عەرەب قسەيەكى جوانی هەيە، دەڵێین، "ربة صدفة خيرٌ من ألف ميعاد"، واتا هەندێك جار ڕێکەوتێک لە هەزار ژوان باشترە. بۆ ئێمەش بە هەمان شێوە بوو، هەڵكەوتێک لە هەولێر لەگەڵ براى بەڕێزم شێخ هانا نەقشەبەندى كۆی كردينەوە و باسوخواسمان بابەتى كتێب و نووسين و دنياى مەعريفەت و ژیانی پیاوچاکان و ناوداران و زانایانی کوردستان بوو.
لە نێوان قسەكاندا، جەنابى شێخ فەرمووى: ”لەو ڕۆژانە چوومە حوجرەى مزگەوتى خۆمان (خانەقاى هەولێر)، چاوم بەناو هەندێك لە دەستنووس و بەڵگەنامەكاندا گێڕا، سەرنجم كەوتە سەر ئەو بەڵگەنامەيە، (لە مۆبايلەكەيەوە پێشانى دام) كە باسی (رانيە)ی تێدایە“، بۆ من جێگەى خۆشحاڵييەكى زۆر بوو، داوام لێ كرد كۆپييەكەم بداتێ، ئەويش جوامێریى كرد و بە سوپاسەوە، كۆپيیەكى پێ دام، كە لێم وەرگرت و کەوتمە لێوردبوونەوەی، بینیم ئەو نامەیە دەستکەوت و گەوهەرێکی بەنرخە بۆ مێژووی شاری ڕانیە!
گرنگیى بەڵگەنامەكە لە چیدايە؟
١- مێژوو و تەمەنى ئەو نامەيە دەگەڕێتەوە بۆ (٧٤ ساڵ) لەمەوبەر ١٦ی ٥ی ١٩٤٨.
٢- سەلماندنى ئەوەى ٧٤ ساڵ پێش ئێستا ڕانيە قەزا بووە.
٣- لە ڕووى كارگێڕييەوە سەر بە مەئمووريەتى ئەوقافى كۆيە بووە.
٤- ناوەڕۆكەكەى باس لە كۆمەڵێک زانای ئایینیی کوردستان دەکات، لە ناویاندا کەسايەتیی ناسراو و زانای ئايینی، مامۆستا (مەلا پيرۆت)، ئيمام و خەتيبى مزگەوتى گەورەى ڕانيە.
٥- خاڵێكى گرنگى ديكە ئەوە پێشان دەدات، لەتەنيشت ناوى مامۆستا (مەلا پيرۆت) نووسراوە (مجانا)، واتە ئەو زاتە لەو سەردەمدا خۆبەخشانە خزمەتى ئايینیى كردووە، لە بنەڕەتیشدا هەروا بووە، جەنابی مامۆستا (مەلا پیرۆت) تاكوو لە ژیاندا بووە، هیچ مووچەیەکی لەپای کارەکەی وەرنەگرتووە و خانەنشینیشی نەبووە.
لە بەدواداچوونێکم سەبارەت بە کۆکردنەوەی زانیاریی زیاتر دەربارەی ژیان و کەسایەتیی ئەو زانا ئايینييە، لەگەڵ پارێزەر (جەمال کەمال مەلا پیرۆت) نەوەی مامۆستا، دەربارەی باپیری گوتی: ”لە ساڵی ١٨٨٠ لە گوندی ماخۆبزنان لەدایک بووە، لە تەمەنی ٨٧ ساڵیدا و لە ١٩ی ٣ی ١٩٦٧ وەفاتی کردووە، یەکەم کەس بووە لە گۆڕستانی (کونەسێ)ی بناری کێوەڕشی ڕانیە بە خاک سپێردراوە، ١٠ منداڵی هەبووە، دوو کچ و هەشت کوڕ، دوو لە کوڕەكانی بە منداڵی مردوون.
مامۆستا مەلا پیرۆت لە تەمەنی گەنجیدا بۆ خوێندن دەچێتە هەولێر، لە مەدرەسەی مزگەوتی (شێخی چۆلی) وانەی ئایینی دەخوێنێت، پاشان دێتە کۆیە و لای جەنابی (مەلای گەورە) درێژە بە خوێندن دەدات، لەسەر دەستی ئەو زاتە پايەبەرزە، مۆڵەتی مەلایەتی وەردەگرێت.
مامۆستا مەلا پيرۆت، وەک قوتابییەکی زیرەک و بەتوانا، بووەتە جێی سەرنج و گرنگیپێدانی جەنابی مەلای گەورە، تەنانەت قسەیەکی بەڕێزیان هەیە، بە خەڵکی دیوی بتوێنێی گوتووە: ”مادام لای خۆتان مەلا پیرۆتتان هەیە، بۆ دێنە ئەو دیوەی؟“ مەبەستی بووە لە بتوێنەوە مەیەن بۆ کۆیە.
لە تافی لاویەتیدا، مامۆستا بۆ ماوەیەک لە گوندی (سەرسییان) مەلا بووە، ساڵی ١٩٣٣ لەسەر داوای خەڵکی ڕانیە بووە بە ئیمام و وتاربێژی مزگەوتی گەورە و بۆ ماوەی ٣٤ ساڵ ئیمامەتی و وتاری تیادا داوە، بەداخەوە لە دواساڵەکانی تەمەنیدا، بۆ ماوەی ١٠ ساڵ نابینا بووە.
