شۆڕشی ''فرەوەرتیس''ی ماد دژی ''داریوش''ی فارس

سه‌ره‌تا مێژوو شوێنه‌وار كه‌له‌پوور كولتوور مه‌ڵتیمیدیا له‌باره‌ی ئێمه‌وه‌
x

شۆڕشی ''فرەوەرتیس''ی ماد دژی ''داریوش''ی فارس

دیاکۆ، پادشای گەورەی ماد (کورد) لە ساڵی 700ی پ.ز ''ئیمپراتۆریی ماد''ی دامەزراند، بەڵام خۆی و ''فرەوەرتیس''ی کوڕی لەلایەن ئاشوورییەکانەوە لەناو بران، دواتر دەوڵەتی ماد لە سەردەمی کەیخەسرەو، کوڕەزای دیاکۆدا گەیشتە لوتکە و لە ساڵی 612ی پ.ز دەوڵەتی ئاشوورییەکانی ڕووخاند و دەوڵەتی ماد بوو بە گەورەترین ئیمپراتۆریی سەر زەوی و دەیان گەلی جیاواز کەوتنە چوارچێوەی ئەو ئیمپراتۆرییەوە.

دوای مەرگی کەیخەسرەو دەسەڵات کەوتە دەست ''ئەستیاگ''ی کوڕی. لە سەردەمی ئەستیاگدا فەرماندەی سوپای ماد کە ناوی هارپاک بوو، بەهۆی ناکۆکبوون لەگەڵ پادشاکەیەوە، خیانەتی لێ کرد و دەستی لەگەڵ میرێکی فارس بە ناوی ''کۆرش'' تێکەڵ کرد. فارس یەکێک لە گەلانی ناو چوارچێوەی ئیمپراتۆریی ماد بوون و کۆرش لەو سەردەمەدا لە دەوڵەتی ماد یاخی ببوو، بۆیە فەرماندە خائینەکە یارمەتیی دا و لە ساڵی 550ی پ.ز-دا سوپای کۆرش بە هەماهەنگیی هارپاک هێرشی کردە سەر شاری ئەکبەتانە (هەمەدان)، پایتەختی ئیمپراتۆریی ماد و هارپاک فەرمانی بە سوپاکەی کرد شەڕ نەکەن و پایتەختی کوردیان تەسلیمی کۆرشی فارس کرد.

ئەستیاگ، پادشای ماد، دەستگیر کرا. کە بە دەستبەسەری چاوی بە ھارپاکی خائین کەوت، پێی گوت: ''تۆ نەفامترین مرۆڤی لەسەر زەوی، چونکە خۆت دەتتوانی من لە پادشایەتی دوور بخەیتەوە و ببیت بە پادشای نەتەوەکەت، نەک بێگانە بێنی و بۆ ھەمیشە نەتەوەکەت بکەیت بە کۆیلەی ئەوان، لە کاتێکدا ئەوان کۆیلەی ئێمە بوون''.

29 ساڵ دوای ئەو ڕووداوە کە گەلی ماد زانییان چۆن شکۆ و شانازیی خۆیان لەدەست داوە، هەوڵیان دا بە ڕابەرایەتیی کەسێک بە ناوی ''فرەوەرتیس'' لە نەوەکانی کەیخەسرەو ڕاپەڕن و شکۆی ئیمپراتۆرییەکەی خۆیان بگێڕنەوە، بەڵام داریوش، پادشای فارس، سوپایەکی توکمەی ناردە سەر فرەوەرتیس و دەستگیری کرد و بە دڕندانەترین شێوە لووت و گوێ و زمانیی بڕی و یەکێک لە چاوەکانیشی دەرھێنا و بە دەستی بەستراوەوە لە کۆشکەکەی خۆیدا هەڵیواسی.

ئێستا وێنەی فرەوەرتیس بە زەلیلی لەبەردەم پادشای فارسدا لەسەر بەردێک هەڵکۆڵراوە و لەسەر چیای بێستون (کرماشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان) دانراوە و لەسەری نووسراوە: "ئەمە فرەوەرتیسە کە درۆی کرد و ئیدیعای کرد پادشای ماد و نەوەی کەیخەسرەوە''.

لەسەر بەردەکە زیاتر نووسراوە: ''من سوپایەکم ناردە سەری تا دەستگیری بکەن، گەمارۆ درا و دەستگیریان کرد و ناردیان بۆ لام، من لووت و گوێ و زمانیم بڕی، یەکێک لە چاوەکانیشیم دەرھێنا و لە کۆشکەکەمدا بە دەستی بەستراوەوە ھەڵمواسی و ھاورێکانیم لە ئەکبەتانە (هەمەدان) بە نێزە (ڕمب)ـەوە کرد''.