی ئاگرێکی گەورە زیانێکی زۆری بەم باڵەخانەکە گەیاند.