ئاوڕێک لە لایەنگەلی دەقی مەم و زینی ئەحـمەدی خانی، هەروەها سەرنجێکی وەرگێڕانی ئەم دەقە بۆ سەر زمانی فارسی بە قەڵەمی عەبدولخالق ڕەحمانی.
زمانی کوردی یەکێک لە زمانگەلی دەوڵەمەندە کە هەندێ پێیان وایە دەقی زۆر کۆنی نووسراو بەو زمانە لە بەردەستدا نییە، ئەمە لە حاڵێکدایە لە هەندێ ڕوانگەوە ئاوێستا بە کوردی دێتە ئەژمار؛ تەنانەت هەندێکیتر پێیانوایە ئەو زمانەی کە پێی دەوترێ پەهلەوی، هەمان کوردییە و لە تێپەڕبوونی زەمەندا گۆڕانی بەخۆوە بینیوە، چونکە وەک دەوترێ لەناو هەموو زمانە ئێرانییەکاندا ئەو زمانە بە زمانی کوردی نیزیکە. هەر وەکوو وتمان ئەم نزیکایەتییە بۆ زمانی ئاوێستا و کوردیش حاشاهەڵنەگرە. ئەگەر زمانی پەهلەویی کۆن و زمانی ئاوێستا و هەندێ دۆکیۆمێنتیتر وەک سەنەدگەلی نەسەلمێندراو بهێنینە ئەژمار، دەتوانین بڵێین دەقی نووسراو بە زمانی کوردی لە مێژوویەکی چەند سەدەیی تێپەڕ نابێ؛ ئەمەش هۆکارگەلی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و ... هەیە کە دەکرێ بە شێوەی جیاواز لە لایەن پسپۆڕانی هەرکام لەو بوارگەلەوە ئاوڕیان لێ بدرێتەوە. زمانی کوردی لە دەقگەلی زارەکیدا وەک بەیت و حیکایەتەکان بە شیوەیەکی چڕوپڕ و حاشاهەڵنەگرانە دەوڵەمەندە، ئەگەرچی ئەو ئەگەرە لە ئارادایە زۆرێک لەو بەیت و حیکایەتانە لە کەلێنەکانی مێژوودا ون بووبێتن و لە شوێنێکدا زنجیرەی گێڕانەوەکە بچڕابێت و بۆ هەمیشە تاکی کورد وەک سامانێکی ڤێرچواڵ لێیان بێبەهرە بووبێت. بنەما و کاکڵەی ئەدەبیاتی کوردی ئەم بەیتانەن؛ بەیتەکان وەک بەیسگەلێک بوون کە لە درێژەی سەدە و ساڵگەلی دوور و درێژدا زمانی کوردییان لە نەمان و لەبیرچوونەوە ڕزگار کرد. بەم پێیە دەکرێ بوترێ بەیتەکان دەسپێکی هەموو زیندووبوونەوەیەک بوون و هەموو سەرهەڵدانەوەیەک لەوانەوە دەستی پێ کرد. ڕەنگە هەر لەم ڕووەوە بێت ئەحمەدی خانی یەکێک لە بەیتە کوردییەکان کە شوێنی ڕوودانی ئەو ناوچەیە وا ئەوی لێ دەژی، بەو شێوەیە دێنێتە سەر لاپەڕە و لە هەوڵێکی شارستانییانەدا زاخاوێکی مودێڕنی ئەو بەیتە دەدات. وەک خۆی دەڵێت: دەبێ هەوڵ بدەین کورد سەرێک بێت لەناو سەراندا و زمانی کوردیش زمانێک بێت لەناو زماناندا. ئەگەر لە ژێر کارێگەریی ئاییندا، بە بنچینە بە عەرەبکردنی قارەمانەکانی داستانەکە وەک خاڵێکی لاواز بە ئەژمار بێنین، دەتوانین بڵێین داڕشتنەوەی ئەو چیرۆکە بێجگە لەو خاڵە نەرێنییە، هەموو هێز و وزەیەک بە خوێنەری کورد دەبەخشێ و ئاستی باوەڕبەخۆبوون لەو خوێنەرەدا دەباتە سەرەوە. ڕەنگە نەتوانین بڵێین کە ئەگەر مەم و زین نەدەبوو ئەحمەدی خانی لە ئەدەبیاتی کوردیدا ئەوەندە دەرنەدەکەوت. گومانی تێدا نییە ئەگەر ئەو بەیتەش نەبوایە، ئەحمەدی خانی لە پەنجەرەیەکی دیکەوە ئاوڕی لە دەقی نووسراوی کوردی دەدایەوە و ڕەنگە لەو حاڵەتەدا بەهێزێتیی ئەحمەدی خانی چڕوپڕتر دەربکەوتایە، یان ڕەنگە ئێستا ناوێک لە ئەحمەدی خانی بەسەر زمانانەوە نەبوو؛ دیارە هەموو ئەمانە لە حاڵەتێکی تەمومژاویدا دەوترێن و هیچ شتێک سەداسەد نییە.
