لە کەسایەتییە بەناوبانگەکانی ئایینی جوو لە کوردستان، دەتوانین ئاماژە بە کەسایەتیی خاتوو (ئەسینات) بکەین، کچی یەکێک لە حاخامەکانی ناوچەی مووسڵ بوو. ئەسینات لەبەر زیرەکی و لێهاتوویی خۆی توانیی هەموو بەشەکانی خوێندنی ئایینی و زانستی لە کەنشتە (جێی خواپەرستی جوولەکە) لای باوکی تەواو بکات و بگاتە پلەی حاخامی، کە ئەوەش هەتا ئەو کاتە لە مێژووی ئایینی جوو شتێکی نوێ بوو و یەکەم جار بوو ڕووبدات.
ئەسینات لەدایکبووی ساڵی ١٥٩٠ لە شاری مووسڵ، کچی (سامۆیلی کوڕی نیتانێل)ـە، یەکێک بووە لە بەناوبانگترین و دیارترین بانگخوازەکانی کورد... لە دوای مردنی باوکی، ئەرکی سەرکردایەتی بواری ئایینیی جووەکانی ناوچەی مووسڵ و ئامێدی وەردەگرێت و دەبێتە کەسایەتییەکی گرنگ و دیاری جووەکان لە کوردستان. ئەسینات لە ساڵی ١٦٧٠ کۆچی دوایی کرد و گۆڕەکەشی لە ئامێدییە.