ئەمڕۆ ٦٣مین ساڵڤەگەڕی گەڕانەوەی بارزانییەكانە لە یەكێتیی سۆڤیەت

سه‌ره‌تا مێژوو شوێنه‌وار كه‌له‌پوور كولتوور مه‌ڵتیمیدیا له‌باره‌ی ئێمه‌وه‌
x

ئەمڕۆ ٦٣مین ساڵڤەگەڕی گەڕانەوەی بارزانییەكانە لە یەكێتیی سۆڤیەت

بارزانی لە بەندەری بەسڕە لە پێشوازیی یاوەرانیدا بوو

لە‌گە‌ڵ بە‌رپابوونى شۆڕشى 14ى تە‌مووزى 1958، بە‌ سە‌رۆكایە‌تیى ژە‌نە‌راڵ عەبدولكە‌ریم قاسم، ڕژێمى پاشایە‌تی لە‌ عێراق دە‌ڕووخێت، پاشان عێراق دە‌بێتە‌ وڵاتێكى كۆمارى و باس لە‌ یە‌كسانیى هە‌موو تاكە‌كانى عێراق و هاوبە‌شیى هەردوو نە‌تە‌وە‌ى كورد و عە‌رە‌ب دە‌كە‌ن. گە‌لى كورد و عە‌رە‌ب قۆناغێكى كرانە‌وە‌ و كە‌شێكى تا ڕادە‌یە‌ك دیموكراسى و ئازادییان بۆ دە‌ستە‌بە‌ر كرا و دۆخى سیاسیى كوردیش بۆ ماوە‌یە‌ك بە‌رە‌وپێشچوونێكى باشى بە‌ خۆیەوە‌ بینى و لە‌ژێر ''دروشمى كورد و عە‌رە‌ب هاوبە‌شن لە‌م وڵاتە‌دا'' گە‌شانە‌وە‌یە‌كى باش بە‌ ڕەوشی عێراقە‌وە‌ دە‌بینرا.

لە‌و سە‌ردە‌مە‌دا بڕیارى گە‌ڕانە‌وە‌ى قارە‌مانانى بارزان و مستە‌فا بارزانی و هاوەڵانى درا، لێبووردنى گشتى بۆ بە‌ندكراوە‌ سیاسییە‌كان دەرکرا و ئازاد كران، دوورخراوە‌كانیش گە‌ڕێندرانە‌وە‌ زێدى خۆیان.

لە‌ ڕێكە‌وتى 6ی 10ی 1958 لە‌ ڕۆژى دووشە‌ممە‌، سەرۆك مستە‌فا بارزانی و میرحاج ئە‌حمە‌د و ئە‌سعە‌د خۆشە‌وی كە‌ یاوە‌رى بوون، دە‌گە‌نە‌ فڕۆكە‌خانە‌ى (موسە‌ننا) لە‌ شارى بە‌غدا و لە‌لایە‌ن جە‌ماوە‌رێكى زۆرى نە‌تە‌وە‌ى كورد و عە‌رە‌ب، بە‌ خۆشحاڵییە‌كى زۆرە‌وە‌ پێشوازییە‌كى گە‌رمیان لێ كرا و وە‌ك قارە‌مانێكى مە‌زن لە‌ ئامێزیان گرت.

دواتریش لە‌دواى شەش مانگ و ١٠ ڕۆژ، واتە‌ لە‌ ڕێكە‌وتى 16ی 4ی 1959دا هەڤاڵان و هاوە‌ڵانى بارزانى،‌ بە‌ كە‌شتییە‌ك لە یە‌كێتیى سۆڤیە‌تە‌وە‌ گە‌ڕانە‌وە‌ بەندەرى بەسڕە‌ و بە‌ ئامادە‌بوونى جە‌ماوە‌رێكى زۆر لە‌ سە‌رجە‌م چین و توێژەكانى كورد و عە‌رە‌ب پێشوازى و ئاهە‌نگ و مە‌راسیمێكى گە‌ورە‌یان بۆ ساز كرا و مستە‌فا بارزانییش لە‌وێدا وتارێكی پێشكە‌ش كرد.

