١. (ناو) هاوار؛ بانگ؛ هەرا: «ئەگەر باوەڕم پێدەکەی ئەو پیاوه زەلامه به بانگ و سەڵا دەگریا!»
٢. (ناو) موناجاتێک که له مانگی ڕەمەزانا بۆ ڕاگەیاندی کاتی پارشێو کردن، به دەنگی بەرز دەخوێنرێ: دووەمین: له شاری «وان»یش مزگەوتێکی تەرز و بەرز و فێرگەیەک و نوێژگەیەک و گۆشەیەکی دەروێشانی خۆش و جوانی بنیاد ناوە. قورعانخوێنی خۆشئاواز و خەڵکدوێنی سەربەرزەک و بانگدەری سەڵا و بانگڕەوان و زاراوشیرین و ئاهەنگزان و مجێوری ژیکەڵه و ڕووخۆش، لەو نوێژگەیه دامەزراون.
[هەژار، شەرەفنامه: ۴۶۳]
٣. (ناو) موناجاتێک که ڕۆژی جومعان بۆ ڕاگەیاندنی کاتی نوێژی جومعه، به دەنگی بەرز دەخوێنرێ: ڕۆژی جوعمەی دوای سەڵایه/ تەشریفت چۆ بەر لەقایه/ بۆ ئۆممەت دەکەی تکایه
[دەروێش مەحموود قادری]
ڕۆژی جوعمعان پاش سەڵایه/ دوو شت خۆشن له دنیایه/ ئیمان و ماچی لەیلایه
[فۆلکلۆر]
٤. (ئامرازی هەستدەربڕ) واوەیلا؛ هاوار؛ وای/ وەی. تێبینی: بۆ ئەم مەبەسته له قاڵبگەلی وەک «سەڵا + له + زەمیر یا ناو» و «سەڵا + زەمیری لکاو + له + زەمیر یا ناو»دا بەکار دەهێنرێ. هێندێجار سفەتی «گەورەوگران»یش به ئامرازی ئیزافه دەخرێته سەر وشەی «سەڵا» و دەبێ به «سەڵای گەوره و گران»: ئەو جەهەندەمه بەکوڵەکوڵە/ تێیدایه دوو ماری ده شڵە/ سەڵا لەوەی [= له ئەوەی] له خودا خافڵە!
[دەروێش مەحموود قادری]
دایکی دەڵێ: «هاوار له من!»/ بابی دەڵێ: «سەڵا له من!»/ ژنەکەی دەڵێ: «تێیهەڵدەن/ شەوێ پشت دەکا له من!»
[پایانیانی، ئەدەبیاتی زارەکیی موکریان _ بەشی ژنان: ۱۰۷]
لێکدراوەکانی ڕستەیی و ئاماڵڕستەیی
✓ سەڵا له ئەقڵ/ ئاقڵی کەسێک
وەکوو شێوەڕسته و وەکوو بەداخ بوون لەکاتی کردنی کارێکی بێعاقڵانه لەلایان کەسێکەوە، دەکار دەکرێ: لێم پرسين: مەسەله چيه؟ ئاخر وەکوو بيستبوومان ئەگەر حەساوکيتاوێ له ئارادا با [= بوایە] ئێمەمانان ئێسته دەبوو لەدوڕ [= لەنێو] جەهەندەم بووينايه، سەرم لەم کاره دەرناچێ؟ گوتيان: هەی سەڵا له ئەقڵت! خۆ ئێمه عەداڵەتی خوا نەيبەخشيوين، تکاکاریی ئیمام حوسێن ئێمەی هاوردۆته ئێرە.
[هەژار، «دایە، باوە، کێ خراوە؟»: ٥٩ _ ٦٠]
✓ سەڵا له کەسێک یا له شتێک
وەک شێوەڕسته لەکاتی لێقەومان و بێدەرەتانی یا پەیدا بوونی موشکڵ و دژواریدا بۆ دەربڕینی هەست دەگوترێ: ده هەڵگره خۆ دەرمان نیە، ئەمن بۆت دەفرۆشم پێنسەت مەڕی لەبەر بەرانی/ بەعامی لەبۆت دەکەمەوه به پووڵ و پارە/ بۆت دەگەڕێم شاران، حەکیمان دەگەڵ ئەوان لوقمانە/ سەڵا له چاوی ده بابت، برینت به کەس ناکرێتەوه دەرمانە!
[قادر قادرپوور: بەیتی سەیدەوان]
ئەو ڕۆژەی ئەگه مەڕیان خوێ دەدا دەیانکوت سەڵا له کابانێ، چونکه مەڕ شیری تێدا نەدەبوو.
