ئەحمەد كایا، بەر لەوەی كۆچی دوایی بكات، لە كەناڵی تەلەڤزیۆنی (7)ی توركیا دیمانەیەكی ئەنجام دا، گوتەكانی ئەوەندە جوان بوو، حەزمان كرد خوێنەرانی (باسنیوز)ی لێ بێبەش نەكەین و گوتەكانی كایە لەگەڵ ئێوەدا بەش بكەین.
كایە، لەبەر ئەوەی بە مانای وشە هونەرمەند بوو، گوتی حەز ناكەم بچمە شوێنێك گۆرانی بڵێم کە ئەو شوێنە مەشرووبی تێدا بخورێتەوە.
پێشكەشكارەكە پێی گوت، ماڵەكەت چۆنە؟ ئەو، گوتی ماڵەكەم زۆر سادەیە، زۆر زۆر بچووكە و تەنانەت چێشتخانەی ماڵەكەم ئەوەندە بچووكە، شەرم دەكەیت سەیری بكەیت.
كایە نیگەران بوو لەو كەسانەی پێیان وایە، كایا لە ڤیلایەكدا دەژی و دەڕوانێتە سەر دەریا و گوتی: هەرگیز ئەو ڕۆژە نابینن كە كایە لە ڤیلایەكدا بژی، تا لە توركیا بارودۆخی خەڵك بەو شێوەیە بێت''.
كایە باسی لە چەمكی ئاشتی كرد و گوتی: لە توركیا ئەو چەمكە زۆر بەهەڵە لێك دەدرێتەوە، ئاشتی هەر ئەوە نییە، دوای شەڕ دروست ببێت، نەخێر دەبێت ڕێگە لە شەڕ بگریت، تا ئاشتی بەرقەرار بێت.''
ئەو سەیری پێ هات لە كەناڵەكانی تەلەڤزیۆنی توركیا، باس لە قارەمانی سەربازەكان دەكرێت، كاتێك دەیاننێرن بۆ شەڕ، دەڵێت ئەوانە گەنجن و دڵیان بە ژیان خۆشە، بۆچی بە ئاهەنگ و شایی بەرەو مەرگیان دەبەن، دەبا ئاشتی لە وڵاتەكەماندا بەرقەرار بكەین و ئەو گەنجانەش بژین، نەك بەرەو مەرگ بەڕێیان بكەین.
لە بەشێكی تری قسەكانیدا باسی لە سیستەمی سیاسیی توركیا كرد. كایە پێی وابوو ئەو سیستەمەی توركیا دیموكراتیی تێدا نییە، بۆیە دروشمی ئەوەیان بەرز كردووەتەوە، ”ئەوەی ئەم سیستەمەی خۆش ناوێت با بڕوات“.
كایە دەڵێت: ”مانای چییە ئەوەی ئەم سیستەمەی خۆش ناوێت با بڕوات، ئەم وڵاتە وڵاتی هەموومانە و ئێوە چین تا بڵێن بڕۆن. ئەم وڵاتە وڵاتی هەموو ئەوانەیە كە تێیدا دەژین، تورك و كورد و لاس و چەركەس و ئەرمەنی. كاتێك دەچمە وڵاتانی ئەورووپی، توركێك دەبینم پێی دەڵێم، دەبێت تۆ جیاوازی بكەیت لە نێوان ئەوەی ڕقت لە توركیایە یان سیستەمەكەی؟ ئێمە دەبێت وڵاتی خۆمانمان خۆش بوێت، بەڵام دژی سیستەمەكەی بین“.
كایا ئەو كەسانەی پێ بێنامووسترین كەسە كە ڕقیان لە وڵاتی خۆیان دەبێتەوە و دەڵێت كێ هەیە ڕقی لە نیشتمانی خۆی بێت.
دەشڵێت: ”لەم وڵاتەدا پێویستمان بە غیرەت هەیە، ئەمە گەورەترین كێشەی توركیایە“.
كاتێك دێتە سەر باوكی، دەڵێت: زۆر حەزی دەكرد ببمە گۆرانیبێژ، بەڵام تا لە ژیان بووە بە چاوی خۆی نەیبینیوە كایە بووەتە گۆرانیبێژ و زوو دونیای بەجێ هێشتووە.
كاتێك هاتوونەتە ئیستانبوڵ، باوكی لە شووشتنگەیەكی سەیارە كاری كردووە، ڕۆژانە سەیارەی دەوڵەمەندەكانی شووشتووە، بۆیە دەڵێت: ”منداڵ بووم، كاتێك دەمبینی باوكم سەیارە دەشوات تا ئێمەی پێ بەخێو بكات، دەمگوت دەبێت گەورە بم و بتكەم بە خاوەنی شووشتنگە و بۆت بكڕم، بەڵام قەدەر ڕێگەی نەدا ئەو خەونەی باوكم بهێنمە دی“.
كایە، دەیتوانی شاهانە و لەناو كۆشكی گەورەی وا كە بڕوانێتە سەر دەریا بژی، چونكە تەنیا بە داهاتی ئەو كاسێتانەی دەیفرۆشتن دەیتوانی ئەو ژیانە دروست بكات، بەڵام كاتێك میللەتی توركیای دەبینی بەو حاڵەوە، وەكوو سۆسیالیستێك و مرۆڤدۆستێك، ڕێگەی بە خۆی نەدەدا، شاهانە بژی، بۆیە هەمیشە لەناو دڵی میللەتدا دەمێنێتەوە و چۆن بە گەورەیی ژیا، هەروا بە گەورەییش دەمێنێتەوە و یادی دەكرێتەوە.