کەنگر، کنر، کەرەنگ، قنر یەکێکە لە ڕووەکە خۆڕسکە بەهارییەکان، ساڵانە لە سەرەتای مانگی ئادار بۆ کۆتاییەکانی مانگی نیسان لە ناوچە شاخاوییەکان دەڕوێت و دەستدەکەوێت.
کەنگر لەو جۆرە گیایانەیە کە بە شێوازی جۆراوجۆر لێدەنرێت و دەخورێت، وەک: شلە، سوورکراو لەگەڵ هێلکە، یان لەگەڵ ماست.
چۆنییەتی پاککردنی کەنگر:
بۆ پاککردنەوەی کەنگر تەنها پێویستە ڕەگ و دڕکەکانی لێبکرێتەوە و دوای شووشتنەوە و خاوێنکردنەوەی، زەرد دەکرێت (واتا لە ناو ئاو دەکوڵێندرێت) و ئامادە دەبێت بۆ بەکارهێنان.
شلەی کەنگر
پاش زەردکردنی کەنگرەکان، پێویستە پیازێک سوور بکرێتەوە و دۆشاوی تەماتە و بەهاراتی تێبکرێت، ئینجا کەنگرەکە تێدەکرێت و دوو پەرداخ ئاوی لەسەر دەکرێت و لە سەر ئاگرێکی مامناوەد دادەنرێت، هەتا شلەکەمان خەست دەبێت و کەنگرەکان نەرم دەبن. ئەم شلەیە بە گۆشت و بێ گۆشتیش لێدەنرێت.
کەنگەر بە شلەی ساوار
پیازێک سوور دەکرێتەوە و ئاو و خوێی تێدەکرێت، پاش کوڵانی ئاوەکە، ساوارەکەی تێدەکرێت، دوای پێنج خولەک، کەنگرەکانیش تێدەکەین و لەسەر ئاگرێکی کز ئامادە دەکرێت.
کەنگر بە هێلکە
کەنگرە زەردکراوەکە لە ناو ڕووندا سوور دەکرێتەوە، هێلکەکان جوان دەشڵەقێندرێن و خوێ و بیبەری پێوە دەکرێت، سەری تاوەکە بۆ ماوەی ١٠ خولەک دادەنرێتەوە، دوای ١٠ خولەکەکە سەری تاوەکە هەڵدەگرین و کەنگر و هێلکەکە تێک وەردەدەین هەتا بە باشی تێکەڵی یەکتر ببن.
کەنگر و ماست
کەنگرە زەردکراوەکە لەگەڵ ماست و خوێ و کەمێک بیبەر تێکەڵ دەکەین، ئامادە دەبێت بۆ خواردن (ئەم خواردنە دەکرێ سیریشی تێبکرێت).
کەنگر ماسی
چەند هێلکەیەک لەگەڵ ئارد تێکەڵ دەکەین، خوێ و بیبەر و ئەو بەهاراتەی حەزمان لێیە تێدەکەین و بە جوانی تێکی دەدەین، لە ناو تاوەیەک ڕوون گەرم دەکەین و کەنگرە زەردکراوەکان لە ناو تێکەڵەی ئارد و هێلکە وەردەدەین، ئینجا لە ناو ڕوون سووری دەکەینەوە.