بە هەر حاڵ، هەقیقەت ئەوەیە کە بەیتەکان وەک خیگەی ئاژن لە ڕۆن بوون بۆ نووسەری کورد و ناوبەناو وەک هەوێنی بووژانەوە کەڵکیان لێ وەرگیراوە. گەرچی خانی کاریگەریی دەقە فارسییەکانی لەسەرە و بۆ خۆیشی ڕاستە و خۆ یان ناڕستەوخۆ دان بەم ڕاستییەدا دەنێ، بەڵام ئەو کاریگەرییە هەرگیز وەک خاڵی نەرێنی بە ئەژمار نایە و دەکرێ وەک خاڵێکی ئەرێنی چاوی لێ بکرێ. هۆنینەوەی مەم و زین لەژێر کاریگەیی حیکایەتگەلێ وەک وامق و عەزرا، خەسرەو و شیرین، لەیلێ و مەجنوون و ... نە ئەوەی کە کارێکی نەرێنی نییە بگرە ئەرێنییشە. هەرچی هەیە بەیتی نووسراو و بەکێش دەرهاتووی مەم و زین لە لایەن ئەحمەدی خانییەوە غینایەکی سەمەرەی هەیە و تا بڵێی لە دڵ نیزیکە، هەر ئەم لە دڵ نیزیک بوونەیە کە یارمەتیی چیرۆکەکە دەدا خۆی ئەزەلی بکات. بە بیانووی لەسەر کێش دەرهێنانی ئەم بەیتە، خانی ئاوڕ لە بوارگەلی سیاسی، کۆمەڵایەتی، مێژوویی، ئابووری و ... کۆمەڵگەی کوردی دەداتەوە و هەموو ئەو کەمکارییە هەمە لایەنانەی کە وەکوو درمێک بەرۆکی ئەو کۆمەڵگەیان گرتووە دەدا بە گوێماندا. دیارە زۆر بەر لە خانی-ش هەست بەوە کراوە کە کۆمەڵگەی کوردی پێویستی بە یەکدەنگی و یەکڕەنگی هەیە، تا بتوانێ لە بەرەوپێشچووندا تووشی ناخێرایی و گرفت نەبێت، هەروەها لەڕووی سیاسی و هەموو ڕوویەکیترەوە سەقامگیرییەکی هەمیشەیی بگرێ تاکوو بە دڵێکی فراوانتر و بەرچاوێکی ڕوونترەوە بپەرژێتە سەر کەموکووڕییە فەرهەنگی و کۆمەڵایەتییەکانی. خانی لەم دەقەدا جاروبار وەک نۆستالۆژیایەک وەبیرمان دێنێتەوە کە سەردەمانێک -هەڵبەت ڕوون نییە مەبەستی خانی کام سەردەمە- ئازاد و ڕزگار لە فەرمانی نەیار و ئەغیار بووین؛ هەروەها دەڵێ لەڕووی سەرپێچی و عینادەوە و بە مەبەستی بەرەنگاربوونەوە دەستم داوەتە هۆنینەوەی مەم و زین بە زمانی کوردی. شوناسخوازیی خانی لە سەرلەبەری ئەم دەقەدا ئاشکرا و حاشاهەڵنەگرە؛ ڕەنگە هەر ئەوە بوو کە لە سەدەگەلی دواتردا ئەم فکرە بە شێوەیەکی بانگەواز خوازانەتر لەلایەن کەسانی وەک حاجی قادری کۆیی، ئەحمەدی موختار و کەسانی ترەوە خۆی نواند. ئەگەر بمانەوێ لەڕووی جوانیناسییەوە ئاوڕ لە دەقەکەی خانی بدەینەوە، ڕەنگە نەتوانین بەو ساناییە لێی دەرباز بین؛ مەبەستی ئەم نووسراوە ئەوەیە لە بوارە فەرهەنگی، کۆمەڵاتەتی و سیاسییەکانی ئەم دەقە و هەروەها وەرگێڕانی ئەم دەقە بۆ زمانی فارسی وەکوو کارێکی ناوازە و سەرکەوتوو ئاوڕ بداتەوە. بۆ پێشەکیی ئەم مەبەستە چەن دێڕێک دەربارەی وەرگێڕان ئاراستە دەکەم.
