(باسکورد) دیدارێكی بەر لە كۆچكردنی دكتۆر جەمال ڕەشید ئەحمەد، پسپۆڕى مێژووى ڕۆژهەڵات و مێژوونووس و ئاكادیمیی پسپۆڕ لە مێژووی كۆنی كوردستان بڵاو دەكاتەوە کە لە كۆتاییەكانی ساڵی 2010 لە شارى ڕواندز چاومان پێی كەوت و لە دیدارێكدا سەبارەت بە مێژووى كۆنى ڕواندز و دەڤەرەكە و چەند پرسێكى گرنگی دیكە، ئەم گفتوگۆیەمان لەگەڵدا كرد.
د. جەمال ڕەشید ئەحمەد سەبارەت بە مێژووی ڕواندز و هاتنی مەغۆلەكان بۆ داگیركردنی ناوچەکە بە (باسنیوز)ی گوت، دەڤەری ڕواندز خاوەنی شارستانییەتێكى كۆن و ناوچەیەكى ستراتیژییە، بەمەش زۆر لە نەتەوە و وڵاتان هەوڵى داگیركردنیان داوە، چونكە یەكێكە لەو ناوچانەی لە سەرەتاوە پێشكەوتنى كۆمەڵگە، پێشكەوتنى ئابوورى و پاشان پێشكەوتنى سیاسى تێیدا بەدی هاتووە.
ئەو پسپۆڕەى مێژووى ڕۆژهەڵات گوتیشی: "ڕواندز یەكێكە لە مەڵبەندە هەرە كۆنەكانى ژیانى ئادەمیزاد، هەر لە چەرخى پالیۆلیتەوە، كە چەرخى بەردینى كۆنە، مرۆڤ لە شانەدەر كە هاتووەتە دەرەوە، سەرێكى ڕواندزى داوە، چونكە شانەدەر دەكەوێتە نزیكى ئەو ناوچەیە، واتا كولتوورى مرۆڤى چەرخى بەردین كە بناغەى گۆڕانكارییە، بەتایبەت چەمى شانەدەر، كە نیشانەى شۆڕشى كشتوكاڵیی لێ دیارە، دەگەڕێتەوە بۆ 12 هەزار ساڵ پێش زایین''.
دەستپێکی قۆناغی پێكەوەژیان لە ڕواندز بووە
د. جەمال ڕەشید ئەحمەد گوتی: ”كە دەڵێم شۆڕشى كشتوكاڵى، مەبەستم لە زۆر شتە، كە شۆڕشى كشتوكاڵى دەیهێنێتە سەر زەمین، یەكێك لەو شتانە، بناغە و دانانى بیرى ئایینییە بۆ مرۆڤى كۆن، هەروەها ڕێكخستنى پەیوەندیى كۆمەڵایەتى و بناغەى كۆمەڵگا كە پێكەوەژیانە، سەرەتاكەى لەو ناوچەیەدا دەست پێ دەكات، ئەوجا درەنگتر کە تەماشاى دەكەین، دەكەونە سەر ڕووبارەكان، بۆ نموونە، بڵێین ناوچەى ئێمە، پارەیان چەرمۆیە، یان ئەو گوندانەى چەرخى نیۆلید، كە دوای پالیۆلیت پەیدا دەبن، هەروەها كشتوكاڵى و كۆمەڵگە پێش دەكەوێت و دەبنە بناغەى پەیدابوونى دەوڵەتى شار، كە لە خوارترەوە دەست پێ دەكات، بەتایبەت لە چەرخى سۆمەرى و ئەكەدیدا نووسین پەیدا دەبێت، هەواڵى ئەو سەردەمەمان پێ ڕادەگەیەنن، من ناڵێم ڕواندز تەنیا جێگایەكە مرۆڤەیاتى دەست درێژ ئەكا بۆ پێشكەوتنى كوردستان، یان عێراقى خواروو، بەڵكوو یەكێكە لەو ناوچانەی لە سەرەتاوە پێشكەوتن لێرەوە دەستی پێ كردووە، پێشكەوتنى كۆمەڵگە، پێشكەوتنى ئابوورى، پاشان پێشكەوتنى سیاسى. من وا سەیرى ڕواندز دەكەم، نەك تەنیا لە چەرخى پالیۆلیتا، بەڵكوو لە چەرخەكانى تریشدا ڕۆڵى زۆرە، هەر لەبەر ئەوەش بوو بزووتنەوەى ئیتیحاد و تەرەقى بە ڕابەرایەتیى مستەفا كەمال چاوى لێرە بوو كە بتوانێت مەڵبەندێكى سەربازیى تێدا دابمەزرێنێت، بۆ ئەوەى لێرەوە دەست پێ بكات و كەركووك و سلێمانى و هەولێر بخاتە سەر كۆمارى توركیا''.
