شوێنهوارەکانى بهجێماوهى ئایینى زه‌رده‌شتى، دابه‌ش به‌سەر دوو ده‌سته‌دا دابەش ده‌كرێن:
یه‌كه‌م- شوێنه‌وارى به‌جێماوه شوێنه ههڵكۆڵراوهكانن، واتا ئه‌وانه‌ى كه له‌ناو شاخه‌كان و له‌سه‌ر پارچه به‌ردى گه‌وره‌وه له لایه‌ن كه‌سانی شاره‌زا و پسپۆڕ و هونەرمەند و ئەندازیار دروست كراون، به داتراشهوەكان به‌ناوبانگن، كه ئه‌م ده‌سته شوێنه‌واره تایبه‌ت بووه به ناشتنى ته‌رمى پاشا‌كان و كه‌سایه‌تییه پایه به‌رزه‌كانى ئه‌م ئایینه. هۆكارى ناشتنى ته‌رمه‌كان له‌م جۆره شوێنانه بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه، كه له نه‌ریته‌كانی ئایینى زه‌رده‌شتى مردوو له‌ناو خاك نانێژرێت، ئه‌مه‌ش هۆكارێكه بۆ پاراستن و پیسنەبوونی خاك، كه یه‌كێك له سێ پێكهاته سه‌ره‌كییه‌كان و گرنگى ژیانه، ئه‌م ده‌سته شوێنه‌واره (گۆڕ دخمه)ی پێ ده‌گوترێ.
گۆڕ دخمه جۆرێكه له بیناسازى له لاپاڵ و كه‌ند، كه لە شارستانیەتی زەردەشتیدا بۆ ناشتنى مردووه‌كان دروست كراون، ئه‌م شوێنه له راستیدا ئارامگەیهك بووه، كه له‌ناو چیا و لاپاڵ، به شێوازى ژوورێك یان چه‌ندین ژوور دروست كراوه، كه شوێنى یه‌ك یان چه‌ندین گۆڕ له خۆى ده‌گرێت و شوێنى دانیشتن و دانانى كه‌لوپه‌ل و به‌ڕێوه‌چوونى رێوڕه‌سمى ئایینییشى تێدا ده‌بوو.
سه‌باره‌ت به مێژووى دروستبوونى گۆڕ دخمه، بیروڕای جیاواز هه‌یه، به‌ڵام به شێوازى گشتى و به‌پێی دۆزراوه شوێنه‌وارییه‌كان و لێكۆڵینه‌وه مێژووییه‌كان، ئه‌م جۆره گۆڕانه بۆ سێ بەش دابه‌ش ده‌بن-
١- سه‌رده‌مى پێش میدییه‌كان و خودی میدییه‌كان.
٢- سه‌رده‌مى ئه‌خمینییه‌كان.
٣- سه‌رده‌مى پاش ئه‌خمینییه‌كان.
سه‌باره‌ت به سه‌رده‌مى پێش ماده‌كان، ده‌توانین ئاماژه به‌و گۆڕه دخمهییانە بكه‌ین كه له ناوچه‌كانى نیشته‌جێبوونى (ئورارتییهكان) واتا نزیك ده‌ریاچه‌ى وان دۆزراوه‌ته‌وه و بۆ هه‌مان مه‌به‌ستى ئاماژه‌پێكراو، دروست كراوه و به‌كار هاتووه.
له‌پاش ئورارتییهكان، جۆرى پێشكه‌وتوو و گهشهسەندووى گۆڕ ده‌خمه له سه‌رده‌مى میدییه‌كان دۆزراوه‌ته‌وه و له ڕووى دیزاین و بیناسازى، پێشكه‌وتنى به‌رچاوى به‌خۆیه‌وه بینیوه و دیاره كه تایبه‌ت بۆ كه‌سانى دیاریكراو دروست كراوه.