[پەریزاد قادری]
لێکدراوەکانی تر
✓ سەڵا له تیتۆڵێ، با دەدا له ڕندۆڵێ
«خاکت/ خۆڵت وه تڕ و تیتۆڵان، بای/ بات دەدا له ڕندۆڵان.»
بڕوانە: سەڵا لە عەقڵی کەسێک.
✓ سەڵا له چاوی ئەوەی دەچێته بن گڵی
هەر مرۆڤی مردووه که له ئاکاما بەتەنیا دەمێنێتەوه و درەنگ یا زوو، لەبیر دەکرێ.
✓ سەڵا له چاوەکانی
لەکاتی باس کردنی مردوودا و به نیشانەی پەرۆشی و لەبیر کرانی دەگوترێ.
مەسەل
✓ ڕۆژی با و بارانێ/ سەڵا له کابانێ
مەڕ و ماڵات لەکاتی با و باراندا شیر له گوانیاندا نابێ و ئەمه بەشبەحاڵی کابانی ماڵ پێشهاتێکی ناخۆشە.
✓ سەڵا و قەت کەسم/ سەڵا و قەت کەست نەما
شێوەڕستەیەکه بۆ دەربڕینی هەست لەکاتی لێقەومان یا بێدەرەتانیدا دەگوترێ و زۆرتر ژن دەیڵێن: ئەی وەفای نۆجوان و پادشازاد و بەڵەکچاوه/ سەڵا و قەت کەسی ده منی سەرشینێ نەماوه/ نەتزانی ئەوڕۆکانه نێوی من به بەدناوی/ ده دیوانی پادشای و ده شاری مەغربزەمینێ دەگەڕاوه
[حاجیساڵه تەوره: بەیتی مێر و وەفا]
تێبینی: ڕستەی «سەڵا و قەت کەسم/ کەست نەما» بەشێوەیەکی نائاسایی یا هەرنەبێ کەمهاوتا داڕێژراوه و وا دیاره له دوو شێوەڕستەی «سەڵا!» و «قەت کەسم/ کەست نەما!» پێکهاتووه که به واوێکی تەعلیلی تێککراونەتەوە. دەسا دەکرێ بێژین ڕستەکه به سەریەکەوه یانی «هاوار له من که ئیتر کەسم نەماوە!/ هاوار له تۆ که ئیتر کەست نەماوە!»
[عەزیز ئالی]
✓ سەڵای کەسێک له کەسێک
بۆ دەربڕینی هەستی کەسێک بەرانبەر به کەسێکی تر بەکار دەهێنرێ، جا ئەگەر بگوترێ «سەڵای من له فڵانکەس»، دەربڕینی هەستی خەم و داخه بۆ فڵانکەسی لێقەوماو یا بێدەرەتان و ئەگەر بگوترێ «سەڵای فڵانکەس له من» ئەوه ئافەرین لێکردن و پەسندانی فڵانکەسه بۆ کارامەیی یا هونەرێکی که نواندوویەتی: ئەی تەخته تەخته تەخته/ ئێوارێکی بێوەخته/ لەسەر تەختەدارێ/ خرموهۆڕی سوارێ/ سەڵام له بریندارێ [= داخەکەم بۆ بریندارێ!]/ برینداری خۆمه/ ئاوی شیلەوشۆمه/ هەڵمگرت به ملانه/ هەتا سەر قەبرانه
[پایانیانی، ئەدەبیاتی زارەکیی منداڵانی موکریان: ۵۶]
پێکهاتەکانی له چاوگ وەرگیراو
✓ سەڵاکردن
به بۆنەیەکی دینییەوه موناجات یا دوعای تایبەتی به دەنگی بەرز له مزگەوتەوه بۆ کۆمەڵگەیەک خوێندن: دەڵێ هەڵستا چۆ سەربانی مزگەوتێ و دەستی پێکرد وەک سەڵایان بکا.
[خله دەرزی: بەیتی برایمۆک]
ڕەمەزان هات. ئێمه که شەو تا ڕۆژ کارمان نووسین بوو، پارشێوان مەلامان خەبەر دەکردەوه که هەسته سەڵا بکە. مەلا دەیگوت: هەرچەند بۆخۆتان بەڕۆژوو نابن، به قورعانی لێم خوێندووه خێری ڕۆژووی ئەم گونده نیوەی بۆ ئێوەیە!
[هەژار، چێشتی مجێور: ۴۳۱]
✓ سەڵا له کەسێک ڕابوون
هاوار له کەسێک بڵیند بوون؛ (مەجاز) تووشی بەڵا و موسیبەتی زۆر گەوره هاتنی کەسێک: پشتیوانی خودا بوو دەستی دەدا شمشیری/ سەڵا له گاوران ڕابوو، لینگی دەدا مەیدانێ/ وەک بریسکی ئاسمانێ.
