ئەم وتارە هەوڵێکە بۆ شیکردنەوەی تایبەتمەندیی ژانرییانەی دوا شەوی دابەزینی عیسا و پێداچوونەوەیەک بە لایەنی ناوەرۆکی و جوانیناسانەی دەقەکەدا.
پێشەکی
ئەگەر دیاریکردنی تایبەتمەندیی ژانرییانەی بەرهەمێکی ئەدەبی یەک لە ئەرکەکانی ڕەخنە و لێکۆڵینەوەی ئەدەبی بێت، ئەوە، نوێترین ڕۆمانی شێرزاد حەسەن، دوا شەوی دابەزینی عیسا، دەبێتە دەقێک کە هەر لە دەستپێکەوە لەگەڵ پێناسە باوە ئەدەبییەکان دەکەوێتە بەربەرەکانییەوە. بە واتایەکی تر خوێنەرەوە ناتوانێ تەنیا بە ئادرێسی سەر بەرگی کتێبەکە لەمەڕ "ڕۆمان"بوونی بەرهەمەکە ڕازی بێت و هەر لە لاپەڕەکانی سەرەتای گێڕانەوەکەوە دەتوانێت لە خۆی بپرسێت گەلۆ ئەمە بیرەوەرییەکانی نووسەرێکن کە ناوەکەی لەسەر بەرگی کتێبەکە نووسراوە، یان شێرزاد حەسەن خەریکە بیرەوەرییەکانی خۆی بە بێناویی دەگێڕێتەوە؟ ئەگەر ئەم پرسیارە بە هەر شێوەیەک وەڵامێکی ئەرێنی وەرگرێتەوە، ئەدی پەیڤی "ڕۆمان"ی سەر بەرگی کتێبەکە چ مانایەک دەبەخشێت؟ کاتێکیش خوێنەرەوە دەگاتە کۆتایی کتێبەکە و ئەو هەموو باسوخواستەی گێرەڕەوەیەکی بێناو و عیسایەکی مێژوویی خانەکانی مێشکی داگیر دەکەن، دەتوانێت بپرسێت ئەرێ ئەمە "مێژوو"ی بەسەرهاتی عیسای پەیامبەر نەبوو؟ ئەم وتارە هەوڵێکە بۆ شیکردنەوەی تایبەتمەندیی ژانرییانەی دوا شەوی دابەزینی عیسا و پێداچوونەوەیەک بە لایەنی ناوەرۆکی و جوانیناسانەی دەقەکەدا.
باس لە لایەنی ڕێئالیستی و ناڕێئالیستیی ئەدەبیات بە گشتی و گێڕانەوە بە تایبەتی، بە بەردەوامی جێگای سرنجی توێژەرانی بواری ئەدەب و فەلسەفە بووە. لە پۆلێنکردنێکی گشتیدا ئەدەبیات لە هەموو بوارێکدا بە دوو جۆر دابەش دەکرێت: خەیاڵی (fiction) و ناخەیاڵی (non-fiction). خودی ئەدەبی خەیاڵییش بەپێی ئاستی نزیکبوونی لە واقیع و هەڵسوکەوتی لەگەڵ دەوروبەری خۆی لە ئەدەبی ڕێئالیستییەوە هەتا ئەدەبی تەواو خەیاڵی پۆلێن دەکرێت. کاتێک شتگەلی مومکین و نامومکین لە سوڕی پێچی هێنری جێیمزدا وەها ئاوێتەی یەکتر دەبن کە گێرەڕەوە و خوێنەرەوە توانای لێکدانەوەی لۆجیکییانەی ڕووداوە سەیر و سەمەرەکانیان نامێنێت، ئەوە ئێمە لەگەڵ ئەدەبی فانتاستیکدا ڕووبەڕووین. ئەگەرچی کەسانێک، بۆ نموونە، بێن مارکوس (Ben Marcus) بە ئاماژە بە بەرهەمەکانی کافکاو ئیشیگارۆ، سنوورەکانی نێوان خەیاڵ و واقیع دەسڕنەوە و دیوارێک لەنێوان خەیاڵ و واقیعدا نابینن، بەڵام دواجار ڕادە و ئاستی هەر کام لەو دیاردانە لەناو دەقێکی دیاریکراودا، نازناوێکی تایبەت بە دەقەکە دەبەخشێت.١