جە‌لال تاڵە‌بانى، سە‌ركۆمارى پێشووترى عێراق، لە‌ دیدارێكیدا سە‌بارە‌ت بە‌ ڕۆژى هاتنە‌وە‌ى هاوە‌ڵانى بارزانى، باس لە‌ گە‌ورە‌یى و بایە‌خى ئە‌و پێشوازییە‌ دە‌كات و دە‌ڵێت: ”بە‌تە‌مە‌نە‌كانی بە‌سڕە‌ دە‌گێڕنە‌وە‌، كە‌ ئە‌وكات سە‌دان هە‌زار كە‌س بۆ پێشوازیكردن لە‌ بارزانییە‌كانى یە‌كێتیى سۆڤیە‌ت، لە‌ سە‌نتە‌ری ئە‌و شارە‌دا لە‌ چاوەڕوانیدا بوون، تە‌نانە‌ت هە‌ندێك كە‌س چووبوونە‌ بە‌ندە‌ر بۆ پێشوازیكردنیان لە‌ كە‌نارە‌كانی كە‌نداوی عە‌رە‌ب، بەهۆی زۆری و قە‌رە‌باڵغیی خە‌ڵكە‌كە‌وە‌، چە‌ند كەسێك كە‌وتنە‌ ئاوە‌كە‌وە‌ و نوقم بوون“.

تاڵە‌بانی دەشڵێت: ”مێژووی گە‌ڕانە‌وە‌ی بارزانى بۆ بە‌غدا و بارزانییە‌كان لە‌ بەسڕەوە‌ بۆ عێراق، وە‌كوو ڕۆژێكی مێژوویی لێ هاتبوو، خە‌ڵكی لە‌ قسە‌كانیاندا كاتێك باسی ڕووداوێك، یان ڕێكە‌وتێكیان كردبا، دە‌یانگوت پێش هاتنە‌وە‌ی بارزانییەكان، یان دوای هاتنە‌وە‌ی بارزانییە‌كان“.

سیاسە‌تمە‌دارى گە‌ورە‌ى كورد، مامۆستا عە‌زیز محە‌مە‌د، سكرتێرى پێشووترى حزبى شیوعیى عێراق دە‌ڵێت: ”كە‌ بارزانی گە‌ڕایە‌وە‌، ئە‌و جۆرە‌ پێشوازییە‌ی لە‌ باشوور و لە‌ ناوە‌ڕاست و لە‌ كوردستاندا لێی كرا، حە‌قى خۆى درایە‌، بە‌ڵام هە‌ر ئە‌وە‌ نە‌بوو، بەڵكوو حە‌قیقە‌ت و جە‌وهە‌رى بارزانیى زیاتر دە‌رخست“.

د. كە‌مال محە‌مە‌د سە‌عید خە‌یات، كە‌سایە‌تیى ناسراوى شارى سلێمانى، پسپۆڕ و ئابووریناس و سە‌رۆكى پێشووترى زانكۆى سلێمانى، كە‌ ماوە‌یە‌ك مامۆستاى زانكۆى بە‌سڕە‌ بووە‌، بە‌م جۆرە‌ لە‌ هاتنە‌وە‌ى هاوە‌ڵانى بارزانى دە‌دوێ و دە‌ڵێت: ”ئە‌و ڕۆژە‌ واتا كاتی گە‌ڕانە‌وە‌كە‌یان بە‌ مێژوویە‌كی پڕشكۆ دادە‌نرێت. هاتنە‌وە‌ی بارزانی بۆ بە‌غدا و پاشان بازرانییە‌كان لە‌ سۆڤیە‌تە‌وە‌، ئە‌و ڕۆژە‌ی گە‌یشتنە‌ (لیوای بە‌سرە‌)، لە‌ سە‌رانسە‌ری عێراقدا بوو بە‌ جە‌ژن و شادی، كاتێك بارزانى گە‌یشتە‌ بەغدا و لە‌ ئۆتێلی (سە‌میرئە‌میس) نیشتە‌جێ بوو، پۆل پۆل لە‌ هە‌موو چین و توێژەكانی شارە‌كانی عێراقە‌وە‌ دە‌چوون بۆ سە‌ردانی و زیارە‌تی، ئە‌مە‌ش هە‌تا ماوە‌یە‌كی زۆر بە‌ردە‌وام بوو. هە‌روەها دە‌نگدانە‌وە‌یە‌كی گە‌ورە‌ی لە‌سە‌ر ئاستی عێراق و جیهاندا هە‌بوو“.

