سەرچاوە مێژووییەکان باس لە کۆمەڵێک کۆچی بەکۆمەڵ دەکەن لە نێوان هەزارەی سێیەم بۆ یەکەمی پێش زایین کە خەڵک لە ناوچەکانی ئاسیای ناوەڕاست و ئەورووپاوە بەرەو کوردستانی کۆن هاتوون و لەوێ نیشتەجێ بوون، تەنانەت هەندێکیان توانییان دەسەڵاتداریی فراوان و بەهێز دروست بکەن. یەکێک لەو دەسەڵاتدارییانە، هیتییەکان بوون.
هیتییەکان، سەرەتا لە دەوروبەری ڕووباری هالیس (قزل ئیرماقی ئێستا) نیشتەجێ بووون (٣٠٠٠ ساڵ پێش زایین)، دواتر بەهۆی کۆچی بەکۆمەڵەوە بەرەو ناوچەکانی ئانادۆڵ هاتوون و بڵاو و نیشتەجێ بوون.
وەک سەرچاوە مێژووییەکان باس دەکەن، ناوی هیتییەکان لە کتێبی پیرۆزی تەوڕاتدا بە (حیسی) هاتووە، ڕیشەی ئەو زمانەی کە هیتییەکان قسەیان پێ کردووە، بۆ کۆمەڵە زمانەکانی هیندوئەورووپی دەگەڕێتەوە.
ئەوان پاش کۆچی بەکۆمەڵ لە ناوچەکانی قەوقازەوە بۆ ناوچەکانی ئەنادۆڵ، شاری (گوڵتەبە)ی ئەمڕۆیان درووست کرد و کردیانە پایتەختی خۆیان، دواتر پایتەختیان بۆ شاری (کۆشارا) گواستەوە، بەڵام لە سەردەمی پاشا (هاتووسیلی یەکەم ١٦٥٠-١٦٢٠ پێش زایین)، پایتەختیان بۆ شاری (هاتوسا، یان بۆغازکوی) ئێستا گواستەوە.
بەپێی تێپەڕینی کات شاری (هاتوسا) دەبێتە یەکێک لە گرنگترین شارەکانی هیتییەکان و ناوەندی دەسەڵات و هێزی سەربازی و سەنتەری ئایینییان، ئەم شارە ١٤٤ کیلۆمەتر لە ئەنقەرەی تورکیاوە دوورە.