ئەمڕۆ 19ی حوزەیران، 75ساڵ بە سەر لەسیدارەدرانی چوار ئەفسەرەکەی کۆماری کوردستاندا تێ دەپەڕێت.
ئەو چوار ئەفسەرە بە ناوەکانی؛ محەممەد قودسی (خەڵکی سلێمانی)، خەیروڵڵا عەبدولکەریم (خەڵکی هەولێر)، مستەفا خۆشناو (خەڵکی سلێمانی) و عزەت عەبدولعەزیز (خەڵکی ئامێدی) دوای ئەوەی کۆماری کوردستان لە مهاباد ڕووخا، خۆیان ڕادەستی ڕێژیمی ئەوکاتی عێراق کردەوە و لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا لە بەغدا لەسێدارە دران.
دوایین نامەی ئەو چوار شەهیدەی ڕێگای ڕزگاریی نیشتمان
لە شوهەدای ڕێگای نیشتمان، عیزەت عەبدولعزیز، مستەفا خۆشناو، خەیروڵڵا عەبدولکەریم و محەمەد مەحموود-ەوە
بۆ برایانی میللەتی کوردی خۆشەویست
لە دوای تەبلیغی حوکمی ئیعدام بە یەک سەعات نووسراوە
برایان، لە ژیانی ژێردەستی و ئیستعماردا لە نووسینی ئەم نامەیەوە تەنیا 14 سەعاتمان ماوە بە پەتی ئیستعمار دەگەینە دنیای ئازادی و گیانمان دەگاتە گیانی پاکی شوهەدای ڕێگای نیشتمان.
برایان، خۆمان زۆر بە بەختیار دەزانین کە بەرامبەر واجبی میللی هیچ دوا نەکەوتین، تەنیا نەسیحەتی ئێمە ئەوەیە کە لاوان و نیشتمانپەروەرانی کورد نیکرانی زات بکەنە نیشانە و یەکیەتی بکەنە پەیڕەوی خۆیان بۆ شکاندنی تەوقی ئیستعمار و ڕزگارکردنی هەموو میللەتێکی مەزلووم بێ جیاوازی.
برایان، دوژمنی جەهالەت بن، بە هەموو تواناتان شەڕی جەهالەت بکەن و دوای جەهالەت مەکەون. ئێمە نیشانەی تێکۆشینی میللیی میللەتی کوردین لە ساڵی 1947 برایانی ئێمە کە ماون بۆ ڕێگای شەرەف تێ دەکۆشن و پشت بە خودای گەورە میللەت ڕزگار دەبێ.
برایان، هاتنمانە بەر سێدارە لە بێ دەسەڵاتییەوە و سێودووکردنەوە نەبوو بۆ تێکۆشین، بەڵکوو هەروەکوو سەربازێکی ئازاد تا ئاخرین توانا هەوڵمان دا و گەیشتینە ئەم نەتیجەیە. ئیدی بۆ یەکیەتی و بۆ ئازادی.
بژی کورد و کوردستان
ئیمزا
خیراللە عبدالکەریم، مستەفا خۆشناو، عیزەت عبدالعزیز، محمد محمود