 

كاتێك بارزانییە‌كان لە‌ ساڵی 1959 لە‌ ڕووسیاوە‌ دە‌گە‌ڕێنە‌وە‌ وڵات، (عە‌رە‌بی ئەلخومەیسی)، بە‌ پلە‌ی موقە‌دە‌م ڕوكن ئە‌فسە‌ر بووە‌ لە‌ حامیە‌ی بە‌سڕە‌ و ئە‌ندامی لیژنە‌ی پێشوازی بووە‌ لە‌ بارزانییە‌كان، دواتر وە‌ك پارێزە‌رێكى یاسایى بە‌ناوبانگ دە‌ركە‌وت، دە‌ڵێت: ”خە‌ڵكى بە‌سڕە‌ هە‌ر لە‌ بە‌یانى زووە‌وە‌ لە‌ناو شە‌تولعە‌رە‌بدا چاوەڕوانى پاپۆڕە‌كە‌ بوون، تا گە‌یشتنە‌وە‌ى بارزانییە‌كان“.

ڤە‌لە‌نتاین كۆلۆسۆڤە‌، خێزانی یە‌كێك لە‌ هاوە‌ڵە‌كانى بارزانی، بە‌ ڕە‌گە‌ز ڕووسییە‌، دە‌ڵێت: ”لە گە‌ڕانە‌وە‌ى بارزانی و هاوە‌ڵە‌كانى، پێشوازییە‌كى زۆر مە‌زن كران و هەمیشە‌ لە‌یادمە‌“.

پاوڵ دیمچنكۆ، ڕۆژنامە‌نووس، دە‌ڵێت: ”بە‌ دە‌یان و سە‌دان بە‌لە‌م چووبوون بۆ پێشوازیى پاپۆڕى كوردە‌ گە‌ڕاوە‌كان، زۆر بە‌ جوانی و گە‌ورە‌یی پێشوازییان لێ كردن، تە‌نانە‌ت فڕۆكە‌ جە‌نگییە‌كانى عێراق، وە‌ك ڕێزلێنان بە‌سە‌ریاندا دە‌فڕین“.

ئە‌لیكسە‌ندە‌ر كیسلۆڤـ، 1973- 1974، لێپرسراوى بە‌شى چالاكییە‌ دە‌رە‌كییە‌كانى دەزگای (KGB)ی ڕووسی دە‌ڵێت: ”جە‌ماوە‌رێكى هێجگار زۆر بۆ پێشوازى هاتبوون، حاڵە‌تى زۆر بە‌ هە‌ست و سۆزم دە‌دى، هە‌ندێك لە‌ كوردە‌كان خاكى وڵاتیان ماچ دە‌كرد، كە‌ دوای دوازدە‌ ساڵ شاد بوونە‌وە‌ بە‌ وڵات، بێگومان پڕە‌ لە‌ هە‌ست و سۆز“.

چە‌ند وتار و ڕاپۆر و چە‌ند هە‌واڵێك لە‌سە‌ر بارزانى و گە‌ڕانە‌وە‌ى بارزانییە‌كان و وتارى مستە‌فا بارزانى لە‌ بە‌سڕە‌ بۆ ئامادە‌بووانى مە‌راسیمى پێشوازیكردنى گەڕانەوە‌ى هاوە‌ڵانى بارزانى پێشكە‌ش كرا.

