توو، میوەیەکى بەهارییە و جگە لەوەى بە تەڕى و وشککراوى دەخورێت، دەکرێتە دۆشاویش. لەم وەرزەدا بەشێکی زۆرى جووتیارانی سنوورى خۆشناوەتى سەر بە ئیدارەى ڕاپەڕین، هاوشێوەى ناوچەکانى دیکەی کوردستان ڕوو لە درووستکردنى دۆشاوی توو دەکەن.
جووتیارانی سنوورەکە بە هەرەوەز تووەکە دەتەکێنن و پەردەیەکی گەورە لەژێر داری تووەکە ڕادەخەن بۆ ئەوەی تێکەڵ بە خۆڵ و خاشاک نەبێت و بکەوێتە سەر پەردەکە، دواتر تووەکە لە گڵ و پەلکەدار پاک دەکرێتەوە، بەڵام ناشۆردرێتەوە بۆ ئەوەى تامى شیرینییەکەى نەڕوات، پاشان دەکوڵێندرێت تا ماوەى دوو کاتژمێر، دواتر سار دەکرێتەوە و دەگوشرێت و دەپاڵێورێت، پاشان بۆ ماوەى چوار کاتژمێر تا پلەى خەستبوونەوە دەکوڵێندرێت و دەبێت بە دۆشاو.
ئەوەى دۆشاوى توو لە دۆشاوى ترێ جیا دەکاتەوە ئەوەیە کە نابێت خۆڵى تێکەڵ بکرێت. جگە لەوەش، دۆشاوی توو لە دۆشاوى ترێ بەتامترە و سوودى زیاترە و نرخەکەیشى گرانترە.