شێواز و ناوەرۆکی هونەر و ئەدەب بە هەر دوو ڕەهەندی ڕێئالیستی و خەیاڵییەکەیەوە بەردەوام لە گوڕاندا بووە. پاشگر و پێشگرەکانی لکاو بە گێڕانەوەی ڕێئالیستی و هاتنە کایەی بەردەوامی قوتابخانە و شێوازی نوێی گێڕانەوە، هێمایە بۆ ئاڵۆزیی ئاڵوگۆڕی ڕەنگدانەوەی جیهانی دەوروبەر لە زەینی نووسەردا. ئەدەبی گێڕانەوەیی بە مۆرکی ڕێئالیستییەوە هەموو دەمێ سووژەیەک بووە بۆ تاوتوێی ئاست و چەندایەتیی تۆمارکردنی وەفادارانەی شێوازی واقیعیی ژیان. ئەگەر ئاستی ڕاستنوێنیی بەرهەمێک ئاوێنەی تەواونوێنی واقیع بێت، ئەوە دەق نوێنەرایەتیی ڕاستەوخۆی دیاردەیەک، زەمەنێک و شوێنێک بە تەواوی دەکات (realism). ئەگەر ویستی ڕاستنوێنی، خۆی لە قەرەی زانست و وردەکارییەکانی قەدەری مرۆڤ و کۆمەڵگە بدات، ئەوە دەوروبەر بە تارای زانست دەخەمڵێندرێت و سرووشتخوازی (naturalism) لەدایک دەبێت. ئەگەر ئایدۆلۆژیا تەنگ بە واقیع هەڵبچنێت و وەبەر چەکوچانی بدات، ئەوە دۆنی ئارامی شۆلۆخۆفی (socialist realism) لەدایک دەبێت. ئەگەر لەبەر هەر هۆکارێک ئاستی ڕەنگدانەوەی واقیعی کۆمەڵایەتیی و فیزیکیی دەوروبەر لە زەینی نووسەردا گۆڕانی ڕادیکاڵی بەسەدار بێت، ئەوە دەق دەبێتە بەستێنی هەڵاتن لە واقیع و پەنابردنە بەر خەیاڵاتی چڕکراوەی زەینێک کە تیفتیفەی بینینی خۆی دەدات . لێرەدا فڕینی ڕێمێدیوسی جوانکیلەی مارکێز دەبێتە پێناسە و هێمای سێحراویکردن و جادووڵێکردنی واقیع (magic realism) و خەونی گریگۆر سامسای ڕووخاو و ڕەنجاوی کافکا دەبێت بە هەوێنی تێکهەڵکێشانی شازی خەیاڵ و واقیع (surrealism). ئیتر جووڵەی بەردەوامی بزاڤە ئەدەبییەکان و هەڵسوکەوتیان لەگەڵ هاوکێشیی خەیاڵ و واقیع بە داڵانەکانی مۆدێرنیزمی وۆلف و کۆڵانەکانی پۆستمۆدێرنیزمی بۆرخێسدا دێن و دەڕۆن. بە باوەڕی من دوا شەوی دابەزینی عیساش دواجار گەمەیەکی تری گێڕانەوەیە بۆ کێشانەوەی هێڵەکانی ڕەنگپەڕیوی نێوان خەیاڵ و واقیع لە بەستێنێکی کوردی و بە زەوقێکی کوردانە.