مەغۆلەکان نەیانتوانی ڕواندز داگیر بکەن
ئەو پسپۆڕەى مێژووى ڕۆژهەڵات دەڵێت: "لەبەر ئەوەى دەڤەرى ڕواندز ناوچەیەكى ستراتیژییە، زۆر خەڵك ویستوویانەى داگیرى بكەن، بۆ نموونە، مەغۆلەكان كە هاتن هەر لە دەرگاى ناوچەى خانێ و حاجى ئۆمەران، شەش ساڵ مانەوە و بەهۆى سەختیى شوێنەكەوە نەیانتوانى بپەڕنەوە، هەتا چوونەوە خوارتر و لە ناوچەى خانەقینەوە چوون بەغدایان داگیر كرد. زۆر خەڵك هەوڵیان داوە ئەو ناوە داگیر بكەن، كە داگیریشیان كردووە، هیچ شوێنەوارێكی شارستانییان لێ نەهێشتووە. شارستانیەتی لە مێژوودا لەسەر بناغەى ئایینی دەوەستێت، واتە بیرى ئایینى. لە كۆنەوە هەموو شتێك بە هی خوداوەندەكان زانراوە، واتا هەرچى شتێكت هەبووە هێزێكى ڕۆحیى لەپشت بووە، جا ئەوان هەوڵیان داوە بنەمای ڕاستەقینەی ئەو ئایینانە نەهێڵن''.
نووسین لە كوردستان لە ناوچەی ڕواندز سەری هەڵداوە
دكتۆر جەمال ڕەشید سەبارەت بە بیری مرۆڤی كورد لە دەڤەری ڕواندز، ئەوە دەخاتە ڕوو: "ئاستى بیرى مرۆڤ لە ڕواندزدا لە چەرخى سۆمەرییەكان كەمتر نەبووە، واتا لە سێ هەزار ساڵ پێش زاییندا، چونكە نووسین لەو كاتەدا پەیدا بووە، ئەگەر بڵێین نووسین لە كوردستان هەبووە، لەم ناوچەیەدا نووسراوە، یەكێك لەوانە (مینەوا كوڕى شپیوینى) كە پاشاى ئۆرارتووە، لە كێڵەشین بە دوو زمان لەسەر پەیكەرى خۆى نووسیوە، بە زمانى خەڵدى، لە ژێریشیدا ماناكەى بە زمانى ئاشوورى نووسیوە، ئەوە بەرهەم و شوێنەوارێكى زۆر گرنگە لە نووسین و پێشكەوتن، لەبەر ئەوەى لەوێدا كە ئەنووسێ، ئەڵێ (من مینەوام كوڕى شپیوینى هاتوومەتە ئێرە، بۆ پێشكەشكردنى پەرستشى خۆم بۆ خوداوەندى خۆم خەڵدى). دەمەوێ ئاماژەش بەوە بدەم كە لە كتێبى (حدود العالم)، كە لە ئەفغانستان دۆزرایەوە لە سەدەی 10ى زایینییەوە نووسراوە، بە ئێرە ناڵێن كوردستان، بەڵكوو ئەڵێن وڵاتى خەڵدییە، ئەوە زۆر گرنگە كە كوردستان لە سەردەمى ئیسلامییەوە ناوى خەڵدییە بووە''.
