خەنجەر، بریتییە لە کەلوپەلێکی کۆنی جەنگیی دروستکراو لە ئاسن، کە پێشتر لە ناو کۆمەڵگای کوردەواری زۆر باو بووە. ئەم کەلوپەلە جەنگییە، لە ئاکامی تواندنەوەی ئاسن بۆ چەند جارێک و بوونی ئاسنەکە بە پۆڵا بە شێوازی چەقۆی چەماوە، یان لار دروست دەکرێت. دەسکی خەنجەر لە قۆچی ئاژەڵ، یان ماددەیەکی ڕەق دروست دەکرێت، بۆ کێلانەکەشی تەختەیەکی ڕەق و و گرانبەها کە بە پێستی ئاژەڵ ڕووپۆش دەکرا دروستکراوە و لەسەر کێلانەکەی بە مووروو، یان بەردی گرانبەها ڕازێندراوەتەوە.
بە شێوەیەکی گشتی سێ جۆر خەنجەرمان هەیە:
خەنجەری دەبان: باشترین و گرانترین جۆری خەنجەرە.. ئەم خەنجەرە بە خەنجەری کوردی ناسراوە و تەنها گەلی کورد بەکاری هێناوە، خەنجەری دەبان لە کوردستان دروستکراوە مێژووەکەی بۆ سەدەی ١٨ دەگەڕێتەوە. لە تایبەتمەندییەکانی ئەم خەنجەرە:
- لە ئاسنی بێگەرد و ساغ دروستکراوە.
- دەسکەکەی لە شاخی ئاژەڵی کێوییە و پێستی کێلانەکەی زیاتر لە پێستی مار دروستکراوە.
خەنجەری دەبان وەک هێمایەک بۆ نەتەوەی کورد دادەنرێت، زۆرێک لە سەرکردەکانی کورد ئەم خەنجەرەیان بەکارهێناوە و هەمیشە لەگەڵیاندا بووە.
وشەی دەبان لە فەرهەنگی زمانی کوردی بە مانای جۆرە پۆڵایەکی جەوهەردارە و خەنجەری لێ دروست دەکرێت.
خەنجەری قەزبێن: ئەم خەنجەرەش لە شێوەدا هەروەک خەنجەری دەبان وایە، بەڵام دەمەکەی جەوهەردار نییە.
خەنجەری شینەتیخ: ئەم جۆرە خەنجەرە لە دوو جۆرەکەی تر کوالێتی نزمترە و هیچ جەوهەر و دەمەرێ بە دەمی خەنجەرەکەوە نییە.
هۆکاری دروستکردنی خەنجەر بۆ پێویستی مرۆڤ بە هەبوونی کەلوپەلێکی تیژ و سووک بۆ خۆپارێزی لە دوژمن، شت بڕین و وردکردن دەگەڕێتەوە. هەر وەک لە مێژووش دەبینین خەنجەر، یان چەقۆ لە لایەن مرۆڤ نیاندەرتاڵ لە بەرد دروستکراون و بە تێپەڕبوونی کات و دۆزینەوەی کانزا، گۆڕانکاریان بە سەردا هاتووە.
لە ساڵی ١٩٢٠ لە سەردەمی شێخ مەحموودی حەفید، وێنەی خەنجەر لەسەر پوول لێدراوە، بۆیە تا ئێستا گەلی کورد خەنجەر وەک هێمایەکی کۆنی کوردی بەکاردەهێنن.