ژیانی عیسا مەسیح و ڕۆمان
ژیان و بەسەرهاتی عیسا لە دووهەزار ساڵی ڕابردوودا بە بەردەوامی سووژەی لێکۆڵینەوەی مێژوویی، فەلسەفی، ئایینناسی و ئەخلاقی بووە. بوارێکی ئاوا گرنگ کە پێوەندیی ڕاستەوخۆی بە باوەڕ و جیهانبینیی نزیکەی یەک لەسەر سێی ژمارەی دانیشتوانی گۆی زەوییەوە هەیە، بێ هیچ گۆمانێک دەبێتە بابەتێکی داغی ئەدەبی. لە سەردەمی مۆدێرنیشدا، بە بەراورد لەگەڵ سەدەکانی ناوەڕاست و قۆناغەکانی پێشتردا، سەرەڕای لاوازبوونی جێپێی باوەڕی ئایینی، پەیام و ژیان و مەرگ و زیندووبوونەوەی عیسا سووژەیەکی ناوەندیی ئەدەبییات بووە. بۆ نموونە نووسەرانی بڵیمەتی وەک تۆلستۆی، جبران خەلیل و نیکۆس کازانتزاکیس ژیان و بەسەرهاتی عیسایان بە شێوازی جۆراجۆر کردووەتە بابەتی نووسینەکانیان. لە ١٨٩٤ پاشایەتی خواوەند لە دەروونی تۆدایە لە نووسینی تۆلستۆی بڵاو دەبێتەوە. جبران خەلیل لە ١٨٩٥ عیسا کوڕی پیاو و نیکۆس کازانتزاکیس لە ١٩٥١ دوا وەسوەسەی مەسیح بڵاو دەکەنەوە.
ستوارت کێلی ئەندامی هەڵسەنگاندنی خەڵاتی ئەدەبیی بووکێر پێیوایە "ڕۆماننووسان لە عیسا تێر نابن. ئەو شوێنێکی گرنگی لە ئەدەبی داستانیدا هەیە."٢ لەسەر هۆکاری ئاوڕدانەوەی بەردەوامی ڕۆماننووسان لە ژیان و بەسەرهاتی عیسا، بە تایبەتی لە سەردەمی ئێستادا، کێلی دەڵێت کە ئەوە دەتوانێت کاردانەوەیەک بێت بەرامبەر هەلومەرجی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەروەها هەراوهوریای بێخودایی کەسانێکی وەک ڕیچارد داوکینز."٣ لەبەر ئەوەی ڕۆمان وەک ژانرێکی گرنگی ئەدەبی پێوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە جیهانی زەینی و باوەڕەکانی مرۆڤەوە هەیە، ناتوانێت ئاوڕ لە لە ژیان و بەسەرهاتی کەسێک نەداتەوە کە بیر و هۆشی باوەڕداران و بێباوەڕانی خۆی بە شێوەیەکی بەرچاو داگیر کردووە. کارتێکەریی بەردەوامی داستانی عیسا لەسەر ژیان و باوەڕی خەڵکانێکی زۆری نیشتەجێی ئەم جیهانە لە ماوەی ٢٠٠٠ ساڵی ڕابردوودا ناکرێت بکەوێتە دەرەوەی سرنجی ڕۆماننووسان و هەوڵی بێوچانیان بۆ ئاراستەکردنی خوێندنەوەی نوێی چیرۆکی کۆنی پڕ ڕێڕەوترین مرۆڤی ئەم جیهانە.