وهرگێران وهک پرۆسهیهکی زانستی پێویستی به تێبینیی بهربڵاو و ههوڵی بهرفراوانی ئاکادیمیک ههیه، بۆ کهمکردنهوهی ههڵهی وهرگێڕان ههندێ ڕێچاره و بیرۆکه ههن که گرینگترینیان دهکرێ ئهم تهوهرانه بن که لێرهدا به کورتی دهیانهێنینه بهرباس. گرینگترین ئهرک له وهرگێڕاندا زاڵبوونه به سهر زمانی مهبهستدا، واته ئهو زمانهی که دهقی بۆ دهگۆڕدرێ. دووههم، وهرگێڕ دهبێ به سهر زمانی سهرچاوهدا تهواو زاڵ بێت، یان لانیکهم له سینتاکسی زمانهکهدا هیچ گرفتێکی نهبێت و به سهر دایهرهی وشهی زمانهکهشدا دهسهڵاتێکی ڕێژهیی ههبێت. سێههم، ههندێ ڕێچارهی دیکه بۆ وهرگێڕانێکی تۆکمه دهکرێ ئهمانه بن: وهرگێڕ دهبێ تا دهتوانێ له وهرگێڕانی وشه به وشه خۆ بپارێزێت، مهگهر له شوێنێکدا ڕستهکه به ستایلی کاتیی نووسهرهوه پێوهندیی ههبێت، که ئهوەش زۆر دهگمهن ڕێ دهکهوێت. وهرگێڕانی ههندێ دهق وهکوو چیرۆک و ڕۆمان تا دهتوانرێ دهبێ ئیدیهمهتیک، بێت واته دهبێ له ئیدیۆم و دهستهواژه و جوانکارییهکانی زمانی مهبهست تا دهتوانرێ کهڵک وهربگیردرێ. له ههندێ شوێندا وهرگێڕ پێویسته شتێک زیاد بکات، به مهرجێک ئامانجی نووسهر خهسار نەبینێ، له ههندێ شوێنیشدا دەکرێ شتێک کهم بکات، که دیسان دهبێ ههوڵی تهواو بۆ پاراستنی شێواز و ستایل و ئامانجی نووسهر بدرێت. له تهواوی ئهمانهدا که باسیان لێ کرا، پێدهچێ وهرگێڕ تهواو توانا یان ناکارامه بێت. ئهگهر توانایی به سهر ئهوانهدا ههبوو، دهکرێ بڵێین وهرگێڕانێکی تۆکمه دهخولقێ، بهڵام پێچهوانهی ئهوه خهساری وهرگێران و قهیرانی زمانی لێ دهکهوێتهوه.
