بەڕێوەبەری بنكەی مافووری دەستكردی هەریر، زانیاری لەسەر دروستكردنی مافووری دەستكرد لە كارگەكەیان دەخاتەڕوو، دەشڵێت، خواستی هاووڵاتییان لەسەر بەرهەمەكەمان زیادی كردووە، بەڵام لەم ساڵانەی رابردوو قەیرانی دارایی ڕێگربووە لەسەر پێشوەچوونی كارەكانمان.
پسپۆرێکی بواری ئابوورییش دەڵێت: "هەبوون و كردنەوەی هەر كارگەیەك لە كوردستاندا گرنگی و تایبەتمەندی خۆی دەبێت، لەرووی بوژانەوەی ئابووری وڵات و ڕەخساندنی هەلی كار بۆ گەنجان و چین و توێژەكانی دیكە بەگشتیی، بێگومان پێشكەوتنی هەر وڵاتێكیش لە هەبوونی ئابووری بەهێز سەرچاوە دەگرێت".
مەجید جەلال، بەڕێوەبەری بنكەی مافووری دەستكردی هەریر، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند، بۆ یەكەمین جار لەساڵی ١٩٧٩ بینایەی بنكەی مافووری هەریر دروستكراوە، بەڵام كاری تێدا نەكراوەو تا ساڵی ١٩٩٧ لەلایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستان نۆژەن كراوەتەوە و سەرجەم پێداویستییەكانی بۆ دابینكراوەو فەرمانگەیەكی حكوومییەو ٦٥ كارمەند كاری تێدا كار دەكەن و بەردەوامن لەسەر دروستكردن و چنینی مافوورو بە نەخشاندنی جۆرەها نەخش و نیگار".
بەڕێوەبەری بنكەی مافووری هەریر، گووتیشی: "دروستكردنی مافوورێكی سێ بەچوار، زیاتر لە حەوت مانگی پێویستە تا تەواو دەكرێت، بەڵام دروستكردنی تابلۆیەك یان پارچەیەكی بچووك ماوەیەكی كەمی پێویستە، هەروەها لەبەرنامەماندا هەبووە بۆ دروستكردنی مافۆری كۆمپیوتەری و بە چەند شێواز و ئامێری دیكە، بەڵام قەیرانی دارایی ڕێگربووە، چونكە مافووری دەستكرد و ئەو فەڕشانەی لە كارگەكەمان دروست دەكرێن، پێویستیان بە سوف و كوتك و قولاب و هندێ پێداویستی تر هەیە".
مەجید جەلال، بەڕێوەبەری بنكەی مافووری هەریر، ئەوەش دەخاتەڕوو: "پلان و بەرنامەمان هەیە بۆ ئەوەی كارەكانمان فراوانتر بكەین و كاری دەستڕەنگینی زیاتر ئەنجام بدەین، تا بتوانین بە باشترین شێوە بەرهەمەكانی كارگەكەمان ساغ بكەینەوە، ئەو مافوور و بەرهەمانەش كە دروستی دەكەین، شوێنمان هەیە لە قەڵاتی هەولێر لەوی دەیانفرۆشینەوە، خواستی هاووڵاتیانیش لەسەر كڕینی ئەو جۆرە بەرهەمانە زۆرە".
عەبدولباقی عزەدەین، دەرچووی كۆلێژی بەڕێوەبردن و ئابووری لە زانكۆی سەلاحەدین، بە باسکوردی گووت: "هەبوون و كردنەوەی هەر كارگەیەك لە كوردستاندا گرنگی و تایبەتمەندی خۆی دەبێت، لەرووی بوژانەوەی ئابووری وڵات و رەخساندنی هەلی كار بۆ گەنجان و چین و توێژەكانی دیكە بەگشتیی، بێگومان پێشكەوتنی هەر وڵاتێكیش لە هەبوونی ئابووری بەهێز سەرچاوە دەگرێت و ئەركە حكوومەت بایەخی زیاتر بەو بوارە بدات و هەوڵبدرێت جۆرەها كارگە بخرێنەكار".
ئەو ئابووری ناسە ئەوەشی خستەڕوو: "كارگەی مافووری دەستكردی هەریر و سەرجەم كارگەكانی هاوشێوەی كە دامەزراون پێویستە بایەخی زیاتریان پێبدرێت و هەوڵی چارەسەر كردنی كێشەو گرفتەكانیان بدرێت، بۆ ئەوەی ببێتە هۆكارێك كە بەرهەمەكانی ئەو كارگانە لەداهاتوو هەم خەرجی كارەكانیان دابین بكەن، هەمیش سوود و قازانجی بۆ حكومەت هەبێت و خەڵكی زیاتر بتوانێت، هەلی كاریان بۆ بڕەخسێت و لەم جۆرە كارگانە بتوانن كاربكەن".
وەك عەبدولباقی عزەدەین، باسیشی لێوەكرد، جگە لەمانەش دەتوانرێت لەو جۆرە كارگانەی مافووری دەستكردن نەخشی وا لەسەر مافۆر و تابلۆكان دروست بكرێت، وەك زیندووكردنەوەی مێژووی نەتەوەیەك بە نەخشاندنی وێنەی كەسایەتی و رووداوەكانی رابروو و شوێنە مێژوویەكان و چەندان دیمەنی رابردوو ئێستا كە بونیان هەبووە و هەیە، ئەوەش وادەكات كە خواستی زیاتر لەسەر فرۆشتن كڕین و بەدەستهێنانیان لەسەر دروست بێت.