له سه‌رده‌مى ئه‌خمینییه‌كان، دیزاینى گشتیى گۆڕی دخمه له دیوى ده‌ره‌وه به شێوازى خاچ دروست كراوه، كه له به‌شی سه‌ره‌وه‌ى خاچه‌كه نه‌خشی تایبه‌ت به ئاهوورامه‌زدا و فهروهههر و ئاتهشدانێك هه‌ڵكۆڵدراوه و له نه‌خشه‌كه و به‌پێی نووسینه‌كانى سه‌ر نه‌خشه‌كه دیاره، كه تایبه‌ت به پاشا دروست كراوه.
له كۆتایی سه‌رده‌مى ئه‌خمینییه‌كان، كه هاوكات بوو له‌گه‌ڵ هێرشى ئه‌سكه‌نده‌رى مه‌كدۆنى بۆ سه‌ر ئێران و هاتنه سه‌ر كارى هه‌ردوو ده‌سه‌ڵاتدارى (سلوكییهكان و ئه‌شكانییه‌كان) ئایین رۆڵى كه‌متری هه‌بوو له ده‌سه‌ڵات، به‌تایبه‌ت ئه‌وه‌ى كه زانیارییه‌كى ته‌واو و پشتڕاستمان نییه سه‌باره‌ت به ئایینى ئه‌م دوو زنجیرە حوكمدارییه، بۆیه دروستكردن و دۆزینه‌وه‌ى گۆڕى دخمه وه‌كوو سه‌رده‌مانى پێشوو نه‌بووه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ هاتنه سه‌ر كارى ساسانییه‌كان و به فه‌رمى ناساندنى ئایینى زه‌رده‌شتى، دروستكردنى گۆڕ دخمه جموجۆڵى به‌خۆیه‌وه بینیوە، به‌ڵام هه‌ر نه‌ده‌گه‌یشته سه‌رده‌مى ئه‌خمینییه‌كان.
له نموونه‌كانى گۆڕ دخمه له كوردستان، ده‌توانین ئاماژه به شوێنه‌وارى (ئه‌شكه‌وتى قزقاپان) بكه‌ین، ئه‌م شوێنه‌واره ده‌كه‌وێته ناوچه‌ى چه‌مى ره‌زان له‌نێوان سلێمانى و سوورداش و نزیكه له گوندى زه‌رزى، ئه‌م گۆڕه به به‌رزایی 10 كم له‌ناو شاخ هه‌ڵكه‌ندراوه.
ئه‌شكه‌وته‌كه ده‌رگایه‌كى بچووكى هه‌یه، كه ده‌چێته ناو ژوورێك كه سێ گۆڕی تێدایه به به‌رزیى یه‌ك مه‌تر، دیوى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌شكه‌وته‌كه به شێوازێكى تایبه‌ت و به‌رجه‌سته نه‌خشی بۆ كراوه و نه‌خشه‌كه بریتییه له دوو دینگەى گه‌وره، كه هه‌ر دوو لاى ژووره‌كه‌یان گرتووه و له ناوه‌ندى ئه‌م دوو دینگەیە دوو پیاو راوه‌ستاون، كه كه‌وانه‌كانیان له‌سه‌ر زه‌وى داناوه و ده‌ستیان به‌رز كردووه‌ته‌وه و له پێشیان ئاگردان دانراوه، جێی ئاماژه‌یه، له سووچێكى دیوی ده‌ره‌وه‌ى ئه‌شكه‌وته‌كه، هێماى زه‌رده‌شتى (فهروهههر) نه‌خشێنراوه، كه به وته‌ى هه‌ندێ له مێژوونووسان و شوێنه‌وارناسان، كۆنترین نه‌خشی فهروهههره، كه له‌سه‌ر به‌رد ههڵكۆڵدرابێت.
به‌پێی سه‌رچاوه شوێنه‌وارییه‌كان، مێژووى ئه‌م شوێنه‌واره بۆ 600- 550 پێش زایین ده‌گه‌ڕێته‌وه، واتا سه‌رده‌مى میدییه‌كان و كۆمه‌ڵێك له مێژوونووسان له‌و بڕوایه‌دان، كه ته‌رمى كهیخوسرهوى پاشاى ماد له‌وێ نێژراوه.
