لەو رۆژانە لە ناو کتێبخانەیەکی کۆنی ئەڵمانی بەدوای شتێکدا ئەگەڕام، بە ڕێکەوت کتێبێکم دیتەوە بە ناوی "لێکۆڵینە کوردیەکان" (Kurdische Studien)
ئەم پرتووکە ساڵی١٩٠٠ لە ئەڵمان چاپ کراوە و سێ بابەتی سەرەکی لەخۆ دەگرێت:
١. نموونەیەک لە دیالێکتی دیاربەکر (ئامەد)
٢. هەڵبەستێک لە گەڤەرەوە
٣. نزا (دۆعا)ی ئیزەدیەکان
چاوێکی گشتیم پێدا خشاند و چەند بەشێکیم خوێندەوە، سەرنجڕاکێشترین بەشی بەلای منەوە، نامەگۆڕینەوەی نووسەر لەگەڵ "عەبدولڕەحمان بەدرخان"ە، کە یەکێک لە دامەزرێنەرانی رۆژنامەی کوردستان بوو. "Hugo Makas" نووسەری کتێبەکە بە نامەیەک داوا لە عەبدولڕەحمان دەکات لە خوێندنەوە و دەرخستنی ناڕوونییەکانی هەڵبەستێکی کوردی ناوچەی گەڤەر و ئەو دەسخەتەی کە دەستی نووسەرە ئاڵمانییەکە کەوتووە یارمەتیدەری بێت، بێگومان یارمەتیشی دەدات بەڵام هەر بەشێکی بۆ عەبدولرحمانیش ناخوێندرێتەوە و بە فەڕەنس وەڵامی نامەکەی ئەداتەوە و پێی ئەڵێت هەندێ وشە هەن وەرگێڕاندنیان زەحمەتە، هەروەها لەبەر ئەوەی کە دەستنووسە کوردییەکان زۆر خراپ نووسراون، خوێندنەوەشیان زۆر زەحمەتە. (لاپەڕەی ١٩)
بەڵام "Hugo Makas" واز ناهێنێت و خۆی پێوە سەرقاڵ ئەکات و دیسان بۆ ئەو شتانەی کە لای ناڕوونن، هەروەها بە ئاماژەدان بە لێکۆڵینەوە بە نرخەکەی "پیتر ئیوانۆویچ لێرش" بە ناوی "Forschungen über die Kurden und die iranischen Nordchaldäer" سەبارەت بە مێژووی کوردان و سوریانییەکان، هەروەها دەقی فۆلکلۆری کوردی کە ساڵی ١٨٥٧ لە سەن پێتێرزبورگ چاپ کراوە، نامەیەکیتر ئاڕاستەی عەبدولڕەحمان بەدرخان دەکات.
ئەمجارە خاوەنی ئەوکاتی رۆژنامەی کوردستان لە ژێنێڤ دیارە بەلایەوە سەیرە کە نووسەرە ئاڵمانییەکە بۆ هێندە خۆی بە هەڵبەستێکی نەناسراوی کوردییەوە سەرقاڵ کردووە کە تەنانەت شاعێرەکەشی دیار نییە! کاک عەبدولڕەحمان بە سەرسووڕمانەوە وەڵامی "Hugo Makas" ئەداتەوە و پێی ئەڵێت:
ئەبێت پێتان بێژم ئەم هەڵبەستانە هێندە ناوازە نین. بە بڕوای من خۆ سەرقاڵکردن بەم هەڵبەستانەوە، فایدەیەکی نابێت بۆتان و بگرە زەرەریشی تێدا دەبێت، لەبەر ئەوەی کە رەنگە تووشی هەڵەی گەورەتان بکات. رەنگە باشتر بێت خۆتان بە هەڵبەستی شاعێرە ناوازەکانەوەسەرقاڵ بکەن، بۆ نموونە ئەحمەدی خانی، نووسەری مەم و زین (لاپەڕەی ٢٠)
بەڵام سەیر لەوەدایە کە "Hugo Makas" واز ناهێنێت و دەقی هەڵبەستەکە راست ئەکاتەوە و وەری ئەگێڕێتە سەر زمانی ئاڵمانی و لەگەڵ دوو بەشەکەیتر بڵاوی ئەکاتەوە.
هاوکات ئەم کتێبە ناوی کۆمەڵێک سەرچاوەی ئەڵمانی و ئینگلیزیی تێدایە کە هەر هەموویان پرژاونەتە سەر مێژوو و زمانی کوردی.
لینکی کتێبەکە لێرە دادەنم بۆ ئەو کەسانەی حەزیان لە خوێندنەوەیە.
سەرچاوە: فەیسبووکی نووسەر عەمار گوڵی