[حاجی سمایل کاکەلاو: بەیتی عەبدولڕەحمان]
گوتی: دایە! چیه ئەم بۆڵەبۆڵە؟/ گوتی: هەستە، سەڵام لێ ڕابوو، ڕۆڵە!/ ئەمیر ئەمڕۆ له داری دان به جووتە/ کچۆڵەی خۆی و ئەو خۆشخوانه ڕووتە/ له شاری کەوتووه هاوار و گریان/ دڵی گەوره و بچووکان بۆته بریان
[هێمن]
لێکدراوەکانی ڕستەیی و ئاماڵڕستەیی
✓ سەڵام/ سەڵای گەورەوگرانم لێ ڕابوو
(مەجاز) تووشی بەڵا و موسیبەتی زۆر گەوره هاتم: بەهاره سەڵای گەورەوگرانم لێڕابوو، له خەڵکی بەهاره، بەڵام ئەمن بەو بەهارەی ناکەمەوه متمانێ...
[ئەحمەد لوتفی: بەیتی مەم و زین]
✓ سەڵا و سەت/ سێسەت سەڵای گەورەوگرانم لێ ڕابوو
حەیران له چۆلان، له چۆلی ده شامێ/ ئەوه سەڵا و سێسەد سەڵای ده دنیایەم لێڕابوو/ دوێینێم خەبەری هەتیوەلاوێ خۆ زانیوه/ به دەستێکه نیزامان دەیانبرد بۆ بن داری ئیعدامێ
[پایانیانی، ئەدەبیاتی زارەکیی موکریان _ بەشی ژنان: ۲۶۱]
✓ سەڵای سەگ و بەیتی کەر پێکردن
خۆ بۆ سزا دانی توندی کەسێک ئامادە کردن. ئەم ئیستیلاحە هاوتای «هۆرە بۆ کەسێک کردن/تاشین»ـە و هەردووک ئیستیلاح ئیشارە بۆ سزای «دار دە قوون بڕین» دەکەن کە هەم ئازار دانی لەشە هەم ئابڕوو بردن. هەروەها پێکیان بگرە لەگەڵ: به قەبر/ گۆڕی بابی کەسێکدا ڕیاندن. چاو پێسپی کردن. تاڵەسێو دەخەوی کەسێک هێنان. ژۆپاندنی کەسێک. فوو دانی کەسێک. گۆداغ کردنی کەسێک. له کۆل دان: بەگۆڕی ئەو شێخەی یەکێک خوێنی له لووتی بێ، سەڵای سەگ و بەیتی کەرت پێدەکەم.
[ئەمیری، هاواره بەره: ۱۰۲]
✓ به بانگ و سەڵا گریان
گریانی تێکەڵ به لاواندنەوە؛ به دەنگ و ئاواز گریان؛ بەدەم هاوار و ناڵەوه گریان: موحەمەدخان گوتی: کچی ئەمیری دڵت دەمگرێ؟ کچ به شەرمەوه گوتی: «بەڵێ». لاو گوتی: ده هەسته قاوەم بۆ لێ بنێ بەڵام وای چاو له لاوەکه بڕیبوو هۆشی نەما و قاوه هەڵچوو لەپڕ موحەمەدخان بزر بوو، کچ حەپەسا و ئەو شەوی تا بەیانی بەبانگ و سەڵا گریا و لەخۆی دا.
لێکدراوەکان
✓ بێسەڵا
(سفەت، مەجاز) بێکەس و داماو؛ لێقەوماو؛ بێچارە؛ بەدبەخت: بەنگینه دەڵێ: وای لەخۆم بێسەڵایه!/ میر، ئەگەر بۆخۆت هەڵنەستی، ئەو ئاوره هێن بەحوکمه، چارەی نایە
[هێمن، تحفه مظفریه: 315]
لەشکر له دوو کاکی مه دەبوو جەمبوور به جەمبووره/ ئێستا بێساحێب بوون حدوودی بێنیشانە/ بێسەڵا بوون خانمی ده ڕووسووره
[هێمن، تحفه مظفریە: بەیتی کاکەمیر و کاکەشێخ]
ئەوجار بارین دەرد و بەڵا/ بۆ تووتنەوانی بێسەڵا/ بێپووڵ و پاره و بێخەرمان/ بێدوکتۆر و دەوا و دەرمان/ کرم و مڵه و کولله و گەزۆ/ له تووتنی تاین بوون وەکۆ
[مەلا ئاواره]
سەڵا، بە دەنگی: حەمەدی خاڵە
سەرچاوە: لە لاپەڕەی مامۆستا سەلاح پایانیانی، توێژەر و نووسەری ''فەرهەنگی زارەکیی موکریان'' وەرگیراوە.