ڕۆوان ویلیامز، ئارکبیشاپی پێشووی کلیسای کانتربێری دەڵێت کە چیرۆکی ئینجیلەکان سەرچاوەیەکی ئیلهامبەخش و هاندەرە بۆ ڕۆماننووسان. بە باوەڕی ویلیماز هۆکاری ئەمەش لە هەنگاوی یەکەمدا دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ڕاستییە کە ئەم چیرۆکە هەڵگری گەورەترین کینایەیە کە بتوانێت لە خەیاڵدا بگونجێت. دەرکەوتنی هێز و پەیام و ئیرادەی ئاسمان لە جیهانی مرۆڤدا، تەنیا شەمەنێکی جووتێری گەڕیدە نییە، بەڵکو کەسێکە کە لە باوەڕپێهێنانی مرۆڤەکان بە خۆیدا شکست دەخوات و دواجار تەحقیر دەکرێت و دەکوژرێت. کوکۆزا پێی وایە کە هۆکارێکی سەرەکیی چەندپاتبوونەوەی چیرۆکی عیسا لە ڕۆماندا، لایەنی چەنددەنگی گێڕانەوەی ژیانی عیسایە. دەنگەکانی لوقا، مەرقس، یۆحەننا، مەتتا و تەنانەت خەڵکانی تریش کە دەنگیان لە ئینجیلەکاندا تۆمار نەکراوە، تایبەتمەندییەکی چەندگێڕانەوەیی بە ئینجیل دەبەخشن و ئەمەش دواجار مەرجێکی سەرەکییە بۆ سەرکەوتوویی گێڕانەوە لە شێوازی ڕۆماندا.٤
كازانتزاکیس و دوایین وەسوەسەی مەسیح
نیکۆس کازانتزاکیس (١٩٥٧-١٨٨٣) مرۆڤێک بوو لەژێر کارتێکەریی نیچە و ئەندێشەکانی بوونخوازانە و چەپدا. ئەو دوای تەمەنێک سەفەر و گەڕان بە چوارقورنەی ئەم جیهانەدا دواجار لە شوێنی لەدایکبوونی، لە هیراکلیۆنی کرێتادا، بۆ هەمیشە ئارام دەگرێت. لەسەر کێلەکەی نووسراوە: "من هیوام بە هێچ شتێک نییە، لە هیچ ناترسێم، من ئازادم."٥ ڕۆمانی دوا وەسوەسەی مەسیح لێوانلێوە لە جوانیی ئەدەبی و مێژوویی. تێگەیشتنی هزری و پەیامی شۆڕشگێڕانەی کازانتزاکیس، ئەو ڕاستییە ناشێوێنێت کە دوا وەسوەسەی مەسیح دواجار ڕۆمانە نەک مانیفێستێکی ئایدۆلۆژیک و سیاسی. قورسایی پەیام و ئامانج، کازانتزاکیسی لە شتێکی زۆر گرنگ غافڵ نەکردووە و لەبیری نەبردووەتەوە کە ئەو دواجار ڕۆمان دەنووسێت و دەبێ هەموو تێکنیکەکانی گێڕانەوەیەکی پڕ هەیەجان دەکار بێنێت کە چێژی خوێندنەوە بۆ خوێنەرەوە مسۆگەر بکات.
ڕۆمان وەک پێشینە فەلسەفییەکەی خۆی واتا مۆدێرنیتە مرۆڤ دەخاتە ناوەندی هەموو شتێکەوە و وەبیرهێنەرەوەی ئەو وتە بەناوبانگەی مارتین هایدگێرە کە لە پێناسەی مۆدێرنیتەدا جەختی لەسەر دەکاتەوە کە لەم ئێپیستیـمەیەدا مرۆڤ دەبێتە ناوەندی هەموو شتێک.٦ ئەو خۆشەویستی و سیمپاتییەی مرۆڤ دوای خوێندنەوەی دوا وەسوەسەی مەسیح لەمەڕ عیسادا پەیدای دەکات، بەدەر لەوەی کە مرۆڤێکی ئایینی و بڕوادار بێت یان لائیک، خۆشەویستی و سیمپاتییەکی مرۆڤانەیە. ئاخر ئازار و وەسوەسەکانی عیساش تەواو مرۆڤانە و زەمینییانەن و مرۆڤ بە خوێندنەوەیان هەستی ئینسانی و ماددیانەی وەجۆش دێت و بە شێوەیەکی بەرهەست و باوەڕپێکراو، جێگۆڕکێ بە ڕاستی و بایەخەکان لە دەرەوەی زەمەن و شوێندا دەکات.
