سەید ڕەزای دەرسیم، سەرکردەی گەورەی نەتەوەی کورد لە باکووری کوردستان، لە کوردە عەلەوییەکانی دەرسیمە کە بەهۆی پاشگەزبوونەوەی ئەتاتورک لە بەڵێنەکانی بۆ نەتەوەی کورد، دوای شۆڕشەکانی قۆچگری و کۆماری ئارارات و شێخ سەعیدی پیران هەوڵی دا شۆڕشی کورد لە باکووری کوردستان زیندوو بکاتەوە و لە بەرامبەر هەوڵەکانی حکوومەتی تورکیا بۆ بەتورککردنی ناوچەکانی کوردستان ڕاپەڕی.
حکوومەتی تورکیا داوای دانوستانی لە سەید ڕەزا کرد و بڕیار درا لە شاری "ئەرزینگان" شاندی حکوومەت و شاندی شۆڕش بە سەرۆکایەتیی سەید ڕەزا کۆ ببنەوە، بەڵام بەرپرسانی تورک لە کۆبوونەوەکەدا کە لە 5ی تشرینی یەکەمی 1937 بەڕێوە چوو، سەید ڕەزا و ئەندامانی شاندەکەیان دەستگیر کرد و بردیانن بۆ شاری ئەلەزیز لە باکووری کوردستان.
لەو کاتەدا سەید ڕەزا لە تەمەنی ٩٠ ساڵیدا بوو، سەرباری ئەوەی کە یاسای تورکیا بەهۆی تەمەنەکەیەوە ڕێگای بە لەسێدارەدانی نەدەدا، بەڵام بە فەرمانی مستەفا کەمال لەسێدارە درا.
بە پێی بەڵگەیەک کە دوای مردنی ئەتاتورک بڵاو بووەتەوە، لە ڕۆژی لەسێدارەدانی سەید ڕەزا و هاوڕێکانیدا، مستەفا کەمال ئەتاتورک لەگەڵ ژمارەیەک ئەفسەری پلەبەرزی سوپای تورکیا لە کاتی خواردنی نیوەڕۆدا، چاویان بە سەید ڕەزا کەوتووە و ئەتاتورک داوای لە سەید ڕەزا کردووە، خواردنیان لەگەڵدا بخوات، بەڵام سەید ڕەزا ڕەتی کردووەتەوە و کە ئەتاتورک پێی گوتووە "ئەگەر ددان بە هەڵەکانتدا بنێیت و پەشیمانیی خۆت دەرببڕیت، لێت دەبوورم''، سەید ڕەزا گوتوویەتی: ''من کارێکم نەکردووە کە تۆ لێم ببووری و پەشیمانیش نیم''.
هەر لەوێ سەید ڕەزا بۆ بەرگری لە نەتەوەکەی دەڵێت: "ئێمە لە کاتی دامەزراندنی کۆماری تورکیادا پشتگیریی ئێوەمان کرد و پێشتریش عوسمانییەکان ستەمیان لە ئێمە دەکرد، بەڵام لە بەرانبەر هێزە دەرەکییەکاندا ئێمە پشتگیریی عوسمانییەکانمان کرد، دوای پێکهاتنی کۆماری تورکیا چەکەکانمان ڕادەستی حکوومەت کرد، کەچی ستەمی سوپای تورکیا زیاتر بوون و ئەم گەلەش ناچار بوو بەرگری لە خۆی بکات''.
بە گوێرەی ئەو بەڵگەیەی دوای مردنی ئەتاتورک بڵاو بووەتەوە، لەو کاتەدا ئەتاتورک بە تووڕەییەوە گوتوویەتی: ''بیبەن!'' و بەو شێوەیە سەید ڕەزای دەرسیم لەسێدارە دراوە.
ئیحسان سەبری كە دواتر بوو بە وەزیری دەرەوەی توركیا لە بیرەوەرییەکانیدا دەڵێت: سەید ڕەزا پێی گوتم، ''تۆ لە ئەنقەرەوە هاتووی بۆ ئەوەی من لەسێدارە بدەی؟" کە داواشمان لێ كرد دواوتەی خۆی بڵێت، سەید ڕەزا گوتی، "چل لیرە و کاتژمێرێکم پێیە، بیدەن بە كوڕەكەم!'' دوای ئەوەی كە بردمان بەرەو سێدارەکە هاواری كرد، ''ئیمە بێگوناهین، ئەمە شوورەییە''، دواتر زۆر بوێرانە پاڵی بە جەللادەكەوە نا و خۆی چووە بەر پەتی سێدارەکە و پەتەكەی خستە ملی و كورسییەكەی ژیر پێی لابرد.
دەگوترێت دوای لەسێدرەدان دەوڵەتی تورکیا تەرمی سەید ڕەزا و هاوڕێکانی سووتاندووە و تاکوو ئێستاش شوێنی گۆڕی ئەو سەرکردەیەی کورد دیار نییە.
دوای لەسێدارەدانی سەید ڕەزا و سەرکوتکردنی شۆڕشەکەی کە حەوت ساڵ دوای شۆڕشی کۆماری ئاگری بوو، دەوڵەتی تورکیا لە نێوان ساڵانی 1937 تا 1939 دەستی کرد بە کۆمەڵکوژیی نەتەوەی کورد لە دەرسیم و 13 هەزار کەسی لەو ناوچەیە کۆمەڵکوژ کرد.
لە ڕێکەوتی 23ی تشرینی دووەمی 2011، ڕەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتی تورکیا، بە ناوی دەوڵەتی تورکیاوە ددانی بەو کۆمەڵکوژییەدا نا و داوای لێبووردنی کرد و کۆمەڵکوژیی ساڵانی 1937 تا 1939ی دەرسیمی بە ''تراژیدیترین ڕووداوی مێژووی نزیکی تورکیا'' وەسف کرد.