لە‌ ڕۆژنامە‌ى (ژین)، ژمارە‌ (1439)، ڕۆژى دووشە‌ممە‌، ڕێكەوتى 20/4/1959 لە لاپە‌ڕە‌ (1)دا هاتووە‌: ”ڕۆژی پێنجشە‌ممە‌ى ڕابرد، برا بارزانییە‌ تێكۆشە‌رە‌كان، كە‌ ئیستعمار و نۆكە‌رانی ئیستعمار دە‌ربە‌دە‌ریان كردبوون، بە بۆنە‌ى شۆڕشە‌ ئازادییەكە‌یانە‌وە‌ گە‌یشتنە‌ بە‌سڕە‌ و جە‌ماهیری بە‌سڕە‌ى بە‌شە‌رە‌ف، بە‌ گە‌ورە‌ و بچووكیانە‌وە‌، لە‌مبەر و ئە‌وبەری (شە‌تولعە‌ڕە‌ب) نزیكە‌ى (6) سە‌عات بە‌ پێوە‌ وەستان بۆ بە‌خێرهاتنە‌وە‌یان و سڵاو لێكردنیان، لە‌ كاتێكدا كە‌ پاپۆڕە‌كە‌یان سەری دەركە‌وت، بە‌ هە‌زاران هاووڵاتیی بە‌سڕە‌ هاواریان ئە‌كرد (برایە‌تیی كورد و عە‌رە‌ب و ژیانی جمهووریە‌ت و پێشە‌وا قارە‌مانە‌كە‌ى) و پڕ بە‌ دڵ بە‌خێرهاتنە‌وە‌ى برا نیشتمانپە‌روە‌رە‌كانیان ئە‌كرد.

برا بارزانییە‌كانمان، ئە‌وانیش لە‌ناو پاپۆرە‌كە‌وە‌ بە‌دە‌م هاواریان ئە‌كرد و دە‌ستیان ڕائە‌وە‌شاند، وێنە‌ى خۆشە‌ویستی گە‌ل، عە‌بدولكە‌ریم قاسمیان بە‌رز ئە‌كردە‌وە‌، بە‌م جۆرە‌ هە‌تا پاپۆڕە‌كە‌ خۆی دا لە‌ قە‌راغ ئاوە‌كە‌، ئینجا بە‌ناو هاواركردن و چە‌پڵە‌ڕێزاندا، برا تێكۆشە‌رە‌ (بارزانییە‌كان)، دوای نزیكە‌ى (12) ساڵ، بە‌ نیشتمان شاد بوونە‌وە‌ و چاویان پڕ ببوو لە‌ فرمێسكی خۆشی و شادی، كە ‌وا بە‌ سە‌ربە‌رزی گەڕانە‌وە‌ بۆ نیشتمان، بۆ ژیان، لە‌ژێر سایە‌ى جمهووریە‌تێكی دیموكراتی سەربەخۆدا، بە‌ سە‌ركردە‌ى قارە‌مانی دڵسۆز (عە‌بدولكە‌ریم قاسم).

لە ‌دوای دابە‌زینیان، خۆیان و خێزانە‌كانیان بە‌رە‌ و بە‌غدا سوارى دوو شەمەندەفەرى تایبە‌تی بوون، ڕۆژی هە‌ینی سە‌عات (4) گە‌یشتنە‌ بە‌غدا و گە‌لێك لە‌ هاووڵاتییان و كاربە‌دە‌ستان بە‌ چە‌پڵە‌ و هاواركردن بۆ بە‌خێرهاتنە‌وە‌یان چوون بەپیریانە‌وە‌ و لە‌دوای تۆزێك حە‌وانە‌وە‌، شە‌مە‌ندە‌فە‌رە‌كە‌یان بە‌رە‌و كە‌ركووك ڕۆیی و سە‌عات (7)ی بە‌یانی گە‌یشتنە‌ كە‌ركووك و لە‌وێش بە‌خێرهاتنێكی گە‌رم كران، دواى ئە‌وە‌ش بە‌رە‌و هە‌ولێر جووڵان و لە‌ سە‌عات (10)دا گە‌یشتنە‌ هە‌ولێر و لە‌ محە‌لە‌ى هە‌ولێر هاووڵاتییان بە‌ ژن و پیاو و گە‌ورە‌ و بچووكە‌وە‌، لە‌گە‌ڵ كاربەدە‌ستان چوون بە‌پیریانە‌وە‌ و گە‌لێ وتار و شیعر خوێندرانە‌وە‌ و گە‌لێ جار هاوار كرا بە‌ ژیانی جمهووریە‌ت و پێشە‌واى گە‌ل (عە‌بدولكە‌ریم قاسم). لە‌ دواییدا (میرحاج)ی تێكۆشە‌ر چە‌ند وتە‌یە‌كی بە‌ناویانە‌وە‌ خوێندە‌وە‌، كە‌ برا بارزانییە‌كانمان ئێستا لە‌ لیواى هە‌ولێر لە‌ چە‌ند شوێنێكدا دابنیشن، خانوویان بۆ تە‌رخان كراوە‌.

