هاوزێ، یەکەم ڕۆمانی نووسەر دلاوەر ڕەحیمی، کە کۆتایی ساڵی 2018 چاپ و بڵاو کرایەوە، یەک لە ڕۆمان و دەقە جیاوازە کوردییەکانە کە هەروەک چەند نووسەر و ڕەخنەگرێکی دیکەش لەبارەیەوە نووسیویانە، جەختیان کردووەتەوە ئەم دەقە ئەچێتە خانەی ئەدەبی پۆستمۆدێڕنەوە. ڕەحیمی لە هاوزێدا بە بازدان بەسەر گێڕانەوە باوەکان و تێکشاندنی نۆرمی سەرەکیی گێڕانەوە، هەر لە سەرەتاوە بە خوێنەر دەڵێت لەگەڵ دەق و گێڕانەوەیەک بەرەوڕووی کە یاری بە زیهن دەکات.
بوێری و نەسڵەمینەوە
سێ کارەکتەری سەرەکی لە تێکستی هاوزێدا (فاروق)، (زارا) و (سەردار) بە نۆرە و هەندێ جار بە جێگۆڕکێ ڕووداوەکان دەگێڕنەوە و هەندێ جار ھەست دەکرێت لەباتی فاروق، ئەوە زارایە دەدوێت و ڕەوڕەوەی گێڕانەوە دەگرێتە دەست. دەقی ھاوزێ لە کۆمەڵگەیەکی داخراو و تا بینەقاقا حیزبی و سەرکوتکراودا زۆر بوێرانە پەنجەرەیکی جیاواز دەکاتەوە و بوێرییەکەی وا دەکات خوێنەر ڕووبەڕووی خۆی ڕادەگرێ. هاوزێ گێڕەرەوەی حیکایەت و نوستالژی و تراژیدیایەکە کە زۆربەمان شەرمی لێ دەکەین و خۆمانی لێ دەشارینەوە و سەرپۆشی لەسەر دادەنێین، بەڵام هاوزێ قوفڵەکان دەشکێنێت و سەری سندووقە گەورەکە لا دەبات و لاپەڕە گنخ و بۆگەنیوەکان دەخاتە روو. لە تێکستی هاوزێدا منی باڵا و گێڕەرەوەی "هەمووشتزان" کە لە زۆرێک لە دەقەکانی دیکەدا زاڵە، لێرەدا پیوارە و جێگۆڕکێی جوانی دیالۆگی کارەکتەر و خۆدواندن و مۆنۆلۆگی پاڵەوانەکان و بەشداریی خوێنەر بوونەتە هۆی ئەوەی ڕووبەڕووی دنیایەک و دەقێک ببینەوە کە هەناسەیەکی جیاوازی پێیە و بوێری و نەسڵەمینەوە بەڕای من خەسڵەتێکی دیاری ئەم دەقەیە.
لە هەندێ دیمەنی کۆتاییدا کە باسی ژێرزەمین و گۆڤار و ڕۆژنامەنووسی و کتێب خوێندندوە و ئیمەیل و نامەناردن، دەکات، لە دیمەناکنی دیکەدا هەست ناکەت نووسەر هیچ هەولێکی دابێت، ئەندێشە و هزری خۆی بەسەر کارەکتەرەکاندا فەرز بکات، بەڵکوو ئەوە خودی کارەکتەر و خوێنەرەن دەقەکە بەرەوپێشەوە دەبەن.
تێکشاندنی بنەما باوەکانی گێڕانەوە
یەکەم دیمەن کارەکتەر هیلاک کەوتووە و بووراوەتەوە و هەرچی هاوار دەکات، کەس گوێی لە "دەنگ"ی نییە و لەباتی ئەوەی لەگەڵ کەسی دیکە بدوێت لەگەڵ زیهنی خۆی قسان دەکات.
خوێنەر گەر خوێنەرێکی وشیار نەبێت، کارەکتەر و ڕووداوەکانی لێ تێک دەچێ، چونکە ئەم دەقە لادانە لە نووسین و گێڕانەوەی باو و بە گرتنەبەری شێوازی شەپۆلی زەین و زاڵبوونی مۆنۆلۆگ، بەسەر دیالۆگی ڕاستەوخۆدا. لە هاوزێدا هاوکات تێمێکی نۆستالۆژیای تێکەڵ بە تراژیدیا لەلای چەند کارەکتەری وەک "فارۆق، زارا، کەژاڵ، گوڵشەن، سەرداری کەماڵ ئاغا، ئارامی باجی حەپسە و...." بە زیهن و ئایدیای ئیرۆتیک و سێکس و جووتبوون و کەڵکەڵەی حەز و هاوکات تۆڵەسەندنەوە لە چەند زەمەنی جیاواز و ئاڵۆزدا ڕەوتی گێڕانەوە دەبەنە پێش.