شایانى باسه، ناوى (قزقاپان) هیچ په‌یوه‌ندییه‌كى به شوێنهوارهكه و نه‌خشه ههڵكۆڵدراوهكهیەوە نییه، به‌ڵكوو ئه‌مه وشه‌یه‌كى توركییه، به ماناى (كچ ڕفێن) دێت و له سه‌رده‌مى عوسمانییه‌كان له‌سه‌ر ئه‌م ئه‌شكه‌وته دانراوه، به‌ڵگه‌ش بۆ ئه‌مه ئه‌وه‌یه، كه له‌و سه‌رده‌مه‌دا ناوی زۆربه‌ى ناوچه‌كانى كوردستان به ناوى توركیى عوسمانى گۆڕدراون.
دووەم- جۆری دووه‌می ئاسه‌واره به‌جێماوه‌كان له ئایینى زه‌رده‌شتى ئه‌وانه‌ن، كه بنیات نراون، واتا به كه‌ره‌سته‌وه و له‌سه‌ر زه‌وى له لایه‌ن وه‌ستاى شاره‌زا و كارامه دروست كراون و به بینا ناویان ده‌هێنرێت، ئه‌م جۆره بینایانه زیاتر بۆ لایه‌نى ئایینى به‌كار هاتوون، وه‌ك په‌رستگە، كه پهرستگەى تایبه‌تى ئایینى زه‌رده‌شتیى (ئاتهشكهده)ى پێ ده‌گوترێ.
وشه‌ى ئاتهشكهده به ماناى شوێنى داگیرساندن و پاراستنى ئاگرى پیرۆزى ئایینى زه‌رده‌شتییه، كه له لایه‌ن پیاوانى ئایینى به ناوى (مۆغ) داده‌گیرسێت و ده‌پارێزێت، زۆر جار ئه‌م شوێنه بێجگه له مه‌به‌ستى ئایینى، وه‌كوو فێرگه یان شوێنى كۆبوونه‌وه یان تیماركردن، به‌تایبه‌ت بۆ نه‌خۆشه ده‌روونییه‌كان به‌كار هاتووه.
به‌پێی به‌ڵگه شوێنه‌وارییه‌كان، مێژووى دروستبوونى ئاتهشكهده بۆ سه‌ده‌ى چواره‌مى پێش زایین ده‌گه‌ڕێته‌وه و وا باس ده‌كرێ، كه پێشتر رێوڕه‌سمه ئایینییه‌كان له شوێنى به‌رز و كراوه جێبه‌جێ ده‌كران.
ئاتهشكهده له ڕووى دیزاین و هه‌یكه‌ل، بینایه‌كى سێجاى گومه‌ز داره، كه له چه‌ندین ژوورى جیاواز پێك هاتووه و هه‌ر یه‌كه‌ی بۆ مه‌به‌ستێك به‌كار هاتووه، پیرۆزترین شوێنى ئاتهشكهده ئه‌و ژووره‌یه كه ئاگری تێدا داده‌گیرسێت و ده‌پارێزرێت و دیواره‌كانى به شێوازى كون كون دروست كراون، بۆ ئه‌وه‌ى سه‌ردانكه‌ره‌كان له دووره‌وه بتوانن ئاگری پیرۆز ببینن. به وته‌ى سه‌رچاوه‌كان، ئاگره پیرۆزه‌كان له رووى گرنگییه‌وه دابه‌شی سەر سێ گرووپ ده‌بن:
ا- (ئاته‌ش به‌هرام) كه پێك هاتووه له شازده ئاگرى جیاواز، وه‌كوو ئاگرى ناو ماڵ، یان ئاگرى كووره و هتد، كه له‌پاش جێبه‌جێكردنى رێوڕه‌سمێكى ئایینیى پاكوخاوێن ده‌كران و بۆ ئه‌نجامى فه‌ریزه‌ى ئایینى گونجاو ده‌بوون.
