ئەشكەوتێكی دەگمەن و سەرنجڕاكێش لە دەڤەری سۆران، بووەتە جێگەی سەرنجی هاووڵاتیان و گەشتیاران، بەهۆی نزمیی پلەی گەرمی لە ناو ئەم ئەشكەوتە، كەس ناتوانێت كاتژمێرێك لەناویدا بمێنێتەوە.
تا نەچیتە ناو ئەشكەوتی (كونە ئاو)، هەست ناكەیت كە لە ژوورەوە قەبارەكەی بەو شێوەیە بێت، چونكە هەڵكەوتەكەی وایە دەروازەیەكی بچووكی هەیە، كاتێك دەچیتە ژوورەوە شوێنێكی بەرفراوانە و كانیاوی سازگاری لێ هەڵدەقوڵێت و بەهۆی ساردییەكەی مانەوە لەم ئاشكەوتەدا ئاستەمە. بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری سۆرانیش دەڵێت: "بەهۆی بوونی ناوچەی شاخاوی و هەڵكەوتەی جوگرافی دەڤەرەكەمان، چەندین شوێنی دەگمەن و سەرنجڕاكێش بوونیان هەیە و دەكرێت بایەخی زیاتریان پێبدرێت و ببنە جێگەی ڕاكێشانی سەرنجی گەشتیاران بۆ دەڤەرەكە".
هەڵمەت حاجی نەسرەددین خەڵكی گوندی مەلەكانی سەر بە ناحیەی خەلیفان لە سنووری قەزای سۆران، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "لە سنوورەكەمان چەندین ئەشكەوت و شوێنەواری دەگمەن و گرنگ هەن و ڕۆژانە بە مەبەستی بینین و بەسەربردەنی كاتێكی خۆش هاووڵاتییان و گەشتیاران سەردانیان دەكەن، یەكێك لەوانەش ئەشكەوتی (كونە ئاو)ـە كە دەكەوێتە سنووری گوندی مەلەكانی سەر بە شارۆچكەی خەلیفان لە دەڤەری سۆران، تایبەتمەندی ئەو ئەشكەوتە ئەوەیە كاتێك دەچیتە ژوورەوەی ئەشكەوتەكە، چەندین دیمەنی ناوازەت بەرچاو دەكەوێت، وەك ئەوەی لە ناو بەفر و سەهۆڵی زستاندا بیت، مرۆڤ هەست بە ساردییەكی یەكجار زۆر دەكات و ئاستەمە بتوانیت تەنها بۆ یەك كاتژمێر لە ناو ئەم ئەشكەوتەدا بمێنیتەوە".
ئەوەشی خستەڕوو "كاتێك دەچیتە ناوەوەی ئەشكەوتەكە، بە هۆی بینینی چەندین دیمەنی سەرنجڕاكێش و نایاب مرۆڤ بەرەو خەیاڵ دەبات، لەگەڵ ئەوەشدا كانیاوێكی سارد و سازگار لەناو ئەشكەوتەكەدا هەیە، ئەمەش وایكردووە شوێنەكە ببێتەی جێگەی بایەخی زۆری ئەو هاووڵاتییانەی سەردانی ناوچەكە دەكەن و ئەو ئەشكەوتە بەسەربكەنەوە".
بارزارن محەمەد، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری سۆران بە (باسنیوز)ی گوت: "هەڵكەوتەی ئیداری سۆران، واتا سنووری هەر چوار قەزاكانی سۆران، ڕواندز، مێرگەسۆر، چۆمان لەخۆدەگرێت، ناوچەكەش سەر سنوورە، لەگەڵ باكووری كوردستانی توركیا و ڕۆژهەڵاتی كوردستانی ئێران، بەهۆی بوونی ناوچەیەكی شاخاوی و ئاوی كانیاوی سازگار و چەندین شوێنەوار و سەیرانگا، بووەتە جێگەی سەرنجی گەشتیاران و هاووڵاتییان بە گشتی، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی لە دێرزەمانەوە ساڵانە گەشتیارێكی زۆر ڕوو لەو دەڤەرانە بكەن و كاتێكی خۆش بەسەر ببەن".
بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری سۆران، ئەوەشی گوت: "ڕاستە چەند سەیرانگایەكی دیاریكراو لە دەڤەری سۆران هەن، كە ڕۆژانە هەزاران گەشتیار ڕووی تێدەكەن، بەڵام دەیان شوێنی دیكەش هەن، وەك ئەشكەوت و تاڤگە و سەرچاوەی ئاوی سازگار و شوێنەواری دیکەی گرنگ ، دەكرێت بایەخی زیاتریان پێبدرێت، هەم لە ڕووی نۆژەنكردنەوە و چاككردنی ڕێگاوبان و پێشكەشكردنی سەرجەم ئەو خزمەتگوزاریانەی پێویستن، هەم لە ڕێی ڕاگەیاندنەکانەوە بە گەشتیاران ئاشنا بكرێن. دیارە بەپێی ئەو ئیمكانیاتەش كە لەبەردەستی لایەنی پەیوەندیدارەوە بووە، هەوڵی چارەسەركردنی كێشە و گرفتە خزمەتگوزارییەكان دراوە، هەوڵەكانیش بەردەوامن بۆ پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری زیاتر ".
دەشڵێت، لەم ساڵانەدا پلانەكانمان بۆ ڕاكێشانی گەشتیاران بۆ دەڤەرەكە سەركەوتووبوونە، كە سەرەڕای بوونی گرفت و قەیرانەکان، کەچی توانراوە لە ڕێگەی كەرتی تایبەتەوە هەوڵی نۆژەنكردنەوەی شوێنە گەشتیارییەكان بە شێوەیەكی سەردەمیانە بدەین، بەردەوامیش دەبین بۆ ئەوەی سیمایەكی جوانتر بە دەڤەرەكە ببەخشن و زیاتر ببنە جێگەی سەرنج و بایەخی گەشتیاران.