دەقی هاوزێ هێندە لە هەوڵی پاراستنی تەکنیک و فۆرمی هونەریی گێڕانەوە دایە، هێندە کاری لەسەر ناوەرۆک و پەیام نەکردووە. لەم ڕۆمانەدا خوێنەر پەلکێشی ناو ڕووداو گرتەکان دەکرێت و ناچار بە بیرکردنەوە و بەشداری لە دەقدا دەبێت. ڕەحیمی ئەوپەڕی هەوڵی خۆی دەدات کراوەیی دەق هەتا کۆتایی بپارێزێت و دەکرێ بێژین ڕۆمانی هاوزێ بە تێمێکی ئیرۆتیکییەوە نووسراوە و لایەنی بەرجەستەی چەند دەنگی و فرەڕەهەندییە. گێڕەرەوە و پاڵەوانی سەرەکی لێرەدا پیوارە (غایب)ە و دەستاودەستکردنی ڕەوتی گێڕانەوە لە نێوان کارەکتەرەکان جیاواز لە جۆرێک جێگۆڕکێ و ئاڵۆزی، هاوکات جۆرێک لە هارمۆنیکی واتاییش ساز دەکەن کە ئەویش بە بەشداریی خوێنەر و بەردەنگی جیدی کامڵ دەبێت.
هاوزێ تژییە لە تەکنیک هونەریی ئەدەبی گیڕانەوە و لێوانلێوە لە دەربڕینی ئەدەبییانە و بەردوورە لە زمانی باو و لەگرێژنەدەرچووی میدیای کوردی. جۆری هێڵیی گێڕانەوە تێکدەشکێنێت و تەنانەت بە هێڵی ئاسۆییش قەناعەت ناهێنێت و جۆرێکە هاوشێوەی جاڵجاڵۆکەیی و خەریکی چنینی تەونی ژیانی مرۆڤی کورد و کۆمەڵگەی شپرزە و لێکترازاوە. لە تێکستی هاوزێدا ئاوقەی کەڵکەڵە و ئایدیا و بوون و هەستیی مرۆڤی هاوچەرخ دەبینەوە، وەلێ ئەو کەڵکەڵە زیهنییە وێنای کۆمەڵگەیەکی تا سەر ئێسقان نەریتیی بەدەر لە "مۆدێرنیتە و شار" دەکات. هاوزێ لەبەر ئەوە دەقی واڵایە، چونکە سەرەتا و کۆتایی نادیار و تاریکە، فرەڕەهەندیبوونی لەوە دایە خوێنەر ئاوێزانە لەگەڵ دێڕ بە دێڕی و وێڕای پارادۆکسیکاڵبوون و لێکدژیی دیالۆگ و ئاخاوتەی هەندێکیان، وەلێ قووڵن و ختۆکەی خەون و خولیاکان دەدەن.
لە تێکستی ھاوزێدا مامەڵە لەگەڵ چەند شتێک کراوە کە بە جۆرێک هەڵگری پەیامن، وەک "خوێن، ڕەنگ، دەنگ و بۆن" وەک ئەیژێ: (کچێ تۆ بۆنت پیاو ھار دەکا).
هاوزێ دەقێکی بوێر و بێپەردەیە و بێ هیچ سانسۆرێک دەستی بۆ سەرەکیترین کایەی ژیان واتە کردەی سێکس و جووتبوون بردووە و بێ هیچ سڵەمینەوەیەک وشەکانی "گان، کوس، کێر، دەسپەڕ، سپێرم و..." و کۆ ئەندامی نێرینەی پیاو ژن و بە وردی گێڕانەوەی کردەی سێکس دەکات. باسکردنی وشە بڤەکان و بڕینی هێڵە سووورەکان لەم ڕۆمانەدا جۆرێکە لە دژەباو. ئەم جۆری گێڕانەوەیە لە ئەدەبی کوردیدا کەمێک نامۆیە. کەوا پشت دەبەستێت بە شەپۆڵی هۆش و پچڕ پچڕی لە گێڕانەوەو مەنەلۆگ و چونە ناو ناواخنی کارەکتەر وەک ئەوەی مارسل پڕووست لە ڕۆمانی "گەڕان بەدوای زەمەنی لەدەستچوو"دا هێناویەتە گۆڕێ.
دەقی دوڕدونگ و پرسیارخولقێن
شێواز و ئاراستەی گیڕانەوەی هاوزێ کۆمەڵێک پرسیار ڕووبەڕووی خوێنەر دەکاتەوە، خوێنەر کونجکۆڵ و بزۆز دەکات، جیا لەوەی تێمی ئیرۆتیک و ڕۆمانسییانە لە زۆر لاپەڕە و لە دووتوێی دیالۆگ و مەنەلۆگەکاندا خوێنەر دەباتە کەشکەشانی چێژ و ئاوێزانبوون، لەناکاو خیانەت، هەڵچوون، خوێن و مەرگ و دەستبردن بۆ هەڵدانەوەی توێژاڵی زامە پترۆخ بەستوەکانی کۆمەڵگەی کوردی دەتبەنەوە بۆ نوستالژی، ڕابردووی سیخناخ لە ڕەنگ و بۆن و دەنگ و خوێنی ژیانێک کە نەژیاوین.