خەڵدى خۆى بە خوداوەندى ئێرە دانا
پێوەند بەو ئایینەی ئەوكات، واتە سێ هەزار ساڵ پێش زایین، لەو ناوچەیدا هەبووە، دكتۆر جەمال ڕەشید ڕوونى کردەوە: "جۆرە وەسیەتێكى سەرەتایى بووە لە سەردەمى نیۆلیت، نیشانە و بەڵگەمان زۆرە بۆ ئەو خوداوەندانە و بە سەدەهای ئەمانە لە گوندى نیۆلیتە ئەدۆزرێنەوە، واتا هەرشتێك خوداوەندێكى هەبووە، بەڵام لەبەر ئەوەى نووسین نەبووە، زانیاریی تەواو لەبەردەستدا نییە، بەڵام دواتر خەڵدى خۆى بە خوداوەندى ئێرە دانا، خوداوەندى دیكەش هەبووە، بۆ نموونە، "بەگبارتوو" كە ناوەكەى ئێرانییە، بەگبارتوو لە باوەڕیی ئەوانەدا ژنى خەڵدییە، جا خوداوەندى دیكەش هەیە، بەڵام ئەو سەنگەى خەڵدیى نییە. ئۆرارتووەكان و پاشایانیان زۆر خزمەتى پەرستگەى خەڵدییان كردووە. لەبارەى پێشكەوتن و ئاستى ئەوكاتى كۆمەڵگاشەوە، ئاستى ئۆرارتوو و دەوڵەتەكە لە بواری كۆمەڵگەوە، ئاستى ئاشووریى هەبوو، خۆى ئاشوورییەكان كۆمەڵگەى چینەكانن."
نەورۆز بەرهەمى شۆڕشى كشتوكاڵی بووە
دكتۆر جەمال ڕەشید، لەبارەی مێژووى ئەو شوێنانەوە زیاتر دەڵێت: "دەتوانى لێكۆڵینەوە لە داستان و ئەفسانەی ئەمانە بكەى و هەندێ زانیاریى لێ دەدۆزیتەوە، ئەگەر باس لە نەورۆز بكەین، جەژنێكە لە سەردەمى شۆڕشى كشتوكاڵییەوە دەستى پێ كردووە، واتا بەرهەمى شۆڕشى كشتوكاڵییە، لەو كاتەدا مرۆڤ بەرەو ئەو ئاراستەیە دەڕوات كە زەوى بكێڵێت، واتا دەبەسترێتەوە بە سروشت، بووژانەوەى سروشت لە وەرزى بەهاردا بۆ ئەو بەرهەمهێنان و جەژنە، چونكە بە باوەڕى خۆى هەموو شتێك خوداوەندى هەیە، ئەو گیایەى كە لە خاك دەردەچوو، بەلای ئەوەوە خوداوەندەكەى تەمووز بوو، كاتێ گەنمەكە پێ دەگەیشت و دروێنەیان دەكرد، خوداوەندی تەمووز دەمرد، بەڵام سەرلەنوێ كە گوڵ دەردەكەوتەوە، ئەوە بووژانەوەى تەمووز بوو و لەوێوە جەژنیان دەكرد''.
كورد پەیوەندییەكى زمانەوانى و كولتووریى لەگەڵ مادە كۆنەكاندا هەیە
لە وەڵامى پرسیارێكدا سەبارەت بە مێژووى كۆن و ئەو ساڵە كوردییەى كە هەیە و ئایا بەڵگەیە لەسەر مەسەلەى دامەزراندنى دەوڵەتى ماد، دكتۆر جەمال ڕەشید، ئاماژەى بەوە دا :"دەتوانى بڵێى كورد پەیوەندییەكى زمانەوانى و كولتووریى لەگەڵ مادە كۆنەكاندا هەیە، بەڵام لە هەموو دونیادا هاوسەرگیریى سیاسى هەیە، ئەگەر لەو ڕووەوە تێكەڵاوییان هەبووبێت، وەكوو تادوهیبا، كە شووى كردووە بە ئاموون حاتووبى چوارەم، شۆڕشێكى ئایینی لە میسر لەسەر دەستى ئەم كچە بەرپا بووە، خوداوەندى ئاموون و ئەوانى دیكە لابران، خوداوەندى ئاتوون هاتە جێگایان، ئەویش بە هۆكارى ئەوە بوو كە پەرستشی قورسى هەتاو ئەسڵى هی میتانییەكان بوو لەو وڵاتەدا“.
دكتۆر جەمال ڕەشید ئەحمەد، پسپۆڕى مێژووى ڕۆژهەڵات و مێژوونووس و ئاكادیمیی پسپۆڕ لە مێژووی كۆنی كوردستاندا، ساڵی 1941 لە شاری كەركووك لەدایك بووە و لە ڕۆژی 18/12/2016 لە شاری هەولێر كۆچی دوایی كردووە.