لە‌ ڕۆژنامە‌ى (ژین) ژمارە‌ى (1440) ڕۆژى پێنجشە‌ممە‌ 23/4/1959 لاپە‌ڕە‌ (1-8)دا هاتووە‌:

تێكۆشە‌ر مستە‌فا بارزانى

وتارى بە‌رامبە‌ر جە‌ماوە‌رى بە‌سڕە‌، لە‌ وێستگە‌ى شە‌مە‌ندە‌فە‌ر خوێندییە‌وە‌

ڕۆژى پێنجشە‌مە‌ 16- 4 – 1959

لە‌و سات و كاتە‌دا، كە‌ یاوە‌رانى بارزانى لە‌ یە‌كێتیى سۆڤیە‌تە‌وە‌ گە‌ڕانە‌وە‌ و گەیشتوونە‌تە‌ شارى بە‌سڕە‌ و ئاهە‌نگى پێشوازییە‌كە‌یان بۆ ساز دە‌كرێت، ڕۆژى 16/4/1958، بارزانیى نە‌مر، دە‌گاتە‌ شارى بە‌سڕە‌ و لە‌وێدا بە‌و بۆنە‌یە‌وە‌ وتارێك پێشكە‌ش دە‌كات. ڕۆژنامە‌ى (ژین)ى سلێمانى، بۆ هە‌فتە‌ى داهاتوو لە‌ ڕۆژى پێنجشە‌ممە‌ 23/4/1959دا، واتە‌ ژمارە‌ى داهاتوو، دە‌قى وتە‌كە‌ى مە‌لا مستە‌فا بارزانى وە‌ردە‌گێڕدرێتە‌ سە‌ر زمانى كوردى و بڵاو دە‌كاتە‌وە‌.

سە‌ركردە‌ مستە‌فا بارزانى، بە‌رامبە‌ر جە‌ماوە‌رى بە‌سڕە‌، كە‌ لە‌ وێستگە‌ى شەمەندەفە‌ر وتاری خوێندە‌وە‌، لە‌ ڕۆژى پێنجشە‌ممە‌ 16/4/1959، واتە‌ یە‌ك هە‌فتە‌ دواى ئە‌و ڕێكەوتە‌، لە‌ ڕۆژى پێنجشە‌ممە‌ 23/4/1959، لە‌ ڕۆژنامە‌ى (ژین) لە‌ سلێمانى بڵاو كرایە‌وە. وتارە‌كە‌ى بارزانى بە‌م شێوە‌یە‌ بوو:

هاوڕێكانم، برا خۆشە‌ویستە‌كانم..  

