جەژنی سەری ساڵی ئێزدی (چارشەمبا سۆر) یەکێکە لە جەژنە دیارەکانی ئێزدی و ھەموو ساڵێک لە مانگی نیسان دەکرێت و بەم بۆنەیەوە ئەمڕۆ چوارشەممە 20/4/2022 لە سەرجەم دامودەزگاکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پشووی فەرمییە.
بە باوەڕی ئێزدییەکان، بەپێی ساڵنامەی ڕۆژھەڵاتی لەدوای 13ی مانگی نیسانەوە یەکەم چوارشەممە جەژنی سەری ساڵە، ھەر بۆیە ئەمساڵ ڕۆژی 20ی نیسان دەبێتە یەکەم چوارشەممەی دوای 13ی مانگ و جەژنی سەری ساڵی ئێزدی.
جەژنی سەری ساڵی ئێزدی (چارشەمبا سۆر) لە ماڵان و بەتایبەت لە پەرستگەی لالش بە چەندین ڕێوڕەسم بەڕێوە دەچێت و ئێزدییان لە سەرانسەری دنیاوە ڕوو لە لالش دەکەن و دوای نیوەڕۆی ڕۆژی جەژن گەنجانی ئێزدی ڕوو لە قەدپاڵی چیاکانی چواردەوری پەرستگەی لالش دەکەن و گوڵی جۆراوجۆری وەرزی بەھار لە سروشت دەکەنەوە و لەبەر دەرگا بچووکەکانی پەرستگەی لالش دایدەنێن.
لەم ڕۆژەدا 365 خزمەتکاری پەرستگەی لالش لە کاتژمێر پێنجی ئێوارەی ''چارشەمبا سۆر''ەوە خۆبەخشانە دەست دەکەن بە ھەڵکردنی 365 چرا وەک سیمبولی ڕۆژەکانی ساڵ لەنێو پەرستگەی لالش و قەدپاڵی چیاکانی چوار دەوری پەرستگەکەدا.
"ئاوی زمزم" یەکێک لەو کانییە ئاوانەی پەرستگای لالشە کە دەکەوێتە ناو ئەشکەوتێک و لە پێنج کانیاو پێک دێت، ژنان و پیاوانی ئێزدی هەرکامیان بە جیا و گرووپ گرووپ لە کانیاوەکەدا دەستیان دەشۆن و سەر و دەموچاویان بە ئاوەکە تەڕ دەکەن، خۆیان دەڵێن، ئەوە بۆ پاکبوونەوەیە لەو گوناھانەی لە ماوەی ڕابردوو کردوویانە.
لەم جەژنەدا ھەموو ماڵێکی ئێزدی 50 تا 200 ھێڵکە دەکوڵێنن و دواتر بە ڕەنگی جیاواز ڕەنگی دەکەن وەک ئاماژەیەک بۆ سەرەتای دروستبوونی زەوی بە ھەموو ڕەنگەکانییەوە، ھەربۆیە ھێلکەکان بە ڕەنگەکانی سروشتی بەھار ڕەنگ دەکرێن، خێزانە ئێزدییەکان لەم جەژنەدا دوای تەواوبوونی ڕێوەڕەسمەکان ھێڵکەکان دەگوازنەوە بۆ سەر گۆڕی مردووەکانیان و بەشێکیشیان وەکوو خێر و چاکە بە ھەژارانی دەبەخشن.
لەم بارەیەوە، خواجە خەتاری، زانای ئایینی ئێزدی، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: ''جەژنی سەری ساڵ یەکێک لە کۆنترین جەژنەکانی ئێمەیە و جەژنی دەستپێکی ساڵی نوێیە و لە ماگی نیساندا هەموو گیانداران دەبووژێنەوە و بەهۆی ئەوەی کە ئێزدییەکان زۆر ڕێز لە سروشت و پاراستنی گژوگیا و هەموو جۆرە ڕووەکێک دەگرن لەم مانگەدا زەوی ناکێڵن و بەهۆی نەکێڵانی زەوییەوە هەموو سروشت ڕەنگی کەسک بەخۆیەوە دەگرێت و ئێزدییەکان لەم مانگەدا کێڵانی زەوی بە گوناه دەزانن، چونکە نیسان بووکی ساڵە و گەلێک جوانی دەخەمڵێنێت کە هیچ بووکێک ناتوانێت هێندە جوانی بخەمڵێنێت، هەربۆیە لەو مانگەدا ئێزدییەکان ژیانی هاوسەرینییش پێک ناهێنن.
ئەو باوەڕدار و زانا ئایینییە گوتیشی: ”لەو جەژنەدا شوان بەر لە نیوەڕۆ مێگەل دێنێتەوە و بێریوان خۆی و پارزنی دەستی و خەڵاتێك بۆ شوان، بەروپیری دەچێت، كاتێ بێریوان گەیشتە شوان، پێكەوە گۆچانی دەشتی شوان دەشكێنن و پارچە پارچەی دەكەن، ئینجا پارچەكانی گۆچانەكە بەسەر یەكتردا پەرت و بڵاو دەكەنەوە، ئینجا بێریوان شوانەكە خەڵات دەكات و كە بێریوان گەڕایەوە بۆ ماڵ، ئەو پارچە بچووكانەی گۆچانەكە بەمەبەستی خێر و بەرەكەت بە مەشكەكەیەوە دەكات".