خوێنەری جیدی لە کاتی خوێندنەوەی هاوزێ و قووڵبوونەوە لە هزر و ڕامانی کارەکەتەرکاندا چەندان پرسیار و گومان و ئەگەری بۆ دێتە پێش. بۆچی بۆن؟ ڕەنگ چییە؟ دەنگ دەلالەت لە چی دەکات؟ سەردار و زارا و فارۆق نوێنەری کامە تیپیکاڵی کۆمەڵگەی کوردین؟ ئایا مرۆڤی کورد هێندە دەمامکدار و چەند ڕوو و سیمایە و چەندانی پرسیار و گومان و دڕدونگی دیکە. لە هاوزێدا هیچ بڕیارێک نادرێت و هیچ گرفتێک چارەسەر نابێت.
هاوزێ و دەمامک
دلاوەر ڕەحیمی، لە سێ بەش و لەڕێگەی کەڵکەڵەی زیهنیی "زارا، فاروق (ئارگەش، کاوە کەسنەزانی)، گوڵشەن، سەرداری کەماڵ ئاغا، ئارامی باجی حەپسە و..."ەوە ڕەمزی و هێمائاسایانە وێنای کۆمەڵگەیەک دەکات، پڕە لە کەبتی سێکسی، دەمامکی سەرلەبەری مرۆڤە ئاسایی، ڕۆشنبیر و سیاسی و شۆڕشگێڕەکان هەڵدەداتەوە کە زیاتر لە ڕوو و لە یەک کاتدا چەند ڕوخسار و ئەخلاقیان هەیە کە هیچیکامیان وەک خۆیان نەژیاون. لە شوێنێکی تێکستەکەدا هاتووە: "خەڵک وادەزانن یەک ژیان دەژین؟ یەک ڕوویان ھەیە، بەڵام چەندین ژیان دەژین و چەندین ڕوو و سیمایان ھەیە، من ھیچ مرۆڤێکم نەناسیوە یەک وێنەی ھەبێت"، یان "هاشم سەراج"ی شاعیر نووسەر لە نووسێنێکدا لەبارەی هاوزێیەوە دەڵێت: "بەشێکی تری مەلعوونیەتی دەق بۆ زارای داوێن تەڕ دەگەڕێتەوە، چونکە زارا خۆشی سێکسی ھەم لە ئۆرگازمدا دەدۆزێتەوە، ھەم لە داماڵینی ماسکی پیاوەکان، کاتێ زمان دەکەوێتە وڕێنە و قسە دەبڕسکێنێت، چونکە ناخودئاگا کە لاکان جەختی لەسەر دەکاتەوە، بە شێوەی زمان بونیادنراوە جا لە چرکە سێکسییەکاندا حەقیقەتی بوونی مرۆڤ دەردەکەوێت. دەقی ھاوزێ ھەڵگری بونیادێکی سێکسی و لیبیدۆییە و بەردەوام بە ھێزێکی ھیدونیزمی گوزارشت لە ڕووداوەکان دەکرێت.)، هاوزێ نەشتەرێکی شیتەڵکار و بێبەزەییە و ڕوحم بە هیچ توێژێک ناکات و وەک خەنجەرەکەی دامۆکلیس هەموان دادەپاچێ و ئەوە دەست و قاچ و سەر و گوێ و چاوی ئەوانن حەزیان لە بۆنە و شارەزای هەموو بۆنێکن و لە هەر شوێن و ژوورێک خۆیان ڕەنگ دەکەن و بە گۆڕینی دەنگی خۆیان، ڕووی راستەقینەیان دەشارنەوە و دەبنە چەواشەی ژیان.
پیواربوونی شوێن – کات
وەک دەڵێن یەکێک لە پێکهاتە و ستراکتۆرەکانی ڕۆمان شوێن - کاتە، وەلێ دەقی واڵا و پۆستمۆدێڕن پابەندی ئەم نۆرمە نابێت، هەرچەند کات و شوێن لە ڕەوتی ڕۆمان و گەشەکردنی کارەکتەردا دەور دەگێڕن، بەڵام لە هاوزێدا ئەوەندەی کارەکتەر گیرۆدەی خەیاڵ و زیهن و کەڵکەڵەیە، هێندە بە کات و شوێن و جوغرافیا نەبەستراوەتەوە و لێرەشدا هەر دژە باوە. "ئەم کارەکتەرانە لە نامۆیییەکی کوشندەدا دەژین و هەست ناکەن سەر بە وڵاتێکی دیاریکراو بن". [ئەحمەدزادە، ٢٠١٢، ل٢٨٩] ، بەڵام لە دووتوێی گێڕانەوەکاندا خوێنەری وشیار بە جوانی هەست بە کات و شوێن دەکات، ئەمەیان لووتکەی خاڵی بەشداریی خوێنەرە لە دەقدا.