ب- ئاگرى (ته‌قدیس ئادۆران) كه پێك هاتووه له هه‌ڵبژارده‌ى چوار ئاگر و رێوڕه‌سمى پیرۆزكردن و له ئاتهشكهده دانان.
ج- ئاگرى (دادگا)یه، كه ته‌نیا ئاگرێكى نێو ماڵه، كه له لایه‌ن پیاوانى ئایینى پیرۆز كراوه، جیاوازییه‌كه‌ى ئه‌مه‌یه، كه له لایه‌ن هه‌ر كه‌سێك ده‌پارێزرێت و ده‌كرێ دار و بۆنى خۆش له‌سه‌رى دابنرێت، ئه‌م ئاگره له دوو شوێن هه‌ڵده‌گیرسێت، یه‌كیان ئاتهشكهده گشتییه‌كانه و دووه‌م ژوورێكى بچووك، كه پاسه‌وانى تایبه‌تى هه‌بێت.
یه‌كێك له نموونه‌كانى ئاتهشكهده له هه‌رێمى كوردستان، شوێنه‌واری (خانى ده‌ربه‌ند، یان ئاتهشكهدهى زه‌رده‌شتییان)ە، كه ده‌كه‌وێته قه‌زاى ده‌ربه‌ندیخان، له كه‌نار رووبار‌ى ده‌ربه‌ندیخانه و نزیكه له به‌نداوى ده‌ربه‌ندیخان، كه له لایه‌ن خه‌ڵكى ناوچه‌كه به (كه‌مپى خواروو) ناسراون، به‌ڵام ئێستا به ناوی (خانى ده‌ربه‌ند) ناسراوه.
سه‌باره‌ت به وشه‌ى خانى ده‌ربه‌ند، شوێنه‌وارناس شوان محه‌مه‌د هه‌ورامى، ئاماژه به گۆڕانكارییه‌كانى پاش هاتنى ئایینى ئیسلام بۆ ناوچه‌كانى ژێر كاریگه‌ریى ئایینى زه‌رده‌شتى ده‌كات و ده‌ڵێ: "له‌گه‌ڵ هاتنى ئایینى ئیسلام و روودانى گۆڕانكارى له‌سه‌ر سیاسه‌تى ناوچه‌كه، بێ گومان هه‌ندێ له‌م پەرستگایانه گۆڕدراون بۆ مزگه‌وت و ئه‌وانه‌ى كه گه‌وره‌ترن ده‌كرێن به شوێنى مانه‌وه‌ى سوپا و كاروانسه‌را و خان و هه‌ندێكیشیان كراون به موڵكى گشتى، ئه‌م شوێنه‌واره‌ش بێبه‌ش نه‌بووه له‌م بابه‌ته و دیاره وه‌كوو خان سوودی لێ وه‌رگیراوه، بۆیه ناوی گۆڕاوه به خانى ده‌ربه‌ند".
مێژووى ئه‌م ئاتهشكهدهیه بۆ سه‌رده‌مى ساسانییه‌كان ده‌گه‌ڕێته‌وه و به‌شێكى زۆرى شوێنهوارهكه وه‌كوو خۆى ماوه‌ته‌وه، هه‌رچه‌نده به بۆنه‌ى ئه‌و نۆژهنكردنهوهیەى كه بۆ كراوه، كه به شێوازى ته‌واو زانستى نه‌بووه، هه‌ندێ دهستكاریى كراوه، به‌ڵام هه‌ر له‌و به‌شه‌ى كه هى سه‌رده‌مانى كۆنه و وه‌كوو خۆى ماوه‌ته‌وه، له هێڵكارییهكهى ته‌واوى تایبه‌تمه‌ندییه‌كانى بینایه‌كى ئایینى زه‌رده‌شتى تێدا به‌دی ده‌كرێت.