كتێبی "ڕۆڵ و پێگەی حاجی بابەشێخی سەیادەت لە ڕووداوە كۆمەڵایەتی و سیاسییەكانی كوردستان" لە نووسینی "سەید عەبدولڕەحمان سیادەت" کە ناوەندی كوردستان بۆ دیکیۆمێنت و لێکۆڵینەوەی ئەکادیمی لە زانكۆی سلێمانی، بڵاوی کردووەتەوە.
ئەم كتێبە لە نووسینی "عەبدولڕەحمان سەیادەت" كوڕەزای حاجی بابەشێخە و سەربوردەیەكی ژیانی كۆمەڵایەتی و سیاسی حاجی بابەشێخی سیادەت سەرۆکوەزیرانی کۆماری کوردستان، وەك كەسایەتییەكی دیاری ناوچەی موكریان دەگێڕێتەوە. گێڕانەوەكە تیشكی خستووەتە سەر گرنگترین قۆناغەكانی مێژووی ژیانی حاجی بابەشێخ لە حكوومەتی کۆماری كوردستان ( 1946 ) وەك سەرۆكوەزیران و هەروەها پەیوەندییەكانی لەگەڵ سەركردە كوردەكانی ئەو ڕۆژگارە.
جگە لەوەش ئەم كتێبە وێنایەكی گشتیی دۆخی سیاسی و كۆمەڵایەتیی ڕۆژهەڵاتی كوردستان لە سەردەمی ڕەزاشای پەهلەوی دەخاتە ڕوو. نووسەر بۆ زانیارییەكانی ئەم كتێبە پشتی بە یادەوەرییەكانی كەسانی پەیوەندیدار بەو سەردەمە بۆ نموونە كوڕی حاجی بابەشێخ بەستووە، هەر بۆیە ئەم بەرهەمە دەچێتە چوارچێوەی مێژوویی زارەكییەوە و زانیاری وردی تێدایە كە بۆ توێژەرانی ئەم بابەتە دەتوانێت نوێ و سرنجڕاكێش بێت.
گرنگترین تەوەرەكانی ئەم كتێبەبە بریتیتن لە:
-کەسایەتیی حاجی سەیید عەبدولکەریمی زەنبیل (باوکی حاجی بابەشێخ)
-دەورەی خوێندن و ژیانی ئاسایی حاجی بابەشێخ و بنەماڵەکەی
-شوێن و جێگەی حاجی بابەشێخ لە شەڕی یەکەمدا
-کەسایەتیی عیلمیی حاجی بابەشێخ
-حاجی بابەشێخ و ئەدەبیات
- حاجی بابەشێخ و هەڵبژاردنەکانی مەجلیسی شوورای میللی
- بارودۆخی کوردستان لە دەورانی ڕەزاشا و جێگە و پێگەی حاجی بابەشێخ لەو سەردەمەدا
-هەوڵە ئاشتیخوازییەکانی حاجی بابەشێخ
-پەیوەندیی لەگەڵ شێخ مەحموودی حەفید
-پەیوەندی لەگەڵ مەلا مستەفا بارزانی
-حاجی بابەشێخ و حکوومەتی میللیی کوردستان
-سەردەمی زیندان
-ساڵەکانی کۆتایی ژیانی
-بەڵگە و وێنەکان