لە وەرگێڕانی ئەم دەقەدا بۆ سەر زمانی فارسی بۆمان دەردەکەوێ کە وەرگێڕ، عەبدولخالق ڕەحمانی، شارەزاییەکی چڕوپڕ و هەمەلایەنەی لە سەر لایەنی ئەدەبیی هەر دوو زمانی سەرچاوە و مەبەستەکە هەبووە؛ ئەم شارەزایی و کارامەییە لە دەراوی دەقە فارسییەکەدا بە سەرنجدانی دەستەواژەگەل، شوبهاندنەکان، خوازە و سەنعەتەکانی دیکە بە جوانی و ڕوونی بۆ خوێنەر دەردەکەوێ. کاتێک ئەم دەقە فارسییە دەخوێنینەوە، کەمترین گومانمان لەوە هەیە کە بە پەیژەی مێژوودا سەر نەکەوتووین و دەقی هەرە زیندوو و تازە گرساوی فارسیی ئەو سەدەگەلەی کە نیزامی و نووسەرگەلی گەورەی تیا ژیاوە، ناخوێنینەوە. لە ڕوانگەی نووسەری ئەم دێڕانەوە کاری وەرگێڕی دەقی مەم و زین بۆ فارسی، کارێکی ئاکادیمیکی شیاو و چێژبەخشە و بەگشتی ئەم دەقە مەنزوومە ئاسەواری ماندووبوونێکی زۆری پێوە دیارە. ڕەنگە لە ڕوانگەی هەندێ کەسەوە وا هەست بکرێ، کە قازانجی وەها کارگەلێک زۆرتر بۆ زمانی مەبەستە، بەڵام ئەگەر لۆژیکی تر سەرنج بدەین ڕنگە بەوە بزانین کە قورسایی قازانجەکە زۆرتر بۆ زمانی سەرچاوەیە. دیارە وەرگێڕ بەم کارە ویستوویەتی زۆر ئامانج بپێکێ. ڕەنگە ویستبێتی بە نیزامی ناسان و حیکایەتناسان بڵێ کە لە بیرکردنەوەی چەقبەستووانە و تاکڕەهەندانە بێنە دەر و سەرنجێکی دەوروبەریش بدەن. یان دەکرێ بە کوردگەلی ناشارەزا لە زمانی کوردی بڵێ ئاوڕێک لە زمانەکەتان بدەنەوە؛ شتی لەم چەشنە کەم وێنەیە و لەگەڵ دەقگەلی بەهێزی کلاسیکی سەدەگەلی پێشووی فارسیدا هاوتایی دەکات. یان دەکرێ عەبدولخالقی ڕەحمانی-یش وەک ئەحـمەدی خانی ویستبێتی ترووسکەیەک لە بەرنگاربوونەوەش لە پەراوێزی ئامانجەکانیدا بەرجەستە بکاتەوە. دیارە ڕەنگە ڕەحمانی ئامانجگەلێکی باشتر و تۆکمەتری پێکابێت؛ هەرچی هەیە دەقە وەرگێڕدراوەکە دەقێکی تەواو زانستییانە و ئاکادیمیکە کە بە بڕوای من پێویست بوو لە درێژەی ئەم چوارساڵەدا ئاوڕی زۆری لێ بدرێتەوە، بەڵام مخابن خوێنەری کورد زۆر چڕوپڕ و ڕەخنەگرانە لە دەق ناڕوانێ. ئەو کەسانەش کە تا ڕادەیەک سەریان لە شتەکە دەردەچێ وەدووی کڵاوی لار کەوتوون. ڕەنگە ئەوانە مەم و زین و بەیتگەلی دیکە بە دەقگەلێکی کاتبەسەرچوو بزانن و ئاوڕدانەوە لە وەها دەقگەلێک بە دابەزین بهێننە ئەژمار. بە بڕوای من ئەو کەسانەی کە شارەزاییەکی زۆریان لە زمانی کوردی نییە، وا چاکە ئاوڕێکی چڕوپڕ بدەنەوە تا بەو ڕاستییە بگەن کە تاکی کورد لە ئێستا و ڕابردوودا دەتوانێ دەقی زۆر بەهێز بخولقێنێ. دەقی فارسیی مەم و زین دەتوانێ بۆ کوردانی خوراسان کە سەدەی شانزەی زایینی لە زێد و مەوتەنی خۆیان دوور خرانەوە ئەو قازانجەی هەبێت کە وەک نۆستالۆژیایەکی بەهێز جارێکی تر دەستیان لە دەستی خانی گرێ بدا و لەباری شوناسخوازییەوە قازانجێکی کاریگەری هەبێ.
