زێدەڕۆیی ناكەین ئەگەر بڵێین، كورد لە ڕووی جلوبەرگەوە یەكێكە لە نەتەوە هەرە دەوڵەمەندەكانی جیهان، لە ڕووی هونەر ستایلی جلوبەرگ و هەمەچەشنیی پۆشاكەوە، خاوەن میراتێكی زۆر گەورە و بەرینە. ژیار و شارستانییەتی هەر نەتەوەیەك، تا ئەندازەیەكی زۆر زادەی ژینگەی وڵات و نیشتمانەكەیەتی، پۆشاكیش بەشێكی گرنگە لە میراتی شارستانیی هەرە نەتەوەیەك. هەمەچەشنی لە تۆپۆگرافیای كوردستان وەك یەكەمین زێدی دووەمین وەچەی بەرەی مرۆڤایەتی، كە ئامێزی بەرز و سەركەشی جوودیی بۆ كەشتییەكەی حەزرەتی نووح كردەوە، دوو توخمی زۆر گرنگی بۆ میراتی شارستانیی كورد بەدی هێنا. لە لایەك ئەم نیشتمانە بوو بە لانكەی دووەمین وەچەی مرۆڤایەتی و قووڵاییەكی بێوێنەی مێژوویی پێ بەخشی، لە لایەكی دیكەشەوە هەمەڕەنگیی سروشتەكەی ڕێی بۆ ئازادیی خەڵكەكەی خۆش كرد، لە هەر دەڤەرێكدا ئازادانە بیر بكەنەوە و هەستی داهێنان و خۆگونجاندن لەگەڵ سروشت و ژینگەیان لەلا، لە ئاستێكی بەرز و باڵادا بێت. لەم ئازادییەشدا كەرەستەی بەردەست، لە پاڵ سەلیقەی جوانخوازانەی كورد، ڕۆڵی باڵایان لە چۆنیەتیی هەڵبژاردنی ستایل و كەرەستەی خاوی جلوبەرگ و جۆری ڕەنگدا هەبوو.
سەرمای زستان، چیای سەخت و عاسێ و سروشتی ڕەنگینی وڵات، لە دێر زەمانەوە كوردیان بەرەو ئەوە بردووە، لە تەوقی سەرەوە تا بنی پێ پۆشتە بێت. ئەمەش لە گەردانەی زمانی كوردیشدا ڕەنگی داوەتەوە. چەندین وشە بۆ گوزارشتكردن لە پۆشاك پۆشین بەكار هاتوون، بۆ نموونە: كڵاو و جەمەدانە (لەسەر دەكرێن)، پەنجەوانە و بازن (لە دەست دەكرێن)، شەرواڵ و دەرپێ، خڕخاڵ و پاوانە، گۆرەوی و پێڵاویش (لە پێ دەكرێن)، كورتەك و كراس و چۆخە و سەڵتە (لەبەر دەكرێن)، ئەنگوستیلە و ئەڵقەش (لە پەنجە دەكرێن). لەو هەمەڕەنگییەوە دەوڵەمەندیی پۆشاكی كوردیمان بۆ دەردەكەوێت، ئەمەش دەروازەیەكی گەورە بەڕووی توخمەكانی جوانیدا دەكاتەوە.
لە جلوبەرگی پیاواندا جوانییەكی زۆر لە ڕەنگ و فرەیی و دیزایندا دەبینین. سەر و مێزەر بە جەمەدانە و مشكی و چیت و كڵاو و سەركڵاوییەوە، جوانییەك بە سەر و سیمای پیاو دەدەن، پاشان ئەگەر ڕانكوچۆخە بە نموونەی باڵاپۆشیی پیاوان وەربگرین، جوانی لە دیزاین و فەڕاحی بۆ جەستە و هەمەجۆری لە ڕەنگدا پیشان دەدات، جگە لەوەی پشتێن بۆ خۆی دەرفەتێكی زۆری جوانی و گورج و گۆڵی بۆ پیاوی كورد دەستەبەر دەكات. خۆ ئەگەر بەرەو ئارایشت یان زەروورەتی فەقێیانە و دەسماڵ و پووزەوانە و گۆرەوی و ئیكسیسواری شتانی بەرپشتێن بچین، دەبینین جلوبەرگی پیاوانی كورد، مۆدێڵێكی زۆر جوان و سەرنجڕاكێشی پۆشاكی پڕ لە ستاتیكا و جوانی دەخاتە ڕوو.
لە پۆشاكی ئافرەتاندا، هەموو نەتەوەكان بە مەودایەكی زۆر دەكەونە دوای كوردەوە. هەزاران خانە و كارگە و دامەزراوەی جلوبەرگ و پۆشاك لە جیهاندا هەن، دیزاینەری زۆر بە توانا لەو خانە و كارگە و دامەزراوانەدا كار دەكەن، دنیای پۆشاك و جلوبەرگ لە جیهاندا بەر حوكمی هەژموونی بەرهەمی ئەوانە، هەتا ئێستا تێكڕای دامەزراوەكانی دیزاینی جلوبەرگ لە جیهاندا، نەیانتوانیوە پۆشاكێكی هێندە جوان و سەرنجڕاكێش بە ئەندازەی جوانیی پۆشاكی ئافرەتی كورد دیزاین بكەن.
ستاتیكای پۆشاكی ئافرەتی كورد لە چەندین ڕەگەزدا خۆی دەنوێنێت. باڵاپۆشە، فرە پارچەیە، دیزاینێكی دەوڵەمەند و شاهانەی هەیە، بێ سنوور دەرگا بە ڕووی ڕەنگ و نەخش و فرەیی پێكهاتەیان دەكاتەوە، لە بەرزترین ئاستی جوانی و شۆخ و شەنگیدا، خزمەت بە لایەنەكانی جوانیی ئافرەت دەكات تا ئەندازەی ئەوەی هەر ئافرەتێك جلی كوردی بپۆشێت، چەشنی خانمێكی شازادە خۆ دەنوێنێت.
سەرچاوە: لاپەڕەی فەرمیی نووسەر لە فەیسبووک