دروود بۆ گیانی پاکی مامۆستا مەلا پیرۆت، کە دۆستایەتییەکی دێرین لە نێوان دوو خانەوادەی بەڕێزیان و ئێمەدا لە سەرەتاوە تاکوو ئێستا بەردەوامە، خۆشم قوتابیی دوو لە کوڕانی جەنابیان بووم، خوالێخۆشبووان هەردوو مامۆستا (حەمەدەمین و سلێمان) یادیان بەخێر.
دەقى وەرگێڕدراوى نووسراوەكە:
بەڕێوەبەرايەتیی گشتیى ئەوقاف ـ دامەزراوە ئايینی و ڕۆشنبيرييەكان ـ ژمارە ٨٧٤٠، لە ڕێكەوتی ١٦- ٥ - ١٩٤٨، بەڕێوەبەرايەتیى ئەوقاف. مەئموريەتى ئەوقافى كۆيە ـ كويسنجق.
وەك دەزانن، كۆى كارەكانى بەڕێوەبەرايەتیى گشتیى ئەوقاف، پەرەپێدانى جووڵانەوەى ئايینييە لە سەرانسەرى عێراق، ئەم بزاڤەش تەواو نابێ و پێك نايەت، ئەگەر پشتيوانیى مامۆستايان و پێشنوێژ و وتارخوێنەكانى لەگەڵدا نەبێت.
ئێمە واى دەبينين کە ئاراستەكردنى زانايان بە گشت جۆر و پیشەكانيانەوە و کارکردنیان بۆ ئەو لايەنە، بە گرنگرترين ئەركيان دادەنرێت، ئەمەش بە هەڵبژاردنى ئەو كەسانەى كە دەزانن ئەهلى ئەو كارەن، لە فەرمانبەرانى ئاماژە بۆكراو، بۆ پێدان و گوتنەوەى وانە و وتار، لەگەڵ دياريكردنى مزگەوتێك لە مزگەوتەكان بۆ هەر يەكيان، بۆ ئەوەی لە كاتى دياريكراودا وانە و وتار پێشكەش بكات، دوو ڕۆژ لە هەفتەيەكدا، لە ماوەى مانگەكانى ڕەجەب و شەعبان.
هەروەها داواكارين بە پابەندبوونى وتارخوێنانى هەميشەيی، بۆ گوتنەوەى وانە و وتار بە شێوەى بەردەوام لە ماوەى مانگەكانى ئاماژە بۆكراو، بەمەش هەڵدەستین بە ئەنجامدانى بەشێك لە ئەركەكانمان بەرامبەر كۆمەڵگەى ئيسلامى.
ئاگادارمان بكەنەوە لە ناوى ئەو زانايانەی بەو ئەركە هەڵدەستن، لەگەڵ ئەو شوێنەى بۆتان دەستنيشان كردوون.
ئيمزا ـ بەڕێوەبەرى گشتیى ئەوقاف
مەئموریەتی ئەوقافی کۆیە - نووسراوی ژمارە ١٧٩/٤٢٤ لە ڕێکەوتی ١٩ی ٥ی ١٩٤٨
بۆ فەزيلەتى:
- شێخ نوورەدین، مامۆستا و وتارخوێنی مزگەوتی گەورەی کۆیە.
- مەلا سادق، مامۆستاى مزگەوتى مەلا جامى، كۆيە.
- شێخ مستەفا نەقشەبەندى، مورشيدى خانەقاى خالدیيە. شێخ ئەبووبەكر، هەولێر.
- شێخ مەزهەر شێخ یەحيا، مورشيدى خانەقاى خالديیە، هەولێر.
- مەلا حوسێن شێخ سەعدى، ئيمامى مزگەوتى مەلا داود، هەولێر.
- مەلا ساڵح عەبدوڵا، مامۆستاى مزگەوتى شێخ نوورەدين، هەولێر.
- مەلا عەبدولكەريم ئەسعەد، ئيمام و خەتيبى مزگەوتى گەورە، ڕواندز.
- مەلا سادق محەمەد، ئيمام و خەتيبى مزگەوتى گەورە، شەقڵاوە.
- مەلا حوسێن، مامۆستا لە مزگەوتى قەزاى مەخموور.
- مەلا ساڵح ڕەزا، جێگرى ئيمام و خەتيبى مزگەوتى گەورە، قەزاى زێبار.
- مەلا پيرۆت، ئيمام و خەتيبى مزگەوتى گەورەی ڕانيە.
- مەلا خورشيد، ئيمامى مزگەوتى گوێڕ .
- مەلا ئيسماعيل محەمەد، مامۆستاى مزگەوتى ناحيەى ديبەگە.
ئەوەى لەسەرەوە هاتووە و بۆتان ڕەوانە دەكەين، وێنەی نووسراوى بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئەوقافە، ژمارە ٨٧٤٠ لە ڕێکەوتی ١٦ی ٥ی ١٩٤٨ دەربارەى پێشكەشكردنى وتار (الوعظ) بە شێوەى بەردەوام، لە ماوەى مانگەکانی ڕەجەب و شەعبان. بۆ زانين و کارپێکردن بەپێی ناوەڕۆكەكەى و بەپێى فەرمانی ئاماژەپێكراو، بۆ ئەو مەبەستە، ئێوەمان دەستنیشان کردووە، تکامان وایە کاری پێویست ئەنجام بدەن.
مەئمووری ئەوقافی کۆیە
وێنەكان: ڕانيە، جەمال كەمال مەلا پيرۆت، لەگەڵ باپيری مامۆستا مەلا پيرۆت ١٨٨٠ - ١٩٦٧.