وێدەچێت نووسینی ڕۆمان لە ئازارچێشتنی عیسا لە هەڵگرتنی خاچەکەی بەرەو گردی جۆلجۆلتا/گۆلگۆسە ساناتر نەبێت. ئەو ڕاستییە کە عیسا مەسیح خاوەنی کارتێکەرییەکی بەربڵاو لەسەر ژیانی مرۆڤەکان لە ڕابردوو و ئێستادا بووە، نووسینی ڕۆمان لەم بوارەوە زەحمەتتر دەکات. لە نەبوونی بۆچوونێکی ڕەخنەییانەی مێژووییەوە سەبارەت هەموو ئەو ڕۆمانانەی پێشتر لەسەرعیسا مەسیح نووسراون، هەر ڕۆمانێکی تازە تووشی کێشەیەکی گەورە دەبێت. ئەوە ڕاستە کە نووسینی ڕۆمان تەواو جیاوازە لە ئەنجامدانی ڵێکۆڵینەوەیەکی ئاکادێمییانە و نووسەری ڕۆمان توێژەرێکی ئاکادێمی نییە کە بە شوێن لێکۆڵینەوەکانی پێشوودا بگەڕێت بۆ ئەوەی بزانێت کە پێشتر چی کراوە و چۆن کراوە و کارەکەی ئەو چ جیاوازیگەلێکی لەگەڵ کارەکانی پێشووتردا هەیە، بەڵام ڕۆماننووسیش بۆ ئاگاداربوون لە تێما و شێواز و تێکنیکەکانی نووسینی بەر لە خۆی دەبێ هەوڵی جیددی بدات بە شوێن بەرهەمە ئەدەبییەکاندا بگەڕێت و بزانێت ئەوانی تر چییان کردووە و چۆنیان کردووە. ئەم کارە هەلومەرجی سەرکەوتوویی زیاتری ئەدەبییانە بۆ نووسەر دەئافرێنێت و بەرهەمەکەی دەبێتە هەوڵێک بۆ تێپەڕاندنی ئاستی ئەدەبیی بەرهەمگەلی پێشووتری خۆی.٧ ئاماژەیەکی کورت لەم وتارەدا بەم ڕۆمانە، نەک بە مەبەستی بەراوردکاریی ئەدەبی، بەڵکو بە مەبەستی وەبیرهێنانەوەی ڕۆمانێکی سەرکەوتووە سەبارەت ژیانی عیسا مەسیحەوە. دوایین وەسوەسەی مەسیح زۆر بە زەقی، سەرەڕای کەڵکوەرگرتنی بەربڵاو لە ژیانی عیسا وەک مرۆڤێکی مێژوویی، نیشان دەدات کە ڕۆمانە نەک شتێکی تر. من دواتر و لە درێژەی ئەم وتارەدا هەوڵ دەدەم بە لێکدانەوەی دوا شەوی دابەزینی عیسا باس لەوە بکەم کە ڵێڵبوونی سنوورە ژانرییەکانی ئەم گێڕانەوەیە لایەنێکی لاوازی ئەم ڕۆمانەیە. باسی کورت و خێرای من لەسەر ڕۆمانەکەی کازانتزاکیس لە پلەی یەکەمدا بەو ئامانجەیە کە چۆن دوایین وەسوەسەی مەسیح سنوورەکانی خۆی لەگەڵ مێژوو، ئەفسانە و داستان پڕڕەنگ دەکاتەوە و ڕۆمانبوونی خۆی بە تەواوی دەسەلمێنێت. ئەمە لە کاتێکدایە کە دوا شەوی دابەزینی عیسا لە کێشانەوەی ئەم سنوورانەدا سەرکەوتوو نییە و گرنگیی پەیام و ئامانج بەسەر شێوازی گێڕانەوە و جوانیناسیی ئەدەبیدا قورسایی دەکات.