دەقی فارسیی مەم و زین لەباری جوانیناسییەوە بڕشتێکی زۆری هەیە. خوێنەر لە بزاڤی ئەو دەقەدا زۆر جار ون دەبێت و دەگەڕێتەوە بۆ دەقی سەدەگەلی پێشووی فارسی و بۆ ماوەیەکی کاتی وا هەست دەکا کە مەم و زینی بە نەزم دەرهاتووش ئەوەندەی دەقگەلی فارسیی سەدە پێشووەکان تەمەنی هەیە. لە ڕوانگەی منەوە خوێندنەوەی ئەو دەقە دەبێتە هۆی ونبوونێکی خۆش و چێژبەخش؛ ونبوونێک کە خوێنەر چاوی لە دەستێکی یارمەتیدەرە تا لە خۆشتر تێگەیشتن لە دەقەکە یارمەتیی بدات. جوانیناسییەکی زۆر تۆکمە لە دەقی فارسیی مەم و زیندا هەیە کە بە بڕوای من لەدایکبوونەوەیەکی سەرلەنوێیە بۆ ئەم دەقە. ڕاوێژی دەقەکە زۆر جار بەرەو پانتایەکی ئێستێتیک بە ستایلێکی ترەوە هەنگاوی ناوە کە بەڕای من زۆر وزەبەخشە. هەڵبەت مەم و زین بۆ یەک دوو زمانی ئاڵمـانی و ئینگلیزیش وەرگێڕدراوە، بەڵام بەرهەمی دیکەی کوردی زۆرن کە ئاوڕێکی ئەوتۆیان لێ نەدراوەتەوە. دیارە دەقی مەم و زین شیاوی ئەوەیە بە زۆر زمانی دیکە وەربگێڕدرێ، بەڵام مخابن کورد بەهۆی ناسەقامگرتووییەوە لە هەر هەموو مێژوودا نەیتوانیوە، یان ئەو دەرەتانەی نەبووە بە چڕوپڕی و ئازادانە بەرهەمەکانی ئاراستە بکات و لە کاتی خۆیدا بناسێندرێن. ئەگەر دەقێک لە چەشنی مەم و زین، یان هەر بەرهەمێکیتر لانیکەم بۆ زمانگەلی نیزیک و دراوسێ وەربگێڕدرێن، ڕەنگە توانجگەلێکیان ئاراستە بکرێ. دیارە من بە شێوەیەکی گشتی لە سەر دەقە وەرگێڕدراوەکە ڕۆیشتم، بەڵام ئەگەر بمانەوێ بچینە ناو دێڕەکانی دەقەکەوە ڕەنگە شتی زۆر تۆکمە دەرکێشین. لەم بەیتەدا وەرگێڕ بەجوانی خانیی گرێ داوە بە مەولەوییەوە:
جمعی بە فغان و آە و فریاد/ برخی ز خرد بگشتە آزاد
من بەرانبەری ئەو بەیتەم لە دەقی کوردییەکەی خانی-دا وەبیر نایەتەوە، بەڵام ڕەنگە تەلمیحێک بێت لەم بەیتەی مەولانا:
چند آزمایم خویش را این جان عقل اندیش را/ روزی کە مستم کشتیم روزی کە عاقل لنگرم
بە گشتی وا هەست دەکەم کتێبێکی ناوازەم خوێندبێتەوە و پێشنیاری خوێندنەوەی دەقی ئەم کتێبە بە فارسیزانانی ئەمدیو و ئەودیوی کوردستان ، هەر وەها بە خوێنەرانی فارس دەدەم. هەڵبەت ئەم کتێبە لە فێستیڤاڵی سەقز لە ساڵی ٢٠١٩ وەکوو کتێبێکی وەرگێڕدراوی سەرکەوتوو خەڵاتی پێ بەخشراوە.
سەرچاوەکان:
١. مێژووی ئەدەبی کوردی، عەلائەدین سەجادی
٢. رستاخیز کلمات، شفیعی کدکنی
سەرچاوە: پەیجی فەرمیی نووسەر لە فەیسبووک