قەڵای کەرکووک، لە شوێنەوارە کۆن و سەرنجڕاکێشەکانی کوردستانە و دەکەوێتە ناوەندی شاری کەرکووک، نزیک لە ڕووباری خاسە.
لە بارەی مێژووی ئەم قەڵایە دوو بۆچوون هەیە، یەکێکیان دەڵێ: ئەم قەڵایە لە ساڵەکانی ٨٨٤-٨٥٤ پێش زایین، لە لایەن ئاشوورییەکانەوە دروستکراوە بەڵام بۆچوونەکەی تر دەڵێ قەڵای کەرکووک لە سەردەمی گوتییەکان واتا نزیکەی چوار هەزار ساڵ پێش دروست کراوە.. بەڵام لە بەڵگەنامە مێژووییەکان و دۆزینەوە شوێنەوارییەکان وا دەردەکەوێت کە قەڵای کەرکووک هەمان شاری مێژوویی ئەڕاپخایە و پایتەختی دەسەڵاتداریی خورییەکان بووە و میژووەکەشی بۆ سەردەمی خورییەکان دەگەڕێتەوە، واتا زۆر کۆنترە لەوەی باس دەکرێت.
ئەم قەڵایە لە لایەن ڕێکخراوی نێودەوڵەتی یونسکۆ خراوەتەوە ناو لیستی کاتیی شوێنەوارە گرنگەکانی خۆی و بە ئەگەری ئەنجامدانی کاری نۆژەنکردنەوە و زیاتر پاراستنی قەڵاکە، دەخرێتە ناو لیستی هەمیشەیی ئەم ڕێکخراوە جیهانییە.
فرە کولتووری و هەبوونی مێژوویەکی بەنرخی پێکەوە ژیانی ئایینی و کۆمەڵایەتی، وەک هەبوونی کڵێسای کلدانی، مزگەوتی پەیامهێن دانیال، مزگەوتی عوریان و مزگەوتی گەورە، لە هۆکارە سەرەکییەکانی تۆماری ئەم قەڵایە لە ناو لیستی کاتیی کەلەپووری جیهانی.
لە ئێستادا، بەشێکی یەکجار زۆری خانوو و باڵەخانەکانی قەڵای کەرکووک ڕووخاون و تەنها بەشێکی کەمی بە ساخی ماوەتەوە و کە ئەوانیش بە هۆکارە سرووشتییەکان وەک با و باران، هەروا هۆکارە مرۆییەکان وەک کەمتر خەمی لە نۆژنکردنەوە و پاراستن، ئەگەری ڕووخان و لەناو چوونیان زۆرە. بێجگە لە هۆکارە سرووشتییەکان کە بوونەتە هۆی ڕووخانی بەشێک لە خانووەکانی ئەم قەڵایە، لە سەردەمی ڕژیمی بەعسدا بە بڕیاری سەدام حوسێن بەشێکی زۆری خانوو و باڵەخانەکانی ئەم قەڵایە بە شۆفڵ تەختکران و لە ناوبران، کە ئەمانەش هۆکارێک بوون بۆ سڕینەوەی مێژووی کورد.