کازانتزاکیس سەرەڕای نووسینەوەی چیرۆکێکی خەیاڵی بە کەڵکوەرگرتن لە ناو و فەزای ئینجیلەکان هەموو تایبەتمەندییەکانی بەرهەمێکی ڕێئالیستی لە کارەکەیدا ڕەچاو دەکات و دواجار هۆکارەکانی چێژوەرگرتن و بەردەوامیی خوێندنەوەی خوێنەرەوەکانی دەستەبەر دەکات. کازانتزاکیس ڕۆمانەکەی لە ٣٣ بەشدا نووسیوە و ئەوەش ژمارەی ساڵەکانی تەمەنی عیسایە.٨ کازانتزاکیس لە پێشەکییەک کە بۆ ڕۆمانەکەی دەینووسێت باس لەوە دەکات کە ئامانجی سەرەکیی ئەو لە نووسینی ئەم کتێبە بریتییە لە ئافراندنی نموونە و ئۆلگویەکی بەرز بۆ مرۆڤی تێکۆشەر بۆ ئەوەی لە ئێش و مردن نەترسێت و هەڵنەخەڵەتێندرێت. بە باوەڕی ئەو دەکرێ ئەم سێ دیاردەیە بە چۆک دابێندرێن، هەر بەو جۆرەی عیسا بە چۆکی داهێنان. بە باوەڕی کازانتزاکیس، عیسا بە زاڵبوون بەسەر مەیلی ژیانێکی هێمن و بێدەردەسەردا، بۆ هەمیشە شکستی بە مردن هێنا و بەسەریدا سەرکەوت. ئەو پێی وایە خوێنەرەوەی دوا وەسوەسەی مەسیح، دوای خوێندنەوەی ڕۆمانەکە، عیسای لە هەموو کاتێ خۆشتر دەوێت.
دوایین وەسوەسەی مەسیح لەڕاستیدا ئاماژەیە بەو هێزە هەڵخەڵەتێنەرەی کە لە دوایین چرکەکانی ژیانی عیسا بەسەر خاچەوە بەربینگی پێدەگرێت و وازی لێ ناهێنێت و بە خەیاڵ دەیگەڕێنێتەوە سەر ڕەوتی ژیانێکی ئاسایی و بێدەردەسەر. ئەو وەک هەموو مرۆڤێکی ئاسایی ژن دێنێت و هێدیهێدی بە تێپەڕبوونی زەمەن بەرەو پیری هەنگاو دەنێت و خەڵک خۆشیان دەوێت و ڕێزی دەگرن. هەموو ئەو خەیاڵانە لە زەینی عیسایەکدا دێن و دەڕۆن کە ئێستا لەسەر خاچە و خەریکە دوا دڵۆپەکانی خوێنی دادەچۆڕێن و ڕەنگە لە هەر چرکەیەکدا چاوەکانی بۆ هەمیشە وێک بێن. بەڵام ئەو لە ناکاو وەخۆ دێتەوە و توند سەری ڕادەوەشێنێت و تێدەگات کە وەسوەسەی مەیلی ژیان و ئاسوودەیی فریوی نەداوە و ئێستا لەسەر خاچە و خەریکە دوا تاقیکردنەوەی بە سەرکەوتوویی بەجێ دێنێت و بەسەر هەموو ویستێکی فریودەرانە و هەڵخەڵەتێنەردا زاڵ بووە.
