ڕەنگە کیمیاوییەکان
ڕەنگە کیمیاوییەکان لە سەرەتا و ناوەڕاستی سەدەی ١٩ لە بریتانیا و پاشان کە ئەلمانیا دروست دەکران. ئەم ڕەنگە کیمیاوییەکان لە کۆتایی ساڵانی پەنجاکان و سەرەتای شەستەکانی سەدەی بیست گەیشتوونەتە شارەکانی کوردستان، بەڵام هۆزە کوردییەکان بەردەوام بوون لە دروست کردنی رەنگە سروشتییەکان و بەکارهێنانیان. لە کۆتایی شەستەکان ڕەنگی سروشتی و کیمیاوی بەکار دەهێنران تا حەفتاکانیش هەر بەردەوام بوون، لە ساڵانی هەشتاکاندا ڕەنگی کیمیاوی بە تەواوەتی بەکارهێنرا.
پێویستە ئەوەش بزانین ئێستا لە ئێران و تورکیا و هەندێ لە وڵاتانی تر قۆناغێکی نوێ دەستیپێکردووە و ئەویش دروستکردنەوەی مافووری کۆنە بە بەکارهێنانی ڕەنگی سروشتی، ئەمەش تەنها بۆ پاراستنی میراتی نییە، بەڵکو ئەم جۆرە مافوورانە کڕیاری زۆر بووە بۆیە لە زانکۆکانیش بەشی تایبەت هەیە بۆ ئیشە دەستییەکان.
ئەم ڕەنگە کیمیاوییانەی کاریگەری خراپیان بۆ مافوور هەیە چونکە مادەی ئەنەلینی تێیدایە و پێکهاتەکەی کار لە خورییەکە دەکات، تووشی داخورانی دەکات لە هەمان کاتدا ڕەنگەکان زوو کاڵ دەبنەوە، کەمبوونەوەی ڕەنگە سروشتییەکان لە هەولێر کاری زۆری کردە سەر مافوورەکانیان، هەروا ڕۆیشتنی جووە بۆیە چییەکان لە ساڵی ١٩٤٧ لەوانەیە هۆکارێک بێت لە ئاستی کەم بوونەوەی مافووورەکاندا.
تەون و تەونکاری
پیشەی چنین لە کارە کۆنەکانە کە مرۆڤ لە دێر زمانەوە لەبەر پێویستی فێری بووە و خۆی پێوە خەریک کردووە. ئەم پیشەیە زیاتر تایبەت بووە بە خێلە کۆچەرییەکان و مەڕداران، بەڵام هەندێ لە مێژوونووسان وای بۆ دەچن کە لەوانەیە وڵاتی چین مەڵبەندی سەرەکی تەونگری بووبێ.
ئەفرەتی کورد لە سەرەتادا ڕایەخی لە پێستی مەڕوماڵات دروستکردووە، دواتریش خوری مەڕ و مووی بزنی بەکارهێناوە، بە هونەر و دەست ڕەنگینییەکی بەرزەوە، ئافرەتان زۆر بەلێهاتوویی و چالاکییەوە خوری دەچنن.
ئامێری تەون کردن (داروسمتک) بۆ دروست کردنی مافوور دوو جۆرە
یەکەمیان ئەو دار و کەرەستە و سمتکەیە کە لەسەر زەوی بە شێوەیەکی ئاسۆیی درێژ دەکرێت، بەڵام ئەم جۆرەیان زۆر بەکار نییە لەبەر ئەوەی ئەو کەسەی مافوورەکە دەچنێ پێویستە ڕۆژانە چەند جارێک داوی بەژن توند بکات.
دووەمیان، سمتکی بڵند پێکهاتووە لە داری درێژ کە هەریەکەیان ٢٨٠ سانتیمەتر دەبێت بە شێوەیەکی تەریب و ستوونی لە زەوی دەچەقێنرێت کە پێیان دەڵێن سمتک، لە سەرەوە دارێکی درێژ هەیە پێی دەڵێن سەرەتان وات سەری تان کە درێژییەکەی نزیکەی دوو مەتر دەبێت، لە خوارەوە لە نێوان هەر دوو دارەکە دارێک هەبوو پێی دەگوترا بنەتان واتا بنی تان کە ڕایەڵی مافوورەکە لە "سەرەتان و بنەتان"ە دەپیچرا، دارێکیش لە ناوەراستی قایم دەکرا پێی دەگوترێ دارگورد. زۆر جار تەونکەر ززۆربەی گڵۆڵەکانی بۆ گوفک لێدان گرێدان ڕادەکێشا، هەروەها دارێکی درێژیش لە ناوەڕاستی رایەڵەکە دادەنرا کە تەونکەر داوای تەواوکردنی ڕیزەکانی گوفێک، ئەم دارەی نزم و بەرز دەکرد بۆ ئەوەی داوەکانی ڕایەلەکە بە ڕێکی ڕاوەستن.
سارا ئەولفەتاح
ئەم بابەتە لە ژمارە سێی گۆڤاری سوبارتو بڵاوبووە.