پڕ بە‌ دڵ بە‌خێرهاتنە‌وە‌تان ئە‌كە‌م بۆ خاكى عێراقى خۆشە‌ویست، ئە‌و عێراقە‌ى كە‌ لە‌دواى چواردە‌ى تە‌مووزى پیرۆزە‌وە‌ بووە‌ بە‌  جمهووریە‌تێكى سە‌ربە‌خۆى دیموكراتیى كورد و عە‌رە‌ب و هە‌موو پێكهاتە‌كانى تر و ئە‌و شۆڕشە‌ى كە‌ ڕژێمى ئیستعمارى و دە‌رە‌بە‌گى و كۆنە‌پە‌رستیى لە‌ناو برد، بەهۆی تێكۆشانى گە‌لى عەرەب و كوردە‌وە‌ و بە‌ یە‌كێتیى گە‌ل و سوپا، بە سە‌ركردایەتیى ڕۆڵە‌ى گە‌ل عەبدولكە‌ریم قاسم. ئێمە‌ش (بارزانییە‌كان) شە‌رە‌فى بە‌شداربوونى ئە‌م تێكۆشانە‌مان هە‌بووە‌، بە‌ پێشكە‌شكردنى قوربانى و خۆبە‌ختكردن، كە‌ واى لە‌ ئیستعمارییە‌كان كرد ببنە‌ دوژمنى هە‌رە‌ گە‌ورە‌مان و تۆڵە‌مان لێ بكە‌نە‌وە‌ و بە‌ ڕە‌شاش و فڕۆكە‌ى ئینگلیز لێیان كوشتین و ماڵیان وێران كردین و منداڵ و پیریان لە‌ناو بردین، لە‌ چەند شە‌ڕێكدا، كە‌ ئە‌وان زۆر زۆرتر بوون لە‌ ئێمە‌، بۆیە‌ وایان لێ كردین كە‌ نیشتمانى خۆشە‌ویستمان بە‌جێ بهێڵین و بچین بۆ  جمهووریە‌تى كوردستانى دیموكراتى لە‌ ئێران، لە‌ دواییدا بەهۆی خیانە‌تى خائینانى ئێران و ئیستعمارى ئەمەریكاوە‌ كە‌ دژى جووڵانە‌وە‌ى سە‌ربە‌ستیى ئێران و جمهووریە‌تى كوردستان و ئازربایجان وە‌ستانە‌وە‌، وایان لێ كردین، خۆمان بگە‌یە‌نینە‌ وڵاتى ئاشتى و سەربەستیى یە‌كێتیى سۆڤیە‌تى مە‌زن. ئە‌مانزانى كە‌ ئە‌مانگرێتە‌ خۆى، چونكە‌ قوربانیى تێكۆشان بووین بە‌رامبە‌ر هێزى زوڵم و زۆردارى و لە‌ ماوە‌ى مانەوەماندا لە‌وێ، لەلایەن‌ گە‌لى سۆڤیە‌تى بە‌شە‌رە‌فە‌وە‌ گە‌لێ ڕێزمان گیراوە‌ و دەرگاى قوتابخانە‌ و كارگە‌ و كێڵگە‌ و هە‌موو شتێكى ترمان زۆر بە‌گە‌رمییە‌وە‌ بۆ خرایە‌ سە‌رپشت و وە‌كوو هە‌ر هاووڵاتییە‌كى دوورخراوە‌ چاوە‌ڕێى ئە‌و ڕۆژە‌مان دە‌كرد كە‌ گە‌لە‌كە‌مان لە‌ عێراق بە‌سە‌ر ئیستعمار و كۆنە‌پە‌رستیدا سە‌ر بكە‌وێت و ئێمە‌ش بگە‌ڕێینە‌وە‌ بۆ نیشتمانى خۆشە‌ویست.

لە‌دواى سە‌ركە‌وتنى شۆڕشى (14)ى تە‌مووز، دە‌رگامان بۆ خرایە‌ سە‌رپشت بۆ گە‌ڕانە‌وە‌، هە‌روە‌كوو چۆن دە‌رگا خرایە‌ سە‌رپشت بۆ هە‌موو هاووڵاتییە‌كى عێراق و ئە‌م گە‌ڕانە‌وە‌یە‌ش بە‌رهە‌مێكە‌ لە‌ بە‌رهە‌مە‌كانى شۆڕشى گە‌لە‌كە‌مان.

بێ گومانم لە‌وە‌ى كە‌ هە‌موویان ئە‌بنە‌ هۆى یە‌كگرتن و بە‌شدار دە‌بن لە‌ پێشخستنى  جمهووریە‌تدا.

هە‌ر ئینسانێك ئە‌گە‌ر تۆزێك ویژدانی تێدا بێت و سە‌یرى پیاوە‌ بە‌تە‌مە‌كان و ژن و منداڵە‌كانتان بكات، بۆى دە‌ردە‌كە‌وێ، كە‌ تا چ ڕادە‌یە‌ك كاربە‌دە‌ستانى عە‌رە‌بى یەكگرتوو خۆیان فڕێ داوە‌تە‌ باوە‌شى ئیستعمارە‌كانە‌وە‌ و ئە‌یانە‌وێ جمهوورییەتەكە‌مان لە‌ناو بە‌رن و ئە‌یانە‌وێ شك بخە‌نە‌ ناو دڵى هە‌مووانە‌وە‌، كە‌ ئێوە‌ چۆن گە‌ڕاونە‌تە‌وە،‌ هە‌تا بتوانن ڕێگایان بكە‌نە‌وە‌ بۆ خۆیان و دە‌ست بخە‌نە‌ ئیشوكارى جمهوورییە‌تە‌كە‌مانە‌وە‌ و سیاسە‌تى یە‌كێتیى سۆڤیە‌ت لە‌كە‌دار بكە‌ن، كە‌ لە‌ هە‌موو كاتێكدا پارێزگاریى لە گە‌لى عە‌رە‌بى و هە‌موو گە‌لانى جیهانى كردووە‌.