کازانتزاکیس لە پێشەکی کتێبەکەیدا دەنووسێت کە "ئەم کتێبە ژیاننامە نییە، ئەوە دانپێدانانی هەموو مرۆڤێکی خەباتکار و تێکۆشەرە."(٩) لە بەشی ٣٣ی ڕۆمانەکەدا وەک دوابەشی گێڕانەوەکە، دوا چرەکەساتەکانی ژیانی عیسا لەسەر زەوی دەبینین. مریەم و مارتای خوشکی لە تەنیشتی ڕاوەستاون و وردەوردە یارەکانی عیسا دێن و قسەی سووکی پێدەڵێن و بە سەریدا هاوار دەکەن کە خیانەتی پێکردوون. لێرەدا کۆمەڵێک دیالۆگی زیندووی کورتی ڕێکوپێکی فرەڕەهەند لەوپەڕی جوانیدا هەستی یارانی عیسا دەگوازنەوە. بە تێکنیکێکی زۆر زەریف مەودای نێوان زەمەن و شوێن دەتوێتەوە و عیسا لە حەوشەی ماڵەکەیەوە دەگوازرێتەوە سەر خاچەکەی و خوێنەرەوە دەبیسێت کە عیسا ئارام و سەرکەوتوانە دەڵێت: "ئەرکەکە بەجێ هات."(١٠) (It is accomplished”). "ڕازی و ئاسوودە، چاوەکانی داخست. هاواری بەرزی سەرکەوتنی سەردا. "کارەکە تەواو. بە واتایەکی تر من ئەرکی خۆمم بەجێ هێنا، من لە خاچ دراوم، من نەکەوتمە داوی وەسوەسەوە ... "١١ ئەم وێکچووییەی ڕۆمان و ژیاننامە نەبووەتە هۆی ئەوەی خوێنەرەوە دوا وەسوەسەی مەسیحی لێ ببێت بە ژیاننامەی عیسا مەسیح. ئەگەرچی شوێنپێی ژیانی عیسا لەم ڕۆمانەدا تەواو دیارە.
پەرواێز و سەرچاوەکانی ئەم بەشە
1 بێن مارکۆس لەڕاستیدا جیاوازییەک لەنێوان واقیع و خەیاڵدا نابینێت. بە واتایەکی تر ئەو پێی وایە کە ئەو شتانەی لە زەینی نووسەرێکدان و ئەو شتانەی وەک فیزیک لە دەوروبەری نووسەر هەن، جیاوازییەکی ئەوتۆیان بۆ نووسەر نییە و هەردووکیان وەک یەک کارتێکەرییان لەسەر شێوەی بیرکردنەوە و ئەنجامی نووسین هەیە. بۆ زانیاریی زیاتر لەسەر بۆچوونەکانی بێن مارکۆس بڕوانە:
Marcus, Ben, ‘Why experimental fiction threatens to destroy publishing, Jonathan Franzen, and life as we know it: A correction, Harper’s Magazine, October 2005, pp, 39-52.
2 Cocozza, Paula, “Jesus is having a moment in literary fiction”, The Guardian, 15 September 2013.
3 هەمان سەرچاوە.
4 هەمان سەرچاوە.
5 بۆ زانیاری لەسەر ژیان و بەسەرهاتی نیکۆس کازانتزاکیس بڕوانە ئەم کتێبەی خوارەوە کە بە پشتبەستن بە .نامەکانی نیکۆس کازانتزاکیسەوە نووسراوە:
Kazantzakis, Helen, Nikos Kazantzakis: A Biography Based on his Letters, trans. Amy Mims, New York: Simon & Shuster, 1968.
6 Heidegger, Martin, Nietzsche: Volumes Three and Four, trans. Frank A. Capuzzi, edited, with notes and an analysis, David Farrell Krell, San Francisco: Harper Collins, 1991.
7 من لە دانیشتنێکدا لە مامۆستا شێرزادم پرسی گەلۆ دوایین وەسوەسەی مەسیحی خوێندوەتەوە؟ مامۆستا وەڵامی دامەوە،”نەخێر”.
8 لەسەر تەمەنی عیسا ڕا و بۆچوونی جیاواز هەیە. لە دوا شەوی دابەزینی عیسادا تمەنی عیسا بە ٣٦ ساڵ داندراوە نەک ٣٣ ساڵ بەو جۆرەی کازانتزاکیس بۆی دەچێت.
9 Kazantzakis, Nikos, The Last Temptation of Christ, trans. Peter A. Bien, New York: Scribner, 1988 p. 4.
10 هەمان سەرچاوە.
11 هەمان سەرچاوە. ل. ٣.
سەرچاوە: لە لاپەڕی د. هاشم ئەحمەدزادە وەرگیراوە