بە‌ڵام لە‌گە‌ڵ ئە‌وە‌ى كە‌ عە‌بدولناسڕ ئە‌و هە‌موو پڕۆپاگە‌ندە‌ ناشە‌ریفانە‌ دە‌كات، برایە‌تیى كورد و عە‌رە‌ب ڕۆژ بە‌ ڕۆژ بەهێزتر دە‌بێت و  جمهوورییە‌تە‌كە‌مان بەرەو دیموكراتیە‌ت و ئاوە‌دانكردنە‌وە‌ى عێراق و خۆشیى گە‌لە‌كە‌ى و یە‌كگرتنى گەلانى عە‌رە‌بى دە‌ڕوات و هە‌وڵ ئە‌دات بۆ بەهێزكردنى پە‌یوە‌ندیى نێوان گە‌لى عێراقی و سۆڤیە‌تى و هە‌موو گە‌لانى جیهان.

خۆم زۆر بە‌ بە‌ختیار دە‌زانم، كە‌ بە‌م بۆنە‌یە‌وە‌ زۆر سوپاسى پاپۆڕە‌وانە‌كانى پاپۆڕە‌كە‌ بكە‌م و سوپاسى نوێنە‌رانى هیلالى ئە‌حمە‌ر (مانگی سوور و سە‌ڵیبى ئەحمە‌رى سۆڤیە‌تى (خاجی سووری سۆڤیەتی) بكە‌م و هە‌ندێ دیاریى گە‌لى عێراقى پێشكە‌ش بە‌ گە‌لى سۆڤیە‌تى هاوڕێ بكە‌م، بە‌ یادى ئە‌و خزمە‌تە‌وە‌، كە‌ كردییان و بە یادى هاوڕێیە‌تیمان.

 بژى برایە‌تیى عێراقى و سۆڤیە‌تى

 بژى جمهووریە‌تى عێراقى دیموكرات بە‌ سە‌ركردایە‌تیى عە‌بدولكە‌ریم قاسم.

 بژى برایە‌تیى كورد و عە‌رە‌ب، بمرێ ئیستعمار و نۆكە‌رە‌كانى.

 

هە‌ر لە‌ ڕۆژنامە‌ى (ژین)، ژمارە‌ (1439)، ڕۆژى دووشە‌ممە‌، ڕێكەوتى 20/4/1959 لاپە‌ڕە‌ (1)دا هاتووە‌:

بە‌ بۆنە‌ى گە‌ڕانە‌وە‌ى بارزانییە‌كانە‌وە‌

مستە‌فا بارزانیی خە‌باتكار، سوپاسى سە‌رۆكى مە‌زن ئە‌كات

(هە‌موو پیلانێك لە‌ناو ئە‌بە‌ن و  جمهووریە‌ت ئە‌پارێزن)

خە‌باتكارى خۆشە‌ویست مستە‌فا بارزانى، بە‌ بۆنە‌ى گە‌ڕانە‌وە‌ى برا بارزانییەكانمانەوە‌، تە‌لە‌گرافێكى بۆ سە‌رۆكى مە‌زن عە‌بدولكە‌ریمى قارە‌مان لێ داوە، سوپاسى بێپایانى ئە‌كات بۆ ئە‌و هە‌وڵ و تە‌قە‌للایە‌ی كە‌ بۆ گە‌ڕانە‌وە‌ى بارزانییە‌ تێكۆشە‌رە‌كان داى، كە‌ لە‌لایە‌ن ئیستعمار و نۆكە‌ركانیانە‌وە‌ لە‌ نیشتمان دوور خرابوونە‌وە‌ و بە‌ڵێنى داوە‌ كە‌ هە‌موو گە‌لى كورد تا دواهە‌ناسە‌یان و هە‌تا هێزیان تێدا بێت، پارێزگارى لە جمهووریە‌ت بكە‌ن و هە‌موو پیلانێك لە‌گە‌ڵ برا عەرە‌بە‌كانیان و‌ لە‌ژێر سە‌ركردایە‌تیى قارە‌مانى گە‌ل عە‌بدولكە‌ریمدا لە‌ناو بە‌رن.